ئەحسەن حوسێنپوور- پارێزەر
ڕۆژی ٢٤ی نوامبەری ٢٠٢٢ شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلە لەبارەی ڕووداوەکانی ئێران پێک دێنیت. لەم نووسینەدا وەڵامی ئەم چەند پرسیارەم داوەتەوە.
شوڕای مافی مرۆڤ چ بنیات و دامەزراوەیەکە و، توانایی و ئەرکەکانی چین و
لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا چیی پێ دەکری و ئەم کۆبوونەوە تایبەتە بۆچی گرنگە؟ هەروەها ئێمە سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە چمان بۆ دەلوێ، یا دەبێ چ بکەین.
بەگوێرەی پێناسەکان شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیاری سەرەکیی بەرزکردنەوەی ڕێز و کەرامەتی جیهانی بۆ پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانە بۆ هەمووان. شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ هەر چەشنە پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ لە وڵاتاندا تاوتوێ بکا و ڕێوشوێنی پێویست بگریتەبەر. ئەم شوڕایە دەبێ ڕاپۆرتی دەورەیی خۆی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتدا ئامادە بکا، کە بۆ ئەم مەبەستە ڕێوشوێنی تایبەت و جۆراوجۆر دیاری کراوە.
ئەم شوڕایە لەسەر پێشێلی مافی مرۆڤ دەتوانێ کۆبوونەوەی بەپەلە پێک بێنێ. شوڕا لە هەموو بوارەکانی مافی مرۆڤدا، لە بوارەکانی پێشێلی سیستماتیکیی مافی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتێک یا دەوڵەتەکانەوە ڕوو دەدا، لە چوارچێوەی ئامۆژگاریدا دەتوانێ لەسەر وڵاتی بەرمەبەست بڕیار بدا. ئەگەرچی لە بواری حقووقییەوە بڕیارەکە هێزی جێبەجێکەری لە پشت نییە، بەڵام ئەگەر ئەو لایەنەی بڕیارەکەی لەسەر دراوە، ملی بۆ ڕانەکێشێ، شوڕا دەتوانێ بە پشتبەستن بە بەندی ٣ی ماددەی ١١ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی لە شوڕای ئاسایشدا بابەتەکە بخاتە بەرباس. شوڕای ئاسایشیش دوای خستنە بەرباسی بابەتەکە، دەتوانێ بە پشتبەستن بە بەشی حەوتەمی جاڕنامە ئامۆژگاری و لە کۆتاییدا بڕیارێک دژی ئەو لایەنە بدا، کە پشتیوانیی جێبەجێکردنی هەبێ.
لەبارەی توانایی و دەسەڵاتی شوڕای مافی مرۆڤ، خاڵە لاوازەکە سیاسەت نواندنە. بەداخەوە مێژوو نیشانی داوە وڵاتە دەسڕۆیشتووەکان دەتوانن تەگەرە بخەنە بەر چالاکیی کاریگەری شوڕا. لە پەروەندی ئێراندا، چین و ڕووسیە کە خۆیان پێشینەی جینایەتی دژی مرۆییان هەیە، دەتوانن ئەم ڕۆڵە نێگەتیڤە بگێڕن و کۆسپ بنێنەوە، یا لە ئەگەری ناردنی پەروەندەکە بۆ شوڕای ئاسایش مافی ڤیتۆ بەکار بێنن.
لەم پەروەندەیەدا کۆماری ئیسلامی لانیکەم بە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و کوشتنی نزیکەی ١٠٠ کەس، بریندار و کەمئەندامکردنی ٤٠٠ کەسی دیکە لە ڕۆژی هەینی خوێنیندا گەورەترین جینایەتی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە. لە بابەتێکی دیکەدا بە کوشتنی ٤٣ منداڵ، تەقە لە خەڵکی مەدەنی، فڕاندنی دژەبەر سیاسییەکان، ئەشکەنجە، گرتنی ناقانوونیی نیزیک بە ١٦ هەزار کەس جینایەتی دژی مرۆیی ئەنجام داوە. جینایەتی دژی مرۆیی خراپترین و قێزەونترین جینایەتگەلێکە کە لە باری تئۆریکەوە پشتیوانی ناردنی پەروەندەکەی بۆ شوڕای ئاسایش هەیە، ئەگەرچی لە کردەوەدا ڕەنگە شوڕا گەرەنتیی کاردانەوەی سووکتر بکا یا بە هۆکاری سیاسی یا دەسڕۆیشتوویی چین و ڕووسیە نەتوانێ ئەوپەڕی کاریگەریی خۆی بنوێنێ.
لە بواری سیاسییەوە ئەم کۆبوونەوە تایبەتە بۆ قوربانییەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەتوانێ ئاسەواری ئەرێنی و بەکەڵکی هەبێ:
- کۆبوونەوەی دەسبەجێی شوڕای مافی مرۆڤ حەساسییەتە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە ئەنجامی جینایەتی دژی مرۆیی لە ئێران بەرزتر دەکاتەوە.
- بڕیارنامەی ئەنجومەن دەتوانێ کۆدەنگییەکی جهانی پێک بێنێ. کۆدەنگیی جیهانی هێزی سەرکوتی ڕێژیم لە کورتخایەندا زۆر لاواز دەکا و تێچووی بەکارهێنانی تووندوتیژی دەباتە سەر.
- تاوانباربوونی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە جینایەتی مرۆیی، پێگەی دەوڵەت لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا زۆر لەرزۆک و لاواز دەکا و تەنانەت ڕەوایی لێ دەستێنێتەوە و بەر بە درێژەدان بە دانوستانە ناوکییەکان دەگرێ. ئیرادەی بەدواداچوونی قەزایی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ ورەی دەستوپێوەندە سەرکوتکەرەکانیش زۆر دادەبەزێنێ.
شوڕای مافی مرۆڤ بۆ سەلماندنی ڕوودانی جینایەتە نێونەتەوەییەکان دەتوانێ پێوەندی بە هەموو کەس و دامەزراوەیەکی مەدەنییەوە بکا. قوربانییەکان و کەسوکاریان، بنەماڵەی گیراوان، شایەتەکان و کەسانی ئاگادار و خاوەن زانیاری ئەم دامودەزگە نادەوڵەتییانە، دەتوانن بەڵگە و دیکۆمێنت و زانیاری خۆیان بە زمانی فارسی بۆ شوڕا بنێرن و بەم کارەیان لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن.