کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: مستەفا مەولوودی: کۆماری ئیسلامی حیزبی دێموکرات بە سەری مارەکە دەزانێت

23:44 - 1 سەرماوەز 2722

هەڤپەیڤین: عەلی بداغی

ئاماژە: دوای دەسپێکی ڕاپەڕینی ژینا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووجار مووشەک‌باران کرا و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەم حیزبە هەروا درێژەی هەیە. ڕۆڵی حیزبی دێموکرات و سەنگ و قورسایی حیزب لەو ڕاپەڕینە، کارکردی هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، هۆکاری سەرەکیی سەرکوتی خوێناویی خەڵکی کوردستان و پلان و بەرنامەی حیزبی دێموکرات و ناوەندی هاوکاری بۆ داهاتووی ڕاپەڕینەکە چەند تەوەری سەرەکیی وتووێژێکە کە "کوردستان" لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات پێکی هێناوە.

کاک مستەفا لە ماوەی دوو مانگدا حیزبی دێموکرات دوو جار مووشەک‌باران کرا؟ بۆ؟

ڕوونە، کۆماری ئیسلامی دوژمنایەتیی لە ئاشتی‌نەهاتووی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەیە. تەنانەت ئەو کاتانەش بە ڕواڵەت باسی لە چارەسەری پرسی کورد کردووە، ئەویش هەر پیلان بووە بۆ زەربەلێدان لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، نموونەکەشی تێرۆری دوکتور قاسملوو کە لەسەر مێزی بەڕواڵەت وتووێژدا لە بزووتنەوەی کوردیان ستاند. هۆکارەکەشی ڕوونە. ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت مافی مرۆڤ و مافی پێکهاتە و نەتەوە جۆراوجۆرەکان و جۆری حکومەتداری لە وڵات لەگەڵ بیرکردنەوەی حیزبی دێموکرات بۆ بابەتەکان زۆر جیاوازە و لە بنەڕەت‌ڕا لێک دوورن.

لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەشدا حیزبی دێموکرات بە گرتنەبەری هەموو شێوازێکی خەبات بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێکۆشاوە و خەڵکی کوردستانیش پشتگیری سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتیان کردووە. سیاسەتی حیزبی دێموکراتیش لەبەر ئەوەی لەسەر ئەساسی واقعبینی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ دامەزراوە، لە ئێستادا سنووری کوردستانی تێپەڕاندووە و، بەردەنگی باشی لە ئێرانێشدا هەیە؛ بۆیە کۆماری ئیسلامی لەو ٤٣ ساڵەدا قەت لە زەربەلێدان لە حیزب خافڵ نەبووە. ئەوەش کە بە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ دوو جار بە هاژەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر حیزب و لە هەڕەشەکانیشی بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا جێ دەگرێت

مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب چ پێوەندی و گرێدراوییەکی بە ڕاپەڕینەکەی نێوخۆی وڵاتەوە هەیە؟

سیاسەت و دروشمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێی لەسەر عەرزی واقیعە و خەیاڵ نییە. خەباتی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەیە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ و لەجێگای ئەو حکوومەتی دێموکراتیک و وەڵامدەر لە ئێران بێتە سەرکار و خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو حکوومەتە دێموکراتیکەدا مافی سیاسی و نەتەوایەتییەکانیان دەستەبەر بن. دروشمەکانی ئیستا لە خرۆشانی خەڵکی کوردستان ڕێک تەعبیر لەو سیاسەتە دەکەن و ڕوونە کە حیزبی دێموکراتیش لە وەڕێکەوتنی ئەو خرۆشانەدا کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستی پێ کردووە، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە. ویستی خەڵکی کوردستان و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتیش شتێک نین کە بتوانین لێکیان جیا بکەینەوە. کۆماری ئیسلامییش ئەوە باش دەزانێ و کورد گوتەنی ئەم حیزبە بە سەری مارەکە و بە هۆکاری خرۆشانی شەقام دەزانێ، بۆیە پەیتا پەیتا هێرش دەکاتە سەر حیزبی دێموکرات.

کارکردی هێز و لایەنە سیاسییەکان لەم ڕاپەڕینەدا لە ئاستی کوردستان و لە سەر ئاستی سەرانسەریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لایەن و هێزە سیاسییەکان لە کوردستان مێژوو و ئەزموونی خەباتیان زۆرە. هەروەک باسمان کرد لە ماوەی ٤٣ ساڵ خەبات لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بەداییم پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ خەڵکی وڵات هەبووە و بە هیچ جۆرێک نامۆ و نائاشنا بە ویستی خەڵکی کوردستان نین، هەربۆیە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان هەیە و دروشمەکانیان ئێستا لەسەر شەقامەکان لەسەر زار و زمانی خەڵک ڕێک ئەو بابەتە دەسەلمێنن. بە ڕوونی لە وەڵامی پرسیارەکەتدا حیزبەکان بە تایبەت ناوەندی هاوکاری لە سیاسەت‌، هەڵوێست‌گرتن، ئاراستەکردن و پشتگیری‌کردنی بەربەرینی خەڵکی ئێران و کوردستان باشی کار کردووە. هەڵوێست و سیاسەتەکەی جێگای پەسەند بووە کە خۆی لە پەیامی یەکیەتی و خەباتی جەماوەری و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دۆزیوەتەوە. ئەوە تا ئێرە موسبەت و باش بووە، بەڵام ئەگەر بە ستراتیژی نەک بە تاکتیکی سەیری کار و تێکۆشان و سیاسەتی حیزبەکان بکەین بە ئەندازەی ئەرکی سەر شانیان و چاوەڕوانی خەڵک وڵامدەر نەبوون، هۆکارەکەشی ئەمانەن: یەکەم، بە شێوەی پێویست لە ئاستی سەرێدا یەک گوتار نەبوون. دووهەم، ئەو کۆدەنگییە کە پێویستە زۆربەی حیزبەکان لە دەوری یەک ئامانجی سیاسی و نەتەوەیی لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە پێی نەگەیشتوون کە پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیکی فرەچەشن یەکەم ئامانجە. سێهەم، لەسەر بەرنامەیەکی ڕوون بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و دەورانی تێپەڕ ساغ نەبوونەتەوە. چوارەم، هەرچەندە هەموو حیزبەکان درووشم و ئامانجی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، بەڵام ئەوە کە چۆن لەگەڵ سیستەمی داهاتووی ئیران کار دەکەن و چییان بۆ داهاتووی کوردستان دەوێ، بەرچاوڕوونیمان نییە. ئەمانەش کەمایەسین و پێویستە بەزوویی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

پێتان وایە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لەسەر قەرار و بڕیاری وڵاتانی شوێندانەر لەسەر ئێستا و داهاتووی ئێران کارتێکەریی هەبێت؟

ڕێزم بۆ تاک تاکی کەسایەتییە سیاسی و حیزب و ڕێکخراوەکانی سەرانسەری ئێران هەیە و هەرکام بەپێی سەنگ و قورسایی خۆیان حاشا لە خەبات و تێکۆشان و کاریگەری و شوێندانەرییان ناکرێ. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتاندا دەبینین، پتر پێوەندیی بەو دۆخەی ئێستای وڵات، خەباتی شێلگیرانە و مافخوازنەی خەڵک بە هەموو چین و توێژەکان ئازایەتی و لەمەیداندابوونی خەڵک و سیاسەتی ڕێژیم ڕەفتار و کاردانەوەیان لەهەمبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە. ئەگەر ئەوە نەبا دەوڵەتان بەم جۆرە نەدەهاتنە سەر خەت و ئاوا بیریان لە هەڵسەکەوتی جیاوازتر لە جاران لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەدەکردەوە.

کەمایەسییەکی دیکە لەو راپەڕینەدا نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی یەکگرتوو دژی کۆماری ئیسلامییە. ئەمن پێموایە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری -جیا لە لایەنی کوردی- ئێستا لەو ئاستەدا نییە بتوانێ هەڵگری پەیامەکان شەقام و ڕاپەڕینەکە بێت. ئەمن ناڵێم هیوام بە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە نییە، بەڵام بڕوام وایە ڕێبەرانی سیاسی چ لە ئێستای ڕاپەڕین و دواتریش لە هەناوی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە و لەنێو کچان و کوڕانی ئازای شەقام و زانکۆکاندا دروست دەبێت.

بەو پێیە ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لە ئێستادا دەکەوێتە سەرشای ئۆپۆزیسیۆن چین؟

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێویست بوو زۆر پێشتر بیری لە پەرش‌وبڵاویی خۆی کردباوە و بەو ئەنجامە گەیشتبێت کە ڕێبەریی کۆمەڵگەی ئێران و بزووتنەوەی گەورەی سەرانسەری بەدژی کۆماری ئیسلامی بەو پەرتەوازەیی و خۆبەتەوەرزانینی تاک، حیزب و لایەنەکان ناکرێ و ئەوە ئێستا بەتەواوی دەرکەوتووە. بۆیە لە ئێستای بزووتنەوەدا ڕاستی چاوەکان زۆرتر لەسەر شەقامی ئێران و ئەو کچ و کوڕانەیە کە راپەڕینەکە بەڕێوە دەبەن. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بیهەوێ نەخشی کاریگەر و شوێندانەریشی هەبێ، پێویستە ڕاستیەکانی کۆمەڵگەی ئێران چۆنە ئاوای بیبینێ و خوێندنەوەی واقعبینانەی لە پرس و کێشەکانی ئێران هەبێت. نیزامی داهاتووی ئێران ناکرێ و ناشتوانێ ناوەندگەرا بێت و ئاواش نییە بچێتە ژێر ڕکێڤی بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگەنشین. خۆ بێتوو گۆڕانکارییش لە بۆچوونەکانیاندا پێک نەهێنن، ناتوانن ڕۆڵ و نەخشێکی ئەوتۆیان لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا هەبێت.

ئەدی سەنگی کورد لەو ڕاپەڕینەدا چەند بووە و کورد چۆن دەتوانێ قورسایی خۆی لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراندا بپارێزێت؟

سەنگی کورد لەو راپەڕینەدا دیار و بەرچاو بووە و ئەوە لەکەس شاراوە نییە و دروشمەکانی وەک "کوردستان چشم و چراغ ایران" ئەو راستییە دەسەلمێنن. ئەوەش سروشتییە، لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان ٤٣ ساڵە بێ‌پسانەوە، بە هەموو شێوەکان و لە هەموو ڕەهەندەکاندا دژی کۆماری ئیسلامی لە سەنگەری خەبات‌دایە. خەباتی سیاسی، پێشمەرگانە، جەماوەری، مەدەنی، ڕێکخراوەیی و کولتووری ئەویش بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و لەو رێگەیەشدا قوربانی زۆر و بەنرخیشی داوە. کوردستان هێزی سیاسیی بەئەزموون و خاوەن‌فکر و پێشەنگی تێدا هەڵکەوتووە. بۆیە بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەتوانێ بۆ داهاتووی ئێران و لەپێناو بنیاتنانەوەی دێموکراتیکی ئەو وڵاتەدا سەرمایە و دەرفەتێکی بەنرخ بێت. بۆیە ئەو سەنگ و قورساییەی کوردستان ئێستا بەتەواوی هەستی پێ دەکرێ و وای دەبینم خەڵکی ئێرانیش هەستیان بەو نەخش و دەور و کاریگەرییە کردووە و بەوەیان زانیوە کە ئێرانی داهاتوو بێ لەبەرچاوگرتنی خەباتی خەڵکی کوردستان و دابینبوونی مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد، ئێرانێکی دێموکڕاتیک چێ نابێت.

کاک مستەفا سەرکوت و کوشتوبڕەکان لە کوردستان لەچاو ناوچەکانی دیکە زیاتر بوون، بۆ؟

ئاشکرایە کە دوژمن بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵکی کوردستان ئاوا بێ‌باکانە خوێنی لاوانی کورد دەڕێژێ هەتا بەشکم لەو ڕێگایەوە کورد لە خواستەکانی خۆیان پەژیوان بکەنەوە. ئەوە بە درێژایی مێژوو و لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتییش لە ئارادا بووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە ئەوە کار و کردەوە و سیاسەتی بووە و چاوترسێن‌کردن و پاشگەزکردنەوەی خەڵکی کورد لە خەبات و خواستە ڕەواکانی هەمیشە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم بووە. بەڵام وەک دەبینین ئەو خەڵکە هەر لە مەیدان‌دایە و لەسەر ویست و داخوازیی ڕەوای خۆی هەر سوورە. ئەمە لە یەک شوێن و هەر لەنێو حیزبەکاندا نییە، بەڵکوو لە نێو هەموو چین و توێژەکان و شار و گوندەکان دەبینی. بۆیە لە ڕاپەڕینی ئەمجارەشدا کورد لە سەرکوتی خوێناوی و زەبروزەنگی سیستماتیک بەشی شێری بەرکەوتووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەڵام خەڵک بە ئازایەتیی خۆیان لە مەیداندا ماوەتەوە و دڵنیام کۆڵیش نادەن.

پلان و بەرنامەکانی ناوەندی هاوکاری و حیزبەکانی دیکە بۆ ئێستا و داهاتووی ئەو ڕاپەڕینە چین؟

پلان و سیاسەتی ناوەندی هاوکاری و بە ڕوونیش حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کارکردنە بۆ تۆکمەترکردنی ئەو راپەڕینە جەماوەرییە. بۆ ئەوەش پێویستە نەخش و دەوری کچان و کوڕانی کوردستان، خەڵکی ڕاپەڕیو بەتەواوەتی لەبەرچاو بگرین. بەرنامەی ناوەند ئەوەیە بەوەخت و بە بەرنامەتر لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان بچێتە پێشێ و بیر لە بەربەرینترکردنەوەی خۆی دەکاتەوە و لەگەڵ خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی زیندوو و بەردەوام لە پەیوەندی‌دایە. چونکی دەبێ بەرنامە و پرۆژەی ڕوونی بۆ شوێندانەریی زیاتر لە ڕاپەڕینەکەی ئێستا و بۆ دواڕۆژیش هەبێت. بۆ ئەوەش دەبێ پەیوەندی دیپلۆماسیی خۆی بەهێزتر بکا و لەگەڵ کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیی و دەوڵەتان لە پەیوەندیدا بێت. لە داهاتووی ئێران و لە چوارچێوەی نیزامی سیاسیی داهاتوودا پێ‌وشوێنی خواستەکانی خەڵکی کورد بگرێ و بارتەقای بەشداری خەڵکی کوردستان لە خەبات بۆ ڕووخانی رێژیمی ئێران و هێنانەسەرکاری رێژیمێکی دێموکڕاتیک، هەوڵ بۆ دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بدات.