کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوەندی سەرنج دان؟

08:10 - 14 جۆزەردان 2726

ڕەزا دانشجوو

هێرشە بەرفراوانەکانی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوکەمپانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خێزان و منداڵەکانە و بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دان و لە ڕاستیدا شوێنی پەنابەرانی سیاسیین، لە کاتێکدا بەردەوامە کە بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی زۆر ڕووهەڵماڵراوتر و بێبەزەییتر لە ڕابردوو کردوە.

ناڕەزایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە و دەسەڵاتدارانی تاران تەواوی سنوورەکانی ئینسانی و ئەخلاقیان بەزاندووە و زۆر بێبەزەییانە درێژە بە دڕندەیی خۆیان دەدەن. لە تازەترین لێدواندا مەنووچێهر موتتەکی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ڕێژیم و ئەندامی ئێستای مەجلیسی کۆماری ئیسلامی وێڕای دووبارەکردنەوەی هەڕەشەی بەردەوامەکانی ڕێژیم، ڕوو بە حکومەتی هەرێمی ڕایگەیاند کە ئەگەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچەکەدا بمێننەوە، ئەوان هەرێم کوردستان خاپوور دەکەن! هەڵبەت موتتەکی یەکەم کەس نییە کەوا خۆبەزلزان و بێویژدانانە هێرش دەکاتە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ماوەیەک لەمەوبەر لاریجانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیم، لە لێدوانێکی هاوشێوەیدا باسی لە ئاوات و ئارەزووەکانی کرد و ئەوە خەونی پێوە دەدیت هێنایە بەرباس، بەڵام ئەجەل دەرفەتی نەداو و ئارەزوو لە دڵ ڕەوانەی دۆزەخ کرا!

بەڵام بەڕاستی هۆکاری ئەم هەموو قین و تووڕەیی چییە و بۆچی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ژیانی نگریسی ڕژێم ئەوەندە مەترسیدارن؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە باشتر وایە سەرەتا کەمێک لە بابەتەکە وردتر بینەوە و لە دەلاقەی چەند لایەنی تر بڕوانینە ئەم باسە. ڕاستی ئەوەیە کە ئەم گرنگیدانە تەنیا تایبەت بە کۆماری ئیسلامی نییە و بەڵکوو لانیکەم لە ڕوانگەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامییشەوە، کورد هەمیشە لە پێشەنگی سەرنج و جێی باس بووە، جا چ لە ڕوانگەی دژبەرانی و ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی یان لە ڕوانگەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە. تەنیا ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە کورد بە گشتی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت تا چ ڕادە جێی باس و لێکدانەوە و سەرنجی ئەم لایەنانە بوون.

ئۆپۆزسیۆنی بەناو سەڵتەنەتخواز و خودی ڕەزا پەهلەوی لە چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆکاری جۆراوجۆر دەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەوڵیان داوە کە ئەوان و بزووتنەوەکانی پشتیوانیان بێ بایەخ نیشان بدەن. دیارە ئەم هێرشانە ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەرفراوانی لایەنگرانی ئەو حیزبانە، یان باشتر بڵێین خەڵکی کوردستان بووەتەوە.

بەڵام ئەمە تەواوی چیرۆکەکە نییە! لە چەند مانگی ڕابردوودا وشەی کورد بووەتە وشەی سەرەکی بەشێکی زۆری لە قسەکان و لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەمریکا.  لێدوانی زۆر جیاواز و هەندێک جار زۆر دژ بەیەک! لە دوایین لێدوانیدا ترامپ وێڕای دەربڕینی نائومێدی و بێهیوایی خۆی لە کورد، جارێکی تر باسی لە ناردنی ئەو چەکانە کرد کە ئێستاش هیچ لایەنێکی ڕوژهەڵات و تەنانەت حکوومەتی هەرێم نەچوونە ژێرباری! جگە لەوەش تەنانەت بە گریمانەکردنی ئەوەی کە ئەم چیرۆکە ڕاست بێت، لە شەڕێکدا کە تاکوو ئێستا تێچووەکەی میلیۆنان دۆلارە، باسی کردنی بەردەوام لەم چەکانە زۆر نابەجێ و ناعەقڵانی دێتە بەرچاو. لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە ئایا دەبێت لایەنێک چەکی لە ئامریکاییەکان وەربگرێت و بۆ خۆی هەڵیگرتبێت و ئامریکاییەکانیش بە لەبەرچاوگرتنی تواناییەکانیان و بوونیان لە هەرێمی کوردستان بێدەنگ چاویان لێ کردبێت و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووبێت!

دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ناڕازیبوونی ترامپ دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە تاقمێک چەک کە لە بنەرەتدا تەنانەت لە هەبوونیاندا شک و گومانی زۆر هەیە، نییە بەڵکو تووڕەیی و ناڕەحەتی ترامپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، ئەو جۆرەی ترامپ چاوەڕێی دەکرد بەشدار نەبوو. ئەوەی کە کورد لە ڕۆژهەڵات حازر نەبوو بێ گەرەنتی پێویست دەستێوەردان بکات و لە ڕاستییدا بە کردەوە داواکارییەکەی ترامپی ڕەت کردەوە.

ئێستا دەتوانین لە سێ ڕوانگەی جیاوازەوە ئەم پرسە تاوتۆ بکەین کە بۆچی کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ژێر چاودێری ئەم سێ لایەنە جیاوازن. لە ڕاستیدا هەم کۆماری ئیسلامی و هەم ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک دوژمنی ڕێژیم، زۆر باش دەزانن کە کورد بە گشتی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت دەتوانن چ ڕۆڵێکی گرنگ لە شەڕ و داڕشتنی داهاتووی ئێراندا بگێڕن. هەر لەبەر ئەمەشە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک هەلوەشاوە و نەماو ناو دەبات، بە درێژایی تەمەنی نگریسی خۆی لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ زیانگەیاندن و لەنێوبردنی ئەم حیزبانە. خۆی نەپاراستووە، هەر لە تێرۆرکردنی سەرکردە دیارەکانی ڕوژهەڵات لە ڕابردوودا تا دەگاتە تێرۆرکردنی کوێرانەی تەنانەت ئەندامانی ئاسایی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا دەگاتە سەدان هێرشی مووشەکی و درۆنی! ئەوە لە کاتێکدایە کە تێپەربوونی کات نەتەنیا نەبووەتە هۆی هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوەی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ڕوژهەڵات بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ دڕندایەتی و بێبەزەیی ڕژیم لەو هێرشانە زیادی کردووە. لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییشدا لە موجاهیدنەوە تا جەماعەتی سەڵتەنەتخواز، هەوڵیان داوە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی خۆیان لەگەڵ حیزکانی ڕۆژهەڵات ڕوون بکەنەوە. ڕێکخراوی موجاهدین، لانیکەم لە ڕواڵەتدا، زۆرتر ویستویەتی لە دەرگای دۆستایەتییەوە پێوەندی بگرێت و بە پشتیوانیکردن لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسین، هەوڵی داوە هاوپەیمانێکی بەهێز بۆ خۆی دروست بکات. بەپێچەوانە جەماعەتی وەهمیی پاشایەتیخواز بەردەوام هەوڵیان داوە بە سیاسەتی ئینکاری و درۆ ڕێگایەکی جیاواز بگرنەبەر و تەنانەت لە ڕێگەی دامەزراندنی تاقمێک و ڕێکخراوی کاغەزیشەوە شوناسێکی خەیاڵی بۆخۆیان دروست بکن. سەبارەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت بگوترێت ئەوەی بە کردەوە ڕووی داوە زۆر دوورە لەوەی ئیدیعا دەکرێت. لە ڕاستییدا پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لایەنە کوردییەکان و پرسی کوردستان زیاتر گرێدراو و وابەستەی پەیوەندیی نێوان زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان بووە و بەدڵنیایەوە دەتوانین بڵێین کورد زیاتر لەم مەسەلەیە زەرەرمەند بووە تا ئەوەی کە سوودی لێ وەرگرتبێت.

ئێستا دوای ئەوەی ئەم گرنگییە لە ڕوانگەی چەند هێزی دژبەیەکەوە ڕوون بووەوە، کاتی ئەوە هاتووە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە: هۆکاری گرنگیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەم لایەنانە چییە؟ چ شتێک لە بزووتنەوەکانی تر نێو ئیران جیایان دەکاتەوە؟

وەڵامی ئەو پرسیارە دەتوانرێت لە سێ بەشدا باس بکرێت:

پێگەی جەماوەری: بێگومان گرنگترین بابەت لەم باسەدا بنکەی جەماوەریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە. لە ڕاستیدا هۆکاری ترس و بێگومان پشتبەستن بەم حیزبانە بۆ ئەو دەسەڵاتە و دەستڕۆیشتووییە ناوازەیە دەگەڕێتەوە کە گەلی کورد هەیەتی. کوردستان بەدرێژایی ساڵان نیشانی داوە کە چ توانایەکی گەورەی هەیە و چۆن دەتوانێت ببێتە هێزی بزوێنەری ڕاپەڕینێکی گەورە و ڕەوت داڕێژەر. بێگومان شۆڕشی ژینا باشترین نموونەی ئەم توانایە لە سکاوت و پێشەنگایەتییە. تەنانەت لە ڕووداو و ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباریشدا، پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان ڕۆڵی پێشەنگیان بینی!

پاشخانی سیاسی: پێکهێنانی حیزب لە ئێراندا پرسێکی تەواو نوێیە و دەکرێت بە متمانەوە بڵێین جگە لە کوردستان، لە بەشەکانی دیکەی ئێران، چ لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی یان لە ناو ئۆپۆزسیۆن ڕژێمدا، لە بنەڕەتدا شتێک بە ناوی حیزب بە مانا ڕاستەقینەکەی نییە. لە کاتێکدا کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەشتا ساڵ و پەنجا ساڵە لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی ئێراندا ئامادەن، لە بەشەکانی دیکەی ئێران تەنیا فۆرمێکی پشتیوانی و لایەنگرێک بەبێ هیچ بیرێکی سیاسی دروست بووە. دیارە کوردستان بەو مێژووە سیاسییە و بەرنامەیەکی دیار و نووسراوەوە، هەمیشە جێگای سەرنجە.

کورد وەک نەتەوە: خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەمیشە پەیوەست بووە بە بزووتنەوەیەکی گەورەترەوە بە ناوی کوردستان و هەر لەبەر ئەوەشە کە چەند میلیۆن دانیشتووانی کورد لە سووریا ئەگەرچی کەمینەی لە سەدا دەیە، بەڵام بە پشتیوانی ملیۆنان کورد دەتوانن سەرچاوەی گۆڕانکاری زۆر بن. ئەمە ڕێک بۆ کوردستانی ئێران ڕاستە.

لە ڕاستیدا ئەوەی خەباتی کورد لە ئێراندا بەهێز دەکات، پشتیوانی پارچەکانی دیکەی کوردستانە. ئەم پاڵپشتییە دەتوانێت تەنیا مەعنەوی بێت و پێویست ناکات بۆ ئەوەی هاوکاری سەربازی بێت!

لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە هۆکاری ئەم هەموو دوژمنایەتی و ڕق و کینەیە و بێگومان سەرنجدانە، ئەو پۆتانسێلە ناوازەیەیە کە کورد نەک تەنیا لە داڕشتنی داهاتووی ئێراندا، بەڵکوو لە داڕشتنی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەتوانێت هەیبێت. پێویستە ئەم دەسەڵات و توانایە بەرز بنرخێنرێت و کەڵکێکی باش لە واقیعەکانی کۆمەڵگەی کوردی وەربگریت.

بێگومان ئەمە پێش هەموو شتێک پێویستی بە یەکڕیزی و یەکیەتیی هەموو هێزه سیاسییەکانی کورد، لانیکەم له باردۆخی ئیستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر وشیاری و بەئاگابوون لە بارودۆخ و بڕیاردان له کاتی خۆیدایە. مێژوو چاوەڕێمان ناکات و ڕەنگە ڕووداوەکان ببنە لەمپەر و ڕێگر یان سانسۆرمان بکەن. هیچ دۆستایەتی و دوژمنایەتییەک لە سیاسەتدا ئەبەدی و هەمیشەیی نییە، ئامانج ئایندەی کوردستانە.

هەر ڕێگایەک ئەنجامێکی باشتر بدات بوونی ڕەوایە! بێدەنگی و چاوەڕوانی قبووڵکراوە بە مەرجێک دەرفەتی بەفیڕۆچووی لێنەکەوێتەوە! یان دەبێت کارێک بکەیت یان دەبێت تا هەمیشە چاوەڕێ بیت!