نیشتمان موکری
نافەرمانییە کۆمەڵایەتییەکان هەمووکات تێچووی زۆریان بۆ حکوومەتەکان هەیە. بەتایبەت، ئەو تێچووە تا ڕێژەی زوڵم و ئیستبداد زیاتر بێ ڕووی لە هەڵکشانە و بەناچار بۆ بەلاڕێدابردنی دۆخێک کە لە ئارادایە سیستەمی داسەپاوی حکومەت دەست دەداتە خەرجکردنی هەموو ئەو بلیتانەی وا بۆ ڕاگرتنی دیکتاتۆرییەتی خۆی لە بەردەستیدایە.
سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە خۆرهەڵاتی نیشتمان بە بەشداری و پێشەنگایەتیی ژنان و کچانی بوێر بووە هۆی پەرەسەندن و گەشانەوەی گڕوتینی ئەو شۆڕشە لە سەرانسەری جوغڕافیای ئێران و لەنێو هەموو نەتەوەکانی ئەو وڵاتە. هەر ئەمە خۆی لە لایەکەوە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری خستە نێو دەزگای حکوومەت و لەلایەکی دیکەوە، بووە هۆی ئەوە سەرنجی هەموو میدیاکان و چالاکانی مافی مرۆڤ و ژنان لە سەرانسەری جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێ و ببێتە سەردێڕی هەواڵەکان. بۆیە هەر زۆر زوو ڕژیم هەموو هەوڵی ئەوە بوو ئەم خۆپیشاندانانە سەرکوت بکات و بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕەوتی خۆپیشاندانەکان و ئەوەی خەڵک لە شەقامەکان دوور بخاتەوە، هەموو جۆرە سیناریۆیەکی بەڕێوە برد. ئەم سیناریۆسازییانە، بۆ خەڵک دیاردەیەکی نامۆ نییە؛ بۆ نموونە کوشتاری مزگەوتەکەی شیراز و هەروەها ساڵانی ڕابردووش بە سیناریۆی خۆی ئەو کارانەی کردووە بۆ ڕەواییدان بە گرتن و زیندانی و کوشتن (وەکوو، هێرش بۆ پارلمان و قەورەکەی خومەینی). بەڵام ئەمجارە ڕێژیم لە فکری ئەوەدا بوو سیناریۆکەی هەم دەنگدانەوەی هەبێ و هەمیش تێچووی بۆ خۆی کەمتر بێ.
هۆکاری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ سەر قوتابییان
ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەی خۆیان و بەردەوامی سیاسەتە چەپەڵەکانیان هەموو کردەوەیەک تاقی دەکەنەوە و ئەوەی بۆیان گرینگ نییە گیانی خەڵکە و بە ئاسانی دەیانکەنە پردی پەڕینەوەی خۆیان. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم ماوانەی دواییندا بە هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و بەئامانجگرتنی قوتابییەکان، دوایین پەلەقاژەکانی خۆی بۆ مانەوە و سازکردنی ترس لەنێوان خەڵکدا دەکوتێ. بەڵام لەوە بێئاگایە وا خەڵک چیتر زەبروزەنگی پێ قبووڵ ناکرێ و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ڕوداوێک بە چەشنە جۆراوجۆرەکان لە نافەرمانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە. لەم ڕاستایەشدا هەر زۆر زوو نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە پیلانی ڕێژیم تێگەیشتن و بەکارهێنانی چەکی شیمیایی بۆ سەر قوتابییانییان هەروا کە خامنەیی خۆی لە قسەکانیدا وەکوو «تنبیه» ناوی لێ بردبوو، بە جۆرێک هەڕەشە و تۆڵەکردنەوەی ڕێژیم لە هەمبەر خۆپیشاندانەکاندا لەقەڵەم دا.
هەڵکشانی ڕێژەی هەواڵی دەرمانداوکردنی قوتابییان و نەبوونی کاردانەوەی پێویست و گونجاو لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، دەرخەری مەترسیی زۆر لەسەر گیانی خەڵک و بەتایبەت جیلی لاوان و تازەلاوانە. لە ڕوانینی دەزگای سەرکوتەوە ئەمە یەکێک لە ئاسانترین ڕێگای بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتی خەڵکە کە هەم ترس و پاشەکشەیان تێدا دروست و هەمیش ئامانجەکانی دیکەی خۆی پێ دەستەبەر دەکات، بۆیە ئەم هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی وەک سیناریۆیەکی نوێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
دیوە شاراوەکانی پشتپەردەی ئەمنییەتی ڕژیم
یەکێک لەو ئامانجانەی پشت ئەم جینایەتە هەروەک پێشتریش باس کرا، تۆڵەکردنەوە لەو نەوەیە بەهۆی بەشداربوونی بەرچاویان لە خۆپیشاندانەکاندایه و خامنەیی لە کۆتاییدا ناچار بوو دانی پێدا بنێت. ئەو نەوەیە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتییە کە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ڕێبەریی ڕژیم و ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت. ئامانجێکی دیکەی پشت ئەم کارە، دەتوانێ تاقیکردنەوەی جۆرێک لە چەکی شیمیایی بێ بۆ ئەوەی بتوانێ خۆپیشاندانەکانی دادێی خەڵکی وەزاڵەهاتوی پێ سەرکوت بکات. یەکێکی دیکە لەو ئامانجانە، جێگیرکردنی جۆرێک ترس لە داهاتووی ناڕوون و نائەمنی لاوان و تازەلاوان بەتایبەت کچانە. ڕژیم بەم کارە خەریکی برەوپێدان بە وازهێنان لە خوێندن لەنێو بنەماڵەکان و قوتابییەکاندایە کە سەرەڕای زەحمەت و تێچوویەکی زۆر لەم بوارەدا، داهاتوویەکی ناڕوون و پڕمەترسی چاوەڕێیانە. داسەپاندنی ئەم بیرۆکەیە، دەستەبەرکردنی بنەماکانی ئایدۆلۆژی سیاسی-ئایینی خۆیەتی بۆ نموونە: دوورخستنەوەی ژنان لە کۆمەڵگە و داسەپاندنی پیاوتەوەری، برەوپێدان بە دیاردەی «منداڵهاوسەری»، پێکهێنانی بەستێنێکی هاریکار بۆ زیاتربوونی گەندەڵیی ئەخلاقی و زیانی کۆمەڵایەتی، پەروەردەی بەرەیەکی نەخوێندەوار و پاشکەوتوو و ژێردەستە.
ڕوویەکی دیکەی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە دەتوانێ جۆرێک لە تاقیکردنەوە دژە ئەخلاقییەکان بۆ سەر مرۆڤ بێ کە دیکتاتۆرەکان و زلهێزانی جیهان چ بەئاشکرا و چ بە نهێنی بەکاریان هێناوە و لە هەنووکەشدا بەکاردەهێندرێت. ئامانج لەم تاقیکردنەوە لە ڕوانگەی نووسەرەوە بریتییە لە: بەکارهێنانی ئەو کەرەستە شیمیاییە وەکوو ئامرازی شەڕ لە داهاتووی شەڕی وڵاتاندا، بەکارهێنانیان وەکوو ئامرازێک بۆ ئەشکەنجە لە لێپرسینەوەکاندا بۆ زیندانییانی سیاسی، کەڵکوەرگرتن لەو ماددەگەلە بۆ هێرشکردنە سەر حزب و لایەنە سیاسییەکان وەکوو کردەوەیەکی هەمیشەیی، کەڵکوەرگرتن لەم ماددە شیمیاییانە لە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان و دەستنیشانکردنی ڕێژەی بەرگەگرتنی مرۆڤ، و هتد.
ئەوەی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە لە زۆرینەی کاتەکاندا حکومەتە دیکتاتۆرییەکان کاتێک دەگەنە ئەوپەڕی لاوازی و بێدەسەڵاتیی خۆیان، بەرنامەگەلی چەکوچۆڵی شیمیایی وەکوو بەرگێڕەوە لە هەمبەر هێرشی دوژمنانی دیکەوە بەکاردێنن کە هێزێکی باو و زیاتر لەوانیان هەیە یان خاوەنی چەکوچۆڵی کوشتاری بەکۆمەڵن. ئەو حکومەتانەی وا مەترسی داڕمانیان چ لە دەرەوە و چ لە نێوخۆدا لە سەرە، چەکوچۆڵی شیمیایی بۆ هەڕەشە بەتایبەت لە سەر خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و هێزی سنورە نزیکەکانی خۆی بەکار دەبات. نموونەی ئەم بابەتە لەم ساڵانەی دوایینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕاشکاوانە دەبیندرێت.
ئاسەواری بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان
سەرەڕای نەبوونی زانیاری دروست لەسەر جۆری مادەی کیمیایی بەکارهاتوو لە دەرمانداوکردنی قوتابییان، بەڵام ئاسەوارە مەترسیدارەکانی حاشاهەڵنەگرە و لەوانەیە: سەرئێشە و سەرسووڕان، خەواڵوویی، دڵبەیەکاهاتن، دڵەتەپێ، زیانی سیستەمی بەرگری جەستە، زیان گەیاندن بە سیستمی زاوزێی ژنان و هەروەها کۆرپەڵە، زیانی دەزگای ئەعساب، بێهۆشی و خەفەبوون. ئەم ئاسەوارانە و دەستەبەرکردنییان وەکوو ئامانجێکی دێرینەی ڕێژیم، سەلمێنەری ئەو ئیدعایەی خۆیەتی کە پێش ئەوەی واز لە تاج و تەختی زۆرداری لەو وڵاتە بهێنێ کاولکارییەکی بەرین و قەرەبوونەکراو دەخوڵقێنێت.
ئاکامی جینایەتە شیمیاییەکان لە ئێراندا
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ساڵێکی دژوار و ناخۆش بە سەر هەموو نەتەوەکانی جوغڕافیای ئێراندا و بەتایبەت کورددا هاتووە. بەڵام ئەوەی کە «اسیدپاش»ەکانی دوێنێ، لە بەرفەرمانییەکی نوێدا بیانەوێ لە ڕێگەی تێرۆر یان ئەشکەنجەی بیولۆژیک و ئەو جۆرە هەوڵە تۆقێنەرانەوە، تەنگ بە خەڵک و بەتایبەت کچان و ژنان هەڵچنن و دەرکەوتن و ژیانی کۆمەڵایەتییان بەرتەسک بکەنەوە، تەنیا هاوسانسازی کرداری تاڵبان لە قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان نییە، گەڕانەوە بۆ ئەو داهاتووە تاریکە نییە وا بیرمان دەکردەوە پەیوەست بە لاپەڕەکانی مێژوو بووە.
بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەروەردەی کچان و تەنانەت قوتابخانە نوێکان لە ئێران، کردەوەیەکی کەم پێشینە نییە. لە شەپۆلی دەرمانداوکردنەکانی ئەم دواییانەدا، هێشتا بازنەی شاراوە نەدۆزراوەتەوە تا پێوەندی ڕاستەوخۆی نێوان خامنەیی و هێرشەکان وێنا بکرێت. تەنانەت ئەگەر خامنەیی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان نەبێ، ئەمە ئەوە وا بە فەرمانەکانی دۆخێکی هاریکاری لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگای «آتش به اختیار»ەکانییەوە بۆ ئەم جینایەتە ساز کردووە.
بۆ داهاتووی ئێران و نەتەوەکانی ئەم جوغڕافیا داسەپاوە هەرچێ زووترە دەبێ بیر بکەینەوە. کاتیشمان زۆر کەمە و پێویستە لە بیرکردنەوە تا بەکردەوە بوونی بیرۆکەکانمان، زۆر کات نەخایەندرێت.