ناوەندی ڕاوێژکاریی یاسایی "دادبان" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە کە سپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج، مێرمنداڵانی تەمەن ١٥ بۆ ١٨ ساڵ بۆ ئەرکە ئەمنییەتییە مەترسیدارەکان و وەک قەڵغانی پاراستنی بنکەکانیان بەکار دەهێنن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم پێنج مێرمنداڵ لە کاتی پاسەوانی و جێگیرکردن لە بازگەکانی پشکنینی بەسیج لە شارەکانی تاران و تەورێز کوژراون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە چالاکییە سەربازی و نیمچەسەربازییەکاندا، پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە.
ناوەندی دادبان جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسیاریەتی مەرگی ئەم مێرمنداڵانە ڕاستەوخۆ دەەکەوێتە ئەستۆی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و بەسیج کە دەستووری بەکارهێنانی ئەوانیان داوە. ئەم بەرپرسانە لە ڕووی یاسایی و کەیفەرییەوە بەرپرسیارن و دەبێت لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.