کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکرات بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

14:41 - 16 جۆزەردان 2726

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، وێڕای خستنەڕووی ڕەخنە و پێشنیارەکانی بۆ کاراکردنی کەنەکە، ڕایگەیاند کە پڕۆژەی نەتەوەیی بەبێ ڕێزگرتن لە فرەچەشنی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە هێژمۆنیی حیزبی سەرناکەوێت و ئامادەیی خۆشی بۆ هەر جۆرە دیالۆگ و هاوکارییەک لەپێناو یەکگرتوویی و خزمەت بە دۆزی کورد دەربڕی.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

هەر قەیرانێکی سیاسی یان هەڕەشەیەکی دەرەکی دژی کورد، دووبارە بانگەوازی یەکگرتوویی بەهێز دەکاتەوە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە هەستی نەتەوەیی، سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکان، هێشتا هێزێکی کاریگەرە.

ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بیەوێت ببێتە دامەزراوەیەکی کاریگەر و متمانەپێکراو، پێویستە لەسەر بنەمای هاوبەشی، ڕێزگرتنی یەکسان و قەبووڵکردنی فرەچەشنی سیاسی بنیاد بنرێت. هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی ناتوانێ سەرکەوتوو بێت ئەگەر ڕێز لە جیاوازی و سەربەخۆیی سیاسیی هێزەکان نەگرێت یان لەژێر کاریگەریی هێژمۆنیی لایەنێکی دیاریکراودا هەنگاو بنێت. هاوکاری و یەکگرتوویی لەسەر بنەڕەتی سڕینەوەی ناسنامە و شوناسی سیاسیی حیزبەکان چێ نابێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئیرادەی هاوبەشی سیاسی شکڵ دەگرێت.

داهاتووی کۆنگرەش لە بنەڕەتدا، بەندە بە ئاستی پێگەیشتنی ئێلیتی سیاسیی کورد. ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی، ئەوا ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت ببێتە بناغەی قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی کوردی. ئەگەر کۆنگرە بیەوێت لە قۆناغی ڕەمزییەوە بگاتە قۆناغی کاریگەری، پێویستە سێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەر خۆیدا بهێنێت:

یەکەم/ کۆکردنەوەی حیزبەکان و لایەنەکان بۆ دامەزراندنی ئیرادەیەکی سیاسیی هاوبەش بە مەبەستی دروستکردنی مێکانیزمێکی بڕیاردان کە هەمووان خۆیان تێدا ببیننەوە.

دووەم/ دەبێت خۆی لەژێر هەر هێژمۆنیی حیزبی و ناوچەیی ڕزگار بکات. ئەو کۆنگرەیەی ئاراستە و تەعبیری لایەنگری لە لایەنێکی سیاسیی لێ بەدی بکرێت، هەرگیز ناتوانێ ببێتە ماڵی سیاسیی هەموو کوردان.

سێیەم/ کۆنگرە دەبێت لە دەربڕین و هەڵوێستی زارەکییەوە بگوازرێتەوە بۆ زمانی ستراتێژی؛ واتە بتوانێت وەک ناوەندێکی دیپلۆماسیی نەتەوەیی کار بکات، پەیوەندی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بگرێت و پرسی کورد لە چوارچێوەی مافی نەتەوەکان و دێموکراسیی ناوچەییدا بخاتە بەردەم جیهان.

له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا، هیچ دۆزێک ته‌نیا به هێزی عاتیفی سه‌رناکه‌وێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی کاریگه‌ره‌؛ توانای دروستکردنی دامەزراوە، بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی پێگەیشتوو و بەدەستهێنانی هاوپەیمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە.

ئەرک و ڕۆڵی نەتەوەیی ئێمە

حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات، لە قۆناغێکدان کە کۆمەڵگەی کوردی چاوەڕوانییەکی زۆری لێیان هەیە. ئەم چاوەڕوانییە تەنیا بەرهەمهێنانی هەڵوێست نییە، بەڵکوو دروستکردنی زمانێکی نوێی سیاسییە کە بتوانێت متمانەسازی بکات، دابەشبوون کەم بکاتەوە و چەمکی هاوبەشیی نەتەوەیی لە دروشمەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی کردار. لەم ڕوانگەیەوە، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەتوانێ دەسپێکێکی باش بێت و چاوەڕوانیی بەکردەیی لە داهاتوودا لێ دەکرێت.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو باوەڕەداین ئەم قۆناغە، قۆناغی تاقیکردنەوەی وشیاریی سیاسیی کوردە؛ بۆیە ئامادەین بۆ هەر هاوکاری و دیالۆگێک لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پێناو خزمەت بە یەکگرتوویی کورد و دۆزە ڕەواکەی. هاوکات پێش لەسەر ئەوەش دادەگرینەوە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت لەسەر بنەمای متمانە، هاوبەشی، بڕیاری پێکەوەیی و ڕێزگرتنی دوولایەنە بڕوات. چونکە ئەگەر ئێمە خۆمان متمانە بە یەکتر نەکەین، چۆن چاوەڕوانی ئەوە بکەین جیهان متمانەمان پێ بکات؟ ئەگەر ئێمە بۆخۆمان یەکتری قبووڵ نەکەین، چۆن داوای قەبووڵکردنی مافەکانمان لە جیهان بکەین؟

هیوامان ئەوەیە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە تێیدا کورد بە یەکتر نزیک دەبێتەوە و بە هێزی یەکگرتوویی، شوێنی شیاوی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا بەدەست دەهێنێت.

با پێکەوە یارمەتیدەر بین تا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە خەونێکی مێژووییەوە بگوازرێتەوە بۆ پێویستییەکی ستراتێژی.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی ژوئەنی ٢٠٢٦