دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە لیباسی شەخسی و هێزی چەکدار و بەسیجەوە، شاری بۆکانیان میلیتاریزە کرد و لە ڕێگەی خاڵی پشکنین، چاوەدێریی و کۆنتڕۆڵکردنی خەڵکەوە، هاووڵاتییانیان بێزار کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، هێزەکانی ڕێژیم لە هێندیک شوێندا مۆبایلی هاووڵاتییانیان وەرگرتووە و ئازاری خەڵکیان داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانە، لە چواڕێیانی ئیتلاعاتەوە بەرەوو بلواری کوردستان و گۆڕەپانی فەرمانداری، گۆڕەپانی تۆپی پێ و بلواری کەمەربەندیی ئەو شارە و هەموو چواڕڕێیان و گۆڕەپانەکاندا، هێزی نیزامی و لیباس شەخسی و بەکرێگیراوی ڕێژیمی تێدا جێگیر کراوە.
پێشتریش هێزەکانی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا بەتایبەت لە پارێزگاکانی سنە و ورمێدا هەوڵی لەو چەشنەی دژی هاووڵاتییان بەڕێوە بردووە و کەشێکی توندی ئەمنییەتیی بەسەر شارەکاندا زاڵ کردبوو.