سێوێر پلوکەر
نیان ب کردوویەتی بە کوردی
ئەگەر ترامپ بڕیار بدات بە ئارامی چاوەڕێ بێت هەتا ئەوکاتەی دەسەڵاتبەدەستانی ئێران لە دەمارگیریی خۆیان بەئاگا بێنەوە، ڕەنگە تێ بگات کە سەبرگرتنەکەی بێسوود بووە؛ مێژووی ٨١ ساڵ لەمەوبەری ئورووپا هۆشدارییەکی توند لەسەر ئەو ڕێژێمانە دەدات کە تا کاتی سەپاندنی شکستی تەواوەتی، بەردەوام دەبن لە شەڕ.
وەک شارەزایان دەڵێن سەرکردایەتیی ئێران دابەش بووە و لە نێوان سیاسییە لێزان و دەمارگیرەکان، و لە نێوان مرۆڤە واقیعبینەکان و ئیسلامگراکاندا دێت و دەچێت. دەستەی دووەم کە زۆربەیان فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی ئەمنییەتین و خۆیان لە پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتیدا دەبیننەوە، ڕێگرن لە هەر جۆرە ڕێککەوتن یان سازانێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەوان بە شێوەیەکی پەرەسەندوو تایبەتمەندییەکانی دەمارگیرییەکی کوێرانە پیشان دەدەن کە ڕێژیمی تێداچووی "نازی"مان وەبیر دەهێنێتەوە: دابڕان لە واقیع، باوەڕهێنان بە موعجیزە، بێباکیی بەرامبەر بە دۆخی ڕاستەقینە و کارەساتباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک و سوپای وڵاتەکەیان، و کۆمەڵکوژیی نەیارانی ڕێژیم. ئەوان ئامادەن پاشەڕۆژی ئێران فیدای خولیاکانی خۆیان بکەن و بۆ تێداچوونەکەی مل ڕابکێشن، ڕێک وەک چۆن سەرکردە نازییەکان لە مارس، ئەپریل و سەرەتای مانگی مایی مایسی ١٩٤٥دا ئامادە بوون ئاڵمان فیدای خۆیان بکەن و مل بۆ تێداچوونەکەی ڕابکێشن. ئەوان تا ئەوکاتەی سەربازەکانی هاوپەیمانان بە هێزەوە گەیشتنە بەردەم بارەگای فەرماندەییەکانیان و لە ڕەسمەیان بردن؛ لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوور بوون.
"فۆڵکەر ئۆلریش"، مێژوونووس، لە کتێبەکەی بە ناونیشانی «هەشت ڕۆژ لە مانگی مایسدا» دەنووسێت لە ٢٤ کاتژمێری کۆتایی ئەپریلی ١٩٤٥دا، چەند کاتژمێرێک پێش خۆکوشتنی هیتلەر لە پەناگەی قایمی بەرلین، فڕۆکە ئەمریکییەکان بڵاوکراوەی پڕوپاگەندەییان بەسەر مونیخدا بڵاو کردەوە و داوایان لە خەڵکەکەی کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان، حکوومەتی نازی بڕووخێنن و ڕێگری لەو خوێنڕشتنە بکەن کە ئەنجامەکەی لەپێشدا دیار بوو. لە وەڵامدا، گرووپێکی بچووکی ژێرزەمینیی لیبراڵ و دژە نازیی نێوخۆیی ڕاپەڕینێکیان دەست پێ کرد و تەنانەت دەستیان بەسەر وێستگەیەکی ڕادیۆییش داگرت. بەڵام داوای ئەوان لە پیاوان و ژنانی مونیخ بۆ پەیوەندیکردن بە ڕاپەڕینەکەوە بێ وەڵام مایەوە. کەس هەڵنەستا و شار نەخرۆشا. ئۆلریش دەنووسێت: «خەڵک و دانیشتووانی مونیخ و ناوچەکانی دەوروبەری پێیان باش بوو هەر چاوەڕێ بن و لە ماوەیەکی کورتدا نەزمی نازی سەرلەنوێ دامەزرایەوە». ئەو شۆڕشگێڕانەی نەیانتوانی ڕا بکەن، گیران و بە شێوەیەکی دڕندانە بە دەستی "ئێس ئێس" کوژران.
حکوومەتی نازی تەنیا ئەو کاتە کۆتایی هات کە هێزە نیزامییەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان بەبێ هیچ بەرگرییەک چوونە نێو ناوەندی شارەکە و دەستیان بەسەردا داگرت. دوای هاتنی ئەوان، گەلێک ئاڵای سپی لە باڵکۆن و پەنجەرەکانی مونیخەوە شۆڕ کرانەوە. لەناکاو، لە "نازی"ترین شاری ئاڵماندا، هیچ نازییەک نەما!
دەمارگیری و تۆقاندن نەک هەر پێش خۆکوشتنی هیتلەر لە ٣٠ی ئەپریلی ١٩٤٥، بەڵکوو دوای ئەوەش بەسەر ئاڵمانی نازیدا زاڵ بوو؛ کاتێک ئەو فەرمانی بە خەڵکی ئاڵمان دا خۆیان ڕادەست نەکەن و فەرمانی بە سوپا کرد تا دوایین سەرباز بجەنگن. هیتلەر لە وەسیەتنامەکەیدا، دەریاوان «کاڕڵ دۆنیتس»، فەرماندەی هێزی دەریایی و وەفادار بە نازیسمی وەک سەرۆکی دەوڵەتی ئاڵمان (کە لەو کاتەدا نزیک بە تەواوەتییەکەی داگیر کرابوو) دەستنیشان کرد. دۆنیتس کابینەیەکی حکوومەتیی چالاک و شەڕخوازی پێکهێنا. ئۆلریش دەگێڕێتەوە: «تەنانەت دوای مردنی هیتلەریش، شەڕە قورسەکان لە نێوان "ڤێرماخت" (هێزی بەرگریی) ئاڵمان و سوپای هاوپەیمانان بە هەموو توندییەکەوە بەردەوام بوو». لە ڕاستیدا شەڕی دۆڕاو، خۆبەخۆ نەوەستا. ئۆلریش بە پەژارەوە ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی زۆری ئەڵمانییەکان، خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجیان «نەک وەک ئازادی، بەڵکوو وەک شکست و تراژیدیایەکی نەتەوەیی» دەبینی. ئەڵمانییەکان خۆیان "نازی"زمیان نەڕووخاند، هەرچەندە زۆرینەی هەرە زۆریان بڕوایان بە هیتلەر نەمابوو و بۆ مردنی ئەویش شینیان نەکرد. ئەوان بڕوایان لەدەست دابوو، بەڵام بێدەنگ بوون. بڕوایان لەدەست دابوو، بەڵام ڕانەپەڕین.
لە ١٠ی مایی ١٩٤٥دا، «تۆماس مان»، نووسەری گەورەی ئەڵمانی، لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی تایبەتدا لە تاراوگە و لە کالیفۆرنیاوە، ڕاستییە تاڵەکەی بۆ گەلەکەی خستە ڕوو: «ئەگەر ئەڵمانییەکان لە کاتی خۆیدا خۆیان لە ژێر باری حکوومەتی نازی ڕزگار کردبایە، ئەگەر تەنانەت لە دوایین ساتدا ڕاپەڕینایە، ئێستا دەستیان بە جەژنی ئازادیی خۆیان و گەڕانەوە بۆ مرۆڤایەتی دەکرد.» بەڵام ئەڵمانییەکان خۆیان نازیزمیان نەڕووخاند.
ئاکامگیرییەکەی ئۆلریش ئەوەیە: «ڕایشی سێیەمی نازی هەتا دوایین چرکە بەردەوام بوو لە کارەکانی.» لە هەموو ئەو ماوەیەدا، لە شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری ئاڵماندا، ژیان بە ڕواڵەت بەپێی ڕۆتینی ئاسایی بەڕێوە دەچوو. سەرەڕای کەموکوڕی و مەترسییەکان، قاوەخانە خواردنگەکان، شوێنە بازرگانییەکان و سینەماکان کراوە بوون و شەقامەکان پڕ بوون لە خەڵک.
ئێستا بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست: لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ زۆر پێشنیاری بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی داوە. نەیاران لەنێو سەرکردەکانی ڕێژیمدا، سەرەڕای ئەو زەبرانەی ئێرانییەکان لە شەڕی دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا خواردوویانە و دەیخۆن، پێشنیارەکانی ئەویان بە سووکایەتییەوە ڕەت کردووەتەوە. بەڵام خۆ ئەگەر بەو حاڵەشەوە ترامپ بڕیار بدات بە ئارامی چاوەڕێ بێ هەتا ئەوان لە دەمارگیری و توندڕەویی خۆیان بەئاگا بێنەوە، ڕەنگە تێ بگات سەبرگرتنەکەی بێسوود بووە. ئەمە وانەیەکی تاڵە کە مێژووی ٨١ ساڵ لەمەوبەری ئورووپا فێرمان دەکات.