کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسانی بەرهەمهێنەر لە ئێران ١٢٠ لەسەدی تێپەڕاند

12:29 - 1 سەرماوەز 2726

لە درێژەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، گرانیی بێوێنە و ناکارامەیی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ناوەندی ئاماری ئەو وڵاتە دانی بەوەدا نا کە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بەرهەمهێنەر لە هاوینی ١٤٠٥دا بە تۆمارکردنی ١٢٠.٩ لەسەد، بەراورد بە هاوینی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، پێنوێنی گشتیی نرخی بەرهەمهێنەر لە هاوینی ١٤٠٥دا گەیشتووەتە ٧٥١.٦، کە بەراورد بە وەرزی پێشوو (هەڵاوسانی وەرزی) ٢٢.٤ لەسەد، بەراورد بە هاوینی ساڵی ڕابردوو (هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ) ١٢٠.٩ لەسەد و لە چوار وەرزی کۆتاییهاتوو بەم وەرزەدا بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشوو (هەڵاوسانی ساڵانە) ٨٧.٣ لەسەد زیادی کردووە

سەبارەت بە کەرتە ئابوورییەکان، هەرچەندە هەڵاوسانی وەرزی بە ٢٢.٤ لەسەد، بەراورد بە بەهار (٢٨.٣ لەسەد) ٥.٩ یەکەی سەدی دابەزیوە و زۆرترین ڕێژەی بە ٢٨.٠ لەسەد لە کەرتی پیشەسازی و کەمترینیشی بە ٧.٣ لەسەد لە کشتوکاڵدا بووە، بەڵام هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بازدانێکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە و بە بەرزبوونەوەی ٢٢.١ یەکەی سەدی گەیشتووەتە ١٢٠.٩ لەسەد، کە تێیدا کەرتی پیشەسازی بە ١٤٧.٣ لەسەد و خزمەتگوزاری بە ٦٧.٥ لەسەد پشکیان بەرکەوتووە.

هەروەها هەڵاوسانی ساڵانەش بە زیادبوونی ٢٠.٦ یەکەی سەدی گەیشتووەتە ٨٧.٣ لەسەد، کە زۆرترینی بە ١٠٨.٨ لەسەد لە کەرتی کشتوکاڵ و کەمترینیشی بە٥٥.٩ لەسەد لە خزمەتگوزاریدا تۆمار کراوە.

سیاسەتە شەڕخواز و دژەخەڵکییەکانی ڕێژیمی ئێران و تەرخانکردنی داهاتی وڵات بۆ میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان و پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکان، ئابووریی ئێرانی تووشی داڕمان کردووە و ئەم هەڵکشانە بێوێنەیەی تێچووی بەرهەمهێنان، ڕاستەوخۆ شەپۆلێکی نوێی گرانی و هەژاریی زیاتر بەسەر خەڵکی ئێران دەسەپێنێت.