کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوسەری شەهیدێکی کوردستان لە شاری نۆدشە

14:45 - 16 جۆزەردان 2726

دایە مەحبووبە ڕەمەزانی، ژنی نیشتمانپەروەر، هاوسەری شەهیدێکی کوردستان، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و لە شاری نۆدشە بە خاک سپێردرا.

دایە مەحبووبە ڕەمەزانی، کچی ئەبووبەکر و ڕەعنا شەفیعی، تەمەنی پڕ بوو لە ڕەنج و خۆڕاگری.

 لە سەرەتای شۆڕشدا، هاوسەرەکەی، شەهید حاجی محەممەدحوسێن ئەفسەری، دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات. دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی، دایە مەحبووبە بە تەنیایی ئەرکی دایکایەتی و باوکایەتیی بۆ ٥ منداڵەکەی کێشا و ئەوانی لەسەر ڕێبازی کوردپەروەری پەروەردە کرد.

 ئەم ژنە تێکۆشەرە بەهۆی پێشمەرگایەتیی هاوسەرەکەی و بیروباوەڕی نەتەوەیی خۆی، ململانێیەکی سەختی لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجە کرد؛ بە شێوەیەک کە ٦ مانگ لە زیندانی پاوە و ساڵێک و شەش مانگ لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان لەژێر گوشاردا بوو، بەڵام چۆکی دانەدا.

ئەم بنەماڵە تێکۆشەرە چەندین شەهیدیان پێشکەش بە کوردستان کردووە؛ شەهید محەممەدحوسێن ئەفسەری، هاوسەری دایە مەحبووبە، شەهید دکتۆر تاهیر مەنووچێهری برای دایە مەحبووبە، شەهید محەممەدڕەشید فەتاحی‌نیا هێوەری دایە مەحبووبە و شەهید عەزیز ڕەمەزانی ئامۆزای دایە مەحبووبە بوو.

کوڕێکی دایە مەحبووبە بە ناوی کەریم ئەفسەری ساڵانێک پێشمەرگە بووە و ئێستا ئەندامی ئاشکرای حیزبی دێموکراتە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.