کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتس: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە یەکشەممەوە توندتر دەبن

17:01 - 1 خاکەلێوه 2726

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە، ١ی خاکەلێوە، هۆشداری دا کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکشەممەوە هێرشەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران چڕتر دەکەنەوە.

"یسرائیل کاتس"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا، ئاست و توندیی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەمریکاوە دژی ڕێژێمی تێرۆریستیی ئێران و ئەو ژێرخانانەی پشتی پێ دەبەستێت ئەنجام دەدرێن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات."

ئەم هۆشدارییەی کاتس لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی هەینی ڕایگەیاندبوو کە بژاردەی "کەمکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاو"ی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لەبەرچاو دەگرێت.

ئاماری ٢٢ ڕۆژ شەڕ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی کە لە ٩ی ڕەشەمەوە دەستی پێ کردووە، ڕۆژی شەممە پێی نایە بیست و دووەمین ڕۆژی خۆیەوە. هەردوو وڵات ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا زیاتر لە ١٦ هەزار ئامانجیان لە نێوخۆی ئێران بۆردومان کردووە.

لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی لەرێگەی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هەروەها بە ئامانجگرتنی ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵاتانی کەنداو و داخستنی گەرووی هۆرمۆز، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی وزە لە جیهان و داڕمانی بازاڕە داراییەکان.