کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی دووبارە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز

14:09 - 1 خاکەلێوه 2726

میدیا حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی خاکەلێوەدا، کۆمەڵگەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی "نەتەنز"یان جارێکی دیکە کردە ئامانج.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە پشکنینی تکنیکی سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان ئەنجام دراوە و تا ئێستا هیچ جۆرە دزەکردنێکی ماددە تیشکدەرەکان ڕاپۆرت نەکراوە و دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەر لەژێر مەترسیدا نین.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی نیزامی ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان بەرامبەر بەم ڕاپۆرتە نیشان نەداوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە دامەزراوەکانی نەتەنز دەکرێنە ئامانج؛ پێشتریش لە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ و لە سێیەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئەم ناوەندە دوو جار کەوتە بەر هێرشی ئاسمانی کە بەپێی سەرچاوەکان، زیان بە باڵەخانەکانی چوونەژوورەوەی بەشە ژێرزەمینییەکەی گەیشتبوو.

پێش لەوەش و لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ئەمریکا لە ڕێکەوتی یەکی پووشپەڕی ١٤٠٤، بە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B2 دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزی  بۆردومان کردبوو.