کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی کۆمەڵگەی جیهانی لە بڕیارنامەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

11:29 - 4 سەرماوەز 2722

پەسەندکرانی بڕیارنامەی شۆڕای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بارودۆخ و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر جینایەتە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕووبەڕووی پێشوازیی بەربڵاوی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان و چالاکانی سیاسی بووەتەوە و ئەو بڕیارنامەیە بە سەرکەوتنی خەڵکی ئێران دەزانن.

جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا، پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەیەی لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە یەکدەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ وڵامدانەوەی ڕێژیمی ئێران بە سەرکوت و کوشتنی دڕندانەی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ناو برد.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای دەسخۆشی و سپاس لە دەرکردنی ئەو بڕیارنامەیە، ناڕەزایەتیی خۆیان لەبەرانبەر ئەو وڵاتانەی کە لەو شۆرایەدا دەنگی نەرێنییان بەو بڕیارنامەیە داوە دەربڕیوە.

یەکیەتیی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی لە ئێران، ئەو بڕیارنامەیە بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ خەڵکی ئێران ناو دەبا و هیواخوازە کە کۆتایی بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە ئێران بهێندرێت.

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەیە بە هاودەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ناو دەبا و دەڵێ ئێمە بەردەوامین لە گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەگنێس کالارما، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، سەرەڕای پێشوازی لەو بڕیارنامەیە، پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەیە بە سەرکەوتنێک بۆ خەڵکی ئێران ناودەبا.

ئانالنا بێربۆک، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان، پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە بە سەرکەوتنێک بۆ خەڵکی ئێران ناو دەبا و دەڵێ: لە ئێستاوە ئاکامی ئەو بڕیارنامەیە دیارە، یەکیەتی بۆ دادپەروەری بۆ هەموو خەڵکی ئێران.