کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی عەرەبستان هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حوسییەکان چڕتر کردەوە

09:23 - 5 سەرماوەز 2726

هاوپەیمانیی سەربازیی پشتیوانی لە حکوومەتی یاسایی یەمەن بە سەرۆکایەتیی عەرەبستان، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەز هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر توانا سەربازی و ئۆپەراسیۆنییەکانی حوسییەکان فراوانتر کرد و پێگەکانی ئەم گرووپەی لە حەوت پارێزگای حودەیدە، سەعدە، عەمران، سەنعا، تەعز، بەیزا و لەحج کردە ئامانج.

هاوکات، بەرگریی ئاسمانیی عەرەبستان حەوت دڕۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بەرپەرچ دایەوە و تێکیشکاند.

هاوپەیمانییەکە هەروەها ڕایگەیاند کە مووشەکێکی حوسییەکان بەر کەناراوی جازان کەوتووە و زیانێکی کەمی ماددی لێ کەوتووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.

بەرپرسانی یەمەنیش ئامادەباشیی سەربازی و ئەمنییان لە پارێزگاکانی باشوور زیاد کردووە و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی یاسایی و حوسییەکان لە پارێزگای تەعز بەردەوامە.

ئەم پێشهاتانە لە درێژەی توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی عەرەبستان و حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕوویان داوە.