هەڤپەیڤین: کوردستان
ئاماژە: زۆرترین سەرکوت و زەبروزەنگەکان بۆ دامرکاندنی "شۆڕشی ژینا" لە ئێران لە ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان کرا. بەنیسبەت حەشیمەت، ئاماری کوژراو و بریندارەکان، گیراوان و دەسبەسەرکراوان و هەروەها توندوتیژییەکان لە کوردستان زۆر زیاتر بوون و میلیتاریزەکردنی کوردستانیش دۆخێکی تایبەتیی دروست کردوە.
ئامارەکان و جۆرەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی، کاریگەریی بڕیاری شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانانی کۆمیتەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکان لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و دوورەدیمەنی ڕاپەڕینی ژینا تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم هەڤپەیڤینەی "کوردستان" لەگەڵ شاڕوخ حەسەنزادە، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)ن.
کاک شاڕوخ با باسەکەمان بە تازەترین ئامارەکانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە نزیک ٨٠ ڕۆژ ڕاپەڕینی کوردستان دەست پێ بکەین، لە کوردستان چ باسە؟
بەڵێ، لە ماوەی ئەو ٨٠ ڕۆژەدا هەتا ئەمڕۆ (١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١) ١١٤ هاونیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە کە ١٤ کەس لەوان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، ٥ کەسیان ژنن و کەسێکیش تەمەنی ٧٠ ساڵەیە، هەروەها لەو ئامارەی باسم کرد چوار کەسیان بەهۆی ئەشکەنجە و لێدان و کوتان گیانیان لەدەست داوە و ٤ کەسیشیان دوای ئەوەی بە برینداری گیرابوون، لە نەخۆشخانەکان کۆتایی بە ژیانیان هاتووە. شیمانەی ئەوەش دەکرێ لەبەر زۆربوونی ڕادەی بریندارەکان کە هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس لە کوردستان بە تەقەی چەکی جۆراوجۆر وەک چەکی ساچمەیی، دەمانچە، کەڵاشینکۆف، قنناسە پێکراون، ژمارەی کوژراوەکان زیاتریش بن.
بەپێی زانیارییەکان بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی بریندار بوون لە ترسی ئەوەیکە نەناسرێنەوە و نەگیرێن، خۆیان لە چوون بۆ نەخۆشخانەکان بواردووە و لە ماڵەکان دەرمان دەکرێن کە ئەمەش ئاستەنگی جددی بۆ ڕەوشی تەندرووستیی ئەوان درووست کردووە لە بواری داودەرمان و پێڕاگەیشتن و بابەتی پزشکی و... . هەروەها مەزندە دەکەین هەتا ئێستا ٥٠٠٠ کەس دەسبەسەر کرابن کە ئێمە لە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان"چاونیوز" توانیومانە هەتا ئێستا ناوی زیاتر لە ١٣٥٠ کەس لەوان لای خۆمان تۆمار بکەین، لەو ئامارەش زیاتر لە ٢٠٠ کەسییان ژنن، نزیک ٢٥٠ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ و قوتابین؛ هەروەها ٣٠ کەسییان مامۆستای قوتابخانەن و بەشێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوان بریتین لە لە چالاکانی مەدەنی، کولتووری، زمانی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی، هونەرمەند، وەرزشڤان و... .
زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤی لە ئاستی ئێران و کوردستان ئاماری جۆراوجۆریان هەیە و لێنزیک هاوشێوەن بەتایبەت لە کوردستان، ئایا هەر ئەوەندە پێشێلکارییانە کراون و ئێوە هەر لەو سێ بوارەدا ئامارگیری دەکەن؟
ئەم سێ بوارە واتە کوشتن، بریندارکردن و گرتن لە بەشە زۆربەرچاو و ئاشکراکانی پێشێلکارییەکانە. کە دەڵێم پێشێلکاری ڕێک بەپێی ئەو بڕگە و ماددانە دەدوێم کە لە جاڕنامە و کۆنڤانسیۆنە جۆراوجۆرەکانی جیهانیی مافی مرۆڤدا باسیان کراوە. واتە حکوومەتەکان نابێ لە کەرەسەیەک یان چەکێک کەڵک وەربگرن کە گیانی ناڕازییان و خۆپیشاندەران بخاتە مەترسییەوە، یان دەبێ حکوومەتەکان ڕێگا بە ئازادیی ڕادەربڕین و خۆپێشاندانەکان بدەن و نابێ کەسێک لەسۆنگەی بیروڕای جیاوازیەوە دەسبەسەر بکرێ و بگیرێ، کەواتە ئەمە لایەنی هەرە زۆر و دیاری ئەو پێشێلکارییانەیە، بەڵام لەم نێوەدا لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی لە کوردستان کارەسات بەدژی مرۆڤایەتی خوڵقاوە. بەتایبەت لە مانگی ڕەزبەر و سەرەتای مانگی سەرماوەز لە شارەکانی وەک پیرانشار، مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و سنە هێزە سەرکوتکەرەکان بە شێوازی یەکجار زۆر بێبەزەییانە و نامرۆڤانە کە پێچەوانەی هەموو یاسا و پڕەنسیپەکانی نێودەوڵەتین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک، دەرگا و پەنجەرەیان شکاندووە و بەبێ ئیزن چوونەتە سەر ماڵان و وێڕای سووکایەتی و بێڕێزی بە ژن و پیاو و منداڵ، خەڵکیان دەسبەسەر کردووە، کوڕ و باوک و دایکیان گرتووە و بردووە، تاڵان و دزییان کردووە و ژیانی خەڵکیان تێک داوە. یان بەشێک لەو لاوانەی کچ و کوڕ لە گرتنگەکان ئەشکەنجە کراون و سووکایەتییان پێ کراوە. ئەمانە هەمووی پێشێلکاریی بەرچاو و ئاشکرای مافی مرۆڤە و ئێمە لە ناوەندەکەی خۆمان بەردەوام لە پێوەندینداین کە هەموو ئەو بابەتانە بەڵگەمەند بکەین و بڵاویان بکەینەوە.
حەوتووی ڕابردوو لە شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک بەدژی ئێران دەرچوو، هەروەها بڕیاری ئەوەش درا کە کۆمیتەیەکی بە ناوی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ڕاستییەکان دابمەزرێ و بە زۆرینەی دەنگ، پەسند کرا. ئەم کۆمیتەیە دەتوانێ چ بکا و ڕێکارەکانی چۆنن؟
لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیدا دووجار نەبێ ئەگینا هەموو ساڵێک کۆمیسیۆن و شوڕاکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیارنامەیەک پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیی لە ئێران مەحکوم کردووە، بەڵام ئەمجارە جیاوازییەکەی لەوەدا بوو کە بۆ یەکەم جار بوو ٢٥ وڵاتی جیهان دەنگ بەو بڕیارنامەیە بدەن و هەروەها کۆمیتەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەم ڕاپەڕینە دابمەزرێنن. کاری سەرەکیی ئەم کۆمیتەیەش ئەوەیە کە بەبێ هاوکاری ڕێژیمیش کە چاوەڕوان دەکرا و هەرواش دەرچوو کە بڵێ هیچ هاوکارییەکی ئەو کۆمیتە جیهانیە ناکات، ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی لەلایەن ڕێژیمەوە کوژراون، بریندار کراون، گیراون یان لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوکم دەدرێن و بە هەر شێوازێکی توندوتیژی و نایاسایی بە پێوەرەکانی نێودەوڵەتی بەرەوڕوویان دەبنەوە تۆمار بکرێن و بناسێندرێن. دەتوانم بڵێم سەرەکیترین کاری ئەو کۆمیتەیە ئەوەیە بە ناساندنی ئەو هەمووە باڕستاییەی سەرکوت و توندووتیژی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵک کردوویەتی، ڕێژیم ڕیسوا بکڕی و هەروەها هەموو ئەو بەڵگانە دەبنە سەرچاوەیەکی بەڵگەمەند و حقوقی بۆ لێپرسینەوە و دادگایی کردنی بەرپرسانی یەکەمی کۆماری ئیسلامی.
لەو ماوەیەدا باس لەوە دەکرێ ئەوەی لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک بەلووچستان کراوە جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی بووە؟ ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟
جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی بەپێی پێناسە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان کردەوەی دیار و ئاشکرا کە لەلایەن وڵاتێک بە شێوەی ڕێکخراو و بەربڵاو بەڕێوە بچێ کە زۆرتر بەدژی خەڵکی ئاسایی و لە سەردەمی شەڕ یان ئاشتی ڕووی دابێ؛ وەک کوشتن، کۆمەڵکوژی، ژینۆساید، پاکتاوی ڕەگەزی، کۆچی زۆرەملێ، کەڵکوەرگرتن لە چەکی قەدەغەکراو، تێرۆریزمی دەوڵەتی یان پشتیوانی لە تیرۆریزم، بێسەروشوێن کردنی بەزۆری، زیندانیکردنی نادادپەروەرانە، ئێعدام، ئەشکەنجە، دەستدرێژیی سێکسی، سەرکوتی سیاسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئازاری ئۆلی و ئایینی و...، هەموو ئەوانەی باسم کرد بەشێ هەرە زۆری لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بەدژی نەتەوەکانی ئێران کراوە و بەتایبەت لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەر کورد هاتووە. هەر لەم دواییانەدا دادگای خەڵکیی "آبان" ناوی ١٦٠ تاوانبار کە بریتی بوون لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لەوانە خامنەیی و وەزیری نێوخۆ و زۆرێک لە فەرماندەرانی سپای بە جینایەتکاران بەدژی مرۆڤایەتی ناساند. کاتێک هەموو ئەو بەڵگانە و دادگاییانە کەڵەکە دەبنە سەر یەک و بەردەوام بەڵگە و شاهید و تاوانەکانی ئێران زیاد دەبن، باوەڕم وایە ڕۆژێک کە ڕەنگبێ زۆر نزیک بێ نەک هەر لێپرسینەوەی جددی بەڵکوو بەگژ هەموو بێ پرەنسیپییانەیدا بێن و تەمەنی ئەو ڕێژیمە کە دژی بەها مرۆڤایەتییەکانە کۆتایی پێ بێ. چوونکە هەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان حکومەتێک خەڵکی وڵاتی خۆی بکوژێ یان ئەوەی پێی دەگوترێ جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی بکات، ئەرکی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەت شوڕای ئەمنییەت کە ئەو حکوومەتە بە شێوازی جۆراوجۆر وەک گەمارۆدان یان گۆڕین، جا چ بە خۆشی چ بە ناخۆشی لابەرن.
بگەڕێینەوە سەر خۆپیشاندانەکان، جەنابت وەک کەسێک کە جیا لە چالاکی مافی مرۆڤی لەهەمبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کارت کردووە و چەندین توێژینەوە و نووسراوەت هەیە، ئەو ڕاپەڕینەی ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەرەتا دەبێ پێناسەیەکی کورت لە بزاڤە سڤیلەکان بکەین. بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە ئاکاری کۆمەڵایەتییە کە بە هۆکاری جۆراوجۆر، بەشێک یان بەشی هەرەزۆری جڤاک دژکردەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لە چوارچێوەی هەوڵی بەکۆمەڵ collestiv actin ئاگاهانە و مەبەستدار لە دۆخی ئارایی دەردەبڕن. ئەم ڕابوونە دەتوانێ شەبەنگێکی بەربڵاو لە بابەتە سەرەکییەکانی وەک، نابەرابەریی کۆمەڵایەتی، ئایینی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئایینی، ئەتنیکی، تەناهی، دۆخی ئابووری (هەژاری)، کولتووری و... بێ. کە باس لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین پاڕادایمی سەرەکیی ئەم پێواژۆیانە ناڕەزایەتی ئاشتییانە و سڤیلمەندە، هەرچەند جۆر و شێوازی تریش لە نافەرمانیی مەدەنی هەر لە ڕێپێوانی پڕ لە توندوتیژی هەتا تێکهەڵچوونی سەر شەقام و کۆڵان بوونی هەیە. دوو ئامانجی سەرەکی لەو بزوتنەوانەدا یەک: چاکسازی (لە نزمترین ویستدا) و دوو، گۆڕان (لە بەرزترین حاڵەتدا) خۆیا دەبن. دەتوانم بڵێم ئەوەی ئێستا لە ئێران و بەتایبەت ئاخێزگەکەی واتە کوردستان ڕووی داوە، بزووتنەوەیەکی بێ میناکی جیهانییە. چوونکە بۆ یەکەم جارە بەو شێوازە بەربڵاوە و لەو ئاستەدا درووشمی: ژن، ژیان، ئازادی" لە ناوچەیەک بە تایبەتمەندی ئۆلیی وەک ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەبێتە ڕەمز، هەروەها یەکەم جارە دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران سەرجەم نەتەوەکانی ئەو جوغرافیایە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یەکیان گرتووە بەدژی ئەو حکوومەتە و ڕۆڵی ژنان زۆر بەرچاوە و ئامانجی گشتی ئەم ڕاپەڕین و بزووتنەوەیە نەمانی ڕێژیمە واتە بزووتنەوە یان شۆڕشی ژینا بە تەواوەتی لەبواری پێوەرەکانی بەشداری، جۆری خواستەکان، ڕادەی بەشداربوان و درووشمەکان هەروەها هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی جیاوازە و دەتوانێ بە درێژەدان و مانەوە لە شەقام سەرکەوتن وەدەست بێنیت.
لە یەکێک لە توێژینەوەکانتدا کە پارەکە بڵاو بۆوە باست لەوە کردووە کە لە بەشی هەرە زۆری ڕاپەڕینەکانی ١٥ ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و تەنانەت چەند نموونە لە ڕۆژئاواش، خەڵک لە وەرزی پاییز ڕاپەڕینییان دەست پێ کردووە بەتایبەت لە ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناسراوە. ئێستا ئەو ڕاپەڕینەش لە کۆتاییەکانی وەرزی هاوین و بە شێوەیەکی پڕ گڕوتین لە سەرەتای وەرزی پاییز وەک ئەوەی ئێوە باست کردووە دەستی پێ کردووە، ئایا بەڕای ئێوە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕاپەڕینە لە چ دایە؟
هۆکاری ئەوەیکە وەرزی پاییز وەک وەرزی خەباتی مەدەنی و تێکۆشانی بزووتنەوەکان بۆ گەیشتن بە خواستەکانیانی لێ هاتووە زۆرتر بۆ لایەنی ئابووری و ڕەوشی کۆمەڵگە نەریتییەکان و ئەو هەلانەی لەو مەودایەدا دێتە ئاراوە، دەگەڕێتەوە. ڕاستە ژینا ئەمینی لە کۆتایی مانگی خەرمانان بە دەستی هێزە تەناهییەکان کوژراو، بەڵام بەدەر لە هەست و سۆز و ڕقی کۆمەڵگە لەو شێوازە قیزەونەی ڕێژیم بەناوی حیجاب ڕەچاوی کردووە هەر خێرا خواستی خەڵک بۆ لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەو کوشتنە حکومەتییە بۆ خواستی گۆڕانی ڕێژیم چوو. هەرچەند حکوومەتیش وەک کولتووری باوی نەک هەر بکەرانی نەناساند و سزای نەدان بەڵکوو حاشای لێ کرد و وەک هەمیشە بە توندوتیژی هێرشی کردە سەر خەڵک، هەربۆیە درووشـمەکان خێرا بوونە "مەرگ بەر خامنەیی" یان هەر خودی دروشمـی ژن ژیان ئازادی کە فەلسەفەیەکی زۆر جوانی لە پشتی و ڕێک پێچەوانەی ئایدۆلۆژیای ڕێژیمی ئێران بوو. بەڵام تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو سەرهەڵدانە چەند خاڵێکن کە هەر ئەمانە سەلمێنەری ئەوەیە ئەو بزاڤە سەرکەوتوو دەبێ. یەکەم، بەشداریی سەرجەم نەتەوە و ئۆل و ئایینزاکانی ئێران بە کورد، فارس، بەلووچ، تورک، عەرەب، سووننی و شیعە لە ڕاپەڕینەکەدا. دووهەم، بەشداریی بەرچاوی ژنان و کچان لە خۆپێشاندانەکان تەنانەت کە چاو لە ئاماری گیراوەکانیش دەکەین ڕادەیەکی زۆر لەوانەی دەسبەسەر کراون و لانیکەم ٥ کەس لەوانەی گیانیان لەدەست داوە ژنن. سێهەم، بەشداریی خوێندکاران، یان باشترە بڵێم گەڕانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری بۆسەر شانۆی بزووتنەوە و سەرهەڵدانەکان بەجۆرێک هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ زانکۆ تەڤلی ئەو خۆپێشاندان و مانگرتنە بوون. ئێمە دەزانین لە ١٨ی پووشپەڕی ١٣٧٨دا بۆ یەکەمجار دوای ڕەوگیرکردنی شۆڕش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە چالاکیی بەربڵاویان دەست پێ کرد و دواتریش لە بزووتنەوەی سەوز و خەرمانان و سەرماوەزی ٩٦ و ٩٨ ئەگەرچی جموجۆلێک هاتە ئاراوە، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکان نەیانهێشت خوێندکاران پەل ببزێون. چوارەم فاکتەر، بەشداری قوتابییانی قوتابخانەکان. ئەمە یەکەمجارە بەو شێوە بەربڵاو و لەو ئاستەدا قوتابییان بەشداری بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بن، لە ئاستی ئێران هەتا ئێستا زیاتر لە ٦٠ مناڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ کوژراون و لە کوردستان ١١ هاونیشتمانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ کە قوتابی بوون لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانیان لەدەست داوە، جێگای سەرنجە ئەگە بگوترێ بە پێی بەڵگەی بەرپرسانی ڕێژیم کە ئاشکرا بووە لە ١٤ هەزار قوتابخانەی ئێران نزیک ٢٠٠٠ قوتابخانە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان کردووە هەروەها لە کۆی گشتی ٢٥هەزار قوتابی پارێزگای سنە ١٧هەزار قوتابی تەنای لەم پارێزگایە بەشداری ناڕەزایەتییەکانییان کردووە. پێنجەم فاکتەریش بەشداریی بەرچاوی شەبەنگی مامۆستایانی ئایینی و فەرهەنگییانە کە لەهەر دوو لەو چینانە دەسبەسەرکراویان هەیە.
هەروەها کەلکوەرگرتن لە شێوازەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زۆر ئاگاهانە و ڕێکخراو ئەگەرچی ڕێبەرییەکەی دیاری نییە و جگە لە کوردستان نەبێ ئاڵتێرناتیڤ بوونی نییە؛ وەک مانگرتن (لە کوردستان و لەلایەن حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی ناوەندی هاوکاری لەو ماوەیەدا ٩ جار داوا کراوە دووکان و بازار دابخرێن و مانگرتنی گشتی بکرێ کە هەر ٩ جار لە ئاستی کوردستاندا خەڵک وڵامی دایەوە و شارەکان داخران)، هەروەها شیوازی وەک گەڕەکتەوەر بوون بۆ بەربڵاوبوونی خۆپیشاندانەکان لەبەر کۆنتڕۆڵنەکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، مانگرتنی قوتابییان و خوێندکاران، مانگرتنی شۆفیران و... . کەواتە ئەگەر پیشتر هەرکام لەو توێژانە بە جیا چالاکییان دەکرد ئێستا پێکەوە و بۆ یەک ئامانج هەوڵ دەدەن و تێدەکۆشن. کە ئەمە لە تایبەمەندیی سەرەکی ئەو سەرهەڵدانەیە کە هیوای ئەوە دەبەخشێت خەڵک بە ئامانج و خواستی خۆیان بگەن.
زۆر سپاس کاک شاڕوخ بۆ کات دانانت بۆ ئەو هەڤپەیڤینە
سپاس بۆ ئێوە