
شاڕوخ حەسەنزادە
لەم ڕۆژانەدا، کۆمەڵێک کچ و کوڕی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری شارەکانی شنۆ، پیرانشار و سەردەشت بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و بە نایلۆنی پڕ لە بەڕووەوە، بەرەو ڕێگای شنۆ بۆ ئاوایی زمێ هەڵکشان.
ئەوان بەڕووی سەردەشتیان هێنابوو هەتا بە ڕوانینی خۆیان تۆوی ژیان لە نێو خاکی شنۆدا بچێنن. جوان دیارە کە بیر و ئاوەزی ئەو لاوە بەهەستانە بە عەشقی جوانی و سەربەستیی نیشتمانەوە گۆش دراوە، کە ئەمە شایەنی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینە. بەڵام لە زانستی ژینگەناسی و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت دەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکاندا، ئەم جۆرە هەنگاوە خۆڕسکانە پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنن: ئایا هەموو هەوڵێک بۆ سەوزایی و چاندن بەبێ جیاکاری دەبێتە هۆی ژیانەوە و بووژانەوەی ژینگە؟ ئایا خۆشەویستیی سۆزداری و بێ زانست زیانێکی گەورە بەو سروشتە ناگەیەنێت کە دەمانەوێت بیپارێزین؟
دیارە ئەم دیاردەیە تەنیا لە ناوچەی شنۆدا بەرچاو نەکەوتووە و پێشتر لە بەشێک لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بە شێوازی جۆراوجۆر دووپات بووەتەوە. بۆ نموونە، جارێک بە ناوی سەوزکردنەوەی نیشتمان تۆوی دارێکی غەوارە و نامۆ دەهێنرێت و لە خاکی ناوچەیەکی هەستیاردا دەچێنرێت، یان تەنانەت هاتوون لە چەقی وەرزی زستان و هەوای تووش و کڕێوە و زوخم و سەرمادا، بە کیسە، نان، دانەوێڵە و پاشماوەی خواردن دەبرێتە سەر لووتکەی شاخەکان و پێدەشتەکان و بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان ڕۆ دەکرێت! لە ڕوانگەی زانستی ژینگە و بوونەوەرناسییەوە، پێدانی خواردنی ماڵان بە ئاژەڵی کێوی کارێکی زۆر مەترسیدار و خراپە، چونکە بەو کارە ئاژەڵەکە وردەوردە لە سروشتی ڕاوکردن و گەڕان بە دوای خواردن دادەبڕێت، ئەمەش هاوسەنگی و حەشیمەتی ئاژەڵان لە سروشتدا تێک دەدات و لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشییە مەترسیدارەکان لە نێوانیاندا.
سروشتی هەر ناوچەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە بە شێوەیەک کە تێیدا خاک و ئاو و دار و ڕووەک و گیانلەبەران بە درێژایی هەزاران ساڵ دەگەڵ یەکتر گونجاون و هاوسەنگییەکی مەنتیقییان پێک هێناوە. بە شێوەیەکی گشتی ناوچەی شنۆ، خاوەنی پێکهاتەیەکی ڕووەکیی تایبەت بە خۆیەتی کە بە تەواوەتی دەگەڵ کەشوهەوا و خاکی ناوچەکەدا دێتەوە. لەم مەڵبەندەی کوردستاندا، بۆنی گێوژ و سێو و گێلاس و کرۆسک و گوێز و هەرمێ و شیلان و سونجوو و سماق تێکەڵ بە بۆنی گوڵاڵەسوورە، بەیبوون، سوێسنە، شەوبۆ، نێرگز، کنێرە، مەمۆڵە، ڕێحانە، هەڵاڵە، شلێرە، هێرۆ، وەنەوشە، کەما و کەرکۆڵ و کوارگ، کوڕادە، گوێنی و کەنگر، لووشە، قازیاخە، ئەسپینگ، مەندۆک، گێلاخە، گەزگەسک، پوونگە، دۆری، بیزا، کاردوو، تیسوو، نەعنا و جاترە دەبێت، کە گشتیان وێڕای نەخشاندنی سروشتی کوردستان دەرمانی دەردەدارانن!
ئەم دار و دەوەنە خۆڕسکانە، جگە لەوەی بە شێوازێکی زانستی ڕێگری لە ڕاماڵینی خاک و داڕمانی زەوی دەکەن، بە گوڵ و بەرەکانیان سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتیی شیلە و گەردە بۆ دەرمان، هەروەها بۆ ئەو هەنگ و باڵندە و گیانلەبەرانەی ناوچەکە دابین دەکەن. هەروەها مەرج نییە هەموو ناوچەکانی شنۆ بە ناچاری دارستانیان هەبێت، چونکە لەوەڕگە و مێرگ و چیمەن و قۆپی و تەلان و شیو و هەڵدێر و باسک و زناوەکانیش خاوەنی بەهایەکی ژینگەیی سەربەخۆ و گەورەن و نەبوونی دار تێیاندا بە هیچ شێوەیەک بە مانای وێرانبوونی سروشت نییە؛ بە پێچەوانەوە، هەریەکەیان دەوری خۆیان لە پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەییدا هەیە.
بەگشتی دارستانەکانی دەڤەری سەردەشت سێ جۆری سەرەکیی بەڕووی خۆوڵاتی و لوبنانی و دارمازوو لە خۆ دەگرن کە هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندی و گونجانی جیاوازن بۆ بەرگەگرتنی وشکایی، تەڕایی و سەرما. ڕاستە سەردەشت و شنۆ دوو ناوچەی زۆر لە یەک دوور نین، بەڵام لە زانستی ژینگەدا نزیکیی جوغرافیایی جێگرەوەی پشکنینی زانستیی خاک و ئاووهەوا نییە. لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ساڵانی ڕابردوو لەسەر وشکبوونی داربەڕووەکانی باکووری زاگرۆس و هەروەها توێژینەوە جیهانییەکانی تایبەت بە ژینگە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکرێت چاندنی یەک جۆرە دار بە شێوەی هەڕەمەکی بۆ هەموو ناوچەیەک پێشنیار بکرێت، چونکە چاندنی تۆوی نەگونجاو چەندین لێکەوتەی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە؛ لەوانە تێکدانی پێکهاتەی ژێنەتیکیی دارە ڕەسەنەکانی ناوچەکە و لاوازکردنیان لە بەرامبەر نەخۆشییەکان، شێواندنی سەرچاوەکانی ئاو و خاک لە ڕێگەی گۆڕینی پێداویستیی ئاویی گیاکانەوە، پچڕانی زنجیرەی خۆراکی و مەترسیخستنە سەر ژیانی ئەو مێروو، ئاژەڵ و باڵندانەی تەنیا پشت بە ڕووەکە خۆماڵییەکان دەبەستن.
هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم چالاکییە بە شێوەی زانستی نەبووە و زیاتر کردەیەکی سۆزداری بووە، وێڕای ماندووبوونێکی زۆر، بە هۆی سەرما، وشکەساڵی، بێئاوی و لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەوە، ئەو نەمام یان تۆوانە لە نێو دەچن و شین نابنەوە.
ئێمە لە قووڵایی دڵەوە لە خەمخۆری و دڵسۆزیی ئەو کۆمەڵە لاوە بەهەستە تێدەگەین و ڕێزیان لێ دەگرین، بەڵام پاراستنی ژینگە لە جیهانی ئەمڕۆدا پێویستی بە بڕیاری زانستییە نەک تەنیا سۆز و هەستی پاک. باشترین و کەمخەرجترین ڕێگا بۆ زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی سروشتی کوردستان، قبووڵکردنی بنەمای گۆڕان و زاوزێی سروشتییە؛ واتە پاراستنی ژینگە و جۆرەکانی دارودەوەن لە مەترسیی ئاگر، لەوەڕاندنی بێسەروبەرەی ئاژەڵ و کێڵانی لەڕادەبەدەری پاوان و لەوەڕگە سروشتییەکان، چونکە سروشت بە توانای خۆی، خۆی نوێ دەکاتەوە و پارێزگاری لە خۆی دەکات. پێویستە دڵسۆزانی ژینگە بەر لە هەر هەنگاوێکی مەیدانی، ڕاوێژ بە ڕێکخراوە ژینگەپارێزە پسپۆڕەکان و شارەزایانی ژینگە و دارستان بکەن، چونکە کاتێک هەستی نیشتمانپەروەرانەی لاوان دەگەڵ زانستی سەردەمدا یەک دەگرێت، جگە لەوەی کە ژینگەی نیشتمانەکەمان سەوز و ئاوەدان دەبێتەوە، هاوسەنگیی ژینگە و دنیای دەوڵەمەندی ئاژەڵانیش دەپارێزرێت.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بڵێین کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردانە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات و ڕێژیمی سیاسی، چونکە تاران بە چاوێکی داگیرکارانە دەڕوانێتە کوردستان و سروشتەکەی و بە هی خۆی نازانێت؛ هەر بۆیە نەک هەر هیچ بودجە و بەرنامەیەکی زانستی بۆ پاراستن و بووژاندنەوەی ژینگە تەرخان ناکات، بەڵکوو بە سیاسەتە هەڵەکانی ڕێگە خۆش دەکات بۆ وێرانکردنی سروشت و کێڵانی لەڕادەبەدەری لەوەڕگەکان. ڕێژیم هیچ ئەرکێکی سەر شانی خۆی لە هەمبەر پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییەدا جێبەجێ ناکات و ئۆباڵی ئەم دۆخە نەخوازراوە هەمووی لە ئەستۆی ئەو سیاسەتە داگیرکارانەیە کە مەبەستیەتی ژینگە و سامانی سروشتی ئەو نیشتمانە جوانە لە نێو بچێت.