کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: تاران بە توندکردنەوەی سەرکوتکردنی پارێزەران، ئێرانییەکان لە مافی بەرگریی دادپەروەرانە بێبەش دەکات

08:18 - 5 سەرماوەز 2726

لاپەڕەی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی توندکردنەوەی سەرکوتکردنی پارێزەرە سەربەخۆکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٣٥ پارێزەری ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن، زیندانیکردن و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوەی ئێران کردووەتەوە، ئێرانییەکان لە مافی بنەڕەتی خۆیان بۆ هەبوونی بەرگرییەکی دادپەروەرانە بێبەش دەکات.

لەم نووسینەدا هاتووە کە "کۆماری ئیسلامی بە ترساندنی پارێزەران و لاوازکردنی دەرفەتی بەرگریی یاسایی، دەزگای دادوەری لە ناوەوە بەتاڵ کردووەتەوە و تەنیا ڕووکەشێکی لە سیستەمێکی دادپەروەرانە هێشتووەتەوە. خەڵکی ئێران شایەنی دادپەروەریی ڕاستەقینەن، نەک ئازار و سەرکوتکردن".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: «ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر دەنگی ناڕازییەکان کپ دەکات، بەڵکوو ئەو کەسانەش دەکاتە ئامانج کە بوێریی بەرگریکردن لە بێتاوانەکانیان هەیە».