کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: ڕاپەڕین و شۆڕش دژی کۆماری ئیسلامی کۆتایی نایەت هەتا ئەو ڕێژیمە دەڕوات و ئەو ڕۆژەش زۆر دوور نییە

23:06 - 15 رێبەندان 2722

دیمانە: شەماڵ تەرغیبی

دوای چوار مانگ لە شۆڕشی ژینا، دۆخی شۆڕش و ستاتوی کۆماری ئیسلامی چ گۆڕانێکیان بەخۆیانەوە بینیوە؟ ئێرانی فرەنەتەوەی دوای کۆماری ئیسلامی چۆن دەبێ و نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو وڵاتە چ دەور و نەخشێکیان لە شۆڕشی ئێستا بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم هەیە؟ دەسکەوتەکانی تا ئێستای شۆڕشی ژینا چین و چۆن دەتوانن ببنە هەوێن و دەسمایە بۆ دەسکەوتی زیاتر؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە و کۆمەڵە پرسیارێکی دیکەی پێوەندیدار بە ڕەوشی ئێستای ئێران و کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لە بەڕێزیان وەردەگرین.

وەک یەکەم پرسیار و کردنەوەی دەرگایەک بەڕووی وتووێژەکەمان با لە زمانی جەنابتەوە دید و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بزانین لە پێوەندی لەگەڵ کۆی شۆڕشی ژینا کە پاش شەهیدبوونی ژینا ئەمینی دەستی پێ‌کرد و لە ئێستا کە چوار مانگی خۆی تێپەڕاندووە.

هەڵسەنگاندنی حیزبی دێموکرات بۆ شۆڕشی ژینا ئەرێنییە. ئەگەر سەیری مێژووی هەڵوێستەکانی حیزب و ڕەوتی ڕووداوەکان بکەین، ڕوانگەی حیزب زۆر بەڕوونی دیارە؛ بە تایبەت لەو چوار مانگەدا کە شۆڕشی ژینا لە ئارادایە، هەڵوێستی حیزبی دێموکرات دیارە: پشتیوانی لە خەبات و بەشداری لە تێکۆشان و مەحکوومکردنی کردەوەی نابەرپرسانە و جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو ئاستەکاندا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی خەباتی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەباتی خەڵکی کوردستان بووە بە تایبەتی، ئەو خەبات و تێکۆشانە بە ڕەوا دەزانێ و خۆیشی بە بەشێکی سەرەکی لە ڕەوتی جووڵانەوەکە دەزانێت. حیزبی دێموکرات لای وایە ئەو ئیرادەیەی لە خەڵکدا دروست بووە، ئەو ئازایەتییە بێوێنەیەی خەڵک لە خۆی نیشان داوە بەتایبەت ژنان و لاوان لەو چوار مانگەدا و بەردەوامیی تێکۆشان بە شێوەی جۆراوجۆر، ئەنجامەکەی دەبێتە تێکەوەپێچانی تەواویەتیی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی ویست و ئیرادەی خەڵکی ئێران بە گشتی.

ئەگەر بمانەوێ دەستکەوتەکان و دەرفەتەکانی شۆڕشی ژینا تاکوو ئێستا پۆلێن‌بەندی بکەین، بە ڕای ئێوە دەستکەوتەکانمان چی ‌بووە و ئەو دەرفەتانەی بە تایبەتی بۆ کورد خوڵقاون چین و کامانەن؟

لە چوار مانگی خەبات و تێکۆشانی شۆڕشی ژینا، خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان و بەلووچستان بەتایبەتی تێچوویەکی زۆریان داوە؛ خەڵک شەهید و بریندار بوون و زیاتر لە بیست هەزار کەس ڕاپێچی بەندیخانەکانی ڕێژیم کراون و بەشێکیان چارەنووسیان دیار نییە.

 یەکەم: ئەوە کە خەڵک ترسیان لە ڕێژیم و دەزگا سەرکووتکەرەکانی شکاوە، خۆی دەسکەوتێکی گرینگە. دووهەم: پێوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆرباش لەنێو خەڵکی وڵات بە گشتی دروست بووە، ئەوەش دەسکەوتێکی باشە. سێهەم: دەزانین لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵک ئەگەر ویست و داخوازییشیان هەبووبێ یەکدەنگ و یەک دروشم نەبوون. بەڵام لەم چوار مانگەدا خەڵک یەکدەنگ هاوار دەکەن کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوات، ئەوەش دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ خەباتی خەڵکی ئێران. چوارەم: ئەوە کە خەڵکی وڵات بە گشتی بەشداریی شۆڕشی ژینایان نەکرد، دەکرێ وەک کەمایەسی سەیر بکرێ؛ بەڵام خەڵک لەدژی ئەو ڕاپەڕینە نەوەستانەوە و پشتی ڕێژیمیان نەگرت. تەنانەت بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ خەڵک بوون و پشتیان لە ڕێژیم کرد؛ مۆرەکانی ڕێژیم بە شێوەی جۆراوجۆر هانی خەڵکیان دەدا بۆ پشتگیری ڕێژیم، بەڵام خەڵک بایەخیان بە چاوەڕوانییەکانی ڕێژیم نەدا و ئەوەش دەتوانین بە زەخیرە و پشتگیریی ڕاپەڕینی خەڵکی دابنێین لە داهاتووی ئێراندا. پێنجەم: هاتنە مەیدانی ئێرانییەکان لە تاراوگە بە هەموو جیاوازییە فکری و سیاسییەکانیان کە پێوەندییەکی قووڵی خەباتکارانەی لەگەڵ خەڵکی وڵاتدا دروست کردووە؛ ئەوەش دەسکەوتێکی گەورە و زۆر شوێندانەریش بوو لەسەر ناساندنی ماهییەتی دژی گەلیی ڕێژیم بە خەڵکی دەرەوە و ڕاکێشانی سەرنجی دنیای دەرەوە و کۆڕوکۆمەڵە سیاسییە جیهانییەکان بۆ شۆڕشی ژینا. شەشەم: زۆر و کەم دەوڵەتانیش لەبەرانبەر سیاسەت و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران وەدەنگ هاتوون و کردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیان مەحکووم کردووە و پشتگیریی تێکۆشانی خەڵکیان کردووە کە ئەوەش دەبێ بە دەسکەوت دابندرێ و لە داهاتوودا کاریگەریی زیاتریشی دەبێت. حەوتەم: هەرچەند دروشمی سەرەکیی خەڵکی کوردستان و حیزبەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکرات، دابینکردنی دێموکراسی بۆ ئێران و مافە سیاسییەکانە بۆ خەڵکی کوردستانە، بەڵام هێندێک کەس و لایەن کە زانیاریی دروستیان لەسەر خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی نەبووە، بە گومانەوە ڕوانیویانەتە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و سیاسەتی حیزبەکان. ئەوجارە کە شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و لەو چوار مانگەدا هەموو وڵاتی گرتەوە، خوێندنەوەی نوێ و تەواو جیاوازی بۆ ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتۆتەوە کە ئەمەش وەک دەسکەوت دەتوانێ لاپەڕەیەکی نوێ بێت لە خەباتی گشتیی خەڵکی ئێران و کوردستاندا. دەرفەتێکی زۆر باشی بۆ خەڵکی کوردستان پێک‌هێناوە لە پێوەندیی لەگەڵ پشتگیریی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان. ئەوانە هەموویان دەسکەوتی گەورەن و دەسمایەی پتر بۆ بەردەوامیی شۆڕشی گەلی کورد لە ئێرانن.

بەپێی ئەو دەستکەوتانەی ئێوە باستان کرد تەبیعەتەن کۆمەڵێک دەرفەتیش بۆ کورد دروست بووە. حیزبی دێموکرات بە پلەی یەکەم و دواتر ناوەندی هاوکاری تا ئێستا چی کردوە بۆ قۆستنەوەی ئەم هەل و دەرفەتانە؟ لە داهاتوودا ئەم دەرفەتانەی کە شۆڕشی ژینا وەدیی هێناوە بۆ کورد، حیزبی دێموکرات و ناوەندی هاوکاری چۆنی کەڵک لێ ‌وەردەگرن؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە ٤٣ ساڵی رابردوودا لەسەرهەستترین حیزب بووە لە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەباشی لە دەرفەتەکان کەڵکی وەرگرتووە. کاتێک ڕێژیم ڕێگای دیالۆگی بەستووە و هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکی کوردستان، خەڵک و تێکۆشەرانی دێموکرات ئازایانە لە بەرانبەر هێرشی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان ڕاوەستاون و بەرگرییان کردووە. لە هەر قۆناغ و بارودۆخێکدا کە لە نێوخۆی وڵاتدا دەرفەتێک دروست بووبێ و هەرچەندە دەرفەتەکەش سنووردار بووبێ، حیزبی دێموکرات کەڵکی لێ وەرگرتووە. پشتگیریی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی کردووە و لە مەیدانی دیپلۆماسیدا حیزب پەیامبەر و دەنگی مافخوازی خەڵک بووە ڕوو بە دنیای دەرەوەدا. هەر دەنگ و هاوارێک کە باسی بەهێزکردن و یەکگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کردبێ، حیزب لەسەر خەت بووە و کاری بۆ کردووە و لەکوردستانیش بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ هاوکاری و هاوخەباتی و پێکهێنانی یەکیەتی لەنێو هێزەکان و تەنانەت کەسایەتییەکانیشدا. هەر لەسەر ئەو سیاسەتە حیزب یارمەتیی کردووە بۆ پێکهاتنی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ"، "شوڕای دێموکراسیخوازان" و تەنانەت لەو پێوەندییەدا لەگەڵ کەسایەتییەکانیش لە هەوڵی بەردەوام‌دایە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان قووەتێکی بەهێزتری هەبێ و لەگەڵ ئێرانییەکان بەهێز دەربکەوێ و لە ئێرانی داهاتوودا کورد بە ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بگات.

بە سەرنجدان بە دۆخی پڕ کەندولەندی ڕەوتی دێموکراسی لە ئێران، تەواوەتیخوازیی ڕێژیم و تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە، کورد لە کوێی هاوکێشەکانی ئێستای ئێران‌دایە و کوردستان لە ئێرانی داهاتووی پاش کۆماری ئیسلامیدا ستاتوی چۆن دەبێت؟

ئێران وڵاتێكی پان و بەرینە و حەشیمەتێکی زۆری تێدا نیشتەجێیە، پێکهاتەی جیاوازی تێدایە وەک (فارس، تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکەمەن و...)، جیاوازیی ئایینی و مەزهەبییش هەیە؛ یانی وڵاتێکی پڕ لە شەبەنگ و جۆراوجۆرییەکانە. بۆیە ئەوانەی کار دەکەن بۆ دروستکردنەوەی ئێرانی داهاتوو، دەبێ ڕاستییەکانی مێژوو و ئێران بناسن و بیر لە دروستکردنی سیستەم و نیزامێکی دێموکراتیکی ناناوەندی (لامەرکەزی) بکەنەوە؛ نەک نیزامێکی ناوەندگەرا کە ئەزموونەکانی ڕابردوو نیشانی داوە نەیتوانیوە دێموکراسی تێدا جێگیر بکرێ و مافی پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.

ئەگەر لە شۆڕشی مەشرووتەوە سەیری مێژووی ئێران بکەین، خەڵکی ئەو وڵاتە بەشداری خەبات و تێکۆشانی سیاسی بوون بەڵام بەداخەوە تاقم یان گروپێک دەستی بەسەر دەسکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێراندا گرتووە. ئەمجارە خەڵک بە ئەزموون‌وەرگرتن لە ڕابردوو دەبێ هەر تەنیا بیر لە ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەکەنەوە، بەڵکوو دەبێ بیر لە دروست کردنەوەی ئێرانێکی نوێ بکەنەوە و حکومەتێکی دێموکراتیکی تێدا دابمەزرێندرێ. ئەوەش نایەتە دی ئەگەر هەر وەک باس کرا ڕاستییەکانی مێژوویی و پێکهاتەی ئێران لەبەرچاو نەگیرێن. بەڵام بەنیسبەت پرسی کوردەوە.

هەمووان دەزانن خەڵکی کوردستان، گەلێكی خاوەن مافە لە ئێراندا، پانتاییەکی زۆر و گەورەی جوغرافیای ئێران پێوەندیی بەو گەلەوە هەیە؛ میللەتێکی ڕووناکبیر و نەتەوەیەکی تێکۆشەرە. لە تەواوی مێژووی ئێراندا گەلی کورد بۆ وەدەستخستنی مافەکانی لە تێکۆشاندا بووە و نەوەستاوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێران  واقیعبینانە سیاسەتی کردووە. گوێ لە قسەکانی شەهید دوکتور قاسملوو بگرە و چاو لە سیاسەتی نووسراوی حیزبی دێموکرات بکە. گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان و زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەڕوونی ئەوەیە کە خەبات دەکەن لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێراندا بۆ ئەوەی نیزامێکی دێموکراتیک بێتە ئاراوە و دێموکراسی تێیدا دەستەبەر بێ و کورد مافی نەتەوەیی و سیاسی خۆی تێدا وەدەست‌بێنێ و مسۆگەری بکا. کە وایە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بە یەکەوە ئاسوودە و بەختەوەر بن، دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە ئێرانی داهاتوو وا دروست بکەنەوە، حکوومەتی ئێران حکوومەتی هەموو پێکهاتەکانی وڵات بێت. سروشتییە لە حاڵەتێکی وادا کورد بەشداری چالاکانە دەکا بۆ بنیاتنانی ئێرانی دێموکراتیک و خەڵکی خۆشبژیو؛ بەڵام ئەگەر بە هەر هۆیەک ئەوە نەیەتە دی، ، سروشتییە کورد کە بەدرێژایی مێژووی بۆ مافەکانی خۆی تێکۆشاوە و ڕووبارێک خوێنی داوە و ئەزموونی بەربەرەکانی لەگەڵ دوو ڕێژیمی ناوەندگەرای پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی هەیە، خەباتی خۆی درێژە پێ دەدا هەتا مافەکانی دەستەبەر دەبن.

پێوەندیی نێوان نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێستای ئێران چەند بەهێز و توکمە و شوێندانەرە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێران، لەسەر بەهێزیی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەشێکی زۆری نەتەوە یان پێکهاتەکانی ئێران "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ"ی پێک ‌هێناوە، لەبەر ئەوەی دەزانین خەڵکی ئێران یەک نەتەوە یان یەک میللەت نییە، بەڵکوو پێکهاتەی جیاوازن. ئەو وڵاتەش دەبێ وا پێناسە بکرێ کە وڵاتێکی فرە نەتەوەیە. نەتەوەکانیش مافی جیاوازیان هەیە، ویستی جیاوازیان هەیە، فەرهەنگ و کولتووری جیاوازیشیان هەیە؛ سروشتییە ئەرک و بەرپرسایەتی بۆ دروستکردن و پێڕاگەیشتن بەو وڵاتەش لە سەرشانی هەموویانە. ئەوەش تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتێكی دێموکراتیکدا دەکرێ کە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا ئەو جۆراوجۆرییانە هەموویان جێگیر بکرێن. سروشتییە ئەرک و فەرمانیش بۆ هەموو پێکهاتەکان دەبێ دیاری بکرێت. چەند جارێک کە لە وڵاتی ئێران یاسای بنەڕەتی نووسراوە، چ لە زەمانی پەهلەویدا و چ لە کۆماری ئیسلامیدا، یاساکە نیزامی حاکم لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی زاڵ دایڕشتووە. ئەگەر تا ڕادەیەک هێندێک خاڵی ئەرینی تێدا هاتبێت، بەڵام بە کردەوە نیزامی حاکم پێی پابەند نەبووە. هەر بۆیە وەک بەڕێزت ئاماژەت پێ‌دا هەموو پێكهاتەکان و نەتەوەکانی ئێران دەبێ بە یەکەوە هاوکار و هاوخەبات بن. مافی یەکتر بە فەرمی بناسن کە ئەوە دەتوانێ ئومێدمان پێ بدات بۆ نیزامێكی دێموکراتیک و سەقامگیر.

هەر ئێستاش دەرک بەوە دەکەین کە لەو چوار مانگەدا گۆڕانێکی باش دروست بووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری خۆپێشاندانی ئێرانییەکان لە ستراسبۆرگی فەڕانسە بکەین، دەبیندرێ کە ئێرانییەکان بە ئاڵا و لۆگۆی جیاواز بەشداری خۆپێشاندانیان کردووە بۆ یەک مەبەست واتە ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێكی تێرۆریستی و ئەوە پەیامێكی باشە کە دەسکەوتی شۆڕشی ژینا بووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئێمە یادی دووی ڕێبەندان و ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانمان بەرز ڕاگرت، یەکێک لەو نموودە بەرچاوانەی کە لە مێژوودا دەیخوێنینەوە و لە کۆماری کوردستانە بەرجەستە بووە تۆخکردنی پرسی ژنان و مەیداندان بەوان بووە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. پێتان وایە شۆڕشی ژینا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیلهامی لە کۆماری کوردستان و بنەما فکری و کردەییەکانی شەخسی پێشەوا قازی وەرگرتووە؟

ئەگەر سەیری مێژوو و کولتووری کورد بکەین، دەبینین ژن لە کۆنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و لە ژیانی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشدا نەخشی هەبووە. لە دەورانی کۆماری کوردستاندا پێشەوا قازی محەممەد بە دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان بە فەرمی ژنانی هێنایە نێو گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. لەو کاتەوە بەشداری ژن لە نێو ڕێکخراو و حیزب و تەنانەت هێزی نیزامی پێشمەرگەشدا نەخشی دیار و پڕ ڕەنگی هەبووە. لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەڕوونی هاتووە کە ژن لە کۆمەڵگەدا یەکسانە لەگەڵ پیاو و هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژن و پیاودا دانەندراوە. لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبیشدا کە ماف و ئەرک بۆ ئەندام دیاری کراوە، جیاوازی دانەندراوە بەڵکوو بۆ ئەوەی بەشداری ژنان کاریگەرتر بێ، هێندێک ڕێکاری باش دیاری کراوە هەتا ژن ئاسانتر بتوانێ لە ئۆرگانەکانی ڕێبەریی حیزبیدا جێگە بگرێ. شۆڕشی ژیناش گۆڕانێکی نەوعی لە نەخش و دەوری ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خەبات و تێکۆشانی بە ئێمە نیشان دا، بە ئازایەتی و لەمەیداندابوونی خۆیان و نرخدان و تێچووی قورس شوێندانەرتر بوون. هەر ئەوەش وای کرد کە کۆمەڵگەی ئێران زیاتر بجووڵێ و دنیای دەرەوەش بە ئاگاداربوون لە خەبات و دەوری ژنان زۆرتر بایەخ و گرینگییان بە شۆڕشی ژینا دا و پشتگیریان کرد و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان ئیدانە کرد. بۆیە ئەو گۆڕانە نەوعییە پێویستە لە هەموو بەشەکانی ژیاندا لە بنەماڵە، لەکۆمەڵگە و بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی بە خوێندنەوەی نوێ لە نەخش و دەوری ژن بڕوانێ بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێکهێنانی نیزامی دێموکراتیک لە داهاتووی ئێراندا نەخشی ژن پڕ ڕەنگتر بکا. دڵنیام ئەگەر کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی لە هەموو بوارەکان لەو پۆتانسێەلە بەهێزەی ژن یارمەتی وەربگرێ، داهاتووی ڕوونتر لە پێش کۆمەڵگەی ئێران دایە. ئەگەریش ئەوە نەکرێ، سروشتییە ژنان لە خەبات بەردەوام دەبن تا جێگە و کاریگەری خۆیان لە بنەماڵە، کۆمەڵگە و بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا مسۆگەر دەکەن.

ئێوە وەک خۆتان چۆن دەڕواننە داهاتووی ئەم شۆڕشە؟

ئەوە سێهەم جارە لە دەورانی شۆڕشی ژینادا ئەو پرسیارە لەمن دەکرێ. ئەوەی ڕاست بێت ئەمن زۆری پێ دڵخۆش و ئومیدەوارم. ئەوەش لەخۆڕا نییە. یەکەم: ڕێژیمی ئێران وەک ڕێژیمێکی نابەرپرس بە گشتی بۆ خەڵکی ئێران ناسراوە، تەنانەت لە نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمیشدا ئەوە هەستی پێ دەکرێ. دووهەم: دەستوەردانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری حکومەتان و گەلانی دیکە زۆر ئاشکرایە، ئەوەش ناوچەکەی تەواو نائەمن کردووە. تەنانەت لەئێستادا ڕێژیمی ئێران بەرژەوەندی و ئاسایشی جیهانیشی بە شێوەیەک لە شێوەکان خستۆتە مەترسییەوە. سێهەم: خەڵکی ئێران کە بە دژی ڕێژیمی ئێران ڕاپەڕیوە، دونیای دەرەوە بە گشتی پشتگیری خواستی خەڵک دەکات و جینایەتەکانی ڕێژیم مەحکووم دەکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر پشتگیری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەکەن و ئەوە لە نێو دەوڵەتانیش هەستی پێ دەکرێ و ئەوەش چالێنجی گەورەی بۆ ڕێژیم دروست کردوە. چوارەم: کێشە و قەیران لە وڵاتی ئێران ئەوەندە زۆر و گشتگیرە، حکومەت لە توانایدا نییە چارەسەریان بکات؛ لەکۆتاییدا خەڵکی وڵاتی ئێران لێبڕاون تا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە خەبات درێژە دەدەن. پێنجەم: ئەوەی ڕۆژێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بێدەنگی باڵ بەسەر خەباتی دیاری خەڵک دادەکێشێ بە هیچ شێوەیەک وەک مۆرەکانی ڕێژیم دەڵێن بە مانای تەواو بوونی شۆڕشەکە نییە. من پێم‌وایە شۆڕشی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کاتێک کۆتایی دێت کە ئەو ڕێژیمە کۆتایی پێ هاتبێ و لە ڕوانگەی خۆمەوە ئەو ڕۆژەش زۆر دوور نییە.

کەواتە پێتان وایە ئیحتماڵی لە نەزەر دەگرن کە سیناریۆیەک هاوشێوەی شۆڕشێ ٥٧ جارێکی دیکە ڕوو بداتەوە؟

خەڵکی وڵاتی ئێران بە گشتی لە خەبات و تێکۆشانی نێوخۆیدا ئەزموونیان زۆرە؛ ئەگەر شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە نموونە بێنینەوە، بە یەک ڕۆژ خەڵک نەهاتە سەرشەقام وهەتا کارەکە تەواو بکات؛ بەڵکوو ساڵی ١٣٥٦ لە قوم خەڵک هاتە سەرشەقام و ناڕەزایەتی دروست بوو و وابزانم سێ کەس کوژران و لە چلەی ئەوان لە تەورێز دیسان خەڵک هاتە سەر شەقام و ئەوە درێژەی هەبوو زیاتر لە نۆ هەتا دە مانگی کێشا تا شۆڕش سەرکەوت.

من پێموایە ئەو سێناریۆیە دەکرێ بۆ درێژەی خەباتی خەڵک ئەو جارەش دووپات بێتەوە و بە بەردەوامی خەڵک لە خەبات و تێکۆشاندا  لە کۆتاییدا ئەو ڕێژیمە وەلا دەنێین بەڵام هیوادارم سێناریۆی دووهەمیان ئەنجامی ئەو شۆڕشە وەک شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی بەسەر نەیەت و بە هاتنە سەر دەسەڵاتی حکومەتێكی دێموکراتیکی خەڵکی کۆتایی بێت کە خەڵک تێیدا بە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بگەن.

کاک مستەفا لە کۆتاییدا ئەگەر سەرنج یان قسەیەکی نەگوتراوتان مابێت.

هیوادارم شۆڕشی ژینا هەرچی زووتر بە تێچووی کەمتر سەرکەوێ و گەلانی ئێران لە چوارچێوەی نیزامێكی دێموکراتیکی فێدڕاڵدا بە یەکەوە بحەسێنەوە. من ئەو توانا و پوتانسێلە لە ئێرانیاندا دەبینم کە بتوانن بە یەکەوە نیزامێكی دێموکراتیک بهێننە ئاراوە و پێوەندییەکی باش لەنێو خۆیاندا دروست بکەن و ئێرانی داهاتوو بۆ هەموو ئێرانییەک بکەن بە وڵاتێکی ئەمن و ئاسوودە و بە بەختەوەری تێیدا بژین.