کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆردومانکردنی دەروازەی شارە مووشەکییە ژێرزەوییەکانی ئێران

16:58 - 1 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی "سی ئێن ئێن"، لە هێرشە ئاسمانییە نوێیەکاندا، دەروازەی شارە مووشەکییە ژێرزەوییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج؛ ئەمەش بە مەبەستی پەکخستنی دەستڕاگەیشتن بەو دامەزراوانە و کەمکردنەوەی توانای عەمەلیاتیی ئەم تۆڕە مووشەکییە ئەنجام دراوە.

شیکاریی وێنە مانگی دەستکردەکان لە ٣٢ بنکەی مووشەکیی ئێران دەری دەخات کە ئەم دامەزراوانە، کە زۆربەیان لە قووڵایی شاخەکاندا دروست کراون، بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆردومان کراون. چەقی سەرەکیی ئەم هێرشانە لەسەر دەروازەی تونێلەکان، ئەو پێکهاتانەی لە زەوی هاتووونەتە دەر و ڕێگاکانی دەستڕاگەیشتن بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٧٧ لەسەد لە کۆی ١٠٧ دەروازەی ئەو تونێلانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بۆردومان کراون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هێرشەکان جەختیان لەسەر پچڕانی هێڵی گەیاندنی سەکۆکانی هاوێشتن و تەقەمەنییەکان لەو بنکانەدا کردووەتەوە.

ئەم هێرشانە گوزارشت لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی ژێرخانی مووشەکیی ئێران و سنووردارکردنی توانای هێرشبەریی ئەم ڕێژیمە دەکەن، لە کاتێکدا کە گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکە.