کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە: میتینگەکەی ١١ی ڕەشەمە بۆ حیزبی دێموکرات حوکمی ڕێفڕاندۆمێکی هەبوو

10:16 - 17 رەشەمه 2722

هەپەیڤین: دیاکۆ دانا

ئاماژە: ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ڕۆژێکی هەرە مێژووییە لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی. لەودا خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای سێ دەیە لە تێکۆشانی نهێنیی ئەو حیزبە ڕاگەیاندرا. ئەگەر ٣٢ ساڵ پێش ئەو ڕۆژە لە چوارچرای مەهاباد نەمر قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دێموکرات لە میتینگێکی هەزاران کەسیدا گوتاری سیاسیی کوردی بە گوێی هەمووان دادا و کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمجارەیان دیسان هەر لە مەهاباد، ئەوە شەهید د. قاسملوو بوو لە میتینگێکی زیاتر لە سەت هەزار کەسیدا و لە مانیفێستێکی سیاسیدا دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاند.

"کوردستان" بۆ تیشک‌ خستنەسەر بایەخی مێژوویی میتینگەکەی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی گوتاری سیاسیی حیزب لەو ڕۆژەدا، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، خەباتکاری لەمێژینە و سیاسەتمەداری کورد کە یەکێک لە ڕێکخەران و وتاربێژانی ئەو میتینگەش بووە، پێک‌هێناوە:

بەڕێز مامۆستا ١١ ڕەشەممەی ئەمساڵ ٤٤ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی ئاشکرای چالاکیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێپەڕ دەبێ. ئامانجی حیزب لەو میتینگە چ بوو؟

لەپێشدا سڵاو بۆ ئێوە و خوێنەرانی بەڕێزی «کوردستان» و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. پیرۆز بێ یادی ڕووداوی مێژوویی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ کە بەهەق سەرەتایەک بوو بۆ زۆر پێشهاتی گەورەی مێژوویی لە کوردستانی خۆشەویست. بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان دەبێ بڵێم:

پێکهێنانی ئەم میتینگە بۆ ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، بەڵام ئامانجی دیکە لە پشتەوەی ئەو ڕاگەیاندنە هەبوون. پێش هەموو شتێک حیزبی دێموکرات ڕاستە قەت لە خەبات نەوەستابوو، بەڵام زیاتر لە سی ساڵ بوو لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا حزووری نەبوو. بەبێ شک بە نەبوونی وەسائیلی تەبلیغاتی _ئەوەی کە ئێستا لە دەستماندا هەیە_، تاریکاییەک بەسەر سیاسەتەکان و بەرنامەکانی حیزبی دێموکراتدا کشابوو. ئەو وەخت کەسانێکی زۆر کەم لە خەڵکی کوردستان دەیانتوانی لەگەڵ حیزبەکە پێوەندییان هەبێ و، بیروبۆچوونەکانی حیزب بزانن. بۆیە پێویست بوو لە ڕۆژێکی وادا حیزب جارێکی دیکە خۆی بناسێنێتەوە و، بە خەڵک بڵێ ئەمن چیم. شتێکی دیکە دەتوانم بڵێم: هەڵسەنگاندنی قووەت بوو. حیزبی دێموکرات دەیەویست و دەبوو خۆی تاقی بکاتەوە کە بایی چەندە. خۆ تەنیا تاریخ کافی نییە. کورد دەڵێ: ئەو نانە نانە، ئەمڕۆ لە خوانە؛ دەبوو بزانین ئەمڕۆ چەندین.

ئامانجێکی دیکە نیشاندانی مەوقعییەتی حیزبی دێموکرات نەک هەر بە کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو بە دۆستانیشمان بوو. لەبیرمان نەچێ دەوروبەری دوو حەوتوو پێش ئەو ڕۆژە، هێندێ کەس داوایان کردبوو دوکتور قاسملوو لە دیداری نێوان نوێنەرانی کورد و نوێنەرانی دەوڵەتی مەرکەزی دەر بکرێ، چونکی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە! کە هەر لەوێدا دوکتۆر گوتبووی: «هەر بۆیە دەبێ لێرە بم چونکی ئەندامی حیزبی دێموکراتم؛ ئێوە نازانن حیزبی دێموکرات چییە.» دەبوو بە هەمووان نیشان بدەین، حیزبی دێموکرات سیاسەتەکانی چین، نفووزی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا چۆنە. هەر لەو کاتەدا هەدەفێکی دیکە ئەوە بوو کە خەڵک دەعوەت بکرێ بە هاوپێوەندی: هاوپێوەندی لەنێو خۆیاندا و هاوپێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان. دەعوەت لە هێزە سیاسییەکان بکرێ هەموویان چ کوردستانی چ ئێرانی _ئەو وەختی هێزی سیاسیی کوردستانیمان لە واقیعدا بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو و وردە سازمان هەبوون غەیری حیزبی دێموکرات، چونکی تەنانەت کۆمەڵەش بەو شێوەیە کە ئێستا هەیە، دوو مانگ یان زیاتر لە دوو مانگ لە دوای ئەو وەختە ئیعلانی مەوجوودیەتی کرد-، دەمانەویست لە ڕۆژێکی ئاوادا و بەئاشکرا دەعوەت لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش بکەین کە ئەو سیاسەتەی سیستمی پاشایەتی لە ماوەی لانیکەم ئەو پەنجا ساڵی دواییدا گرتوویەتە پێش، وەلا بنێ و یەکێک لە ڕیشەدارترین موشکلاتی کۆمەڵی ئێران کە مەسەلەی نەتەوایەتی و بەتایبەتی مەسەلەی کوردە چارەسەر بکا. پێمان وابوو ئەگەر ئێمە داوای موجەوویزی تێکۆشانی ئاشکرا لە کۆماری ئیسلامی بکەین، ڕەنگە بە چەند مانگ و تەنانەت چەند ساڵ جواب وەربگرینەوە و دووریش نەبوو جوابەکەمان مەنفی بێ و پێمان بڵێن نەخێر نابێ. بەڵام لێکمان دایەوە ئەگەر ئێمە ئێستا ئیعلانی خەباتی ئاشکرا بکەین لە هەلومەرجی ئەوڕۆژەدا ڕێژیمێک کە تازە هاتۆتە سەر کار و، بە شوعاری خەڵکی دەستی بە کار کردووە؛ بەئاسانی ناتوانێ لە دژی بوەستێ. بۆیە سەرنجتان بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە ئێمە ناومان لێ نەنا «ڕاگەیاندنی خەباتی قانوونیی حیزبی دێموکرات»، ناومان لێنا «خەباتی ئاشکرا». یەعنی بێ منەت لە دەوڵەت؛ ئەوە بە حەقێکی قانوونیی خۆمان دەزانین و کەلکیشی لێ‌وەردەگرین.

ئەم ڕووداوە لەوکاتدا چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەمڕۆش دانا؟

میتینگی ١١ی ڕەشەمە لە کاتی خۆیدا بۆ حیزبی دێموکرات حوکمی ڕێفڕاندۆمێکی هەبوو. چونکە بەڕاستی نیشانی دا کە ئەم حیزبە چ پێگەیەکی بەهێزی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەیە و بێ لەخۆبایی‌بوون دەتوانین بڵێین لەو ڕۆژەوە دێموکرات بووە حیزبی جێی هیوای خەڵک و تەنانەت مەڕجەعێکی سیاسییش. وتاری دوکتۆر قاسملووش بوو بە مانیفێستی ئەم حیزبە کە هەتا ئێستاش لە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی خۆیدا هەر ئەو ئەسڵانە وەک سەرمەشق و ڕێنیشاندەر چاو لێ دەکا کە لەو میتینگەدا هاتوونە گۆڕێ.

وەک ئاماژەتان پێ دا دوکتور قاسملوو وەکوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە میتینگی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبدا وتاری سەرەکیی ئەو میتینگەی پێشکێش کرد. هێڵە گشتییەکانی ئەم وتارە چ بوون؟

وتاری دوکتۆر قاسملوو کە لەڕاستیدا بە پەسندی ڕێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزبیش گەیشتبوو، چرای ڕوونکەرەوەی ڕێبازی «حیزبی دێموکراتی کوردستان» بوو. (ئەودەم وشەی ئێران بەشێک لە ناوی حیزب نەبوو) زۆر ئەسڵی گرنگ و سەرەکی لەو وتارەدا گونجابوون، لەوانە هەە وەک نموونە:

- دەربڕینی ڕێز و ئەمەگناسی بەرانبەر ڕێبەران و بنیاتنەرانی حیزب و هەموو ئەوانەی پێش ئەوکاتە نەخشێکیان لە بەرەوپێش‌بردنی کار و تێکۆشانی ئەم حیزبەدا یاری کردبوو.

- خوێندنەوە و بە گرنگ‌زانینی نەخشی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و بانگهێشتنی هەمووان بۆ یەکگرتن و هاوخەباتی لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا.

- پێداگرتن لە سەر هاوکاری و خەباتی هاوبەشی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان چ ئەوانەی ئەو کاتە لە مەیدان بوون و چ ئەوانەی دواتر پێیان نایە نێو گۆڕەپانی خەباتی نیشتمانی.

- بانگهێشتنی هەمووان بۆ تەمرینی دێموکڕاسی و پێداگرتن لەسەر ئەوە کە کوردستان لە پاوانی هیچ گرووپێکدا نییە و هەمووان بۆیان هەیە لە فەزایەکی کراوەی دێموکراتیدا بۆچوونەکانیان بێننە گۆڕێ و هەوڵی بەدیهێنانیان بدەن.

- داوای نیزیکی و هاوکاریی هەموو هێزە سیاسییە ناوچەیی و سەرانسەرییەکانی ئێران بۆ دروستکردنی ئێرانێکی دێموکراتیک کە تێیدا هەموو نەتەوە و جۆراوجۆرییەکان بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن.

- داوا لە دەوڵەتی ناوەندی بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی دێموکراتیکی نیشتمانی و بەڕەسمی‌ناسینی ماف و ئازادییەکان و وەلانانی سیاسەتی میلیتاریستی و بەدوورگرتنی سوپا لە دەست‌تێوەردانی کاروباری نێوخۆیی و تەرخانکردنی تواناکانی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی نیشتمانی و سنوورەکانی وڵات.

- هەروەها بانگهێشت‌کردنی دەوڵەتی ناوەندی بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی سەربەخۆی نیشتمانی و بەدوور لە دەستەبەندییە نیزامییەکان.

- ڕەتکردنەوەی تۆمەتی بێ‌بنەمای جیاوازیخوازی و ڕاگەیاندنی ئەم ئەسڵە کە ئەو جۆرە تۆمەت‌لێدانە ناتوانێ خەڵکی کوردستان لە خەبات بۆ بەدەست‌هێنانی مافە نەتەوایەتییە ڕەواکانی بگێڕێتەوە.

گرینگیی پەیامەکەی د، قاسملوو لە چیدا بوو؟ ئەو پەیامە چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕوانگەی خەڵک بۆ حیزب و ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی کورد و حیزبی دێموکرات و ڕوانینی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دانا؟

گرنگیی ئەو وتارە پێش هەموو شتێک لەوەدا بوو کە پاش پتر لە سێ دەیە لە ڕووخانی کۆماری کوردستان یەکەمین جار بوو خەڵك گوێیان لە باسێکی ورد و جامیعی سیاسی دەبوو کە بە جۆرێک هەموو بوارەکانی ژیان و خەباتی هاونیشتمانانی لەخۆ گرتبوو. کاریگەریی وتارەکە لەسەر بیروڕای خەڵکی کوردستان وا دەبینم کە پوختەی ویست و داخوازەکانی گەلی کوردی بۆ هەمووان گەڵاڵە کرد و بەش بەحاڵی خۆم شوێنەواری ئەو وتارە و لەویش زیاتر پەیامی حیزبی دێموکرات لە زوربەی بۆچوونە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا بەدی دەکەم. بۆ باسی کۆماری ئیسلامی وا بزانم ئەوەندە بەسە کە پاش ئاشنابوون بە ڕوانگەکانی حیزبی دێموکرات ڕێژیم هەرگیز ڕێگای نەدا ئەم حیزبە لە ڕێگای ڕادیۆ تەلەڤیزیۆنەوە سیاسەتەکانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران باس بکا، چونکە دەیزانی کۆی ڕوانگە سیاسی و نیشتمانییەکانی حیزب لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە بە ئەرێنی وەردەگیرێن و پڕوپاگەندەی ڕێژیم بە دژی حیزب و داخوازە ڕەواکانی گەلی کورد پووچەڵ دەکەنەوە.

بێگومان حیزبی دێموکرات وەکوو حیزبێکی میللی-دێموکراتیک هەمیشە باوەڕی بە بەها و بایەخە نەتەوەییەکان هەبووە، حیزب دوای ١١ی ڕەشەممە چۆن توانی پێشەنگایەتیی پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی و خەباتگێڕی لە کوردستاندا بکات؟

ڕاستگۆیانە دەڵێم پێش دامەزرانی حیزبی دێموکرات و هەموو هێزە کوردستانییەکانی دیکەش بیری نەتەوەیی و داخوازی نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵانی گەلی کورددا هەبووە و نەخشی حیزبە سیاسییەکان پتر لەوەدایە کە فۆڕمی هێنانەگۆڕ و داواکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی کوردیان داهێناوە و زیادیشم نەگوتوە ئەگەر بڵێم حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی نەخشی بنەڕەتیی لەو بوارەدا گرتۆتە ئەستۆ. بەو حاڵە پێم باش نییە باسی پێشەنگایەتیی حیزب بکەم و لە نەخشی ئەوانی دیکە کەم بکەمەوە. باشترە قەزاوەت لەو بارەیەوە بۆ خەڵک بەجێ بێڵین.

بەڕێز مامۆستا لە وتاریکدا کە چەند ساڵ لەوە پێش بەو بۆنەیە پێشکێشتان کرد، فەرمووتان کە وتارەکەی د. قاسملوو بۆ ئێستاش تازەیە؟ مەبەست چییە؟ مەبەست لە وەدینەهاتنی بەرنامە و داخوازەکانی کوردە، یان ئەوە کە دۆخی سیاسیی وڵات نەگۆڕاوە؟

ئەوە ڕاستە کە بەداخەوە هێشتا داخوازە ڕەواکانی گەلی کورد بەڕەسمی نەناسراون و وەدی نەهاتوون و بۆ بەدەست‌هێنانیان هێشتا خەباتێکی سەخت و ڕێگایەکی دوورودرێژمان لەپێشە، بەڵام لەوێدا مەبەستم ڕاستی و دروستیی بۆچوونەکانی دوکتۆر قاسملوو و بەگشتی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتە کە پاش ٤٤ ساڵ و بگرە دوای ٧٧ ساڵ ئێستاش هەر ئاوێنەی ویست و داخوازەکانی خەڵکی کوردستانن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ڕۆژگار هاوشانن.

٤٤ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە ئەگەر جەنابت بفەرمووی شتێکی زیادە بخەیە سەر ئەو بابەتە، یان قسەیەکی نەگوتراوتان مابێت.

هیچم نییە لێی زیاد بکەم و گرنگیی وتارەکەش هەر لەوەدایە. بەڵام ئەگەر قەرار بێ پتری لەسەر بدوێم دەڵێم، دوو ڕێبەری زانای حیزبی دێموکرات -پێشەوا قازی محەممەد و دوکتۆر قاسملوو- زۆر میراتی بەنرخیان بۆ بەجێ هێشتووین کە یەکێک لە گرنگترینەکانیان واقیعبینی و تێگەیشتنی دروست لە هەلومەرجی خەبات و پارسەنگی هێزەکانە. هیوادارم حیزبی دێموکرات و هەموو تێکۆشەرەکانی لە هەر پلەیەکی بەرپرسایەتیدا بن قەدری ئەو میراتە بەنرخە بزانن و لە قسە و کردەوەدا بەکاری بەرن. دوکتۆری نەمر زۆرجار پێی دەگوتین هەموو ئاوات و ئارەزوویەکی ڕەوا پیرۆزە، بەڵام سیاسەت لەسەر بناخەی ئارەزوو ناکرێ و سەروکاری لەگەڵ واقیعییەتەکانە.