کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی کوردی و بەرنامەی دواڕۆژی زمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات

19:04 - 2 رەشەمه 2722

دیبەیت: کاروان مێراوی

بەرایی: زمان کۆڵەکە و خوێنی ناو دەمارەکانی نەتەوەیە و زمانی کوردییش بە شاڕەگی خەباتی شوناسخوازانەی کورد ئەژمار دەکرێت، لە مێژوودا زمانی کوردی بنەمای شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد و ئەو دەسەڵاتە جیاوازە کوردییانە بووە کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دامەزراون. هەنووکەش بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پلان و بەرنامەی دواڕۆژیان لەسەر زمانی کوردی و بەتایبەت شێوەزارەکانی زمانی کوردی کە پرسێکی ئاڵۆزە، چییە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەم پرسە دیبەتێکی بۆ دوو پسپۆڕی زمانناسی کورد و پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک خستووە. دیبەیتەکە لە دوو بەش پێک هاتووە؛ بەشی یەکەم باسێک لەسەر زمانی کوردییە و بەشی دووهەم باس لەسەر پلان و بەرنامەی زمانیی حیزبەکانە بۆ دواڕۆژی ڕزگاریی کوردستان. بەهۆی ئەوەی کە ئەم دیبەیتە بە بۆنەی ٢ی ڕەشەمە (٢١ی فێبریە)، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕێک خراوە، ئاوڕێکی کورت لە مێژووی ئەو ڕۆژە دەدەینەوە.

مێژووی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بۆ ساڵی ١٩٥٢ی زایینی دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌. كاتێک هندوستان لە ‌ساڵی ١٩٤٦ی زایینی لەژێر ئیمپراتۆریی کۆلۆنیالیستیی بریتانیا ڕزگاری بوو و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند و پاش جیابوونە‌وە‌ی پاكستان لە‌ هندوستان،(ئەلفـ) كە‌ ئە‌و كاتە‌ وڵاتی بەنگلادش بەشێک بوو لە پاکستان و بە پاکستانی ڕۆژاوا دەناسرا. لە‌و سە‌ردە‌مەدا زمانی ئۆردوو، زمانی فە‌رمیی ‌هە‌ردوو بە‌شی ڕۆژاوا و ڕۆژهە‌ڵاتی وڵاتی پاكستان بوو و‌ بە‌نگالییەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا هەڵکەوتووبوون، ناچار بوون زمانی ئوردوو لە‌ پە‌روە‌ردە‌ ‌و چە‌ندین بواری دیکەی ڕووتینیی ڕۆژانەیاندا بە‌كار بهێنن. لە ‌ساڵی ١٩٥٢ی زایینی، كۆمە‌ڵێک خوێندكاری زانكۆی بە‌نگلادش كە‌مپینێكیان بۆ زیندووکردنەوەی زمانی بە‌نگالی ڕێک خست و داوای بەفەرمیناسینی ئەو زمانەیان ‌لە ‌هە‌رێمە‌كانی ڕۆژهەلاتی پاكستاندا کرد. بەڵام حكوومە‌تی ناوەندیی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ی پاكستان، داواكاریی ئەو خوێندكارانەی ڕە‌ت كردەوە و خوێندكارانی بە‌نگالییش بانگە‌وازێکیان بلاو کردەوە و داوای مانگرتنێكی گشتییان كرد و لە‌سە‌ر ‌داوا ڕە‌وا زمانی و نەتەوەیییەكانی خۆیان و نەتەوەکەیان پێداگر بوون.

سە‌رلە‌بە‌یانیی ڕۆژی ٢١ی مانگی فێبریەی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی، پۆلیسی پاكستان بە ‌فە‌رمانی حکوومەت هێرشی کردە سەر خوێندكارانی ئەو زانكۆیە و لە‌ ئاکامدا چە‌ندین خوێندکاری بەنگالی گیانیان لە‌دە‌ست دا و بوون بە شەهیدی زمانی نەتەوەکەیان. دواتر پاش جیابوونەوەی بەنگلادش لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی لە پاکستان و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، خوێندکارێکی بەنگلادشیی دانیشتووی ولاتی کانادا بە‌ ئامانجی ڕێزگرتنی لە شەهیدانی زمان و بەهابەخشین بە‌ زمانی سە‌رجە‌م‌ پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی جیهان، پیشنیارنامەیەکی لە ڕیگەی باڵوێزی وڵاتەکەیەوە ئاراستەی نەتەوەیە کگرتووەکان کرد کە ٢١ی فێبریە وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بناسرێت. لە ئاکامدا ڕۆژی ٢١ی فێبریەی ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، ئەم پیشنیارنامەیە لە‌لایە‌ن ڕێكخراوی كولتووریی نە‌تە‌وە‌ یە‌كگرتووە‌كان (یونسكۆ) ‌تاووتوێ و پەسەند کرا و بە‌فە‌رمی وە‌كوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زمانی زگماكی دە‌ستنیشان كراوه.

 

ئەلفـ: هاوکات لەگەڵ جیابوونەوە هیندوستان، پاکستانیش کە بەشێک بوو لە هیندستانی کۆلۆنیالیزەکراو، جیا کرایەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٦ی زایینی، بەفەرمی سەربەخۆییی خۆی راگەیاند.

سەرچاوە: قەرەنی، فەرهەنگ. "ڕۆژی زمانی دایک ٢/٢١". ماڵپەڕی "روانگە و ڕەخنە".

 

بەشی یەکەم:

ئەم بەشەی دیبەیتەکە تەرخان کراوە بۆ پێناسەیەک لە زمانی دایک، کورتەیەک لەسەر زمانی کوردی، کورتەیەک لە مێژووی زمانی کوردی و زمان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا. سەرەتای باسەکەمان بە دوو پرسیار لەسەر پێناسەی زمانی دایک و زمانی کوردی لە مامۆستا هیوا سەلام خالد، دوکتۆرا لە زمان و کولتووری کوردی، زمانناس و مامۆستای زانکۆ دەست پێ دەکەین و پاشان دوو پرسیاری دیکە لەسەر مێژووی زمانی کوردی لە دوکتۆر ڕەحیم سورخی، دوکتۆرا لە زمان و وێژەی کوردی، زمانناس و مامۆستای زانکۆ دەپرسین.

 

کاروان مێراوی: مامۆستا هیوا سپاس بۆ تەرخانکردنی ئەم دەرفەتە. زمانی دایک یان پێناسەی زمانی دایک چییە؟

هیوا سەلام: زمانی دایک یان زمانی یەکەم بریتییە لەو زمان یان ئەو زارەی کە کەسی قسەکەر لە دوای لەدایکبوونییەوە لە دەوروبەری فێری دەبێت و بەڕەوانی بەکاری دەهێنێت. لەناو ئەو نەتەوانەی کە ناتوانن زمانی دایکیان بەتەواوی فێر ببن و ڕێگریی زمانییان بۆ دروست دەکرێت یان مافی خوێندنیان بە زمانی خۆیان لێ زەوت کراوە، زمانی دایک ئاماژەیە بۆ زمانی نەتەوە یان پێکهاتە ئیتنیکییەکانی خۆیان. زمانی دایک ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری لەسەر قسەکەر هەیە و لە هەندێک ژینگەی وەکوو بارودۆخی هەنوکەییی زمانی کوردی، زمانی دایک کۆڵەکەی مانەوەی شوناس و نەتەوەیە. لە ئەگەری لەدەستدانی زمانەکە، کەسی قسەکەر بە جۆرێک لە جۆرەکان هەبوونی مەعنەویی خۆیشی لە دەست دەدات و لەدەستدانی قسەکەرەکانیش لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی لەناوچوونی نەتەوەکە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەی وڵاتەکانی جیهان لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم دامەزراون و ئەو هاووڵاتییانەی کە زمانەکەیان لەدەست دەدەن، لە پاشخانە بنەماڵەیی و نەتەوەیییەکانی خۆیان دادەبڕێن. لە هەمان کاتیشدا ناتوانن ببنە بەشێک لە گرووپی دووهەم، چونکە هیچ پاشخانێکی بنەماڵەیییان لەناو ئەو گرووپەدا نییە. واتە پاراستنی زمانی دایک تەنیا بۆ کۆی گرووپەکە گرنگ نییە، بەڵکوو بۆ داهاتووی خودیی کەسەکانیش زۆر پڕبایەخە.

 

کاروان مێراوی: مامۆستا، پێناسەیەک لە زمانی کوردی بۆمان باس بفەرموون؟

هیوا سەلام: زمانی کوردی زمانێکی فرەچەشنی دەوڵەمەندە. مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و هەزاران ساڵە گەلی کورد بەو زمانە قسە دەکەن و هەتا ئەمڕۆ پاراستوویانە. بە دەیان هەزار پەند و ئامۆژگاری و چارەسەر و دەربڕینی جۆربەجۆری لەناو خۆیدا حەواندووەتەوە. زمانەوانان لە ڕووی جوگرافیایییەوە زمانەکە دابەش دەکەن بۆ سەر چوار یان پێنج زاری سەرەکی. سێ لەو زارانە بریتین لە زاری کوردیی باکووری (کورمانجی)، کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، کوردیی باشووری (لەکی و پەهلەوانی). هەرچی سەبارەت بە زاری چوارەمە بریتییە لە زازاکی-گۆرانی. هەندێک لە زمانەوانان بە باشی دەزانن کە ئەم دوو زارە بە یەکەوە گرێ بدەن بەهۆی لێکچوونەکانیان، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێیان وایە کە هەر یەکەیان زارێکی سەربەخۆی زمانی کوردین. هەروەها، بەشێک لە کوردەکان لوڕییش وەکوو زارێکی زمانی کوردی دەناسێنن، لە کاتێکدا زمانەوانانی دیکە ئەو بابەتە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە لوڕی زمانێکی سەربەخۆیە و بەشێک نییە لە زمانی کوردی. بۆچوونێکی باوی دیکەش لەناو زمانەوانە بێگانەکان ئەوەیە کە زازاکی و گۆرانی دوو زمانی سەربەخۆ و جیاوازن لە زمانی کوردی و ئەوان پێیان وایە هەموو ئەو زمانانە بەیەکەوە نەتەوەی کورد پێک دەهێنن، لە کاتێکدا زۆرینەی زمانەوان و سیاسەتمەدارە کوردەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە کە هەر وەک چۆن گۆرانەکان و زازایەکان بە نەتەوە کوردن، زمانەکەشیان بەشێکە لە زمانی کوردی. زمانی کوردی هەتا ئەمڕۆ زمانێکی ستانداردی یەکگرتووی نییە و بەگشتی کوردەکان زاری کوردیی ناوەندی بە ڕێنووسی عەرەبیی چاککراو و زاری کوردیی باکووری بە ڕێنووسی لاتینیی چاککراو بۆ نووسین و خوێندنەوە بەکار دەهێنن. لێرەولەوێ، هەندیک جار نووسین بە زارەکانی دیکەش بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو دەبینین. هەندێک لە زمانەوانەکان ئەو فرەستانداردییە بە سیمیایەکی ئاساییی زمانی کوردی دەزانن و پێیان وایە کە بارودۆخی سیاسیی کوردەکان بەم جۆرەیە. لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان بڕوایان بە یەک زمانی ستاندارد بۆ زمانی کوردی هەیە و تەنانەت چەند تاقم و دەستەیەک هەن کە بڕیاریان لەسەر شێوازی ستانداردەکەش داوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوەی ئەوان بە گونجاوی دەزانن، بۆ زمانی کوردییش هەر ئەوە باشە.

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە زمانی کوردی بارودۆخی نەخوازراوی سەدەی ڕابردووی تێ پەڕاندووە و چیی دیکە مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە. ئەوەی هەموو ئەو بیروڕایانەش دەربارەی زمانی ستانداردی کوردی لە داهاتوودا یەکلایی دەکاتەوە، بارودۆخی داهاتووی نەتەوە و سیاسەتی کوردییە.

 

کاروان میراوی: دوکتۆر ڕەحیم، سپاسی ئێوەش دەکەین بۆ تەرخانکردنی ئەم دەرفەتە. کورتەیەک لە مێژووی زمانی کوردی باس بفەرموون؟

د. ڕەحیم: ڕه‌چه‌ڵه‌كی زمانی كوردی له‌ خێزانی زمانی هێندوئووروپایی و له‌ بنه‌ماڵه‌ی هیندی-ئێرانی و له‌ گرووپی زمانه‌ ئێرانییه‌كانی باكووری ڕۆژاوایه‌. زۆربه‌ی زانایانی كورد وه‌ک «تۆفیق وه‌هبی» و بیانی وەک «ماكس مولێر» (١٨٢٣-١٩٠٠) و «ئۆسكارمان» (١٨٦٧-١٩١٧)، زمانی كوردی به‌ گرووپە زمانە ئێرانییەکانی باكووری ڕۆژاوا ده‌زانن. لەبەر نەبوونی دامەزراوە نەتەوەیییەکان و هەبوونی بەربەستە جوگرافیایییەکان وەک ناوچەی شاخاوی و ڕووباری زۆر و خوڕ، زمانی کوردی بەشێوەی فرەجۆری کورمانجی، سۆرانی، گۆرانی و دیمیلی و هەورامی دەرکەوتووە. به‌گشتی، زمانی كوردیی نوێ‌ شێوه‌ی گۆڕاوی زمانی «پەهلەوانی/پارتی»یه‌. ئه‌م زمانه‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌شكانییه‌كان (٢٥٠ی پێش زایین تا ٢٢٤ زاینی) زمانی فه‌رمی و ئیداریی وڵاتێک بووه‌ كه‌ هه‌موو پادشانشینییه‌كانی كوردی وه‌کوو؛ بتلیس، هەولێری، لوڕستان، كرماشان، موكریان، شاڕه‌زوور، بارزان، سه‌هنه‌ و كه‌نگاوه‌ر ئه‌ندامی كارا، پڕكار و نیمچه‌ سەربەخۆی ناو ئه‌و فیدراسیۆنه‌ بوون. زمانی په‌هله‌وانی/پارتی هی قۆناغی ناوه‌ڕاستی زمانی كوردی و شێوەی گۆڕاوی زمانه‌ كۆنه‌كه‌ی «مادی/ئاڤێستایی» و له‌ باكووری ڕۆژاوای ئێران بووه‌.

 

کاروان مێراوی: زمان لە مێژووی بزووتنەوەی شوناسخوازیی کوردستاندا چ ڕۆڵێکی هەبووە؟

د. رەحیم: زاراوەی کوردی، بۆ زمانی کوردی وەک زاراوەیەکی داپۆشەر دەرخەری یەکێتییەکی ئەتنۆزمانییە کە لانی کەم هەم بەپێی دەقە نووسراوە کلاسیکییەکانی کوردی لە شێعری شاعیرانێکی وەک «ئەحمەدی خانی»، «خانای قوبادی» و«نالی»دا بە هەر سێ جۆری باکووری، ناوەندی و باشووریی زمانی کوردی و هەروەها ئاخێوەرەکانیان لە ئێستەدا سەرەڕای جیاوازیی جۆرەکانی کوردی، جەختی لەسەر کراوە و لێ دەکرێتەوە. زمانی کوردی، لەڕاستیدا شیرازەی پێکەوەنان و پێکبەستنەوەی کولتووری، کۆمەڵایەتی و جوگرافیاییی ناوچەکانی کوردستان بووە و هەیە. بەتایبەتی، لەبەر دەوڵەمەندیی میراتی کولتووریی زمانەکە و ڕەنگدانەوەی لە دەقە فرە جۆرە فۆلکلۆرییەکان و دەربڕینە جیاوازە مۆسیقایییەکاندا خاڵێکی گرنگ و بەهێزی ناسنامەی کولتووریی کوردستانییان بووە. ئەمە ئەو کاتە بەهێزتر و کاریگەرتر بووە کە زمانی کوردی، زمانی ئایینە نەریتی و کۆنەکانی کوردیش وەک ئێزەدی و یارسان بووە و دەقی پیرۆزی ئەو ئایینانە بە کوردییە. هەروەها، زمانی کوردی وەک زمانی وانەوتنەوەی ئایینی لە پەروەردەی ئیسلامیشدا بووە. واتە تەفسیر و لێکدانەوەکانی دەقی پیرۆزی قورئان بە کوردی بووە. هەر بۆیەشە «خانی» (١٦٥٠٠ـ١٧٠٧) بە کوردیی کورمانجیی ژووروو فەرهەنگی نۆبەهاری دانا و شێخ مارفی نۆدی (١٧٥٣-١٨٣٧) بە کوردیی ناوەندی کتێبی «ئەحمەدی (الاحمدیە)» فەرهەنگێکی عەرەبی ـ کوردی بە مەبەستی فێربوونی زمانی عەرەبی بۆ فەقێیەکان داناوە.

ئەم تایبەتمەندییە ئەتنۆزمانییە بە سەرهەڵدانی بیرۆکەی نەتەوایەتی لە سەدەی نۆزدەهەمدا و پێکهاتنی دەوڵەت ـ نەتەوەکان لە ناوچەکەدا بەخێرایی گۆڕدرا بۆ چەمکی «نەتەوە» و کوردان لە پارچەی دابەشکراوە جیاوازەکانی کوردستانیشدا لە بیرۆکە و وێناسازیی نەتەوەبووندا وەک دروستەیەکی مۆدێڕنی سیاسی بە ئامانجی یەکەی سیاسیی یەکپارچە لە سنووری سروشتی و زمانیدا بە نیشتمانێک وەک کوردستان خۆ وێنا دەکەن. دیارە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کوردستان ناوێکە لە سەردەمی نوێدا سەری هەڵدابێت. ئەم ناوە لە شێعری شاعیرێکی وەک مەلای جزیری (١٥٧٠– ١٦٤٠)دا هاتووە کە خۆی وەک "شەوچرای شەوی کوردستان دەناسێنێت"، هەروەها لە هەندێک دیکۆمێنتی دیکەشدا وەک نیشتمانی کوردان ناوی هاتووە، بەڵام لەباری گوتارییەوە، وەک چەمک و تێگەیەکی مۆدێڕن، کوردبوون ببێتە ئایدئۆلۆژیایەکی نەتەوەیی بۆ دامەزراندنی سەروەریی سیاسی، زاراوەیەکی مۆدێڕنە. میراتی ئەتنۆزمانیی کوردی لە سەردەمی مۆدێڕندا لەبەر تیشکی ئەم خۆوێناکردنەی کورداندا وەک نەتەوەیەک، بەتایبەتی لە "حاجی قادری کۆیی" تا دەگاتە سەیفولقوزات، سوارە، هەژار، هێمن، شێرکۆ بێکەس، پەشێو، جگەرخوێن و دەیان شاعیر و ئەدەیبی نەتەوەییی دیکەدا لە ناوەڕۆک و فۆرمی جیاوازدا هاوهەنگاو لەگەڵ فۆرم و جۆرە ئەدەبییە جیاوازەکاندا زیاتر درەوشایەوە و بە پێکهاتنی ڕەوتی ڕۆژنامەنووسی لە بەدرخانییەکانەوە بەتەواوەتی سیمایەکی ناسیۆنالیستی بەخۆیەوە گرت و بە دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە چوار پارچەی کوردستاندا بوو بە زمانی ڕاهێنان و پێگەیاندنی کادر و قوتابیی کوردیش لە قوتاباخانەی کوردایەتیدا.  

ئەوەی ئێستە دەبینین، بەهۆی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێوەندییە تەکنۆلۆژی و ئێنترنێتییەکانەوە ئاگامەندیی مرۆڤی کورد لە بیرۆکەی کوردایەتی وەک بیرۆکەیەکی نەتەوایەتی، مافە نەتەوەیییەکانی و مافی مرۆڤیی زمانی وەک یەکێک لەو مافانەی، چیی دیکە زمانی کوردی تەنیا زمانێکی ئاسایی و ئامرازیانە لە پێوەندییەکی سادەی کۆمەڵایەتیی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستاندا نییە، بەڵکوو ڕەمزێکە لە کوردایەتی و کوردبوون. دەرککردن بەم بەڕەمزبوونەی زمانی کوردییە وەک ناسنامەیەکی کوردایەتی کە وای کوردووە ئێستە سەدان لاوی کیژ و کوڕ و ژن و پیاوی کورد بوونەتە مامۆستای خۆبەخشی وانەبێژیی زمانی کوردی لە فێرگە هەژارەکانی کوردستاندا بەبێ ئەوەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچ پشتیوانییەک بکرێن، بەڵکوو بە شێوەی جۆراوجۆر پەلاماریش دەدرێن، دەستبەسەر دەکرێن، ئازار دەدەرێن و دەخرێنە بەندیخانە و ماوەی بەندکردنی قورسیشیان بەسەردا دەسەپێندرێت. مامۆستا "زارا محەممەدی" نموونەیەکە لەوانە. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە نیشان دەدات کە دەوڵەتی داگیرکەر دەسەڵاتی خۆی لەسەر سنووری زمانیی ئێمە بینا کردووە، هەر بۆیە زۆر سەیر نەبوو و نییەش کە نەتەوەی کورد بە هەوڵی بەردەوامی بیرۆکەی بەرگری لە زمان، وەک بەرگری لە مان و بوونی نەتەوەیی دابنێت و هەر بۆیەشە دوژمن زمان و ڕەمزی کوردایەتیمان وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دەسەڵاتەکەی خۆی دەزانێت.

 نموونەیەکی دیکە، لەو بەڕەمزبوونەی زمانی کوردی وەک ناسنامە و ڕەمزێکی کوردایەتی، گۆڕانی دیمەنی زمانی بە ناو و دروشەمە کوردییەکانە لە فەزای گشتیدا. ئەمەش وای کردووە، خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە شۆڕشی «ژینا»دا بەتەواوەتی لە خۆپیشاندانەکانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا زۆر جیاواز بێت. تەنانەت پێگەی ناسیۆنالیزمی کورد بگاتە ئەو ڕادەیە کە شۆڤینیزمی باڵادەست بە بێمەیلیی خۆشی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بە کوردییەکەی لەگەڵ زمانی زاڵدا لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانیدا بنووسێت، لە کاتێکدا ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە زمانە و پێکهاتەی نەتەوەییی گەورەتر لە کورد لەپاڵ فارسیشدا لە ئێران بوونی هەیە. ئەمە لەڕاستیدا نموونەیەکی زەقی دووانەی زمان - نەتەوە یان باشترە بڵێین ڕووەکانی یەک دراوی لە زمانی کوردی و نەتەوی کورد دەردەخات، کە گەیشتووەتە ئەو پێگەیە لە ڕووی نەتەوایەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵەکان بۆ پەروەردەکردنی زمانی زانست، زمانی تەکنۆلۆژی و بە جیهانیکردنی زمانی کوردی لە ڕێی گووگڵەوە، هەوڵێکی ڕژد و ئاگامەندانەیە بە ناسنامەی کوردایەتی و نرخاندنی زمانی کوردی وەک نوێنەری ئەو ناسنامەیە.

 

بەشی دووهەم:

بەشی دووهەمی دیبەیتەکە تەرخان کراوە بۆ پلان و بەرنامەی دواڕۆژی زمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ باسکردن لەسەر ئەم پرسەش میوانداریی بەڕێزان کەماڵ کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕیوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، ساڵح شەریفی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سروە ناسری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێکخراوی کوردستانی ـ کۆمەڵە، شۆڕش حاجی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و محەممەد خۆشچهرە، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی دێموکراتیکی کوردستان کە هەر کەسیان بە نوێنەرایەتیی حیزبەکانی خۆیان لەم دیبەیتەدا بەشدارییان کردووە.

 

کاروان مێراوی: بەڕێزان سەرەتا سپاستان دەکەم کە کاتتان تەرخان کرد و لەم دیبەیتەدا بەشداریتان کرد، سەرەتای ئەم بەشەش بەم پرسیارەوە دەست پێ دەکەین. بەرنامە و پلانی زمانیی ئێوە بۆ چارەسەری کێشەی زمانی لە دواڕۆژی ئێرانی فرەپێکهاتەدا چییە؟

کەماڵ کەریمی: ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە کە نەتەوەی جۆراوجۆری وەک کورد، بەلووچ، تورکمان، فارس، تورک، عەرەب و کاسپییەنی و کەمینەکانی تری تێدا دەژین. هەر بەو پێیە زمانی جۆراوجۆر لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران وەک زمانی کار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لەو ناوچانەدا بەکار هاتووە و هەرکام لەم نەتەوانە لەنێو خۆیاندا بە زمانی خۆیان دواون. لەم وڵاتە لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە و بەتایبەت دوای بە دەسەڵات‌گەیشتنی ڕەزا شا و پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەت ــ نەتەوە بە دروشمی یەک وڵات و یەک نەتەوە لە ئێراندا دەستی پێ کرد و لە سێ دەورەی دەسەڵاتداری پەهلەویی یەکەم و دووهەم و کۆماری ئیسلامیدا لە ڕێگەی سەپاندنی زمانی فارسی لە خوێندن و کار و بازاردا، بۆ لەناوبردنی زمانی نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران و تەنانەت بە دروستکردنی فەزایەکی کولتووری و ڕەوانی بۆ بەشێک لە خەڵک کە فێربوون و بەکارهێنانی زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی، یارمەتییان دەدات بەوەی کە لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا باشتر جێگە و پێگەی خۆیان ببیننەوە، هەوڵی زۆر دراوە. هەموو ئەم هەوڵانە لەو ماوەدا کە لە بیری شۆڤێنیستی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە وەک بەشێک لە سیاسەتی سڕینەوەی شوناس و ناسنامەی مێژووییی نەتەوەکانی دیکەی ناو ئیران جگە لە فارس بووە لەو وڵاتە فرە پێکهاتەیەدا. بەڵام لە پاڵ ئەم نکۆڵیکردنە لە زمانی نەتەوەکانی ناو ئێران و لەژێر هەموو ئەو گوشارانەی خراوەتە سەر چالاکوانانی پاراستنی زمانی کوردی وەک پێگەیەکی شوناسی نەتەوەییمان، دەبینین ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵات خەباتی خۆبەخشانەی چالاکانی پارێزەری زمانی کوردی، بۆ فێرکردنی زمانی کوردی قوتابخانە و خولگەلێکی تایبەتیان کردووەتەوە و منداڵانی کورد فێری زمانی دایکی خۆیان دەکەن و کردوویانەتە سەنگەرێک لە بەرانبەر هەوڵی سڕینەوەی زمانی دایکیان.

ئێمە بە تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە زمان کۆڵەکەی سەرەکیی شوناس و بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەکە، بەردەوام پێداگریمان لەوە کردووە کە ئەگەر تا ئێستاش دەسەڵاتی شۆڤێنیستی ئێران ڕێگەی بەفەرمیناسینی زمانەکانی دیکە جگە لە فارسی لە ئێراندا نەداوە، دەبێت لە هەر گۆڕانکارییەکدا کە لە ئێران بێتە پێش، پێداگری لەسەر بەفەرمیناسینی زمانی کوردی وەک زمانی نەتەوەیەک کە بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکانی دیکە کە لە ئێراندا بەیەکەوە دەژین، بکرێتەوە. بێگومان لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا دەبێت زمانێکی پێوەندیی فەرمی بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتە هەبێت کە هەتا ئێستا زمانی فارسی ئەو پێگەیەی خۆی پاراستووە، ئەگەرچی بە هۆی سەپاندنیشی بێت. بەڵام لەگەڵ بەفەرمیناسینی زمانی فارسی کە زمانی پێوەندییەکانی نێوان هەموو خەڵکانی ئێران بە یەکەوە دەبێت لەنێو یەکتردا، پێویستە زمانی کوردییش بەپێی یاسا وەکوو یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی وڵاتی فرەزمانیی ئێران لە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتێکی دێموکراتیکی فیدراڵدا بە فەرمی بناسرێت و پلۆرالیزمی زمانی بپارێزرێت و بەتایبەت لە ئاستی سەرجەم قۆناغەکانی پەروەردەکردندا، هەروەها لە کوردستانیشدا بۆ زمانی پەروەردەکردن لە هەموو ئاستەکانی خوێندن هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاکوو بەرزترین پلەکانی خوێندن، زمانی فەرمیی حکوومەت، زمانی بلاوکراوە و چاپکراوەکان، زمانی ڕاگەیاندن و تەکنۆلۆژی و دیجیتاڵ، زمانی سەرجەم کاروباری ئیداری و بەڕێوەبەری لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەکار بهێندرێت.

ساڵح شەریفی: بەپێی هەموو لێکۆڵینەوە زانستییەکان و هەروەها پسپۆڕان و کۆمەڵناسان، زمان یەکێک لە گرنگترین پێناسەیە هەم بۆ مرۆڤ و هەم بۆ هەر نەتەوەیەک. نەتەوەی بێزمانکراو نەتەوەیەکی ژێردەست و دیلە کە حاشا لە بوونی، مێژووی، کولتوور و دابونەریتی کراوە لە زێد و نیشتمانی خۆیدا. نە خاوەن ماڵ، بەڵکوو میوان و بێگانەیە، نەک تەنیا هاووڵاتی و مافی هاووڵاتیبوونی نییە، بەڵکوو بە دوژمن یان پەنابەر لەقەڵەم دەدەرێت.

لە ئێرانی فرەپێکهاتەدا نەتەوەی کورد بە درێژاییی مێژووی، وەک نەتەوەیەکی ژێردەست چەوساوەتەوە و حاشا لە بوونی کراوە و دەسەڵاتداران بەردەوام و بە شێوەی سیستەماتیک بۆ ئاسەمیلەکردن و تواندنەوەی لە هیچ دوژمنکارییەک درێغییان نەکردووە، لە بەرانبەردا گەلی کورد بۆ مان و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی بەردەوم لە خەبات و بەرگریدا بووە و لەم خەباتەیدا لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە گەورەترین زیان و خەساری مرۆیی، سیاسیی، ئابووری و کولتووریی بەر کەوتووە، لە درێژەی ئەم ململانێیەیدا نە پلانی نەتەوەی دەسەڵاتداران بۆ فەوتان و تواندنەوەی گەلی کورد سەرکەوتوو بووە و نە گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەکی زوڵملێکراو بە مافەکانی گەیشتووە، بۆ گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافە پێشێلکراوەکانی، دێژەدانی خەباتێکی هاوبەش و شان بە شانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەیە لە ئاستی سەرانسەریدا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵ و دێموکراتیکە کە پابەندە بە پێڕەوکرنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و کونڤانسیۆنە جیهانییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئێرانی داهاتوودا. دەوڵەتێک بە بەشداریی دادپەرەورانەی هەموو نەتەوەکان، دەسەڵاتێک بەرپرس بێت لە ژیانەوە و گەشەدارکردنی زمانی هەرکام لە نەنەتەوەکان، هاوکات لەگەڵ زمانی هاوبەش و سەرانسەریی خوێندن و پەروردە بە زمانی دایک لە هەموو ئاستێکی خوێندندا وەک مافی سروشتی بەفەرمی بناسرێت و بە یاسا پشتیوانی لێ بکرێت.

بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیی سەردەم، هەموو هەڵاواردنی زمانی قەرەبوو بکرێنەوە و بۆ هەمیشە بنەبڕ بکرێن و زەمینە و بەستەری هێمن و شیاو بۆ پاراستن و گەشەی زمانی بۆ هەموو پێکهاتەکان دابین بکرێن، بەبێ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک نە نەتەوەکان بە مافی ڕەوای خۆیان دەگەن و نە لە ئازادی و دادپەروەری بەشدار و بەهرەمەندن.

سروە ناسری: لە ڕۆژی ٢١ ی فێبریە، رۆژی جیهانیی زمانی دایک نزیک دەبینەوە. پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە هەموو خەڵکی ستەملێکراو دەکەم کە لەو مافە بێبەشکراون. ئەم رۆژە و ئەم مافە وەکوو مافێکی سەرەتاییی مرۆڤگەلێکی قوربانی بۆ دراوە و لەلایەن لانی کەم ١٨٨ دەوڵەتی جیهانەوە بەفەرمی ناسراوە و تەنانەت دەوڵەتێکی دژە مروڤی وەک کۆماری ئیسلامییش واژۆی کردووە کە بەڕێوەی نابات و پێشێلی دەکات.

ئێمە خوازیاری ئەوەین کە یەکەم: هەموو ئەو زمانانەی کە خەڵکی ناوچە جوراوجۆرەکانی ئێران قسەی پێ دەکەن، بەفەرمی بناسرێن. لە هەمان کاتدا خوازیاری ئەوەین کە زمانێک وەکوو زمانی هاوبەش کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لە ناوچە و بەشە جۆراوجۆرەکاندا قسەی پێ دەکەن، لە یاسای بنەرەتیی وڵاتی ئێراندا بۆ کاروباری ئیداری و رۆژانە دیاری بکرێت. واتە خوازیاری ئەوەین کە زمانی هەموو کەمایەتییە زمانییەکانی دیکە هاوکات لەگەڵ زمانی هاوبەش بەفەرمی بناسرێن و زمانی قسەکردن، خۆێندن و نووسین لە هەموو ئاستێک لە ناوچەکانی خۆیاندا هەبن. بە واتایەکی دیکە؛ خوازیاری ئەوەین کە هیچ زمانێک لە زمانەکانی دیکە کەمبایەختر یان باندەستتر نەبێت و فێربوونی بەزۆرەملێ لە فەرهەنگی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی بسڕدرێتەوە. خوازیارین زمانی هەموو کەمایەتییەکان لە ئێراندا وەک زمانی ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی قسەی پێ دەکەن وەک زمانی ئیداری، خوێندن و نووسین، کتیب، ڕۆژنامە، ڕادیو و تەلەفزیۆن بەفەرمی بناسرێن. خوازیاری ئەوەین کە هەر جۆرە قەدەغەکردن، بێڕێزی و سووکایەتی بە زمانی کەمینەکان کۆتایییان پێ بێت. سەرەڕای ئەوەی کە خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سەرەتایی و مرۆڤیی هەموو کەسە، پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگەش لە گرەوی پێشکەوتنی هەموو توانایییەکانی خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیەدایە کە فێربوون بە زمانی دایک یەکێک لە بنەما سەرەکی و گرینگەکانیەتی.

جۆراجۆربوونی زمان و کولتوور لە ئێراندا نەک تەنیا هەڕەشە نییە، بەڵکوو هۆکار و فاکتۆری دەوڵەمەندکردنی کولتوورە و پۆتانسییەلێکە بۆ گەشەکردن. حاشاکردن لە مافی نەتەوەیی و بەفەرمینەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایک، پێشێلکرنی مافی میلیۆنان کەس لە هاووڵاتییانی ئێرانە کە زمانی دایکیان زمانی فارسی نییە.

شۆڕش حاجی: سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەک یەکێک لە ڕەگەزەکانی چەمکی نەتەوە بە بایەخەوە ئەڕوانێتە زمانی دایک و بێگومان پاراستن و گەشەدان بە زمانی نەتەوەیی لە ئێستە و داهاتوودا بە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی دەزانێت. سازمانی خەبات لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە دواڕۆژی ئازادی و نەمانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەی ئێستە، زمانی فەرمیی حكوومه‌تی كوردستان له‌ هه‌موو ئیداره‌ و ئۆرگانه ده‌وڵه‌تیدا، كوردییه‌. زمانی فارسی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی له‌ قوتابخانە ‌و ناوه‌نده‌كانی خوێندندا دەخوێندرێت و پێویستە گرینگی به‌ زمانی كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌كان بدرێت و لەناویشیاندا زمانی کوردی ئەبێت جێگە و شوێنی تایبەت و شیاوی خۆی پێ بدرێت و بپارێزرێت.

محەممەد خۆشچهرە: ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە ئێرانی داهاتوو بەهۆی فرەپێکهاتەیەوە، دەبێت ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵ بێت، لە وەها سیستەمێکدا، چارەسەری کێشەی زمانی زۆر ئاسان نییە، بەڵام بێچارەسەریش نییە. ئێمە بەرنامەمان ئەوەیە کە لە هەرێمەکاندا، زمانی سەرەکی، زمانی هەرێمەکان بۆ خۆی بێت، یانێ هەرێمی کورد لە ئێران دەبێت زمانی کوردی، زمانە سەرەکییەکەی بێت و لاپاڵی زمانی سەرەکی دەتوانرێت زمانێکی یەکگرتوو و گشتگیر لە کۆی سیستەمە فیدراڵەکەدا و لەنێوان هەرێمەکان و پێکهاتەکانی ئێراندا بخوێندرێت و بە شێوەی فەرمی لە پەروەردەدا وانەی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام تەنیا وەک زمانی دووهەم لە هەرێمەکاندا کاری پێ بکرێت.

 

کاروان مێراوی: بەرنامەی زمانیی ئێوە بۆ دواڕۆژ لە کوردستان بەگشتی و بەتایبەت بۆ پرسی شێوەزار و لکەزارەکانی زمانی کوردی چییە؟

شۆڕش حاجی: هەڵبەت ئەزانن بەداخەوە ستەمی نەتەوایەتی و نەبوونی هیچ دەسەلاتێکی سیاسی و بەڕێوەبەری، بەدرێژایی مێژوو زیانی زۆری گەیاندووە بە زۆریک لە بنچینە و ژیرخانەکانی فکری و فەرهەنگی و پەروەردەیی گەلی کورد و لەناویشیاندا نەبوونی زمانێکی ئیستانداری نەتەوەیی کە هەموو زاراوەکان لەخۆ بگرێت زۆر دیار و بەرچاوە. ئەوەی ڕاستیە زمانی کوردی خاوەنی شێوەزاری جۆراوجۆرە و سەروو و ناوەند و خوارووی کوردستان کۆمەڵێک شێوەزاری جۆراوجۆر لەخۆ ئەگرێت کە تاکەکان پێی ئەدوێن. بە باوەڕی ئێمە ئەو جۆراوجۆرییە نەک زیان نییە، بەڵکوو سەرمایە و داهاتێکی گرینگە و کۆکردنەوەی هەموو دیالکتیک و شێوەزارەکان لە چوارچیوەی زمانێکی ئیستانداری نەتەوەییدا دەتوانێت هەنگاوێکی پڕبایەخی نەتەوەیییانە بێت بو نەهێشتنی کێشەی شێوەزارەکان لە کوردستاندا. ئەوەش بێگومان لەسەر دەستی شارەزایان و پسپۆڕانی زمان لە کوردستانی ئازادکراودا وەدی دێت.

محەممەد خۆشچهرە: خۆشبەختانە زمانی کوردی بەهۆی هەبوونی شێوەزار و بنزاراوەکانییەوە زمانێکی دەوڵەمەندە، زمانێکی فەرمی و یەکگرتوو بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دەتوانێت نزیک لە هەمان شێوەزاری سۆرانی بێت، بەو واتایە کە تێکەڵەیەک لە هەموو شێوەزار و بنزاراوەکانی ڕۆژهەلات لەخۆ بگرێت، تێکهەڵکێشکردنی شێوەزارەکان لەگەڵ شێوەزاری سۆرانی، بە باوەڕی ئێمە دەتوانێت ڕێگەچارەیەکی گونجاو بێت بۆ پرسی زمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. بەکارهێنانی یەک شێوەزار لە کورتماوەدا ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ڕۆژهەڵات بێت، بەڵام تێکهەڵکێشکردنی لەگەڵ یەکتر، دەتوانێت لێکتێگەیشتن ئاسان بکاتەوە و دواجار گشتگیر و جێگیر ببێت لە ژیانی ڕۆژانە و لە هەموو بوارەکاندا بەبێ فەوتاندنی هیچ شێوەزار و لکەزارەکانی تر.

سروە ناسری: ئێمە خوازیاری ئەوەین کە زمانی کوردی وەک زمانی هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی ئەم وڵاتە بەفەرمی بناسرێت و لە یاسای گشتیی ولاتدا جێگیر بکرێت. هاوکات پێمان باشە و خوازیاری ئەوەین کە زمانی ستانداردی کوردی لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانی ئەو بوارە پاڕاو بکرێت و وەکوو زمانی فەرمیی کوردی لە خوێندن و کاروباری ئیداریدا بەکار بێت.

ئێمە داواکارین و هەوڵ دەدەین کە منداڵان هەر له باخچەی ساوایانەوە تا قۆناخەکانی دیکەی خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و ئەمەش مافێکی سروشتی، مرۆیی و دێموکراتیکە. دابینبوونی ئەو مافە، هەم دەبێتە هۆی گەشەی توانایی و لێهاتوویییان و هەم لەگەڵ یەکەم هەنگاوی چوون بۆ باخچەی ساوایان و قوتابخانە، لەگەل ترس و خۆف و هەڵاواردنی نەتەوەیی و سڕینەوەی زمانییان بەرەوڕوو نابن. دیارە ئەمە لە هەموو قۆناغەکاندا تێچووی هەموو ئەم کارانە پێویستە لەسەر دەوڵەت بێت و بۆ هەموو خۆێندکاران وەک یەک و بەبێ بەرانبەر بێت. پێویستە لە پۆلێک کە سێ تا پێنج منداڵی لێ بێت و بە زاراوەی هاوبەش قسە دەکەن، مامۆستای ئەو زمانەیان بە هەزینەی دەوڵەت بۆ دابین بکرێت تاکوو ئەو منداڵانە فێری زمانی دایک و زمان یان شێوەزاری سەرەکیی ئەو ناوچەیە کە کوردییە بکرێن. ئەوە سەرەتاییترین مافی مرۆیی و سروشتیی هەر منداڵێک و بنەماڵەکەیەتی کە بە زمان یان شێوەزارێکی هاوبەش لە ماڵەوە پێکەوە دەدوێن. منداڵان دەتوانن بە ئاسانی چەند زمان فێر ببن و منداڵی چەندزمانە توانای فێربوونی لە سەرترە. بەفەرمیناسینی مافی خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا بە زمانی دایک، بنەمای سەرەکیی پێگەیشتنی کەسایەتیی سالمی منداڵان و تازەلاوانە و ڕێگایەکە بەرەو پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگەیش.

کەماڵ کەریمی: بۆ پاراستن و بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی، گرینگیدان بە زمان و کولتووری نەتەوەییمان ئەرکێکی گرینگی بەردەممانە. بۆ ئەم مەبەستە حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕشدا پلانی خۆی هەبووە. ئەگەر سەردەمی کۆمار بە نموونەیەکی بەرچاو دەبیندرێت، دەزانن لە قۆناغی دواتردا کە تەنانەت کاتێک کوردستان کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێمە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگەدا قوتابخانەمان بۆ منداڵانی کوردستان کردەوە هەتا هەم لە خوێندن دوا نەکەوەن و هەم فێری زمانی کوردی ببن. کۆڕی پەروەردە دامەزرێندرا و ژمارەیەکی زۆر لە کادرەکانی حیزب لەژێر ناوی مامۆستای شۆڕشدا ئەرکی مامۆستای قوتابخانەکانیان گرتە ئەستۆ. دواتر و بەتایبەت لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا وەک باس کرا بەشێک لە چالاکوانانی نێوخۆ ئەم ئەرکەیان خستە ئەستۆی خۆیان و لە فێرکردنی زمانی کوردیدا زەحمەتی زۆریان کێشا. بۆ داهاتووش لەگەڵ ئەوەی کە زمانی کوردی زمانێکی ڕیشەدار و دەوڵەمەندە، دەکرێت بۆ بەهێزترکردنی هەوڵی جێخستنی شێوەزارێکی سەرەکی بدرێت و بکرێتە بناغەی دروستکردنی زمانێکی ستاندارد کە بەداخەوە هەتا ئێستا کورد لێی بێبەشە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی بدرێت بە ساغکردنەوەی ئەو شێوەزارانە کە بە جۆرێک کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی زمانی ئەوی ترەوە کە زمانی فارسییە. دەزانین یەکێک لە هۆکارەکانی دەوڵەمەندیی ئەم زمانە، شێوەزارە جیاجیاکانیەتی کە بۆ پاڵپشتیی دروستکردنی زمانی ستانداردی کوردی دەبێت پشتیان پێ ببەسترێت و کەڵکیان لێ وەرگیرێت. بەگشتی بۆ خوێندن و سەرجەم کاروباری فەرمیی حکوومەتی و پێوندیی نێوان ناوچەکانی کوردستان کە هەر کامەیان خاوەن شێوەزارێکی دیاریکراون، دەکرێت یەکێک لە شێوەزارەکان کە تاکوو ئێستە زیاتر کوردیی ناوەندی (سۆرانی) بووە، بکرێت بە بنەمای زمانی و شێوەزارەکانی دیکە بۆ ئاخاوتن و کاری ئەدەبی، بڵاوکراوە و چاپکراوەکان، ڕاگەیاندن و بەتایبەت ئامادەکردنی قامووسی ئەو شێوەزارانە یارمەتی بدرێن و ڕەسەنایەتییە کوردییەکەیان بپارێزرێت. بۆ ئەم کارەش دەکرێت لە قوتابخانەکاندا بۆ فێرکردنی منداڵانی کورد لە شێعر و ئەدەبیاتی هەموو شێوەزارەکان کەڵک وەرگێردرێت.

ساڵح شەریفی: بێگومان سیاسەتی دوژمنکارانەی نەتەوەی دەسەڵاتدار بەرانبەر بە نەتەوە بێمافەکان لە ئێراندا، ئاستەنگ و کەلێنی گەورەی بۆ زمان و پرسی زمان دروست کردووە و پێ ناچێت لە کورتماوەدا هەموو گرفت و کەلێنەکان چارەسەر بکرێن، چارەسەری داهاتووی ئەم پرسە پێویستی بە ویست و ئیرادەیەکی نەتەوەیییە تاکوو هەر لە ئێستەوە ببێتە بابەتی لێکۆڵێنەوەی پسپۆڕان و زمانناسان و وەک پڕۆژیەکی نەتەوەیی بە شێوەی زانستی کاریان لەسەر بکرێت.

بە زۆر هۆکاری ئابووری، جوگرافیایی و شێوازی ژیان و هەروەها ئاسەمیلەکردنی نەتەوەیی و… نەتوانراوە زمانی یەکگرتووی نەتەوەیی پێک بێت، لە زۆر شوێن شێوەزار و لکەزاری جیاواز بووەتە زمانی نووسین و وێژەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە. ئەم شێوەزار و لکەزارانە زۆرتر لۆکاڵین، بەڵام لە ڕووی مێژوویییەوە دەوڵەمەند و پڕناوەڕۆکن، ژێرخانێکی بەهێز و بەربڵاوی بۆ گەشەی ئێستە و داهاتووی ئەدەب و وێژەی نەتەوەیی هەیە، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم شێوەزار و لکەزارانە ئەو کات دابین دەبێت کە لە پاڵ زمانی یەکگرتووی نەتەوەییدا لە قۆناغی سەرتایییەوە تا کۆتایی ئەو قۆناغە زمانی خۆێندن و نووسینی قوتابخانەکان بێت بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

 

کاروان مێراوی: لە کۆتاییی ئەم دیبەیتە پڕناوەڕۆکەدا جارێکی دیکە سپاسی هەموو بەڕێزانی هەردوو بەشی دیبەیتەکە دەکەین بۆ ئەوەی کاتیان تەرخان کرد و بەشدارییان کرد. هیوادراین توانیبێتمان وەڵامی لانی کەمی ئەو دوو پرسارە سەرەکییەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان لەسەر پرسی چارەسەریی پیشنیاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ زمانی کوردی، وەرگرتبێت.