کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار ڕێکۆردێکی نوێی لە ئێران تۆمار کرد و گەیشتە ٢٨٠ هەزار تمەن

14:43 - 3 سەرماوەز 2726

نرخی دۆلاری ئەمریکا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی سەرماوەزدا، بە بازدانێکی بەرچاو گەیشتە ٢٨٠ هەزار تمەن. دۆلار کە ڕۆژی ڕابردوو لە دەوروبەری ٢٧١ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا، تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژدا ٩ هەزار تمەن بەرز بووەوە و ڕێکۆردێکی نوێی لە بازاڕی دراودا تۆمار کرد؛ هاوکات نرخی یۆرۆش گەیشتە ٢٩٦ هەزار و ٦٦٠ تمەن.

ئەم هەڵکشانە لەکاتێکدایە کە نرخی دۆلار لە دوو مانگی خەرمانان و ڕەزبەری ئەمساڵدا نزیکەی ٣٧٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ و سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە. ڕاگرتنی نزیکەی تەواوەتیی هەناردەی نەوت، هۆشدارییەکانی سێنتکام سەبارەت بە گواستنەوەی دەریاییی نەوت و دوورکەوتنەوەی پاڵاوگەکانی چین لە کڕینی نەوتی ئێران، داهاتە دراوییەکانی تارانی بە توندی کەم کردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم دۆخەدا، نرخی دۆلار زیاتریش بەرز ببێتەوە.