وتووێژ: دیاکۆ دانا
بەرایی: مەسەلەی نەتەوایەتیی لە ئێراندا یەکێک لەو پرسە گرینگانەیە کە بەهۆی پێشێلکردنی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندگەرا، هیچکات دانی پێدا نەراوە. لەم قۆناغە زەمنییەدا، چ پێش شۆڕشی ژینا و چ دوای ئەو شۆڕشە هەر یەک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کە پێکهاتوون لە هەموو نەتەوەکانی ئێران، وەکوو ئاڵترناتیڤێک بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی خاوەن بەرنامە و پلاتفۆڕمی تایبەت بە خۆیانن. بەڵام تا ئێستا ئاڵتێرناتیڤ یان بەدیلێکی سەرانسەری نەهاتووەتە ئاراوە کە کۆدەنگی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت. دیارە ئەمە چەندین هۆکاری هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەشێک لەو هێزە سیاسیانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیونی سەرانسەری پێناسە دەکەن، زیاتر وەک نوێنەری نەتەوەی فارس دەردەکەون و بە بیانوی پاراستنی تەواویەتیی ئەرزی ئێران، دان بە مافەکانی باقی نەتەوەکاندا نانێن. ڕۆژنامە "کوردستان" بۆ تاوتوێکردنی پرسی دێموکراسیخوازی لە ئێران، پەیوەندی دێموکراسی لەگەڵ مافی نەتەوەکان، گرێدانی فیدڕاڵیزم و جوداییخوازی لەلایەن هەندێک کەسایەتی و گرووپی سیاسی، مەنشووری جۆرج تاون و هەڵویستی حیزبی دێموکرات لەو بارەوە وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز "حیسام دەستپیش" چاوەدێری سیاسی پێکهێناوە.
- پێدەچێت گەیشتن بە دێموکراسی و وەدەستهێنانی ئازادی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە ئێراندا ئەو خاڵە بێت کە زۆربەی خەڵکی ئێران لەسەری کۆدەنگن، بەڵام کێشیەکی سەرەکیی هەیە ئەوەیش ئەوەیە هێندێک لە هێزە سیاسییەکان، بە بیانوی پاراستنی"تەواویت یا یەکپارچەیی" ئێران هیچ مافێک بۆ نەتەوەکانی تر بە ڕەوا نازانن، بە بڕوای ئێوە ئەو هێزانە تا چەند نوێنەراییەتی کۆمەڵگەی ئێران و بە تایبەتی نەتەوەی فارس وەکوو نەتەوەی باڵادەست دەکەن؟ و ئایا دێموکراسی بەبێ دانپێدانان بە مافی نەتەوەکان جێگیر دەبێت؟
ئەوەی کە لە پانتایی ئێراندا هەیە وەکوو چوارچێوەیەکی جوغرافیایی، ئەوەیە کە بە واقعییەتێک ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ئینقلابی بۆتەوە. ئینقلابی بەو مانایە کە ئێوە بەراوردی بکەن لەگەڵ ئەو شەپۆلەی کە کاتی خۆی، ناسیونالیزم لە ساڵی ١٨٣٠ بەملاوە ڕووی کردە وڵاتانی جیهان و، گۆڕانکارییەکی گەورەی ساز کرد و بەراوردی بکەن لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبر کە بوو بە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی سەرهەڵبدا و هەژانێکی گەورە ساز بکات. بەراوردی بکەن لەگەڵ ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و ئەو شەپۆلەی کە لە لیبڕاڵیزم و هاتنەئارای بە ئیستلاح مافی تاکەکان هاتە ڕۆژەفەوە. لە عەینی حاڵدا، ئەوەی لە ئێراندا ڕووی دا تەکمیلی ئەو شەپۆلە بوو کە لە بەهاری عەڕەبیدا ڕووی دا. دەمەوێ ئەو خاڵە زەق کەمەوە، ئەوەی کە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە شۆڕشێکی فیکرییە. بە مانای ئەوەی کە دەبێ دەرباز بێ لە قۆناغێکی مێژووی، کردەیی و قۆناغێکی ئەزموون کراو. ئەمەیە هەژانە ئەسڵییەکە لە کۆمەڵگە ڕووی داوە و دەقاودەق هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی ئاسایی لەنێو پانتایی سیاسی ئێراندا دیانەوێ، بە مانای ئازادی، دێموکراسی، پێکەوەبوون و قبووڵکردنی یەکتر. لەڕاستیدا ئەوەی کە وەکوو دەڵێن شۆڕشی ژینا یان بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هێناویتە کاییەوە، یەکانگرییەکە لەگەڵ ئەو داخوازییانە، ئەو باسانە کە ئەساسەن بەلای ئەو کۆمەڵگەیانەی لەنێو ئێراندا هەیە، یەکانگیرە لەوان و دەتوانین بڵێین کە بۆتە هۆی ئەوەی کە بتوانێ ئەو هاندەرییە ساز بکا کە پەیوەست بن.
بەڵام کاتێک کە دێتە بواری کردەییەوە، یانی بواری سیاسی ڕۆژانەکەیەوە تەبیعەتەن بەربەستی زۆر گەورەی هەیە. یەکەم بەربەستی گەورە کە هەیە دیوارێکی مێژوویی لە ناسیونالیزم قەومگەرای ئێرانی دەبێ بشکێنێ. ئەو ناسیونالیزمە کە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بووە، تەبلیغی بۆ کردووە، قوتابخانەی بۆ کۆنتڕۆڵ کردووە، دەستگای سیاسی، نیزامی، ئەمنییەتی و کولتووری بە دەستەوە بوو. باسی دوویەم، باسی ئایینە کە زۆر لە ناسیونالیزمی ئێرانی کۆنتر یان مێژوویی زیاترە. ئەم بزووتنەوە کاتێک ڕووبەڕووی ئەم زێهنییەتە بۆتەوە، ڕووبەڕووی ئەم هەلومەرجە بۆتەوە، نابێ چاوەڕوان بین بە سادەیی ئیتفاق دەکەوێ، ئەمەیە پەرچەکردارەکان دروست دەکا. یەکەم شتێک کە ڕووبەڕوویەتی مەسەلە بیری ئەم خەڵکانەیە کە دەبێ بە شیوەیەکی تر جیهانبینی، بەشیوەیەکی تر بیر بکەنەوە، بە شیوەیەکی تر ئارەزووە سیاسییەکانیان وێنا بکەن.
دوویەم بەربەرست کە دێنە ئاراوە هێزە سیاسییەکانن. ئەو هێزانەی کە لە پانتایی ئێران دێنە ئاراوە، خۆیان بە نوێنەری ئێران دەزانن، ئێران بە مانای گشتییەکی. ئەوانە ئێستا دەربازی قۆناغی شۆڕشی ژینا یان "ژن، ژیان، ئازادی" نەبوون. لەڕاستیدا کاریگەرییەکی جەوهەری، فێندۆمنتاڵی یان ژێرخانی یان ئەساسیان لەو شۆڕشە وەرنەگرتووە. بۆیە بە تەبڵی کۆن دەیکوتن یان ئەوەی کە پاڵ دەدەن بە ناسیونالیزمی قەومی ئێرانییەوە، یەک زمان، یەک قەوم، یەک نەتەوە و... یان پاڵ دەدەن بە تێکەڵێک بە ناسنامەی قەومی و ئاینی خۆیان. بەو مانایە کە دووبارە هەمان سیستەمە لە سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی دا هەیە، دووپاتی کەنەوە. ئەم کۆسپانە کۆسپێکی جیددین و بۆیە دەربازبوون لە قۆناغێکی نوێ ئەم هێزە بتوانێ تێگەیشتنی ئەم ڕاستییە بکەن، زەحمەتی زۆرە. کەواتە ئەگەر کورتی بکەمەوە، ئەوەی کە کەشێک لەنێو خەڵک دا هەیە بەڕاستی زۆر جیاوازە لەگەڵ کەشێک کە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ئێراندا هەیە. بەپێچەوانەی ئێمە گرووپگەلی پیراموونی یان پەراوێزی هەیە کە پێشتر پەراوێز بوون ئێستا مەتنن. ئەم گرووپە پەراوێزییانە بەو مانایە قبووڵیان کردووە لەگەڵی دەچنە پێش. کەواتە ئەوەی لە ئێراندا هەیە، لەڕاستیدا هەژانێکی گەورەیە بە مانای وەروودی یان چوونە نێو قۆناغێکی تر لە تێگەیشتنێکی سیاسی، گوتارێکی سیاسی لە هەمان کاتدا تەبیعەتەن دەبێ نیزامێکی شیاو لەگەڵ ئەوەش ساز بێ.
- هەموو ئەو نەتەوانەی لە ئێراندا هەست بە چەوسانەوە و ستەمی نەتەوەیی دەکەن، پێداگرن لەسەر وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتیی خۆیان لە چوارچێوی ئێرانێکی فیدرالدا، لە بەرامبەردا ئەو گرووپ و لایەنانەش کە خۆیان بە نوێنەری نەتەوەی فارس دەزانن فیدڕاڵیزم گرێ دەدەنەوە بە سەربەخۆییخوازی یان بەو جۆرەی خۆیان دەڵێن جوداییخوازی! ئەمەش یەکێکە لە لەمپەرەکانی بەدیهاتنی ئاڵترناتیڤێکی سەرانسەری. بە بڕوای ئێوە ئەم ڕەوتە تا کەی بەردەوام دەبێت و چ ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم مەتەڵۆکەیە (موعەمما) هەیە؟
دەزانی وەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا، ئێمە لە ئێستادا دوو جەمسەرمان هەیە، جەمسەری چالاک لە پانتایی سیاسی ئێران بە نیسبەت گۆڕانەوە یان هێنانە ئارای گۆڕانەوە. یەکەمیان ئەو زێنییەت ئەو تێگەیشتنەیە کە لە ڕابردوودا چەقیوە و ناتوانێ خۆیان دەرباز بکات. دوویەم تێگەیشتنێکی نەتەوە بندەستەکان کە ئەوان دەیانەوێ ڕاستییەکی مەتلووب دروست بکەن. مەتلووب بە مانای خۆشکردنی بوارێک کە تێیدا پێکەوەژیان ئیمکانی هەبێ، پێکەوە بتوانن نیزامێکی سیاسی مەتلووب دروست بکەن کە هەردووکیان بتوانن تێیدا بژین.
ئەم نەتەوانە، تێگەیشتنێکی دروست کە لەم بزووتنەوەیە وەریانگرتووە، ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەیەکی شۆناسخوازانەیە کە دەتوانێ ببێ بە بەشێک لە بوون و پڕۆژەی سیاسی ئەوان دەزانن. لە بەرامبەردا هێزە سیاسییە ئێرانییەکان ئەوانی خۆیان بە ئێرانی دەزانن، ئەوانە تێگەیشتنێکیان لەو ڕاستییە دروست نەکردووە. بۆ؟ چونکوو باوەڕمەند نیین کە بزووتنەوەی ژینا یان ژن، ژیان،ئازادی بزاڤێکی ناسنامەخوازانەیە. بۆ وا دەڵێم؟ چاو باسی ژن، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە مەسەلەی ناسنامەوە. چون ژن وەکوو کورد، تورک، فارس، عەڕەب و... باسی ناسنامەیان هەیە و دەبێ وەکوو ناسنامە بناسرێن. لەنێو سیاسەتی ئێراندا بە درێژایی ئەم چەند دەیەیە ئەسڵەن باسی ژن وەکوو ناسنامەیەک بەفەرمی نەناسراوە. نەتەوە بندەستەکان لە ئەساسدا باوەڕیان ئەوەیە یان ڕاستییەکیان ئەوەیە ئەم بزاڤە لەگەڵ بژاڤی ژنان دا کە ناسنامەخوازە دەتوانێ یەکانگیر بێ.
بەپێچەوانە جەمسەرەکی دیکە ئەم بزاڤە بە بزاڤێکی ناسنامەخواز نابینێ. بۆیە جۆری بیرکردنەوەیان لەمەڕ ژنیش ئەساسەن وەکوو ئەکترێکە. یانی ئەوەی کە ئەکترێک بێتە ناو سیاسەتەوە، وای دەبنێین ١٠ دەرسەد، ٢٠ دەرسەد لە سیاسەتی هەبێ. نا، ئەوە ڕەهەندێکی زۆر لاوەکی مەسەلەکەیە. بەڵکوو هاتنی ژن و ئەرزشەکانی ژن بۆ نێو سیاسەت، باسێکی شۆناسانییە و ئەوان ئێستا نەیاتوانیوە لەمەڕ ئەو مەسەلەیە فام بکەن. ئەگەر کورتی بکەمەوە ئێستا ململانێکە لەنێو ئەوەدایە ئایا ئەو لایەنانە کە سوودیان بردووە لە نیزامی سیاسی، مەوقەعییەتی سیاسی و هەلومەرجێک هەبوو لە ئیران و دەیانەوێ بەو ڕەوتە درێژە بدەن یا نا ڕاستیگەلێک قبووڵ دەکەن کە لە ئێراندا بوونی هەیە؟ ڕاستییەکی من زۆر گەشبین نیم لە کورت ماوەدا ئەو ڕووداوە بێتە پێش. مەگەر عەواملێکی لە دەرەوی ئەو بازنەیە بێنە نێو ئەو مەسەلەیە. یان بزووتنەوەگەلی مەدەنی کە لەنێوخۆدا هەیە بتوانێ پاڵ بەوانەوە نێ و ناچاریان بکات. ئەگەر ئەو ڕووداوانە نەیەتە پێش، من پێموابێ ئێرانچی چارەنووسێکی باشتریان لە سوونەکان لە عێراقدا، عەلەوییەکان لە سووریە، گرووپەکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە سیاسەت جێماوەن و نەیانتوانیوە لێی تێبەگەن، تەبیعەتەن باشتر نابێ.
- هەروەک دەزانن مەنشووری جۆرجتاون ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن شەش کەس لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە واژۆکرا و لە کۆمەڵگەی کوردستانیشدا کاردەنەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بە گشتی هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو مەنشوورە چییە و ئایا پێتان وایە لە ئاستی خواست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە؟
هەرگیز. جۆرجتاون گەورەترین کێشەکەی ئەوەیە کە لەو خاڵانەی کە باسمکرد، تێیدا زۆر بە جوانی دەبیندرێ. وەکوو ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتیش بە دروستی ئاماژەی پێ کرد، چوونە ئەو بوارەوە ئێستا زوو بوو. دەزانی ئێمە لە ئێراندا لەگەڵ یەک باسدا ڕووبەڕوو نین کە گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێستادا بێ. یانی بڵێین دوو ڕۆژی دیکە مانگێکی دیکە روودەدا. لەو کاتەدا کوالیشن یا هەواڵ بەندییەک سازن کەی، بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەو مەوقعییەتە مودیرییەت کەی. ئەم کەسانە کە لەنێو باسی جۆرجتاون دان، تبیعەتەن بە زێنییەتەوە سیاسەت دەکەن. ئەوە کاتییە و ئێمە یەکبگرین و لە هێژمۆنی و هیەمەنەییەک ساز کەین و بتوانین فازەکە ببینە پێشەوە. گەورەترین کێشەیەک کە هەیە ئەوەیە کە مەنشووری جۆرجتاون لەڕاستیدا ساتووسەودایەکی زۆر ناشیانەیە لەگەڵ باسی شۆڕشی ژینا یان ژن، ژیان، ئازادی کە لە ئێراندا لە ئارا دایە. ناشییانەیە بە چ مانا؟ بەو مانایە کە وا تێگەشتوون کە بەخستنەڕووی کۆمەڵێک مەساییەلی گشتی ئەساسەن دەتوانن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی ئێران هەبێ. بەپێچەوانە وا نییە. بۆ؟ چون ئەم بزووتنەوەیە، ئەگەر ئێمە قبووڵی کەین بزووتنەوەیەکی ناسنامەخوازانەیە، ئەگەر ئێمە قبووڵی کەین ئەم بزووتنەوەیە دێموکراسییەکەی ڕادیکاڵ دەخوازێ، تەبیعەتەن ئەم کەسانە لەو مەنشوورەدا نەیانتوانی وەڵامدەری هیچکام لەو تایبەتمەندییانە ببنەوە. تەنیا هاتوون کۆمەڵێک چەمک و وشەیان خستووتە کەن، وەکوو کەسەکان.
- یانی دەتوانین بڵێین بە مەیلی ڕەزا پەهلەوی بوو وایە؟
دەزانی ئەسڵەن مەسەلە ئەوە نەبوو ڕەزا پەهلەوی هەیە لەنێو ئەو مەسەلەیە یان نییە. بەڵکوو هەموویان کێشەن، هەرکامیان بە شێوەیەک. ئێستا ڕەزا پەهلەوی بە قەولێک کێشەکەی زیاترە یان مەساییلەکانی زیاترە. دەمەوێ بڵێم کە زێنییەتێک کە بەسەر ئەو باسەدا غاڵبە، زێنییەتێک نییە کە لێی تێبەگەی یانی لەسەر ئەساسی تێگەیشتنیک کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە نییە. بەڵکوو بەپێی ویستی کەسانێکی دیاریکراوە. کێ دروشمی گەورەی بە نیسبەت ئێمەی کوردە، ئەوەیە کە ئێمە بزووتنەوەیەکی سەریح و وازحمان خستە نێو گەمەیەکی ناوازح، گشتی و غەیرە قابلی تێگەیشتن. ئێمە هاتین پرسی کوردستان کە پرسێکی وازەحە، پرسێکی دیاریکراوە و پێناسەیەکی دیاریکراوی هەیە، خستمانە نێو دیالۆگێکی زۆر عەجیب و غەریبەوە، دیالۆگێکی کە پێوەیستە بیکەی بە چەمکگەلی گشتی ئەو چەمکانەوە. دووییەمین نوکتە و نووکتەیەکی زۆر ناخۆش بەلای مەنەوە زۆر کاریگەریی خراپی داناوە ئەوە بوو کە ئێرانییەکانی پەلکێشی نێو سیاسەتی کوردستان کرد. نوکتەیەک کە ئەگەر بڵێم لەنێوان حیزب دێموکراتی کوردستان ئێران و کۆمەڵە تێگەیشتنێکی ٩٠ لە سەدی تێگەیشتن لە کەشی سیاسی و مودیرییەتکردنی و هاوکات دابەشکردنی کار لەنێوانیان دا، ئەو کاتە هیچ کێشەیەک نییە. بەڵام ئەگەر ئەمە بوونی نەبێ ئێمە ئێرانییەکانمان پەلکێشی نێو سیاسەتی خۆمان کردووە و ئەگەر سەرنجیشتان دابێ لەو کاتەوە جۆرجتاون هاتووە شیوەی کۆمەڵگە و ڕفتاری کۆمەڵگە ئێمە لەگەڵ یەکتر دوو جەمسەری بووە یا بڵێین بەریەکەوەتن ساز بووە. کەواتە ئێمە ئێرانییەکانمان هینا نێو سیاسەتی کوردستانییەوە لە حاڵێکدا، پێش ئەو جۆرجتاونە ئێمە عاملێکی سیاسی بووین کە دەمانتوانی حووکم کەینە سەر قسەکان. بە گشتی دەمەوێ بڵێم جۆرجتاون تەمەنی بە قەد هەر ئەم وشانەیە کە هەیە. تواناییەکانیشی بەقەد ئەو وشانەیە. ئەو وشانە نە باری ماناییان هەیە هاندەر سازکەن و نە توانی پڕاگتیکییان هەیە و بە مانای کە بتوانن خەڵکێک، کۆمەڵگەیەک، کەسانێک هێزەکانی بزووتنەوەیەک بەسیج کەن، بتوانن گۆڕانکاری سیاسی بێنێتە کایەوە.
-وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، کاک خالد عەزیزی لە لێدوانێکیدا لە کۆبوونەوەی تۆرێنتۆ لە لایەکەوە باس لەوە دەکات کە حیزبی دێموکرات موتڵەقەن سیستەمی سەڵتەنەت و پاشایەتی ڕەت دەکاتەوە و لەلایەکی ترەوە دەڵێت ئەوان وەک حیزبی دێموکرات پێیان وایە واژۆکەرانی مەنشووری جۆرج تاون لە ڕووی کاتەوە پەلەیان کرد و پێویست بوو ماوەیەکی زیاتر گفتوگۆ بکەن. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێشتریش بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکرات ڕایگەیاندبوو کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی هاوکاری ناکەن، ئێوە وەک چاودێرێکی سیاسی پێتان وایە کێشەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ چۆنیەتی و ناوەڕۆکی مەنشووری جۆرج تاونە یان لەگەڵ سەڵتەنەتخوازان و سیستەمی پاشایەتی بە شێوەی موتڵەق؟
ئەو هەڵوێستانەی لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە بە نیسبەت جۆرجتاونەوە و ئەوانەوە ڕاگەیندار بە ڕای من هەڵوێستێکی مەنتقی و دروست بوو. دەزانی حیزبی دێموکرات وەکوو دەستپێک، وەکوو خاوەندارێتی، وەکوو ناسنامە، وەکوو بوون، حیزبێکە لە ئەساس دا، لەسەر بنەمای خاوندارێتی لە ناسنامەی کوردستانی هاتۆتە ئاراوە. کەواتە غەیری ئەوەی کە خاوندارێتی لەو ناسنامەیە بکا و غەیری ئەوەی کە پارێزەری بێ و غەیری ئەوەی کە خۆی بۆ تەرخان بکات، لە دەرەوی ئەمە هەر چالاکییەک یان هەر ئاراستییەک بڕوا تەبیعەتەن دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم حیزبە لە هۆویەتی خۆی لە ناسنامەی خۆی دوور بکەوێتەوە.
کێشەی گەورەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سەڵتەنەتخوازەکان وەکوو وێژمانێکی فیکرییە. یانی حیزبی دێموکرات لەڕاستیدا ویستوویەتی بڵێ کە من لەگەڵ وێژمانێکی فیکریی دایە نییە کە ئەزموون کراوە. ئەزموون بە مانای پاوانخوازییەکی، ئەزموون بە مانای سەپاندی ناسنامە، ئەزموون بە مانای پەراوێزخستی ئەوانی دیکە، ئەزموون بە مانای ئەوەی کە خەڵک بەرامبەری شۆڕشی کردووە. لەڕاستیدا دەیەوێ ئەو وێژمانە ڕەد بکاتەوە، یانی ئەساسەن ئەم وێژمانە، قبووڵ نەکات. بۆ؟ چون دەرئەنجامەکی دیارە، تۆ ناتوانی چاوەڕوانی ئەوەت هەبێ بۆ نموونە، کەوێک وەکوو کەڵەشێرێک بخوێنێ، یان ناتوانی بە تەمای فرۆی چەوری بەر خەمیر بی یان هێلکەی دوو زەردێنی کەڵەشێر بی.
هەر گوتارێکی سیاسی قابیلییەت سیاسی تایبەت بە خۆی هەیە کە ناتوانێ جیا لەوە لە خۆی ئەنجام بدا. بۆ وێنە کۆماری ئیسلامی، کۆماری ئیسلامی حیجاب لە چوارچێوی وێژمانەکەی دایە. کۆتا هاتن بەرامبەر بە ئەو مەسەلەیە لە شۆناسی ئەسڵی دەخا. لە باسی سەڵتەنەتیش دا هەر ئەوەیە. باسی سەڵتەنەت، ئەگەر تاک ناسنامەیی، تاک ئاڵایی، تاک زمانی هەموو ئەوانەی لێ جیاکەیەوە، ئیدی شتێک بە نێوی سەڵتەنەتخوازی مانای نامێنێ. کەواتە، باسەکە لێرە ڕەدکردنەوەی گوتارێکە. کاتێک ئەو گوتارە دێ خۆی پرۆجێک دەکا، کەسانێک دێن دەبن بە نوێنەری، یانی نوێنەرایەتی دەکەن وەکوو کوڕی شا. ئەمانە عەمەلەن نوێنەری ئەو مەسەلەیەن و ئەگەر حیزبی دێموکرات پەرچەکردای دەبێ، بەو مانایە کە ئێمە لەگەل ئەم تەیفانە ناتوانین قسە بکەین. ئەگەر کورت بکەینەوە، ئەوەی لای حیزبی دێموکرات بەرجەستە بۆتەوە ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەم گوتارەدا کار بکەین. جا هەر کەسێک نوێنەراتی ئەم گوتارە دەکا، فەرق ناکا کوڕی پەهلەوییە و... ناتوانێ هەڵگری ئەم گوتارە بێ کە ئەم بزاڤە یان بزووتنەوەیە دەیەوێ.
بۆیە لێرە دایە کە حیزبی دێموکرات لەگەڵ چەمکگەلی زێنی و پڕاکتیکی نوێنەرایەتیی ناکا و کێشەی هەیە. بۆ؟ چون نموونەکەی لە ڕابردوودا دیوە و نموونەکەشی لە وڵاتانی دیکەدا بەردەستە بە مانای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەردەست و بە ڕاشکاوی دەتوانی بیبینی کە ئەنجامەکی چی بووە. بە گشتی ئەگەر کورتی کەمەوە حیزبی دێموکرات و بزاڤی کوردستان بە گشتی لە هێڵێکی زۆر دیاریکراودا ڕاوەستاوە. ئەویش ئەوەیە کە نایەوێ بەرامبەر بە پاونخوازی هیچ چەشنە پاشکشەیەک بکات. ئەگەر پاشکشەیەک بکات ماناکەی ئەوەیە کە دووبارە دەچێتە نێو کایەیەکەوە، دەچێتە نێو مەوقعیەتێکەوە کە دەبێ هەوڵ بدا لە پەراوێز بوون دەربچێ. بەڵام ئێستا ئێمە مەتنێکین و ئەم مەتنە دەبێ قبووڵکەین و ئەم مەتنبوونە دەبێ قبووڵ کەین، کار لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن بتوانین گەورەی کەینەوە و فەزایەکی گەورەتر بۆ خۆمان دروست کەین. وەکوو ئەوەی کە کاک خالیدیش ئاماژەی پێ کرد، پێشتریش کاک مستەفا ئاماژەی پێکردبوو کە ئێمە بەرەو ئەوە دەڕۆین لە ئێراندا کەشێکی چەند جەمسەری بێتە ئاراوە.
دەستوچاوتان خۆش بێ سپاستان دەکەم بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا
سپاستان و ئێوەش ماندوونەبن و کاتێکی خۆشتان هەبێ