کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
بۆنەی ٨ی مارسی ئەمساڵ، ڕۆژی جیهانیی ژنان، لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە شۆڕشی گشتگیری ژینا، بە دروشمی "ژن ژيان ئازادی" لە ئامانجی سەرەکیی خۆی واتە ڕووخانی ڕێژیمی ژنکوژی کۆماری ئیسلامی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەری بەردەوامە.
هاوکات، پێشەنگایەتیی ژنان لەم شۆڕشەدا مانایەکی تایبەتی بە ٨ی مارسی ئەمساڵ بەخشیوە. بەو واتایە کە "شۆڕشی ژینا" و بۆنەی جیهانیی ڕۆژی ژنان، لە یەک ڕێڕەودان، ئەویش پێداگری لەسەر مافەکانی ژنان، بەهاکانی ژیان و ویستی ئازادییە.
ئەوەی لەم سەروبەندەدا جێی ئاماژەیە، هێرشی سیستماتیک و شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان (وەک کۆڵەکەیەکی شۆڕشی ژینا) لە ئاستی ئێراندایە. ئەم جینایەتەش، سیاسەتی دژەمرۆیی و سەرکوتکارانەی ڕێژیمی بۆ ڕای گشتی ڕوونتر کردووەتەوە.
وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی ٨ی مارس لە ژنانی تێکۆشەری کوردستان و ئێران، سەری ڕێز و وەفا لە بەرانبەر ژنان و دایکانی جەرگسووتاوی شۆڕشی ژینا دادەنوێنین، هەروەها ئەو ژنە ئەمەگناس و ئازایانەی کە بە ڕەوشتی بەرز و کرداری شۆڕشگێڕانە و کوردانەیان، بەهاکانی "ژن، ژیان و ئازادیـ"ـیان بەرز ڕاگرتووە.
بە هیوای سەرکەوتن و وەدیهاتنی ئازادی و بەختەوەریی ژنانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران.