کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران بۆ شووڕای وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئورووپا لەپێوەندی لەگەڵ دەستنیشان کردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی

18:43 - 28 رەشەمه 2722

بەڕێزان!

دوو مانگ بەر لە ئێستا، پارلمانی ئورووپا داوای لە شووڕای وه‌زیران و دەوڵەتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا کرد "سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی" و لقەکانی بە لیستەی تێرۆری یەکیەتیی ئوروپاوە زیاد بکەن. ئەگەرچی تایبەتمەندییە تێرۆریستیەکەی سوپای پاسداران هه‌ر لە سەرەتای دامەزرانییەوە سەلمێنراوە، دەنگدانی بوێرانەی پارلمانی ئورووپا لە کاتێکی گەلێک گونجاودا بوو. ئەو  هه‌نگاوه وەک نیشانەیەکی بەرچاوی دیکە لە هاوپێوه‌ندیی نێونەتەوەیی لەگه‌ڵ ئه‌و جووڵانەوە‌ی بێوێنەیه‌ی ناڕەزایەتی لێكدرایه‌وه کە پێنج مانگه له ئێران به‌دژی کۆماری ئیسلامی لەئارادایه.

لەحاڵێکدا هەڵوێستی پارلمانی ئورووپا له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئێرانه‌وه بە دڵگه‌رمییه‌کی زۆره‌وه پێشوازیی لێکرا و بووە هۆی دروستبوونی هیوایه‌کی مەزن له‌لای ئه‌وان، لێدوانی نوێنه‌ری باڵای یه‌کێتیی ئورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنییەتی له‌مه‌ڕ کۆسپه‌کانی سه‌ر رێگای جێبه‌جێکردنی بریاره‌که‌ی پارلمانی ئورووپا لە‌ڕوانگه‌ی خه‌ڵکی ئێرانه‌وە وەک ئیمتیازێکی دیکە بە ڕێژیمی ئێران ده‌بینرێ، ئیمتیازێک که ئه‌و رێژیمه له هه‌موو کاتێک که‌متر شایانیه‌تی!

لەکاتێکدا ئێمە لە پێچەڵپێچیی مێکانیزمی بڕیاردانی یەکیەتیی ئورووپا تێدەگەین، لەو بڕوایەداین کە ئەو جۆره لێدوان و ئاقاره تەنیا هاندەری سیاسیی لە پشتە. ئێستا کە شووڕای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا قەرارە دیسان بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە کۆ بێتەوە، ئێمە پێمان خۆشە سەرنجی ئێوە بۆ ڕوانگەی خۆمان لەمەڕ پاساوە سەرەکییەکانی دوودڵیی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دەستنیشان کردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بخەینە ڕوو.

له‌پێشدا، پاساوی پەیوەندیدار بە شانتاژ و هه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامی له ئه‌گه‌ری دەستنیشان کرانی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوی تێرۆریستی، پاساوێکی جیددی نییە. ڕێژیمی ئێران، ته‌نانه‌ت له مانگه‌کانی دواییشدا، هه‌رگیز  دەستی لە چالاکیی ناسەقامگیرکارانە و پشتگیریی لە تێرۆریزم لە دەرەوەی سنووره‌کانی ئێران هەڵنەگرتووە. بەتایبەتی، کۆماری ئیسلامی جێبەجێ کردنی پیلانە تێرۆریستییەکانی له‌دژی بەرهەڵستکارانی لەسه‌ر خاکی یەکیەتی ئورووپای زۆر پێش ڕووداو و باس و خواسه‌کانی ئەم دواییانە دەست پێ کردبۆوه.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه، نیگه‌رانی له‌وه که دەستنیشان کردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بە مانای دەستنیشان کردنی سەرجەم ڕێژیمی ئێران وەک  رێژیمێكی تێرۆریستە ده‌بێ، ئیستدلالێکی بێ بنەما و زیادییه. جیا له‌وه کە ناکرێ سوپای پاسداران به سوپای ئاسایی ده‌وڵه‌تێک له قه‌ڵه‌م بدرێ، قانوونی نێودەوڵەتی هەمیشە تێرۆریزمی وه‌ک کردارێکی نایاسایی پێناسه کردوه که ده‌کرێ لەلایەن دەوڵەتانیشەوە ئەنجام بدرێ. بێجگە لەوە، نموونەی زۆر هەن کە لەواندا ڕێژیمی ئێران لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وه‌ک به‌رپرسیاری کرده‌وه‌ی تێرۆریستی راگه‌یاندراوه و ژمارەیەکی بەرچاو لە کاربەدەستانی پلەبەرزی ئێران و دامەزراوەکانیشی هەر ئێستا به هۆی ئاکاری تێرۆریستی له‌ژێر ئابلۆقەدان. هه‌ربۆیه کۆی ئه‌مه هه‌ر ئێستا به مانای ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تی ئێران وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی تێرۆریست و پشتیوانی تێرۆریزم له بیروڕای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌ییدا جێ که‌وتووه.

سه‌ره‌نجام و له هه‌مووی گرینگتر، پێشمه‌رجی بوونی بڕیارێكی قه‌زایی ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئورووپا بۆ دەستنیشان کردنی ڕێکخراوێک وەک تێرۆریست لە ئاستی یەکیەتیی ئورووپادا بەربەستێکی ڕاستەقینە نیه. جارێ ئەو مه‌رجه زۆر لەمێژە جێبەجێ بووە: جیا له‌وه که له‌م دواییانه‌دا سوپای پاسداران لەلایەن چەند پارلمانی نیشتمانیی ئورووپایی و حکومه‌ته‌كانی چه‌ند ده‌وڵه‌تی هاوپەیمانی یەکیەتیی ئورووپا وه‌ک رێکخراویکی تێرۆریستی ناسراوه، بەرپرسیارێتیی سوپای پاسداران و لق و پۆپ و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی، به‌تایبه‌تی سوپای قودس، لە کردەوەی تێرۆریستی لەسەر خاکی ئورووپا لە زۆر که‌یسی دادوەریی ئورووپاییدا پشتڕاست کراوەتەوە یان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بەتایبەتی، ١٠ی ئاوریلی داهاتوو، ٢٦ ساڵ بەسەر بڕیاری مێژوویی دزه‌گای قه‌زایی ئاڵمان لە که‌یسی ناسراو به دادگای میکۆنۆس‌دا تێپەڕ دەبێ کە لەوێدا پلە بەرزترین کاربه‌ده‌ست و نیهاده‌کانی کۆماری ئیسلامی وەک بڕیارده‌ر و جێبەجێکاری تێرۆری ڕێبەری کوردی ئێرانی، سادق شەرەفکەندی و سێ هاوڕێی له بێرلین (١٩٩٢) دەستنیشان کران.

دەستنێشان کردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، جیا له‌وه که له‌ڕووی بنەما یاسایی و مه‌عنه‌وییه‌کانی ئورووپاوە ڕەوایە، دەتوانێ زه‌برێكی کاریگه‌ر نە تەنیا لە توانای سەرکوتکارانەی کۆماری ئیسلامی به‌دژی خۆپیشاندە‌رانی ئاشتیخواز له ئێران بدا، بەڵکوو هەروەها هەڕەشەی ئەو ڕێژیمەش بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی ئورووپایی سنووردار ده‌کا.

بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئه‌و هۆکارانه‌ی سەرەوه ئێمە چاوه‌ڕوانیی ئێمه ئه‌وه‌یه که شوورای وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یەکیەتیی ئورووپا سه‌ره‌نجام بڕیاری پێویست له‌مه‌ڕ زیادکردنی سوپای پاسداران بە لیستەی تێرۆری یەکیەتیی ئورووپاوه په‌سند بکا. نەک هه‌ر ئیده‌ئالوەکانی ئورووپا لەمەڕ ئاشتی، ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەڵکوو  بەرژەوەندیی درێژخایەنی ئورووپاش هەنگاوێکی ئەوتۆ دەخوازێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٩ی مارسی ٢٠٢٣ (٢٨ی ڕەشەمەی  ١٤٠١)