کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: پڕشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن یارمەتیدەری سەرەکیی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر خەڵک و وڵاتە

13:27 - 31 بانەمەڕ 2723

دیمانە: عەلی بداغی

ئاماژە: "کوردستان" بە مەبەستی لێکدانەوەی تازەترین دۆخی ئێران، سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی و هەلومەرجی خەبات بە دژی ڕێژیم لەلایەن خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەوە چەند پرسیارێکی ئاراستەی کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە. بەڕێزیان لەو وتووێژەدا باس لە گرینگترین کێشە و قەیرانەکانی بەردەم دەسەڵات و هەر بەو پێیەش ئارێشەکانی بەردەم ئۆپۆزیسیۆن و ڕێگاکانی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

 

کاک حەسەن هەڵسەنگاندنی جەنابت بۆ دۆخی یەکانگیریی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا و هەروەها ڕەوشی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم چییە؟

ئەو دۆخەی ئێستا کۆماری ئیسلامی تێی‌دایە، هەرچەند بەڕواڵەت ئامادەبوونی خەڵک بەدژی ئەو ڕێژیمە لەسەر شەقامەکان کەمڕەنگتر و تەنانەت بێڕەنگترە، بەڵام ئەوە بەمانای یەکانگیریی و سەقامگیریی وەزعی ئەم ڕێژیمە نییە. تا ئەوکاتەی بێزاریی خەڵک لە نێوەرۆکی واقعیی ڕێژیم لە جێگای خۆیەتی و دروشمی ڕووخانی ڕێژیم، دروشمی سەرەکی و هاوبەشی گەلانی ئێرانە؛ قسەکردن لە بوونی سبات لەو ڕێژیمەدا مانا نابەخشێ. بەتایبەت کە وەزعی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییش بەهۆی نایەکگرتوویی و بوونی ناتەبایی تاریفێکی نییە. هەرچەند هیند وردە هەوڵی ناسەرکەوتوو لەو بارەوە هەبوون، بەڵام شوێندانەر نەبوون.

 هەر بەو پێیە پێتان وایە گرینگترین کێشە و قەیرانەکانی بەردەم دەسەڵات و هەر بەو پێیەش ئارێشەکانی بەردەم ئۆپۆزیسیۆن چین؟

گرینگترین قەیرانی ڕێژیم ماهییەتی خودی ڕێژیمە کە لەگەڵ دنیای سەردەم نەگونجاو و بۆ خەڵکی ئێرانیش غەیر قابیلی تەحەموولە. لەوە زیاتر ئەو گێرەوکێشانەیە کە ڕێژیم وەک بەرهەمی ڕەفتاری دەستێوەردەرانە، تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە لە ناوچەدا وەک قەیران بەرەوڕووی خۆی کردوونەوە. قەیرانی ئۆپۆزیسیۆنیش وەک ئاماژەی پێ کرا، پڕشوبڵاوی، یەکتر ئینکارکردن، قبووڵ‌نەکردن و تەنانەت بۆ هێندێکیان زیاتر لە دژایەتی لەگەڵ ڕێژیم، دژایەتیکردن لەگەڵ بەشێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە و داخستنی دەرگای هەرجۆرە دیالۆگێک لەگەڵ یەکترە کە ئەوە یارمەتیدەری مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر خەڵک و وڵاتە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا باس و تەوەری سەرەکیی کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکان پرسی دروستکردنی هاوپەیمانیی سیاسی بووە. پێتان وایە ئەوە لەوەڕا دێ کە مەرگی ئەو ڕێژیمە زۆر نیزیک بۆتەوە و دەبێ پەلەی لێ بکرێ؟ ئەگەر وایە بە کام هۆ؟ ئەگەر نا، ئەدی بۆ؟

ئەوە کە پرس و باسی سەرەکیی کۆڕۆکۆمەڵە سیاسییەکان و تەنانەت ویستی زۆربەی خەڵکی ئێران دروستکردن و پێکهێنانی هاوپەیمانی و یەکگرتویی نێوان هێزە سیاسییەکان بووە و هەیە لە پێویستییەکی واقعیی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێ. ئاشکراشە هەرچی خەبات دژی ڕێژیم جدیتر و بەرینتر دەبێ، ئەو پێویستییە پتر خۆی دەردەخات. بەڵام دەبێ ئەوە بسەلمێنین کە مەرگی ڕێژیم بۆخۆی و بە پێی خۆی بەرەوپیلی خەڵکی ئێران نایەت، بەڵکوو ئەوە خەباتی لێبڕاوانە و یەکگرتووانەی گەلانی ئێرانە کە مەرگی ڕێژیم و تەمەنی ئەو ڕێژیمە لە کورتی دەبڕێتەوە. کەوابوو لە هەر حاڵ و هەلومەرجێکدا پەلەکردن لەو یەکگرتوویی و پێکهێنانی هاوپەیمانییە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

سەرهەڵدانی بەرینی خەڵک کە لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا گەیشتە لوتکە بە ئاکام نەگەیشت، یان هەتا ئێستا ناکام ماوەتەوە. ئێوە هۆکارەکانی لە چیدا دەبینن؟

ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران لە پاییزی ڕابردوودا کە لە کوردستانەوە وەڕێ کەوت و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە هاواری بۆ کرا و دواتر دەکرێ بڵێین سەرانسەری ئێرانی گرتەوە؛ لە جۆری خۆیدا لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دژ بەو ڕێژیمە بێ‌وێنە بوو. ئەگەر پێشتر حەڕەکەتێک هەرچەند تا ڕادەیەک بەرینیش وەڕێ کەوتبێ، بەمجۆرە هەموو ئێرانی نەگرتبۆوە. ئەگەر پێشتر توێژێک یا سینفێک بۆ داخوازییەکانی خۆی حەڕەکەتێکی کردبێ، ئەوجار هەموو ئێران بۆ یەک داخوازی، ئەویش ڕووخانی ڕێژیم لەسەر شەقامەکان بوون. ئەگەر پێشتر ڕووی ڕەخنە لە کردەوەیەک یان بڕیارێکی ڕێژیم بوو، ئەوجار ڕووی حەڕەکەتی خەڵک دژ بە هەموو ڕێژیم و لە سەروویانەوە خامنەیی بوو. جگە لەوە پشتیوانی و حەڕەکەتی بێ‌وێنەی ئێعترازیی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و بیروڕای گشتیی خەڵکی دونیاش و تەنانەت بەشێک لە وڵاتانیشی بۆخۆی مسۆگەر کرد و ئەوانەش وای کرد ڕێژیم خۆی لە لێواری گۆڕ و نەماندا ببینێت.

بەڵام حەڕەکەتی وا گەورە و وا یەکگرتووانە و وا یەکدەنگ و یەک داخوازییە کە ڕووخانی ڕێژیم بوو، بۆ ناکام مایەوە؟ هەرچەند ئەمە حەرەکەتێکی تێکڕایی و سەرانسەری بوو، بەڵام چەند توێژ و سینف یان شانیان وەبەر نەدا، یان ئەرکی خۆیان بەوەخت ڕانەپەڕاند کە یەک لەوان کرێکارانی شوێنە پیشەیی و شوێندانەرەکان، یان بازاڕییەکان کە بەوجۆرەی پێویست بوو ڕەگەڵ نەکەوتن یان بەوەخت نەجووڵان. دیارە ڕێژیم کە خۆی لە مەترسیی جدییدا دەدیت، زۆر زیاتر و بێ‌بەزەییانەتر جینایەتیان خوڵقاند و دەستیان لە هیچ ڕەفتارێکی دژی ئینسانی نەپاراست. هەزاران ژن و منداڵ و لاوی ئەو وڵاتە شەهید کران، سەدان کەس ئێعدام کران و دەیان هەزار کەس قۆڵبەست و زیندانی کران کە ئەو ڕەوتە هەتا ئێستاکەش درێژەی هەیە. هەموو ئەوانە و کۆمەڵێک پیلانی دیکەی ڕێژیم لەو هۆیانە بوون بۆ دامرکانەوەی کاتی و نیسبیی ئەو حەڕەکەتە.

لەو پێوەندییەدا نابێ ئەوەش نەبینین کە ڕەفتاری هیندێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش لە کەلێن‌خستنە نێو ڕیزی یەکگرتوویی خەڵک و هێرش بۆ سەر لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بەنۆرەی خۆیان دەوری ناجایزیان گێڕا. بەڵام بە هەموو ئەوانەوە مادام ڕێژیم بەو ماهییەتەوە و بەو ڕەفتارانەوە بیهەوێ درێژە بە تەمەنی بدات، ئەم حەڕەکەتە سەر هەڵدەداتەوە و خەباتی دژی بەو ڕێژیمە هەر بەردەوام دەبێت، جا با ئەگەر نزمی و کەمڕەنگییش ماوەیەک بە ڕوخساریەوە دیار بێت.

یانی سەرەڕای ئەو ڕکوودە نیسبی و کاتییەی بە حزووری خەڵک لەسەر شەقامەکاندا دیارە، ئێوە پێتان وایە لە داهاتوویەکی نیزیکدا ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی دەست پێ دەکەنەوە؟

ڕاستە لە ئێستادا کەمڕەنگی و بێ‌ڕەنگییەکی نیسبی و کاتی لە حزووری خەڵک لەسەر شەقامەکان دەبیندرێ، بەڵام ئەوە بە مانای کپ‌بوونی خەڵک و ملدان بە ڕەفتاری دژی‌ئینسانیی ڕێژیم نییە. بۆیە مادام گۆڕان لە ماهییەتی ڕێژیمدا نە لە ڕابڕدوودا پێک‌هاتووە و نە لە داهاتوودا پێک دێت، هەروەها مادام خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە بەتەواوی بێزراون و بە دوژمنی ماف و ئازادییەکانی خۆیانی دەزانن و خەبات لەدژی ڕێژیم بە ئەرکی ئینسانی، نیشتمانی و ئازادیخوازانەی خۆیانی دەزانن؛ ئەو خەباتە هەر بەردەوام دەبی و دوورەدیمەنی شیاوی لێ بەدی دەکرێ. گرینگ ئەو بەردەوامی و یەکگرتوویی خەڵکی ئێرانە کە ڕازێنەرەوەی ئەو دوورەدیمەنە دڵخوازە دەبێت.

پێتان وانییە لە ئێستادا کەلێنێکی گەورە لە نێوان خەڵک لە نێوخۆی وڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات هەیە؟ چەندە ئیمکانی یەکیەتیی نێوخۆ و دەرەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامی لەسەر عەرزی واقع هەیە؟

کەلێنێکی گەورە و درزێکی پڕنەبۆوە لەنێوان خەڵک لە نێوخۆی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات بەدی ناکرێ کە تا ئەو ڕادەیە ببێتە هۆی ناهۆمێدی، بەتایبەت کە دیتمان چ پشتیوانی و هاوسۆزییەکی بەرین لە زۆربەی وڵاتان بە هۆی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە شەقامی شارەکانی دەرەوە بەڕێوە چوو، و تا ڕادەیەک بوونە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتیی دەرەوەی وڵات و تەنانەت هیندێ دامەزراوەی نێونەتەوەیی بۆ لای حەڕەکەتە ئێعترازییەکانی نێوخۆی وڵات.

دیارە نەک بە مانای کەلێنی گەورە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا دەتوانین بڵێین لەنێوان دروشمەکانی یەکدەنگ و یەک‌خواستی نێوخۆ و وڵات و هیندێ کردەوەی نادروستی بەشێکی ئۆپۆزیسیۆن و داخوازە ڕێکخراوەییەکەی ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن تەفاوەت و ناتەبایی بوونی هەبوو لە ئەوەش هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد زیانی بە نەفسی حەڕەکەتە پڕنێوەرۆک و مانادارەکە گەیاند. هیوادارم ئەو بەشەش لە ئۆپۆزیسیۆن بە واقعبینی بڕوانێتە حەڕەکەتەکانی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و لە داهاتوودا ئەزموون لەو ڕەوتەی ڕابردوو وەربگرێت.

بۆچوونێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرجەستە دەبێ ئەو ئاکامگیرییە دەکا کە حیزبە کوردییەکان بارتەقای دەنگی کۆمەڵگەی کوردستان و قورسایی ئەوان لە شۆڕشدا خاوەندارەتی لە شوناسخوازی و پرسی نەتەوەیی کورد لە ئێران ناکا. ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

من ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر بە ناڕاست دەزانم. ڕەنگە حیزبە کوردییەکان بەشێکیان بارتەقای فیداکاریی خەڵکی کوردستان نەجووڵابنەوە یان هەڵوێستی وایان لە خۆیان پێشان نەدابێ کە خاوەندارەتی لە شوناسخوازی و پرسی نەتەوەییان پێوە دیار نەبووبێ، بەڵام هەشبووە لە هەموو حاڵێکدا پرسی نەتەوەیی و شوناسخوازیی نەتەوەکەی لە سەروو هەموو شتێک بووە. هەرگیز بیروڕای گشتییش فیداکاریی خەڵک و حیزبەکانی لێک جیا نەکردۆتەوە. جیاکردنەوەی نەک نێوەرۆکی، بەڵکوو ڕواڵەتیش لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورد و پرسی نەتەوەیی و شوناسخوازیی کورددا نییە.

هەر وەک تەواوکەری پرسیاری پێشوو، ئەو بۆچوونەش هەیە کە کورد لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا لە سەنگەری هەرە پێشەوەی خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە بووە، زۆرترین خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە و قورسترین تێچووی داوە و هەتا ئێستاش هەر لە ڕیزی پێشەوە دایە. کەچی دیسان پەراوێز دەخرێ و وەلادەنرێت. بۆ؟

لەوەدا کە کورد لە ئێران لە سەرەتاوە ڕازی بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی نەبووە و بەردەوام لەدژی دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک ئەویش لە جۆری دواکەوتووی ئەو ڕێژیمە بووە، لەم ٤٤ ساڵەدا خەباتی بەردەوام و خوێناویی لەدژی کردووە و لەم حەڕەکەتەی دواییشدا دەستپێشخەر و لە سەنگەری هەرەپێشەوەدا بووە؛ نە کورد خۆی بەڵکوو هیچ لایەنێک حاشای لەو ڕاستییە نەکردووە. بەڵام ڕاستە بەوحاڵەش پەراوێز دەخرێت.

لەو بارەیەوە پێویستە بڵێم کورد ئێستا سیمای واقعی و ڕاستینی دێموکرات‌بوون و ئازادیخوازیی خۆی بە هەمووان سەلماندووە. ئەو دروشمانەی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی ئێران گەواهیی ئەوە دەدەن کە کورد بۆتە چاو و چرای ئێران، یان گوتراوە ئەگەر تاران ببێتە کوردستان، ئێران دەبێتە گوڵستان. بەڵام ئەدی کێ پەراوێزی دەخا یان وەلای دەنێ، ئەوانەی بۆچوونیان لەسەر مافی نەتەوەیی کورد و ئازادییەکانی جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە. ئەوان کوردیان دەوێ بەبێ مافەکانی، دەی خەباتی کوردیش بۆ مافەکانیەتی. بەڵام لە بەرانبەردا هەشن ئەوانەی داوا دەکەن کورد دەورێکی فراوانتر لە خەبات بە پانتایی ئێران بگرێتە بەر. بەخۆشییەوە دۆخی کورد لە ئێران ئێستا جۆرێکە کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ کورد لە حیساباتی خۆیدا دەخیل نەکات.

بێینەوە سەر پرسی پلاتفۆڕمەکان. پێتان وایە گەڵاڵە و نەخشەڕێیەک کە بتوانێ کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات لا بدا دەبێ لەسەر کام بناغە و بنەڕەت داندرابن؟ ئەمەش چ ئەرکێک بۆ هەرکام لە هێز و لایەنە سیاسییەکان بە دنیابینیی جیاوازی خۆیان دروست دەکات؟

بەداخەوە هەڵویستی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بەرانبەر بە بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن لە چوارچێوەی ڕەقابەت و جیاوازیی بیروبۆچوون چۆتە دەرێ شکڵی دژایەتی و دژبەریی یەکتریی بە خۆیەوە گرتووە، بە جۆرێک چەند لایەنی جدیی ئۆپۆزیسیۆن هەن کە بە هیچ جۆر ئامادە نین لەگەڵ یەکدی تەنانەت قسە و دانیشتنیشیان هەبێت. باقی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە هاوپەیمانی لەگەڵ هەرکام لەم چەند لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە سەرەکییە خۆ دەبوێرن. چونکی هاوپەیمانی لەگەڵ هەر یەک لەو لایەنە دژبەرانە بەکردەوە یانی دژایەتیکردنی چەند لایەنی دیکە کە ئەوەش یارمەتیدەری پێکهێنانی نەخشەڕێگایەک نابێت کە گشتگیر و فرەچەشن و فرەلایەن بێت. بەو حاڵەش ناکرێ لەوبارەوە دەست لەسەر دەست دابندرێ و پێویستە گەڵاڵەیەک و نەخشەڕێگایەک بێتە ئاراوە کە لانیکەم لایەنەکانی بەدەر لەو لایەنە دژبەرانە لە خۆی کۆ بکاتەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەوڵی شتێکی لەو بابەتەی داوە و گەڵاڵەکەشی ئامادەیە و بۆ نەزەردان خستوویەتە بەر نەزەری ئەو لایەنانەی کە بوار و دەرەتانی پێکەوە کارکردنیان هەیە. ئەوەش دەتوانێ بە گرینگی و قورساییەکی کە حیزب هەیەتی ڕۆڵێکی تا ڕادەیەک چارەساز بگێڕێ و لەو پڕشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن لەو حاڵەتەی ئێستایدا کەم بکاتەوە.

لەگەڵ سپاسی دووبارە بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتە گشتییەدا ئەگەر قسەیەکتان هەبێ لە کۆتاییدا وەک کۆبەندکردنی باسەکەمان بفەرموون.

بەکورتی ئەگەر بڵێم، دڵنیام کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەولێژیی ڕووخان‌دایە و درەنگ یا زوو دەسەڵاتی شووم و نەحسی لەسەر خەڵکی ئێران لادەچێت. دڵنیام خەباتی خەڵکی ئێران سەرەڕای کزی و بێدەنگیی کاتی یا بەرزی و بەرینیی تێکۆشانی بەردەوام دەبێ هەتا بە ئاکام دەگات. لەو نێوەدا ڕووخانی ڕێژیم بەستراوەتەوە بە بەردەوامیی خەبات، بەردەوامیی خەباتیش بەستراوەتەوە بە یەکگرتوویی خەڵکی ئێران. هەروەها یەکگرتوویی کوردیش یارمەتیدەری بەهێزبوونی کورد دەدا و بەهێزبوونی کوردیش بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەری سەرکەوتنی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکانی ئێرانە.