کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید عەبدوڵڵا شەریفی)

12:44 - 16 جۆزەردان 2726

برایم چووکەڵی

هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی کوردستان بە کورتی ئاوڕ لە ژیانی شۆرەسوارێکی ناوداری کورد دەداتەوە، ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی خەباتی کوردایەتی، ئەویش شەهید عەبدوڵڵا شەریفییە.

عەبدوڵڵای شەریفی ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە ئاوایی "شارەزوور"ی ناوچەی گەورکی مەهاباد، لە بنەماڵەیەکی وەرزێر چاوە گەشەکانی بە دونیا هەڵێنا. وەک وەک قوتابییەکی زیرەک هەتا ٥ی سەرەتایی لە گوندی شارەزوور خوێندی و، پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن ڕەوانەی شاری مەهاباد کرا. پاش وەرگرتنی دیپڵۆم بۆ ساڵی خوێندنی ٥٦ و ٥٧ لە ڕشتەی ئەدەبیاتی فارسی لە زانستگەی تەورێز وەرگیرا و دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و پاش دوو ساڵان بەهۆی شۆڕشی بەناو فەرهەنگی و داخرانی زانستگەکان، نەیتوانی زانکۆ تەواو بکا و ئەویش کەوتە بەر شاڵاوی دەرکران لە زانکۆ.

کاتێک عەوڵا شەریفی کەوتە بەر غەزەبی بەناو شۆڕشی فەرهەنگی، زانستگەی حیزبی دێموکراتی هەڵبژارد و تێکۆشانی خۆی لە ناوچەی لەدایکبوونی دەست پێکرد و ئەوە سەرەتای ژیانی سیاسیی ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٩ بوو. بەهۆی وشیاریی سیاسی و کارلێهاتوویی، لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە ئەندامی کۆمیتەی گەورک و پاشان بوو بە بەرپرسی ئەو ناوچەیە. هەڵسووڕان و کارکردن لەنێو خەڵک وای کرد کە زۆر زوو بناسرێ و هەموو تواناکانی بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی حیزب بەکار بێنێ، هەر بۆیە ساڵی ١٣٦٠ بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد و زۆر بە لێوەشاوەیی تا ساڵی ١٣٦٦ بەرپرسایەتیی سەرشانی بە باشی بەڕێوە دەبرد.

عەوڵا شەریفی کاتێک لە کۆنگرەی ٨ی حیزبدا بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، زیاتر قۆڵی بۆ خەبات هەڵماڵی و هەر بەو پێیەش بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری کەوتە سەر شان، وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد، سەردەشت و بەرپرسی کۆمیسیۆنی ماڵی و خەدەمات. عەوڵای شەریفی بەوپەڕی لێهاتوویی و توانای خۆیەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکرد، ناوبراو لە کۆنگرەی ٩ی حیزب سەرلەنوێ وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە و پاشان وەک بەرپرسی کۆمیتەی مەهاباد دیاری کرایەوە و تا کاتی شەهیدبوونی لەم پۆستەدا مایەوە.

عەوڵای شەریفی، لاوی ڕووناکبیر و بەئەمەگی حیزبی دێموکرات، باشی دەزانی مێژوو چ ئەرکێکی خستووەتە سەر شان. لەڕاستیدا کادرێکی سیاسی، بەتوانا، لێهاتوو، ئازا و ماندوویی‌نەناس بوو و بەردەوام بۆ خۆپێگەیاندن خەریکی خوێندنەوە بوو و لە کتێبخانە خنجیلانەکەی هەموو جۆرە کتێبێک دەست دەکەوت، ئەوە بۆ خۆی نیشانەی ڕووناکبیری و حەز و خولیا بۆ خوێندنەوە و فێربوون بوو. زۆرجار وەک کادرێکی تەشکیلاتی تەنانەت هاوکاری بەشی ڕاگەیاندنی دەکرد و زۆر وتاری بەنرخی بۆ ڕۆژنامەی کوردستان و ڕادیۆ کوردستان دەنووسی.

دڵسۆزی و ڕاستگۆیی، ئازایەتیی شەخسی و ئەخلاقی، ڕاشکاوی و دەست‌وداوێن‌پاکی لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی عەوڵای شەریفی بوون، بیروباوەڕێکی قووڵی بە ڕێبازەکەی بوو، هیچکات کردەوەیەکی وای لە خۆی نیشان نەدا کە پرستیژی حیزب بێنێتە ژێر پرسیار، یان زەبر لە ئیعتباری حیزبەکەی بدا. لە دۆستایەتیدا دۆست و خاکی و خەڵک‌خۆشەویست بوو و لە هەر جێگایەک کاری کردبایە لەگەڵ هاوڕێیەکانی وەک برا کاری دەکرد. زمانی قەناعەت‌پێکردنی لەسەرێ بوو و بەهەق جێی متمانەی هاوسەنگەرانی و کۆمەڵانی خەڵکی بوو، بەو هەموو تایبەتمەندییەوە بەڕاستی یەکێک لە لێوەشاوەترین کادرەکانی ڕێبەریی حیزب بوو.

پێش شەهیدبوونی و لە کاتێکدا بەرەبەرە خۆی بۆ چوونەوە بۆ نێو خەڵک و قووڵایی ناوچەکانی کوردستان ئامادە دەکرد، وەسیەتنامەیەک دەنووسێ و لە بەشێک لەو نووسینەدا ڕوو بە دایک و باوک و بنەماڵەکەی دەڵێ: ئەمن تەنیا کوڕی ئێوە نەبووم، هی هەموو باوک و دایکێکی ئەو کوردستانە بووم. ئێوە باش دەزانن من لەسەر خۆم و بۆ خۆم نەبوومە پێشمەرگە، ئاه و ناڵەی ڕەش و ڕووت و ڕەجاڵەکانی کوردستان، ئیمان بە ئازادی و ڕزگاری، بۆ ئەو ڕێگایەی هان دام. ئازایانە، دڵسۆزانە و سادقانە، قایم و پتەو، ئەرکەکانی شۆڕشم بەجێگەیاند. بەو هیوایە حیزبە خۆشەویستەکەم و گەلە هەژارەکەم لێم ڕازی بن و وەک من بەوان وەفادار بووم، ئەوانیش من لەیاد نەکەن."

لە بەشێکی دیکەی وەسیەتنامەکەدا شەهید عەوڵا شەریفی ڕوو لە ئەسمەری خێزانی نووسیویەتی: "هەرچەند پێت ناخۆش بوو بۆ ساتێکیش لێت دوور کەومەوە، ئەوجار دوورکەوتنەوەکەم بووەتە هەمیشەیی و تازە ناگەڕێمەوە، ماڵاوایت لێ دەکەم. داوام ئەوەیە بۆم غەمبار مەبە و خۆت ناڕەحەت مەکە. مناڵەکان چاک پەروەردە کە، حەتمەن پێیان بخوێنە و باشیان پێ تەڵقین بکە ڕێگای باوکیان قەت بەرنەدەن و هەمیشە بە سەربڵندی بژین و بۆ گەلەکەیان بژین."

شەوی ٧ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٣ شەوپەرستان لە نێوان گوندەکانی کووران و کاوڵان لە دەراوی شەکراوێ کەمینیان بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات دانابۆوە کە بەداخەوە لەو کەمینەدا خەباتکاری ماندوویی‌نەناس، عەوڵای شەریفی کەوتە بەر گولەی داگیرکەران و خوێنی تێکەڵ بە خوێنی قارەمانێکی دیکە بە ناوی قەرەنی مام‌نەبی بوو و خوێنیان بوو بە چرای ڕووناکی ڕێگای تێکۆشانمان.