کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ٣١ ئەنجومەنی پیشەیی زانکۆکانی ئێران دژی سەرکوتکردنی نوێنەرانی خوێندکاران

13:25 - 3 سەرماوەز 2726

ئەنجومەنە پیشەییەکانی ٣١ زانکۆی ئێران، لەوانە زانکۆکانی کوردستان و ڕازیی کرماشان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا شەپۆلی نوێی دۆسییەسازیی ئینزیباتی، بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییەکان و دەرکردنی سزای قورس دژی چالاکانی خوێندکارییان شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە سزای چوار وەرز دوورخستنەوە لە خوێندنی «پژمان نەسیری»، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی پیشەیی زانکۆی هونەر کراوە و وەک نموونەیەک لە گوشارە تۆڵەسەندنەوەکان وەسف کراوە. واژۆکاران جەختیان کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوانە بە مەبەستی سنووردارکردنی چالاکییە یاساییەکان و بێدەنگکردنی داواکارییە پیشەییەکانی خوێندکاران ئەنجام دەدرێن.

لە کۆتاییدا، ئەم ٣١ ئەنجومەنە بەرپرسیارێتیی دۆخەکەیان خستووەتە ئەستۆی بەرپرسانی زانکۆکان و وەزارەتی زانست و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزاکان، پێداچوونەوە بە دۆسییەکان و دەستەبەرکردنی ئەمنیەت و سەربەخۆیی بۆ چالاکیی نوێنەرانی خوێندکاران دەکەن.