کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری لە پێوەندی لەگەڵ بومەلەرزەکەی شاری خۆی

16:06 - 9 رێبەندان 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بومەلەرزەکەی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

بەداخەوە لە یەک حەوتووی ڕابردوودا بومەلەرزە چەند جارێک شاری خۆی و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە لە پارێزگای ورمێی هەژاندووە کە دواترینیان شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندان بە توندیی ٥.٩ ڕیشتەر بووە و وردەهەژانەکانی دوای ئەم ڕووداوە هەتا بەیانیی ئەمڕۆ درێژەی بووە.

بەهۆی ئەم بومەلەرزەیەوە تا ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەست داوە، ٨١٦ کەس بریندار بوون، زۆر خانوو بەتایبەت لە گوندەکانی نیزیک بە ناوەندی بومەلەرزەکە ڕووخاون و ئاماری بەرکەوتووان و بڕی زیانەکان هەتا دێ زیاتر دەبن.

ڕوودانی ئەو بومەلەرزە ئەویش لە وەرزی سەرماوسۆڵە و تەڕوتووشیی ئێستای ناوچەکەدا کێشەی زۆری بۆ خەڵکی شاری خۆی و ناوچەکانی دەوروبەری دروست کردووە، بەتایبەت کە شێوەی بەهاناوەچوونی خەڵک و جۆری بەدەنگەوەهاتنی ناوەندە حکوومەتییەکان ناڕەزایەتیی زۆری لەلای خەڵک لێ کەوتووەتەوە. بەڵام وەک هەمیشە خەڵکی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەوە بەدەم داواکارییەکانی خەڵکی خۆی و ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکانەوە چوون و بەپێی توانا خێوەت، خواردن و کەلوپەلی گەرمکەرەوەیان بۆ دابین کردوون.

ناوەندی هاوکاری سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو چەند کەسە هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان لە شاری خۆی و دەوروبەر ڕادەگەیەنێت و داوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بەرکەوتووانی ئەم ڕووداوە دەخوازێت. هەروەها بە سەرنجدان بە کارنامەی پێشووی ناوەندە حکوومەتی و دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو جۆرە کاتانەدا کە بە خەمساردی و دەستەوەستانی و گەندەڵییەکانیان خوێیان بە برینی خەڵکدا کردووە، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات هەروەک جاران بە بەجێهێنانی ئەرک و بەرپرسایەتییە مرۆیی و نیشتمانییەکانیان باری قورسی ئەو ڕووداوە لە سەرشانی زیاندیتووانی بومەلەرزەکەی شاری خۆی کەم بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١

٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٣