سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لاوێکی کورد بە ناوی "سەباح بێوارە" (تەمەن ٢٣ ساڵ)، هێشتا چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەباح بێوارە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تەنیا یەک جار پەیوەندیی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە مافی چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و تەواوی بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەشی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کوڕەکەیان بێئاکام بووە.
شەوی ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوازێکی توندوتیژانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "کەڵەکین"ی سەر بە پیرانشار و دەسبەسەریان کردووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەم لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
ڕاگرتنی تۆمەتباران لە گرتووخانە نادیارەکان و بێبەشکردنیان لە مافە یاساییەکان، بەردەوام وەک پێشێلکارییەکی ڕوونی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە جێبەجێ دەکرێت.