کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد لەنێو بەرداشی سەفەوی و عوسمانییەوە تا شەڕی دووهەمی جیهانی مستەفا مەولوودی

22:02 - 19 بانەمەڕ 2723

مستەفا مەولوودی

 

کاریگەریی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لەسەر پرسی کورد

(کورد لەنێو بەرداشی سەفەوی و عوسمانییەوە تا شەڕی دووهەمی جیهانی)

کوردستان لە سەدەی حەفدەهەم بەتایبەت لە بەر گرینگییەکەی بۆتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵاتەکان و هەمیشە تووشی داگیرکاری و چاوتێبڕین بۆتەوە. بەهۆی هێندێک هۆکاری تایبەت و ستراتیژی وه‌ك هەڵکەوتی ژێئۆپۆلۆتیک و هەڵکەوتی جوغرافیایی، کوردستان دەکەوێتە نێو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە یەکەوە گرێ دەداتەوە و هەروەها دەوڵەمەندە لە ڕووی سامانی کانزایی و سروشتییەوە بە تایبەت نەوت. لە سەدەی شازدەیەمدا ئیمپراتووریی عوسمانی بەهۆی باڵادەستیی توانیویەتی کوردستان داگیر بکا و لە ساڵی ١٣٥٤ی زایینیدا سەفەوییەکان لە ناوچە دەربکات. تا سەدەی حەڤدەیەم خاک و نیشتمانی کوردان بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی دوو ئیمپراتووریی عوسمانی و سەفەوی. کوردەکانیش لەو شەڕانەوە گلاون و لە دوای شەڕی چاڵدێڕان (٢٣ی ئووتی ١٥١٤ی زایینی) و بە دوای ئەو شەڕەدا کوردستان بۆ یەکەم‌جار تووشی پارچەبوون بوو، بەڵام کورد لەو سەردەمیشدا لەنێو ڕووداوەکاندا بووە و لە ناوچەکەدا فەرمانڕەوایی کردووە. لەو سەردەمدا پێنج میرنشینی بەهێز (هەکاری، بادینان، سۆران، بابان و ئەردەڵان) لەنێو گۆڕەپانی سیاسیدا بوون و لەگەڵ دوو دوژمنی خاک و نیشتمانی کوردان دەست و پەنجەیان نەرم کردووە. ئەو ئەمیرە کوردانە زۆر بەهێز بوون. زۆر جاران هیچ حیسابیان بۆ عوسمانی و ئێرانییەکان نەکردووە. شەڕەفخانی بەدلیسی باسی نامەیەکی عێزەدین، میری هەکاری بۆ سوڵتانەکانی ئاق‌قۆینلوو دەکات کە بۆی نووسیوە و دەڵێ: "هەتا قەڵای گومەگێل و قەڵای عمادییە و قەڵای سوێ بمێنێتەوە و لە دەستی ئێمەدا بن، کورد لە توندوتیژیتان ناترسێ".

پاش دیاریکردنی سنووری دوو ئیمپراتووریی عوسمانی و ئێرانی سەفەوی، میرنشین و خێڵە کوردەکان وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی سیاسی ماونەتەوە و پرۆسەی ڕێکخستنی خۆیان و ژیانی ئابووریی کوردەکانیان ڕێک خستووە. لە ڕووی پراکتیکەوە بە یەک ئاراستەدا دەڕۆیشتن و هیچ کاتێک سنووری خاکی میرنشینە کوردەکان وەک بۆتان، بەدلیس، هەکاری و ئەردەڵان و میرنشینە کوردەکانی تر نەبوون بە بەربەست لە کاتی گەڕان و هاتوچۆ لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. زۆرجاریش لە کاتی هەستیاردا میرنشینە کوردەکان بە ناوی هەموویان قسەیان کردووە، کاتێک میری هەکاری لەگەڵ دەسەڵاتی (ئاق قۆینلو) قسەی دەکرد، بە ناوی کورد قسەی کردووە.

لە سەدەی هەژدە و نۆزدەیەمدا چەندین ڕووداوی مێژوویی و جیهانی ڕوویان دا کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان دانا. لەو دوو سەدەیەدا کە ئاسیا زۆر بەخێرایی گۆڕانکاریی بەسەردا هات، شۆڕشەکان و شەڕەکانی ناپلئۆن کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە هەبوو. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە گۆڕەپانی ململانێیەکانی فەرانسە، بریتانیا و ڕووسیە. بەو جۆرە پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاست ئاراستەیەکی دیکەی بەخۆوە گرت و بوو بە یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم.

کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا میرنشینی بەهێزی تێدا دەرکەوتووە، وەک میرمحەممەدی ڕەواندز کە داوای پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی کردووە. میرمحەممەدی ڕەواندز لە ساڵی 1815ی زایینیدا تا ساڵی ١٨٢٠ سنووری دەسەڵاتی خۆی فراوان و بەربەرین کردووە، دراوی لێ داوە و لە کاتی وتاری هەینی لە مزگەوتەکان تەنیا ناوی ئەو براوە نەک سوڵتان یان خەلیفەی عوسمانی. دەسەڵاتی میرمحەممەدی ڕەواندز تا ساڵی 1834زایینی درێژەی هەبووە. ساڵی 1858زایینی میری بۆتان (میر بەدرخان) بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەمر و فەرمانی عوسمانییەکان بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ کاری کردووە. لەو سەردەمەدا زۆر لە سەرکردە کوردەکان هاوپەیمانەتییەکی پیرۆزیان بە دژی سوڵتان پێک‌هێناوە. میر بەدرخان سیاسییەکی وردبین بووە و بۆ یەکڕیزیی کوردان هەوڵی زۆری داوە. دروستکردنی پێوەندیی باش لەگەڵ ئەرمەن و ئاشورییەکان یەکێک لە هەوڵەکانی ناوبراو بووە. لە ساڵی ١٨٤٢ زایینی دراوی لێ داوە و نووسراوەی سەر دراوەکە "میری بۆتان بەدرخان بەگ" بووە.

ڕاپەرینی عێزەددین شیر (یەزدان‌شێر ) لە ساڵی ١٨٤٧ی زایینی یەکێکی دیکە لە ڕاپەرینە هەرە دیار و بەرچاوەکان بووە و بە بەراورد لەگەڵ ڕاپەرینەکانی دیکە تا ڕادەیەک جیاواز بووە. لە بەر ئەوەی کە ڕاپەڕینەکەی گشتیگر و بەرفەراوانتر بووە هەربۆیە بریتانیا و ڕووسیا بایەخیان پێ داوە و پێکهاتەکانی نیشتەجێی کوردستان وەک ئەرمەنی، ئاشووری و یونانیەکان هاتوونەتە نێو ڕاپەرینەکە و بەو جۆرە ڕاپەڕینێکە زۆر گشتگیرتر و بەهێز بووە.

پرسی کورد لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا

دوای تێکشکانی ئیمپراتوریی عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا و دابەشکردنی خاکەکەی لەلایەن هێزەکانی براوەی شەڕەوە قۆناغی دی لە مێژووی کورد دەستی پێ کرد. بەو هۆیەوە خاکی کوردستانیش بۆ جاری دووهەم بە سەر سێ وڵاتدا دابەش کرایەوە. بەڵام لەو قۆناغەدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەستێنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسیی دیاریکراو و تایبەت بە دەسپێکردنی خەبات و تێکوشانی نیشتمانی و ئازادیخوازی ڕەخساوە و لە هەموو سەردەمەکاندا پرسی کورد لە سەر ئاستی کوردستان بە گشتی و تەنانەت ناوچەشدا مێحوەری گۆڕانگاری میژوویی بووە. هەر بۆیە لەو دەورانەدا چەند ڕاپەرینی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستیان پێ کردووە و هەموویان کەم و زۆر کاریگەرییان لە بردنە پێشی پرسی کورد لە وڵاتەکان و ناوچەکەدا داناوە .

لە وڵاتی تورکیە یەکەم جموجۆڵی کوردی لە "مەلاتیە" لە ساڵی ۱۹۱۹لە لایەن ژمارەیەک لە لایەنگرانی "کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان" دەستی پێ کرد. پاشان لە هاوینی ۱۹۲۰ "خاڵۆبەگ جەبرانلی" دەستی بە تێکۆشان کردووە. ساڵی ۱۹۲۲ لێژنەی سەربەخۆیی کوردستان (ئەرزەروم) بانگەوازێکی بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد بە یارمەتیی ڕووسیە بڵاو کردەوە و سەرۆکی لێژنەکە (خاڵۆبەگ جبرانلی) لە کاتی کۆنگرەی لۆزاندا نامەیەکی ئاراستەی نوێنەری حکوومەتی ڕووسیە کردووە. لە نامەکەدا هاتووە: بڕیارم داوە ڕوو بکەمە ڕووسیە بۆ بەجێهێنانی ئامانجەکانم بە هاوکاریی ڕووسیە و جەخت کردنەوە لەسەر دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ لە ژێر چاودێریی ڕووسیەدا". بەڵام بەداخەوە ڕووسیە بەهۆی پەیوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ تورکیە هاوکاریی بەرچاوی کۆمەڵەکەی نەکرد.

لە عێراق لە سەرەتای نۆڤامبێری (تەشرینی دووهەمی) ١٩١٨ شێخ مەحموود بەرزەنجی کراوەتە حاکم لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان. لە ساڵی ١٩١٩دا شۆڕشێکی بۆ سەربەخۆیی بەرپا کرد و مەحموودخانی دزڵی پشتیوانیی چەکداری لەو شۆڕشە کرد. پاش دوورخستنەوە و گەڕانەوەی شێخ مەحموود بۆ جاری دووهەم بوو بە حاکمی سلێمانی. شێخ مەحموود لە ڕێگای کونسولخانەی ڕووسیە لە تەورێز نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی ڕووسیە کرد کە لە بەشێکی نامەکەیدا هاتووە: "بزاڤی کورد هیوا و ئومێدەکانیان بە جوامێریی گەلی ڕوسی چاکەخواز گرێ داوە ".

هەروەها شێخ مەحموود ساڵی ١٩٢٣ دووهەم نامەی ئاراستەی حکومەتی سوڤییەت و لە ٢٧ی مانگی جولای (تەمووز) ساڵی ١٩٢٣ سێهەم نامەی ئاراستەی حکومەتی سوڤییەتی کردەوە کە هەم ڕەخنەی لە سیاسەتی بریتانیا گرتووە سەبارەت بە کوردستان و هەم داوای پشتیوانی و هاوکاریی لە ڕووسیە کردووە.

بە هەوڵ و تێکۆشانی کورد لە مانگی ئۆکتۆبێری (تەشرینی یەکەم) ساڵی ١٩٢٤دا کۆمەڵەی نەتەوەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر باری ئابووری، ڕەگەزی و نەتەوەیی بریاری دا لێژنەیەک ڕەوانەی ناوچەی موسڵ بکا، بەڵام لێژنەکە لە ساڵی ١٩٢٥دا ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد كه‌ تیایدا مافەکانی نەتەوەی کوردی فەرامۆش کردبوو. بۆ نموونە لە ڕاپۆرتەکەدا تەنها یەک وشەش لە پێوەندی لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی خوێناویی کورد لەپێناو مافە نەتەوەییەکانیان‌دا نەهاتبوو.

لە ئێران لە ساڵی ١٩١٨ سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ) لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەستی بە شۆڕش و ڕاپەرین کردووە. لە ساڵی ١٩٢٢دا سمکۆ خۆی وەک مەلیک ناساندوە و پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ولاتان دەست پێ کردووە، گۆڤاری دەرکردووە، لە کۆبوونەوەی سەرکردە کوردەکان بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموود بەرزەنجی بەشداریی کردووە، زۆر کار و چالاکی دیکەی بۆ دامەزراندنی  دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەکەدا کردووە.

لە ساڵانی بیستەکان و سییەکاندا چەند شۆڕش و ڕاپەرینی دیکە وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥، ڕاپەرینی ئارارات لە ساڵەکانی ١٩٣١-١٩٢٧، ڕاپەرینی دێرسیم لە ساڵەکانی ١٩٣٨-١٩٣٦، هەروەها ڕاپەرینی شێخ ئیبراهیم لە ناوچەی چیای کوردەکان (جبل الاکراد) سەریان هەڵداوە.

 هەموو ئەو ڕاپەرین و شۆڕش و تێکۆشانەی کورد بۆ دەستەبەری دەسەڵاتی سیاسی بووە بەڵام باسی پرس و کێشەی کورد بووەتە هۆی وروژاندن و دڵەراوکێ و نائارامی لە لای فەرمانڕەوایانی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بە سەردا دابەش کراوە، هەر بۆیە ئەرکی سەرەکیی ئەو دەوڵەتانە کاری هاوبەش بوو لە دژی کوردان. ئەو دەوڵەتانە لە مانگی جولای (تەمووز) ساڵی ١٩٣٧ی زایینی پەیماننامەی "سەعدئاباد"یان بەدژی نەیارەکانیان (کە مەبەستی سەرەکییان کورد بووە) بە یەکەوە واژۆ کردووە.

پرسی کورد لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا

لەو سەردەم و قۆناغەدا وردە وردە ڕێکخراوی جۆراوجۆری وەک: "هیوا"، "ڕزگاری" و "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد" سەریان هەڵداوە. بارزانی و لایەنگرانی لە بەهاری 1943 نەخشە و پلانی شۆڕشیان داناوە کە ئەوە بووەتە پاڵپشتیی "هیوا" و ئەو شۆڕشە بە جۆرێک پەرەی گرت کە "نووری سەعید" ڕازی بوو بە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ کورد و لە ساڵی 1943لە مێرگەسوور دانوستانەکان دەستیان پێ کرد. بەڵام سەریان نەگرت و لەگەڵ دەسپێکی شەڕ و بەربەرەکانی وا ڕێکەوت مەلا مستەفا لە ئەیلولی ساڵی 1945دا ڕوو بکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چوونی مەلا مستەفا بارزانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات بووە لەگەڵ دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان. دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد، بوو بە ڕووگە و ئومێدی خەڵکی کوردستان و مەلا مستەفاش هاوکارییەکی بێ‌وێنەی ئەو کۆمارە و قازی محەممەدی کرد. بەدوای شکستی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە و تێکچوونی کۆماری کوردستانیش، گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشان ڕانەوەستاوە. خەباتی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستاش هاوکات لەگەڵ چەند حیزبی دیکە بۆ بەدەستخستنی مافەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات هەر لە ئارادایە.

تێکۆشانی خەڵکی کوردستان لە باشوور بە ڕێبەریی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی لێ کەوتەوە، پاشان شۆڕشی نوێ سەری هەڵداوە و ئاکامی ئەو خەباتە له باشوور بۆتە هۆی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو گەله تێکۆشەرە لە تێکۆشان و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و پتەوکردنی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی دامەزراوە مەدەنی و ئیدارییەکان لە هەوڵەکانی بەردەوام بووە و لە ئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆتە جێگەی هیوا و ئومێدی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.

سرووشتییە لەم سەردەم و قۆناغەدا کورد لە باکوور و ڕۆژئاواش لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاوە و بە هۆی خەباتی بێوچان لە تورکیە، پرسی کورد بۆته‌ پرسێکی گرینگ و هەستیار لەو وڵاتە و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەپێی هەلومەرجێک کە لەو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە، کورد بۆ ئیدارەکردن و خۆ بەڕێوەبەرییەکی دێموکراتیک تێدەکۆشێ.

کۆی ئەو باسە ئەوە بیر ئێمە دەخاتەوە کە سەرەڕای پیلانی دەوڵەتان و سیاسەتی زلهێزان و وڵاتانی بەرژەوەندی خواز، کورد هیچکات لە خەبات و تێکۆشان کۆڵی نەداوە. ئاکامی ئەو خەباتە وای لێ هاتووە کە لەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش‌کراوە و زلهێزەکانی دەسەڵاتداری ناوچەکەش ناتوانن چاوپۆشی لێ ‌بکەن و  پرسی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستاندا بۆتە یەکێک لە پرسە هەرە گرینگ و هەستیارەکان. دابەشکردنی کوردستان، کوشتنی خەڵکی کورد و وێرانکردنی کوردستان نەک هەر نەبوونە هۆی چارەسەر بەڵکوو ئەم تاوانکارییە کێشەی کوردی گەیاندۆتە پارلەمانی وڵاتان و نێو بیروڕای گشتیی خەڵکی جیهان و سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە ڕۆژانە بەسەر کورد دێن، کوردی گەیاندۆتە قۆناغێک کە هەتا سەرکەوتن گەڕانەوەی بۆ نییە.