کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی شوناسی نەتەوەیی لە کرماشان و ئیلام: لە ئینکاری مێژووییەوە بۆ خەسارناسیی هاوچەرخ

16:00 - 27 خەزەڵوەر 2726

سارۆ خوسرەوی

دەستپێک

شوناس وەک ئاوێنە وایە؛ ئەگەر خۆت تێیدا نەبینیت، ئەوا کەسێکی تر وێنەی خۆی تێدا دەبینێت و بە ناوی تۆوە قسە دەکات. ئەمە چیرۆکی دوو سەد ساڵەی کرماشان و ئیلامە. لەسەر نەخشەدا ناوەکەیان هەیە، بەڵام دەنگیان لە مێژوودا کاڵ کراوەتەوە.

پرسیاری گەورە ئەوە نییە کە ئایا خەڵکی کرماشان و ئیلام کوردن یان نا؛ چونکە زمان، خوێن، مۆسیقا و بەگشتی فەرهەنگی هاوبەشیان وەڵامەکە دەداتەوە. بەڵکوو پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: چۆن سیستەمێکی سیاسی توانی شوناسێکی چەند هەزار ساڵە بخاتە ژێر پرسیارەوە و مرۆڤ وا لێ بکات لە زمانی دایکی خۆی شەرم بکات؟

بۆ تێگەیشتنێکی زانستییانە لەم دیاردەیە، پێویستە پشت بە سێ تیۆریی سەرەکی ببەستین:

• یەکەم: مانوێل کاستێلز دەڵێت شوناس سێ جۆرە: شوناسی ڕەوادان کە دەسەڵات دەیخاتە سەر خەڵک، شوناسی بەرگری کە خەڵک بۆ پاراستنی خۆی دروستی دەکات، و شوناسی پڕۆژەیی کە بۆ بنیاتنانی داهاتووە. لە کرماشان و ئیلامدا، دەوڵەت هەمیشە هەوڵی داوە «شوناسی ڕەوادانی ئێرانی - شیعی» بسەپێنێت.

• دووەم: فرێدریک بارت پێی وایە شوناسی نەتەوەیی بە سنوورەکان دیاری دەکرێت، نەک بە نێوەڕۆکی نێوەوە. کاتێک سنووری زمان و کولتوور لە کرماشان کاڵ دەکرێتەوە، شوناسەکەش لاواز دەبێت.

• سێیەم: بێنێدیکت ئەندەرسۆن دەڵێت نەتەوە «کۆمەڵگەیەکی خەیاڵکراوە» کە بە زمان و چاپەمەنی دروست دەبێت. کاتێک ڕێگە نەدرا زمانی کوردی لە کرماشان ببێتە زمانی خوێندن و ڕۆژنامە، ئەو هەستە هاوبەشە پارچەپارچە بوو.

چوار قۆناغە مێژوویییەکەی قەیرانی شوناس

قەیرانی شوناس لە کرماشان و ئیلام ڕووداوێکی لەناکاو نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی مێژوویی چوار قۆناغییە:

• قۆناغی یەکەم: سەفەوییەکان (١٥٠١ بەدواوە): لەم سەردەمەدا بۆ یەکەمجار مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی کرا بە ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت. کوردانی خواروو، کە بەشێکیان سەر بە ئایینی یارسان و مەزهەبی شافیعین، لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات، واتە شیعەی فەرمی، مامەڵەیان لەگەڵ کرا. جوغرافیای کرماشان وەک قەڵای بەرگریی ئێران لە دژی عوسمانییەکان سەیر کرا، نەک وەک بەشێک لە نیشتمانی کورد.

• قۆناغی دووەم: سەردەمی ڕەزاشا و دەوڵەت-نەتەوەی یەک زمان، یەک جلوبەرگ: ئەمە کوشندەترین قۆناغ بوو. بە نموونە: قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی لەنێو فەرمانبەران و قوتابخانەکاندا، گۆڕینی ناوی سەدان گوند و شارۆچکە لە کرماشان و ئیلام بۆ ناوی فارسی، ناردنی مامۆستای فارسزمان بۆ قوتابخانەکان و سزادانی منداڵان لەبەر قسەکردن بە کوردی. ئەمە بووە هۆی دروستبوونی نەوەیەک کە پێی وابوو زمانی کوردی زمانی «دێهات و نەخوێندەوارییە».

• قۆناغی سێیەم: دوای ١٩٧٩، ئایدیۆلۆژیای ئوممەت لەبری نەتەوە: کۆماری ئیسلامی شوناسی ئایینی دانا لە جێگەی شوناسی نەتەوەیی. لەم لۆژیکەدا، کوردی شیعە «برای ئایینی» بوو و پێویستی بە مافی نەتەوەیی نەبوو. بەم شێوەیە هاوسۆزیی ئایینی کرا بە ئامرازێک بۆ تواندنەوە. لە هەمان کاتدا، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ئابووریی کرماشان و ئیلامی وێران کرد و وای کرد ناوچەکە بە تەواوی پشت بە مووچە و بودجەی ناوەند ببەستێت.

• قۆناغی چوارەم: ئابووری - ئەمنییەتی: کرماشان و ئیلام لەسەر گەورەترین یەدەگی نەوت و گازی جیهان دانیشتوون. نزیکەی ١٠٪ی نەوتی ئێران لە کێڵگەکانی نەفتشار و دێهلۆڕانەوەیە. بۆیە دەوڵەت هەمیشە لە ڕووی ئەمنییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردوون و ڕێگەی بە گەشەکردنی سەرمایەی نەتەوەیی کوردی نەداوە.

دوو ئەزموونی جیاواز: مەهاباد و کرماشان

لە ساڵی ١٩٤٦دا، کۆماری کوردستان لە مەهاباد تەنیا ١١ مانگ تەمەنی بوو، بەڵام کارێکی کرد کە سەد ساڵی تر نەکرابوو: زمانی کوردی لە زمانی حەوشە و ماڵەوە کردی بە زمانی دەوڵەت، قوتابخانە، ڕۆژنامەی کوردستان، سوپا و شانۆ. ئەمە بوو بە «شوناسی پڕۆژەیی». منداڵێک لە مەهاباد فێر بوو بە کوردی بنووسێت «ئێمە کێین».

لە کرماشان ئەم بازنەیە شکا. بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ڕێکخراو لە ئارادا نەبوو تا ئەم پرۆسەیە تێکبشکێنێت. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە لە موکریان زمان بوو بە شانازی، لە کرماشان زمان بوو بە شەرم. توێژینەوەکان دەری دەخەن تا ساڵانی شەستەکانی هەتاوی، لەنێو شاری کرماشان زیاتر لە ٦٠٪ی بنەماڵەکان لەگەڵ منداڵەکانیان بە فارسی قسەیان دەکرد، لە کاتێکدا لە گوندەکان هەر بە کوردی مابووەوە.

پرۆسەی ئەدەبی دەیەی حەفتای هەتاوی لە کرماشان و ئیلام: بەرگرییەکی دامەزراوەیی

ئەگەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن لەسەر سێ کۆڵەکە بنیات نرابوو — قوتابخانە، ئیدارە و میدیای فەرمی — ئەوا پرۆسەی ئەدەبی دەیەی حەفتای هەتاوی توانی لەسەر هەمان سێ کۆڵەکە بەرگرییەکی داهێنەرانە دروست بکات و تا ڕادەیەک پاشەکشە بەو سیاسەتە بکات. ئەم دەیە دەتوانین بە «دەیەی بەئاگاهاتنەوەی بێدەنگ» ناو ببەین.

لە ئاستی بەرهەمهێناندا، لە کاتێکدا دەوڵەت دەیویست نیشان بدات کە زمانی کوردی توانای نووسینی ئەدەبی مۆدێرنی نییە، نەوەیەکی نوێی نووسەران ئەم قەدەغەیەیان شکاند. لەم دەیەدا بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی بەرفراوان شێعری نوێی کوردی بە زاراوەی کوردیی خواروو نووسرایەوە و لە فۆلکلۆر و بەیتەوە گوازرایەوە بۆ شێعری مۆدێرن. لە بواری چیرۆک و ڕۆمانیشدا، دەقەکان بە زمانی کوردی نووسراون و نێوەڕۆک، جوغرافیا و ئازارەکانی نێوی هەمووی هی کرماشان و ئیلامە. ئەمە ڕێگەیەکی داهێنەرانە بوو بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو دوو شارە بە خوێنەری گشتیی کوردستان.

چەسپاندن و پەیڕەوکردنی ئەلفبێی یەکگرتووی کوردی لە بزووتنەوە ئەدەبییەکەی دەیەی حەفتای هەتاوی لە کرماشان و ئیلامدا، خۆی لە بنەڕەتدا شۆڕشێکی مەزن بوو. تا سی ساڵ لەمەوبەر، کوردی ئەو دەڤەرە تەنانەت نووسراوە کوردییەکانی خۆشی هەر بە ڕێنووسی عەرەبی و فارسی دەنووسی؛ تەنانەت کەڵامەکانی دەفتەری ئایینی یاریش هەر بەو ڕەسمە دەنووسران. بۆیە ئەم یەکخستنەی ڕێنووس تەنیا هەنگاوێکی زمانەوانی نەبوو، بەڵکوو بازدانێکی مێژوویی بوو.

لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا، کاتێک ڕێگە بە هیچ چالاکییەکی فەرمیی کوردی نەدەدرا، ئەدەب چووە نێو ماڵەکانەوە. کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییە نهێنییەکانی نێو ماڵان لە کرماشان و ئیلام، بوونە قوتابخانەیەکی نافەرمی. لەوێ نووسەران و شاعیرانی گەنج کۆ دەبوونەوە و دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی ئەدەبی زارەکی کە خەریک بوو لەگەڵ مردنی پیرەکان لەنێو بچێت. ئەمە سەلمێنەری تیۆریی بەرگریی شاراوەی جەیمس سکۆتە و هەروەها تیۆرییەکەی فرێدریک بارتە کە دەڵێت کاتێک دەوڵەت سنووری فەرمی لاواز دەکات، کۆمەڵگە خۆی سنووری کولتووریی نافەرمی دروست دەکات.

هەروەها لە ئاستی دامەزراوەییدا، گرنگترین هەنگاو تێپەڕین بوو لە تاکەوە بۆ دامەزراوە. لە کۆتایی ئەم دەیەدا، بۆ یەکەمجار بڵاوکراوە و گۆڤار بە زمانی کوردی و بە شێوەیەکی نیمچەنهێنی لە کرماشان و ئیلام بڵاو کرانەوە. هەرچەندە تەمەنیان کورت بوو و زوو قەدەغە کران، بەڵام دوو شتی گرنگیان سەلماند: یەکەم، خوێنەر بۆ زمانی کوردی هەیە، و دووەم، دەکرێت زمانی کوردی ببێتە زمانی چاپەمەنی.

ئەم پرۆسەیە نەیتوانی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بە تەواوی بوەستێنێت، بەڵام سێ شتی ستراتیژی کرد: وای کرد زمانی کوردی لە ئاستی زمانی قەدەغەکراوی ماڵەوە ببێتە زمانی نووسین و شانازی، ئەرشیفێکی گەورەی ئەدەبی زارەکی کۆ کرایەوە، و نەوەیەکی نوێی ڕۆشنبیری پەروەردە کرد کە دواتر بوونە دامەزرێنەری بزووتنەوە مەدەنییەکانی دەیەکانی دواتر. بە کورتی، ئەگەر دەوڵەت دەیویست شوناس بسڕێتەوە، ئەم پرۆسە ئەدەبییە توانی بیخاتە سەر کاغەز و بیپارێزێت.

شەپۆلی هاوچەرخی شوناسخوازی و نەورۆز

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلام، شەپۆلێکی بەهێزی شوناسخوازیی نەتەوەیی دەستی پێ کردووە. ئەگەر لە ڕابردوودا هەوڵێکی زۆر دەدرا بۆ کاڵکردنەوەی هەستی کوردایەتی لەم دوو دەڤەرەدا، بەڵام ئەمڕۆ نەوەی نوێ بە ئاگاییەکی نەتەوەیی باڵاوە دێتە مەیدان.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، کوردانی کرماشان و ئیلام تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەکەی خۆیاندا نەماونەتەوە، بەڵکوو خۆیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی کورد دەبینن. ئەمەش بە شێوەیەکی زۆر ڕوون لە کاتی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا دەردەکەوێت، کە بە گیان و بە کردەوە هاوسۆزیی خۆیان دەردەبڕن و خۆیان بە هاوبەشی خەم و ئازارەکانی گەلەکەیان دەزانن.

لووتکەی دەربڕینی ئەم هەستە نەتەوەییە، لە جەژنی نەورۆزی کوردەواریدا دەبینرێت. لە کرماشان و ئیلام، نەورۆز چیتر تەنیا بۆنەیەکی وەرزی نییە، بەڵکوو بووەتە ڕۆژی یەکێتی و یەکڕیزی. خەڵک بە جلوبەرگی کوردی، بە هەڵکردنی ئاگر و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەرفراوان، نەورۆز دەکەنە هێمایەک بۆ پێوەستبوونیان بە کوردانی دیکە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جەختکردنەوە لەسەر مافخوازی و بوونی نەتەوەیی خۆیان.

خەسارناسی و ڕێگاچارەکان

ئەگەر شوناسخوازی وەک درەختێک بێت کە ڕەگێکی لە موکریان و ئەردەڵان بێت، ئەوا لق و گەڵاکانی لە کرماشان و ئیلامە. درەختێک بە ڕەگی بەهێز و لقی وشکەوە ناتوانێت لەبەردەم بای گەورەدا خۆڕاگر بێت.

• یەکەم: گرنگە ڕۆشنبیرانی موکریان و ئەردەڵان قەیرانی کرماشان بە قەیرانی خۆیان بزانن، تەنیا خۆیان بە ناوەند نەزانن و کرماشان و ئیلامیش وەک بەشێک لە ناوەندی شوناسخوازیی نەتەوەیی ببینن. تا ئێمە لەنێو خۆماندا ناوەند و پەراوێز دروست بکەین، گفتمانی هاوبەش دروست نابێت.

• دووەم: پێویستە زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە — سۆرانی، هەورامی و کوردیی خواروو — لە ئاستی سۆزەوە ببەینە ئاستی پلانی زانستی. واتە: دانانی فەرهەنگێکی یەکگرتوو، بەرهەمهێنانی ئەپ و کتێبی منداڵان، پۆدکاست و نێوەڕۆکی دیجیتاڵی بە شێوەزاری کوردیی خواروو.

• سێیەم: دەبێت مێژووی کرماشان و ئیلام لەژێر سێبەری مێژوونووسانی تاران دەربهێنین. مێژووی یارسان، مێژووی میرنشینی زەنگەنە و مێژووی بەرگرییەکانی سەردەمی ڕەزاشا، هەمووی دەبێت بە دەقی کوردی بنووسرێتەوە.

دەرئەنجام

لە کۆتاییدا، شوناس شتێک نییە دەوڵەت پێت ببەخشێت و داوای لێ بکەیت؛ شوناس شتێکە دەبێت خۆڕسکانە و بە کردار بەرجەستەی بکەیت. ئەو وزە و ئاگایییە نوێیەی ئەمڕۆ لە کرماشان و ئیلام بە ئاگری نەورۆز و هاوسۆزیی نەتەوەیی تەقیوەتەوە، نیشانەی تێکشکانی بەستەڵەکی چەندین دەیە لە ئاسیمیلاسیۆنە.

تا ئەو ڕۆژەی دایکێک لە کرماشان بە شانازییەوە بە کوردی لەگەڵ منداڵەکەی نەدوێت و گەنجێک لە ئیلام بە کوردی ناوی زێدەکەی نەنووسێتەوە، ئەم ئاگری شوناسە پێویستی بە گەشانەوەی بەردەوام هەیە. داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکگرتوویی و هاوسەنگەریی کرماشان و ئیلام لەگەڵ تەواوی کوردستانەوە بەستراوەتەوە، نەک بە جیاکردنەوەیان.

سەرچاوەکان

• حەسەنپوور، ئەمیر. (١٩٩٢). ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستان.

• ئەحمەدی، حەمید. (١٣٩٨). تغییر نامهای جغرافیایی و سیاست هویت در ایران. تاران: نشر نی.

• ئیسماعیلی، محەمەد. (١٣٩٥). جامعەشناسی زبان در کرمانشاه. کرماشان: زانکۆی ڕازی.

• سەفەرزادە، فەخرەدین. (١٣٩٩). میرنشینی زەنگەنە و یارسان. سنە: ئاراس.

• سارۆ خوسرەوی. (٢٠٢٠). ئەدەبیاتی کلاسیک و هاوچەرخی کرماشان و ئیلام. ستۆکهۆڵم: چاپخانەی ئەرزان.

• ناتقی، کەیوان. (١٤٠٠). اقتصاد سیاسی نفت و مناطق کردنشین.

• اندرسون، بندیکت. (۱۳۸۷). اجتماعات تصوری: تأملاتی درباره خاستگاه و گسترش ناسیونالیسم. ترجمه محمد محمدی. تهران: نشر تیسا.

• بارت، فردریک. (۱۳۸۶). گروههای قومی و مرزها: سازمان اجتماعی تفاوتهای فرهنگی. ترجمه حسن قاضی.

• کاستلز، مانوئل. (۱۳۹۳). قدرت هویت. ترجمه حسن چاوشیان. تهران: نشر نی.

• الینگ، راسموس کریستین. (۲۰۱۳). اقلیتها در ایران: ناسیونالیسم و قومیت پس از خمینی.

• مکدوال، دیوید. (۱۳۸۳). تاریخ معاصر کردها. ترجمه ابراهیم یونسی. تهران.

• اسکات، جیمز. (۱۹۹۰). سلطه و هنرهای مقاومت: روایتهای پنهان.

• ولی، عباس. (۲۰۱۱). کردها و دولت در ایران: ساختن هویت کردی.