کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی ترامپ پلانی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئەتۆمییەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

17:03 - 1 خاکەلێوه 2726

کاناڵی "سی‌بی‌ئێس" ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ترامپ بیر لەوە دەکاتەوە هێزی زەوینی بنێرێتە نێو ئێران بۆ ئەوەی دەست بەسەر سەرچاوەکانی ئۆرانیۆمدا بگرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.

هەرچەندە ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە هیچ بڕیارێکی دەستبەجێ بۆ ناردنی هێز نییە، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ئەگەری بڕیارداندا بە ئاشکرا ڕایناگەیەنێت.

کاناڵی "سی‌بی‌ئێس" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان وتوویەتی: ''فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی ئەمریکا داوایان کردووە ئامادەکاری بکرێت بۆ ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران''.

پێنتاگۆن دەڵێت ئەمە کارێکی ئاساییە بۆ پێدانی بژاردە بە سەرۆککۆمار، بەڵام هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری دەستبەسەرکردنی هێزەکانی ئێران و دیاریکردنی شوێنی ڕاگرتنیان دەستی پێکردووە.

لە ڕووی مەیدانییەوە، ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد کردووە.

واشینگتۆن خۆی بۆ ناردنی هێزەکانی هێزی ٨٢ی ئاسمانی و یەکەکانی مارێنز ئامادە دەکات و لەم چوارچێوەیەدا، سێ کەشتیی جەنگی کە ٢ هەزار و ٢٠٠ سەربازی مارێنزیان هەڵگرتووە لە کەناراوەکانی کالیفۆرنیاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون.

ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی ئەمریکا هەوڵ دەدات مەودای بژاردە سەربازییەکان فراوانتر بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا.