کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی دووبارەی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر تۆڕی دارایی سپای پاسداران

13:22 - 3 سەرماوەز 2726

بەرنامەی «پاداش لەپێناو دادپەروەریدا»ی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بانگەوازێکدا بە زمانی فارسی، جارێکی تر داوای زانیاریی لەبارەی تۆڕی بانکیی نهێنیی کۆماری ئیسلامی کرد. ئەم بەرنامەیە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی پەکخستنی مێکانیزمە داراییەکانی سپای پاسداران و لقەکانی، لەوانەش هێزی قودس، پاداشی تا ١٥ میلیۆن دۆلاری دیاری کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاش ڕۆژی دووشەممە سزای بەسەر هەشت کەس و ٢١ شیرکەت و دامەزراوەی پەیوەست بە تۆڕی بانکیی نهێنیی کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.

بەرنامەی «پاداشت لەپێناو دادپەروەریدا» پێشتریش لە ڕۆژی هەینی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ ڕایگەیاندبوو کە بۆ وەرگرتنی زانیاریی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی، پاداشی تا ٢٠ میلیۆن دۆلار دەدات. زانیارییەکانی پەیوەست بە کەسانی دەستڕۆیشتوو و تێوەگلاو لەوانەش زانایان، هەروەها ڕێکخراوەکان، سامان، دامەزراوە، کەرەستە و تێکنۆلۆژیی پەیوەندیدارەکان دەگرێتەوە.

هەژماری فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بە بڵاوکردنەوەی ئەم بانگەوازە ڕایگەیاند کە واشنگتۆن هێشتا پابەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.