کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی دەیەی فەجەر لەلایەن ڕێژیمەوە

11:37 - 21 رێبەندان 2722

لە حاڵێکدا کە ڕێوڕەسمەکانی ڕێژیمی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی بەهمەن لە شارەکانی ئێران لە حاڵی بەڕێوەچووندایە، ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندان بە خۆپیشاندان، دروشمدان، دروشمنووسین و تێکدانی هێماکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوام بوو.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە شاری جۆانڕۆ بڵاو بووەتەوە، لاوێک ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە شەقام دێنێتە خوارەوە و لە زبڵدانی دەهاوێت.

لە شارەکانی کەرج، خاش و کرمان لاوان بە دروشمی نەمان بۆ کۆماری سێدارە، بەنێرە تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی تایبەت بە ٢٢ی بەهمەنیان دڕاند و سووتاندیان.

هەروەها لە شاری ئیزە، کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەو شارە بۆ بەرزڕاگەرتنی یادی شەهیدانی ڕاپەڕین، لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدانە کۆ بوونەوە و دروشمیان دا.

لە تارانیش کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی دوای ئازادبوونیان لە زیندان لە بەردەم زیندانی ئێڤین کۆ بوونەوە و دروشمی ''حکوومەتی زاڵم دەبێ لەنێو بچێت'' و ''ژن، ژیان، ئازادیـ''ـیان وتەوە. هەروەها کۆمەڵێک ژن لە مێترۆی ئەو شارە سروودی شۆڕشگێڕییان خوێندەوە.