ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک ئەبووبەکر مامە شێخە، ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی ئاوایی قومقەڵای شاروێرانی مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک ئەبووبەکر کەسایەتیی خۆشناو و دیاری ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بوو.
ناوبراو لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە ئاوایی قومقەڵا لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٦١ بوو بە پێشمەرگە لە هێزی پێشەوا و هەتا ساڵی ١٣٦٤ پێشمەرگایەتی کردووە.
ناوبراو دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە و لەسەر ڕەزامەندیی حیزب چووەوە زێدەکەی خۆی، بەڵام هیچکات کۆڵی نەدا و وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕ لە ناوچەی شاروێراندا ئەرکە نهێنییە حیزبییەکانی ڕادەپەڕاند.
ناوبراو هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزبە خۆشەویستەکەی مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی شاروێران و لە ئاوایی قومقەڵا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.