کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا بۆ بە تێرۆریست‌ ناساندنی سپای پاسداران

12:36 - 2 سەرماوەز 2722

 

نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا، داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێ و کۆتایی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران بهێنرێ.

ڕۆژی سێشەممە،١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پارلمانی ئورووپا لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا وێڕای پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران، داوای ئەوەی کرد کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە و تەواوی باڵوێزخانەکانی ڕێژیمی ئێرانیش لە خاکی یەکیەتیی ئورووپا دابخرێن و هەموو پەیوەندییەک لەگەل کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی پێ بهێنرێ.

پارلمانی ئورووپا لە کۆبوونەوەی خۆی‌دا بابەتی سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خستە دەستووری کاری پارلمانەوە و کۆمیسری یەکیەتیی ئورووپا، کە بە نوێنەرایەتی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە چۆن بتوانرێ بە زووترین کات دژکردەوەی خۆیان لەهەمبەر سەرکوتە خوێناوییەکانی خۆپیشاندەرانی ئێرانی بخەنە ڕوو.