سمایل شەرەفی
لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆری و دوای ئەوەیکە ڕیژیم بۆی دەرکەوت کە بە سەرکوت و داپڵۆسین ناتوانێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی شەقامەکانی وڵات بەچۆکدا بێنێ، بەرپرسانی ڕێژیم بە سفارشی ژوورە فکرییەکانیان هەوڵیاندا بە جۆرێک بکەونە لامەلامەکردن و ڕێی فڕوفێڵی کۆن بگرنە بەر. ئەوەبوو کە دوای کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژەی هەر سێ دەزگای دەوڵەت، قەزایی و پارلمانی ڕێژیم بە سفارشی ڕێبەری نیزام هەوڵیان ئەوە بوو کە بە خەیاڵی خۆیان لەگەڵ ئەوەی پێداگربوون لەسەر بە "ئاژاوەگێر و تێکدەر" ناوهێنانی "شۆڕشی ژینا"، هەوڵیاندا درگای "ڕەحم" و "مێهرەبانی" بەسەر خەڵک و لایەنە بەشداربووەکانی شۆڕشەکەدا بکەنەوە. لەم پێوەندییەدا سەرۆکی پارلمانی ڕێژیم (قالیباف) لە توێی قسەکانیدا لە پارلمان وتی کە لە بەرنامەماندایە درگای دیالۆگ بەڕووی ڕەوت و جەریانە سیاسییەکانی نێوخۆدا بکەینەوە و هێندێک ڕێفۆرمی ساختاریش هەبێت. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕەئیسی ڕایانگەیاند کە پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاق (گشت ارشاد) سڕ دەکرێ و لە جێیی ئۆرگانێکی دیکەی نەرم دادەنێن و موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریش بە سپاس لە "دڵڕەحمی"ی جەنابی ئایەتوڵڵا خامنەیی، مزگێنیی ئازادکردنی بەشێک لە "ئاژاوەگێڕانی فریوخواردوو"ی بە خەڵک دا.
بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خۆگێلکردن لە ماهییەت و نێوەرۆک و داخوازییە ڕوون و ئاشکراکانی شۆڕشەکە، پێیان وابوو بە هێندێک وردە پاشەکشێ و خۆڵ لە چاوکردن، دەتوانن وا بنوێنن کە گوێیان لە دەنگی خەڵک بووە و بە پێچانەوەی هێندێک نوسخەی غەڵەت، خەڵکی ڕاپەڕیو ڕاپێچی ماڵەکانیان دەکەن و شەقامەکان چۆڵ دەمێننەوە. بەڵام هەر زۆر زوو دەوکەوت کە نە کۆماری ئیسلامی ئێران بەو ئاسانییە مل بۆ داخوازییەکانی خەڵک کە نەمانی ڕیژیم و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و نیزامێکی دێموکراتە ڕادەکێشێ و نە خەڵک بە کەمتر لەوەی کە چەند مانگە داوای دەکەن ڕازی دەبن و واز لە مانەوەیان لە شەقامەکان دێنن.
بۆیە لە فازێکی دیکەی سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیمدا ڕەوتێکی دیکە لە هێرش بۆ سەر خەڵکی ڕاپەریو دەستی پێکردەوە و لە مانگی ڕەشەمەدا پیلانی ڕەشی هێرشی ژاراویکردنی قوتابخانەکان ئیستارتی لێ درا و لە ساڵی نوێی هەتاویدا بۆ جارێکی دیکە هەڵسوکەوتی سەرکوتکەرانەی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ژنان و کچان لە سەیرانگە و شوێنە گشتییەکان لە شێوازێکی دیکەدا خۆی دەرخستەوە.
نووکی ئەم هێرش و سەرکوتکارییانەی ڕێژیم زیاتر لە هەر چین و تویژێکی کۆمەڵ، کچان و ژنانی وڵاتە. ئەوەی ڕێژیم لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا بە هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانەکانی کچان و فشار بەمەبەستی حیجابی زۆرەملێ لەسەر شەقامەکان و سەیرانگەکەکاندا کردوویەتی، تۆڵەکردنەوەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لە ژنان و کچانی وڵات کە لە شۆڕشی ژینادا ڕۆڵی پێشەنگایەتی و ڕێبەرییان هەبوو و هەیە.
ڕێژیم کە بۆی دەرکەوت ناتوانێ بە دانی هێندێک ئاوانسی فریودەرانەی بێنێوەرۆک، خەڵک ئەهۆن بکاتەوە و ڕاپەرینەکە بەلارێدا بەڕێت و ئاستی داخوازییەکانی خەڵک نزم و سووک نیشان بدات، بە پێی ماهییەتی هەمیشەیی خۆی توند و تۆڵتر دەستی دایەوە سەرکوت و تۆڵەکردنەوە. بە ئامانجگرتنی کچان و ژنانی وڵات؛ ژاراویکردنی قوتابخانەکان و پێداگریی توندی ئیمامانی منبەری مزگەوتەکانیان لەسەر ڕووپۆشی ژنان، دەقیقەن حاڵیبوونیانە لە ماهییەتی شۆڕشی ژینا و هێزی لێبڕاو ژنان لە گۆڕانکارییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی کە لەم وڵاتە دەستی پێکردوە و ئارمانجەکانی تێپەڕینی سەداسەدیەتی لە نیزامی ئیدئۆلۆژیکی دینی و هەنگاونانیەتی بەرەو دنیایەکی ئازاد و دێموکرات.
شۆڕشی ژینا کە جیا لە لایەنە سیاسییەکەی هەڵگری گۆڕانکارییەکی قووڵ و بنەڕەتیی کۆمەڵایەتییە، لە ڕووی زەمەنییەوە بە تەبەعییەت لە بارگاویبوونی بە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان(سبک زندگی) و جیهانبینیی تاکی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی وڵات بۆ چۆنیەتیی تێکەڵاوبوونی بە جیهانی ئازاد بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژی و ئینترنێت و تێڕوانینی بۆ هەزینەی ئەم گۆڕانکارییانە و بەراوردکردنی بە ئاکامی ڕەفتار(شۆڕش)ەکە، وا وێدەچێ بەخێرایی شۆڕشی ١٣٥٧ نەچیتە پێش. بەڵام هیچ گومان لەوەدا نییە کە جیا لە بەرەوپێشچوون و تێپەڕین لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە.
بۆیە بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لایەنی هەرە توندڕەوی ئەم ڕێژیمە ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم شۆڕشەدان. مەلا توندڕەوەکان لە تریبوونەکانی مزگەوت و حوسەینییەکانەوە ڕۆژانە خوازیاری چاودێریی توندی جموجۆڵی خەڵک و بەتایبەت ڕەفتاری ژنان و کچانن و سەردارانی شەڕانخێوی سپای پاسدارانیش بە هەڕەشەکانیان تیر و شیر نیشانی گەلانی ناڕازیی وڵات دەدەن.
بەئامانجگرتنی مەسەلەی ڕووپۆشی ژنان و کچان کە وەک هێندێک بۆچوون باسی دەکەن لەوانەیە دابەزاندنی ئاستی داخوازییەکانی خەڵکی لە نەمانی دیکتاتۆرییەوە بۆ حیجابی لە پشت بێت، هەم بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەم بە نیسبەت ڕەفتاری خەڵکەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێ. هەموو لایەک باش دەزانن کە پرسی سەرەکیی گەلانی ڕاپەڕێوی ئێران وەک بەرپرسانی ڕێژیم بە بێڕێزییەوە ناوی لێ دەبەن؛"ڕووتبوونەوە" نییە. خەڵک نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و وڵاتێکی دێموکراتیکی دەوێ. لەم قۆناغە لە شۆڕشی ژینادا خەبات دژ بە حیجابی زۆرەملێ بە لای خەڵکی ناڕازیی وڵاتەوە، نەتەنیا بەمانای دابەزاندنی ئاستی داخوازییە سەرەکییەکان و لەبیربردنەوەیان نییە، بەڵکوو دەقیقەن لێدان لە ماهییەتی کۆنەپەرەستانە و ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییە و خودی کاربەدەستانی ڕێژیمیش ئەمەیان باش لێ حاڵییە. بۆیە بە هەموو شێوەیەک کەوتوونەتە گیانی کچان و ژنانی وڵات و پێیان وایە بە هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و داپۆشین و بەرتەسکردنەوەی شێوازی ژیانیان، دەتوانن لە پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژینا بدەن و لەباری بەرن.