کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد

14:51 - 16 جۆزەردان 2726

یاسین شەریفی، ئەندامی لاو و تێکۆشەری تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی مەهاباد، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆوە لە شاری مەهاباد گیانی سپارد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە خاک و نیشتمان کرد.

هاوڕێ یاسین، کوڕی محەممەد شەریفی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی و خاوەن بڕوانامەی کارناسی باڵا بوو. ناوبراو لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە بە فەرمی پەیوەست ببوو بە ڕیزەکانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات و ئەرکە نیشتمانییەکانی بە لێهاتووییەوە ڕادەپەڕاند.

 لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا، بەهۆی چالاکییەکانیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و ماوەی ٣ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کەنار دەریای ورمێدا لەژێر گوشار و لێکۆڵینەوەدا بوو.

یاسین شەریفی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدا پەروەردە ببوو؛ ئەو نەوەی خوالێخۆشبوو وەستا شەریف شەریفی ''ناسراو بە وەستا شەریفی جۆڵا'' بوو کە ئەندامێکی دڵسۆز و بەئەمەگی حیزبی دێموکرات بوو و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، ماڵەکەی هەمیشە شوێنی حەسانەوە و پشتوپەنای خەڵک و پێشمەرگەکانی کوردستان بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.