لە درێژەی گوشاری ئەمنییەتیی ئەم دواییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاووڵاتییانی کرماشانی و ئیلامی، عەلی پوورداراب ڕۆژنامەنووسی خەڵکی کرماشان، سزای بەندکران و بێبەشکران لە چالاکیی میدیایی بەسەردا سەپێندرا و موراد محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی ئیلامی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام لە دۆخێکی خراپ و ناڕوونیدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، عەلی پوورداراب، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی کرماشان، لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە سزای یەک ساڵ بەندکران و دوو ساڵ بێبەشکران لە چالاکیی پیشەیی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» سزای یەک ساڵ بەندکران بەسەر ناوبراودا سەپێندرا.
هاوکات ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە وەک سزای تەواوکەر، بە دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران و دوو ساڵ بێبەشکرانی ڕەها لە چالاکیی پیشەیی لە بواری ڕۆژنامەنووسی و میدیادا سزا داوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، موراد محەممەدی، ئەندازیاری عومرانی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی شاری ئاودانان و دانیشتووی دێهلوڕان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەندین بابەتی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە ناسنامە و پۆشینی جلی کوردی، سزای ٤ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و لە شەش مانگ ڕابردووەوە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام تێپەڕ دەکات.
سزای ناوبراو بە سەرۆکایەتیی «پەناهی» بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» بەپێی ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی و بڕگەی توندکردنی سزا (پلە پێنج)، سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و هەروەها بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆریگەلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەست بە «ناسنامەی کوردی» و «پۆشینی جلی کوردی» سزای ٧ مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.