دیبەیت: ئاسۆ مینبەری
ئاماژە: زیاتر لە ٥ مانگ بەسەر شۆڕشی ژینادا تێدەپەڕێت، شۆڕشێک کە بە کوژرانی کچێکی کورد لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە لە تاران دەستی پێ کرد. لە بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینیدا، ژنان لە کردەوەیەکی بوێرانەدا بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لاپەڕيیەکی نوێ لە خەبات دژ بە داگیرکەرانی دژەژنی ڕێژیمی ئیسلامییان هەڵدایەوە.
لە ماوەی زیاتر لە ٥ مانگی ڕابردوودا، کۆمەڵگەی کوردستان بووە گۆڕەپانی بەهێزی شەڕ لەگەڵ بیری دواکەوتوو و چەقبەستووی دەسەڵاتداران و لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین هەم ڕێژەی ڕادیکاڵبوونی شۆڕشەکە لە کوردستان زۆرتر بوو هەم تێچوو و نرخێک کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە درا زیاتر بوو.
خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بێگومان لە شۆڕشی ژیناشدا بەشێکی سەرەکی لە ساختار و پێکهاتەی شۆڕشەکە بوون.
بەو پێیە کە خەباتی ژنان لە کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان تەنیا خەباتێکی ڕەگەزی نەبووە و بەردەوام تێکەڵاو بە پرسی سیاسییەوە بوو، بێگومان ڕێکخراوەکانی تایبەت ژنان کە چوارچێوەی حیزبە سیاسییەکاندا توانیویانە ڕۆڵی گرینگ لەم شۆڕشەدا بگێڕن. ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو ناوەندێکی پێکهاتوو لەم ڕێکخراوانە لە بەرەبەری ٨ی مارسدا بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک وێڕای ئاوڕدانەوە لە دۆخی ژنان لە چەند مانگی ڕابردوودا، پشتیوانیی خۆیان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بەدژی ڕێژیمی ئیسلامی لەم ڕۆژەدا ڕاگەیاندووە.
لەم دیبەیتەدا کەوسەر فەتاحی و شیلان محەممەدی، لە ئەندامانی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڵامی چەند پرسیارێک دەدەنەوە.
ـ کوردستان میدیا: هاوڕێیانی بەڕێز سپاس بۆ بەشداریتان، ئاوا بچینە سەر باسەکە کە لێکدانەوەتان بۆ شۆڕشی ژینا چییە و ئەم شۆڕشە چۆن دەبینن؟
شیلان محەممەدی: شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە. ئەو دروشمە پێناسەیەکی تەواو تۆکمە و پڕ بە پێستی ئەو شۆڕشە مەزنەی ئێستایە کە لە کوردستان و ئێران ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامی هەیە. ئەم شۆڕشە دەرئەنجامی تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی و دەرئەنجامی ئازایەتی و بەچۆکدانەهاتنی ژنانی ستەمدیتوو و زوڵملێکراوە. ئەم شۆڕشە هەڵقوڵاو لە ناخی سیستەمێکی دژی بەها مرۆییەکان و دژی مافەکانی ژنە کە ساڵانێکە چاوەڕوانی تەقینەوەی قینی چەندین ساڵە بوو و ئەو تەقینەوەیە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی ڕووی دا و بوو بە هەوێنی ڕاپەڕینێکی سەرانسەری کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمیدا نمونەی نەبووە .
کەوسەر فەتاحی: شۆڕشی ژینا تەنیا شۆڕشێکی سیاسی نییە بەڵکوو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، کولتوریییە کە تەنیا مەبەستی گۆڕینی هێزی سیاسی نەبوو بەڵکوو ئەو شۆڕشە بۆ گۆڕینی سونەتە کۆنەکان هاوکات مانیفێستی خۆی داڕشت هەر ئەو جۆرەی دروشمە سەرەکییەکەی بە وردی نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە. ئەو شۆڕشە لە لێکنزیک بوونەوەی بزوتنەوەکانی نێو کۆمەڵگا بەرهەم هات. شۆڕشێکی فرەڕەنگ و فرەڕەهەند، سێکۆلار و دێمۆکراتیک کە مزگێنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەدوور لە هەڵاواردن دەدا. ئەم شۆڕشە و کاریگەرییەکانی تەنیا لە نێو سنووری ئێران قەتیس نامێنێتەوە بەڵکوو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەگرێتەوە. ئەم شۆڕشە کۆمەڵێک نۆرم و پێناسەی لەگەڵ خۆی گۆڕی، پێگەی ژنانی لە قوربانییەوە بۆ بکەران و لیدرانی مەیدانی گواستەوە. گوتاری فێمینیستی و بەرابەریخوازانە دژ بە گوتاری پیاوسالاری و دواکەوتووانە هێزی گرت و ئەو نۆرمانەی یا بە تەواوی گۆڕی یا بە زۆری پاشەکشەی پێ کرد.
ـکوردستان میدیا: بەو پێیە کە گرێدراویی خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان لە کوردستان و چییەتیی دەسەڵاتی دژەژنی حاکم وای کردووە کە ژنان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا بەدواداچون بۆ مافەکانیان بکەن، ئەکرێ شۆڕشی ژینا وەکوو هێمایەک لەو بەرەنگاربوونەوەیە پێناسەی بۆ بکرێت؟
شیلان محەممەدی: شۆڕشی ژینا بووە بە هێما و ڕەمزی ئازایەتی و بوێریی ژنان. لەم شۆڕشەدا ژنان جیاوازتر هاتنە مەیدان و بۆ داکۆکی لە مافەکانیان و بەرەنگاربوونەوەی یاسا دژە ژنەکانی ڕێژیمی ئاخوندی تا دوایین سات خەبات ئەکەن و بوێرانەتر لەبەرانبەر گوللـە و ساچمە و گرتن و زیندانیکردن و دەستدرێژییەکانی جەللادانی ئاخوندی و… خۆڕاگری دەکەن. لەم شۆڕشەدا بە سەدان ژن گیران و خرانە زیندانەوە و لەناو زیندانەکاندا دەستدرێژیان کرایەسەر، بە سەدان ژن شەهید کران، بەدەیان ژن بەهۆی بەرکەوتنی ساچمەوە ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە و لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا سووکایەتیان پێ کرا. ئازایەتیی ژنان ئاخوندەکانی سەرلێشێواو کردووە و ترس و دڵەڕاوکێی لە ناخیاندا پەرە پێداوە کە بە بەردەوامی و بۆ سەرکوتی زیاتری ئازادیخوازان، پەنا دەباتە بەر هەر جۆرە جینایەتێک و لەدوا نمونەشدا ژەهراویکردنی کچانی خوێندکاری مەدرەسەکانی خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.
کەوسەر فەتاحی: ئەو شتە سەرەکییەی کە ئەم شۆڕشە دەستی بۆ بردووە، بنچینەی کۆماری ئیسلامییە کە سیاسەتی خۆی لەسەر داڕشتووە، ئەویش کۆنترۆڵی ژن و جەستەی ژنانە بۆ کۆنترۆڵ و دەسبەسەرداگرتن بە سەر ژناندا. ژینا خۆی کۆکراوەی کۆمەڵێک هەڵاواردنی جیاجیا بوو، ژن بوو، کورد بوو، بەشێک نەبوو لە ئایینی ڕەسمیی ئەو وڵاتە و لە حاشیە بوو، بۆیە بناوانی بزووتنەوەکە هەر لە مەراسمی بەخاکسپاردنی ژینا و بە فڕێدانی لەچکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بناوانی ئەو سیستمە دەستی پێکرد، ئەوان دەستیان برد بۆ ئەو بەشە نەک وەک ئەوەی کە پرسی حیجاب گرینگترین پرس بێ بەلای ژنانەوە بەتایبەت ژنانی کوردستان چونکە دەزانین کە شۆڕشی ٥٧ هەرگیز نەگەیشتە کوردستان و ئەو سیستەم و یاسایانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان دەرکرابوو، هەرگیز پێگەی پەیدا نەکرد لەنێو کوردستاندا. شۆڕشەکە ژنان بە فڕێدانی لەچکەکانیان و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستیان پێ کرد؛ ئەم دروشمە لە ڕووی بەکگراوندێکی تاریخییەوە لەوێ سەری هەڵدا. کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگایەکە کە حیزبی پێشکەوتوو و مودێڕنی تێدایە کە مەیدانی خۆش کردووە بۆ بوونی ژنان لە مەیدانە سیاسییەکان و ژنان بەشێک بوون لە بەرەنگاری نەتەوەیی و هاوکات بەشێک بوون لە بەرەنگاری لە پرسی ژندا.
ـ کوردستان میدیا: لە شۆڕشی ژینادا، زۆرکەس لەسەر باوەڕەن کە شۆڕشەکە ژنانەیە و ئەوە ژنانن کە پێشەنگایەتیی شۆڕشەکە دەکەن، تا چەند لەگەڵ ئەم بیرکرنەوە هاوڕان؟ ئایا ئەمە جۆرێک لە هەڵاواردن و بەرتەسککردنەوەی شۆڕشەکە نییە؟
ـ شیلان محەممەدی: بێگومان ئەو جۆرە بیرکردنەوانە نیشانەن بۆ بیرتەسکی و ڕادیکاڵ بوون و بەرتەسککردنەوەی ئەو شۆڕشە مەزنە و قازانج بە ڕەوتی بەرەوپێشەوەچوونی شۆڕشەکە ناگەیەنێ. حاشاهەڵنەگرە کە ژنان پێشەنگ و دەستپێکەری شۆڕشەکە بوون، بەڵام ئەوە ناعەداڵەتییە کە بوترێ ئەم شۆڕشە بەتەنیا موڵکی ژنانە، دیمەنەکانی شۆڕشی ژینا دەریدەخەن کە پیاوانی یەکسانیخوازیش لەم شۆڕشەدا شانبەشانی ژنان ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە و لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشەکەدا بوون و تەنانەت دەتوانین بڵێین پشتیوانی و لەسەر وەجواب هاتنی پیاوان نەبوایە، ڕەنگە ڕاپەڕینەکە ئەو شکڵ و قەوارەیەی ئێستای بەخۆوە نەگرتبا کە بوو بە شۆڕشێکی بەرینی جەماوەری کە لە سەرانسەری جیهان دانیان پێدا نا.
شەهیدبوونی بەدەیان کەس لە پیاوان لەو شۆڕشەدا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە. ئەوەی ئێستا ئەیبینیین جۆرێک لە کرانەوە و فەرهەنگسازیییە، جیاواز لە پێشوو پیاوان پاڵپشت و داکۆکیکاری مافەکانی ژنانن، ئەمەش یەکێکی ترە لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان کە لە شۆڕشی ژینادا گەیشتۆتە لووتکە.
کەوسەر فەتاحی: ئەم شۆڕشە لەلایەن زۆر نووسەر و ڕووناکبیر و لێکۆڵەری سیاسیی ئوروپاییشەوە وەکوو شۆڕشێکی ژنانە پێناسە کراوە، بەڵام ئەم پێناسەکردنە بەو مانایە نییە کە خواستەکانی لە چوارچوێوەی خواستە سێنفییەکانی ژناندا قەتیس بووبێتەوە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ژنان پێشەنگ و دەسپێشخەری سەرەکی بوون و ئەم مەیدانداری و بوونە بە هاواهەنگی و هاوپشتی و پشتیوانیی پیاوان و باقی بزووتنەوەکانی دیکە دەستی پێ کرد؛ یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەو شۆڕشە درووستبوونی تێکەڵاوی و لێکگرێدراوی لە نێوان هەموو بزووتنەوەکاندا بوو و هەموومیان هاتنە نێو یەک ڕێبازەوە و ئەو شۆڕشەی ژینای لێ کەوتەوە، بۆیە بە یەک پێوەر ئەتوانین بڵێین ژنانەیە چونکە تا ئێستا زیاترین ڕێژەی بەشداران لەم بزووتنەوەیە ژنانن، بەڵام شۆڕشێکی ژنانە کە خواستەکانی تەنیا تایبەت بە ژنان و مافەکانیان نییە بەڵکوو تێکەڵاوێکە لە هەموو ویست و خواستەکان بەڵام لە ڕێگەی بزووتنەوەی ژنانەوە، بزووتنەوەی ژنان دەرکەی بۆ ئەوانی تریش کردەوە.
ـ کوردستان میدیا: وەکوو ناوەندی ژنان چەندە هەوڵتان داوە لەم شۆڕشەدا ڕۆڵ بگێڕن؟
ـ شیلان محەممەدی: ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بۆنە جیهانییەکاندا بە یەکگرتوویی هەڵوێستی نواندووە، لە هیچ ڕووداوێکی پێوەندیدار بە ژناندا بێدەنگ نەبووە و بەپێی دەرفەت هەڵوێستی گرتووە. لە شۆڕشی ژیناشدا بێگومان کارەکتەری کوردبوونی ژینا بەرپرسیارەتی زیاتری خستۆتە سەر ئێمە و پێویستە زیاتر خۆمان ماندوو بکەین و خاوەندارەتی لە ژنانی ڕاپەڕیو و ئازادیخواز بکەین ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ بە سەربەرزانەوە ئیددیعای ئەوە بکات کە جێدەستی دیارە لە هەر شۆڕش و ڕاپەڕینێکی ژنانی ئازا و بوێر و ڕۆشنبیر لە ئێستای کوردستاندا ئەم شۆڕشەش وەک هەمیشە هەڵوێستی بوێرانە و پیشکەوتنخوازانەی هەبووە و بەچەندین شێوە پشتیوانی لەم شۆڕشە کردووە.
کەوسەر فەتاحی: وەکوو ناوەند هەوڵدان بۆ بەهێزکردنەوەی ئەم شۆڕشە و هیزی ژنان بە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دەزانین، هەوڵەکانی ئێمە زۆرتر بریتی بوو لە دروستکردنی وتاری پێکەوە کارکردن، یەکتر قەبووڵکردن کە ماهییەت و خواستی سەرەکیی خودی شۆڕشەکە بوو کە شۆڕشێکی فرەچەشن و فرەڕەهەند بوو، ئێمەش هەوڵمان ئەوەیە کە وەک ناوەندی ژنان ئەم یەکگرتووییە ڕێکخراوەییە لە کوردستان پەرە پێ بدەین و خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکی سیاسی ئامادە بکەین، بەتایبەتی زۆر لەو بوارەدا کارمان کردووە کە پرسی ژنان تەنیا بە گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتداری لە ئێران چارەسەر نابێ، ژنان دەبێ ڕۆڵی کاریگەریان هەبێ لە قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بە هەنگاوی بزووتنەوەکە و شۆڕشەکە و هەموو قۆناغی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و باقی قۆناغەکانی دیکە بۆیە هەوڵمان ئەوە بووە لەو ڕاستایەدا ژنانی زیاتر لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە و خۆمان بۆ ئەم حاڵەتە ئامادە بکەین.
ـ کوردستان میدیا: لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆتاندا باستان لەوە کردووە کە پشتیوانی لە هەموو جۆرە ڕێکخستنێکی ٨ی مارس بە دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن، پێتان وایە ٨ی مارسی ئەمساڵ تا چەند ئەتوانێ لەگەڵ خواستەکانی چەند مانگی ڕابردووی ژنان لە شۆڕشی ژینادا هاوتەریب بێ؟
ـ شیلان محەممەدی: خەبات و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و مافخوازانەی ژنان لە ئێران و کوردستان، چۆتە قۆناغێکی تری خەباتەوە، ویست و داواکانی ژنان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ژنان زیاتر لە هەر کاتێک ڕۆشنبیرتر و ئاشناترن بە مافەکانیان، مانا و مەفهومی دروشمەکانیان گەورەترە لە دروشمەکانی پێشووتریان. هەموو ئەمانە دەسکەوتگەلێکن بۆ ژنان کە وادەکات ٨ی مارسی ئەمساڵ ببێتە دەرفەتێک بۆ باسکردن و هێنانەئارای زیاتری خواستەکانی ژنان و بەتایبەتی گرێدانی بە شۆڕشی ژینا.
شۆڕشی ژینا بۆ ژنانی ئێران و کوردستان ٨ی مارسێکی ترە بەپێناسەیەکی ترەوە، هەشتی مارس دەسکەوتی قوربانیدان و ئازایەتیی ژنانی کارگەی ڕستن و چنینی ئامریکا بوو بە پێشەنگایەتی کلارا زتکین، بۆ ڕزگاربوون لەدەست زوڵم و ناعەداڵەتی و بەرهەمی ئەو شۆڕشە بووە دەسکەوتێکی مێژووی بۆ ژنانی جیهان. بێگومان شۆڕشی ژیناش هاوشێوەی ئەو شۆڕشە بەرهەمی دەبێت و دەبێتە هەوێنی بەچۆکداهێنانی ڕێژیمی خوێنڕێژ و کۆنەپەرستی ئێران.
کەوسەر فەتاحی: ٨ی مارس ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ژنان و ئەمە ڕێک هاوتەریبە لەگەڵ شۆڕشی ژینا و خواستەکانی و مانیفێستەکەی بۆیە هەموو ڕێکخستنێکی ٨ی مارس بە هەند وەردەگرین و پێمان پیرۆزە و پێمان وایە دەبێ پشتیوانی بکەین. پێمان وایە ٨ی مارسی ئەمساڵ ئەگەرچی جیاوازی هەیە و دەریخست کە ژنانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کوردستان زۆر ئەزموون و وانەیان هەیە بۆ باقی بزووتنەوەکانی تر، ؛ ئەو ٨ی مارسە لەگەڵ بوونی شۆڕشی ژینا و ئەزموونی شۆڕشەکە نیشانیان دا باشترین دەرفەت و کاتە بۆ نیشاندانی ئەو هاوتەریبییە و درێژەی ئەم چالاکییەی کە تا ئێستا و لە سەرەتاوە ژنان وردە وردە گرتوویانەتە بەر. شۆڕشی ژنان تەنیا لە دوای مەسەلەی ژینا نەهاتە ئاراوە بەڵکوو ئەم شۆڕشە ساڵانێکی زۆرە بە شێوەی نەرم و ئارام لە گۆڕینی کۆلتوورەکان لە بنەماڵە کە بچووکترین نەهادی کۆمەڵگایە دەستی پێ کردووە. بەهەرحاڵ هەر کار و کردەوەیەک درێژەی شۆڕشی ژینایە و ئێستا کە لە نێو جەرگەی خودی خەباتەکەداین زۆر موناسبەتی هەیە لەگەڵ ٨ی مارس بوونی و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە.