کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەزموونێک لە نێوان باکوور و باشوور‌دا

00:56 - 2 جۆزەردان 2723

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

رۆژی ١٤ی مەی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و پارلەمانیی تورکیر بەرێوە چوو. لە ئاستی پارلەماندا بەرەی ئاک‌پارتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە توانییان ٣٢٢ کورسی لە ٦٠٠ کورسی بێنێتەوە و لە ئاستی سەرۆک‌کۆماریشدا ئەوەی کە دیاریی دەکات کێ دەبێتە سەرۆک‌کۆماری ٥ ساڵی داهاتووی تورکیە، "سینان ئۆغان" کاندیدای بەرەی "ئات"ە. گرینگ‌ترین خاڵی ئەو هەڵبژاردنە بۆ ئێمەی کوردی رۆژهەڵات هەڵوێستی "مەهەپە"(حیزبی ناسیۆنالیست و ڕاستی توندڕەوی تورکیە) و "سینان ئۆغان"ه، کە هەر دووک لایەن مەرجی سەرەکییان بۆ هاوپەیمانیەتیی لەگەڵ ئەردۆغان دژایەتیی کورده!

زۆر جار چالاکانی سیاسی و کەسایەتییەکانی کورد باسی ئەوە دێننە گۆڕی کە گوایە ئێمە (کورد) لەگەڵ دەوڵەتانی ئێران ، تورکیە، سووریە و عێراق کێشەمان هەیە و ئەو کێشەیە و هەموو تاوانی دژی کورد ئەو دەوڵەتانە کردوویانه و نەتەوەی فارس، تورک و عەرەب وەکوو خەڵکی نێو ئەو دەوڵەتانە، هیچ تاوانێکیان نییە. ڕاستییەکی تاڵە، بەڵام بناغەی ئەو وڵاتانە لەسەر دژایەتیی کورد دامەزراوە و ئەو دژایەتییە بە قازانجی نەتەوەی خاوەن دەوڵەتە لە هەموو ڕوویەکەوە؛ هەتا ئێستا لەگەڵ ئەوەی کە ١٠٠ ساڵ لەو باسە تێ دەپەرێ، بەڵام دۆخەکە نەگۆڕدراوە و هەر چەشنە دژایەتییەکی بەرانبەر نەتەوەی کورد لەلایان داگیرکەرانەوە بە قازانجی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت دەشکێتەوە و تاکی ئەو نەتەوەیەش چ وەک کۆمەڵگە و چ وەک تاک بەتەواوی هەستی بەو قازانجە کردووە؛ تەنانەت داکۆکیشی لێ دەکات.

ئەگەر بمانەوێ ڕوونتر ئەو بابەتە تاوتوێ بکەین، دژایەتیکردنی کورد تەنیا لەلایەن دەوڵەتەکانی داگیرکەر و به هۆکاری دیکتاتۆربوونی دەوڵەتەکانەوە نییە، بەڵکوو لەلایان کۆمەڵگەی نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستانیشەوە، ئێمە وەکوو کورد دژایەتی دەکرێن، واتە ئاکار، سەرکوت ، پیلان و کوشتوبڕی کورد بەدەستی دەوڵەتی فارس، تورک و عەرەب لانیکەمی دڵخوازی بەشێک لە ئەو کۆمەڵگایانەیە، و لە چاوی ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی ئەوان سەرکوتی کورد ڕەوایە و پێویستە! ئەگەر بەو ڕوانگەیەوە سەیری ئێران بکەن، دەکرێت بڵێین له دە ساڵی ڕابردوودا کە خەباتی نەتەوە نافارسەکان لە ئاستی ئێراندا هێزی گرتووە، هەر چەشنە هاوپەیمانییەک کە لە ئێراندا ساز بووە، چ لە ئاستی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی و چ لە ئاستی دەروەی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانین  بەسەر دووبەشدا دابەشی بکەین:

یەکەم: ئەو هاوپەیمانییانەی خوازیاری لادانی هەڵاواردنی نەتەوەیی لە ئێرانن.

دووهەم: ئەو هاوپەیمانییانەی بۆ پاراستنی فارس سەروەری دامەزراون.

ئەگەر ڕوونتر لەسەر ئەو بابەتە بدوێم، دەبێت بڵێم که لایەنە سیاسییەکانی ئێران کە نوێنەرایەتیی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی فارس و باقی نەتەوەکانی‌تر دەکەن؛ لەسەر بنەمایی دژایەتیکردنی مافی نەتەوەکان یان پاراستنی مافی نەتەوەکان لە ئاستی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆندا هاوپەیمانییان بەستووە. بەڵگە بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە که زۆربەی جاران لە چالاکانی سیاسی- ئێرانی دەبیستین که دەڵێن: "مەترسیی (تجزیه‌طلبی) لە گۆڕییە، کەوایە دەبێت پشتی کۆماری ئیسلامی بگیرێت".

 لە نێو بەرەی بەڕواڵەت ئۆپۆزیسیۆنیشدا هەمان باس هەیە و تەنانەت هێندێ لایەنەی وەکوو مەنشووری مەهسا، شوڕای مودیرییەتی گوزار و شوڕای تەسمیم کە نەرماژۆ‌ترن لە چاو لایەنەکانی‌تر، هۆکاری نەرماژۆکەیان ئەوەیە بەو ڕێگایەوە بەجۆرێک خوازیاری ئەوەن ئارستەی مافی نەتەوەکان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان نێن، واتە نەرماژۆبوونەکەیان لەبەر ترس لە نەمانی هێژمۆنیی فارسە، نەک لەبەر باوەر بە پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ!

ئێستا باکووری کوردستان مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە لە چوارچێوەی دێمۆکراسیدا سەرکوت بکرێت، هاوکات باشووری کوردستانیش بەردەوام هەڕەشەی جۆراوجۆری لەلایەن دەوڵەتی بەغداوە لەسەر با لەو بەشەدا پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێ بکەین!

لە پاش چوونە دەرێ ئامریکا لە عێراق لە ٣١ی دێسامبری ٢٠١١‌دا، دەوڵەتی بەغدا سەرەڕایی ئەوەیە دەیان قەیرانی سیاسی و ئابووریی بۆ حکوومەتی هەرێم ناوەتەوە! و بە بیانووی جیاواز لە هەوڵی لاوازکردن و تێدابردنی ئەو حکوومەتەدایە، لانیکەمی دوو جاریش ویستوویەتی کە بە هێزی چەکدار کێشەی نێوان هەوڵێر و بەغدا چارەسەر بکات، جاری یەکەم لە ژانویەی ٢٠١٢ بوو که مالکی دەیەویست سپای دیجلە لە ناوچەی کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم جێگیر بکات و جاری دووهەم هێرشی ٢٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ لە پردێ نموونەیەکی باشن بۆ باسەکەی ئێمە. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەوەی هەتا ئێستا حکوومەتی هەرێمی هێشتۆتەوە، دێمۆکراسی، پێکەوە ژیان پێشگیری نێودەوڵەتی و تەنانەت ئابووریش نییە، بەڵکوو هێزی پێشمەرگەیە و ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبایە دەوڵەتی بەغدا لە باتی سازکردنی قەیرانی ئابووری و سیاسی بۆ هەرێم بە هێزی نیزامی سەرکوتی کوردی دەکرد، وەکوو دەیان نموونەی که له ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا کردوویەتی.

پوختەی مەبەست ئەوەیە تەنیا ڕێگا بۆ ئەوەی مافی کورد لە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکرێت، ئەوەیە حکوومەتێکی کوردیی لانیکەم هاوشێوەی حکوومەتی هەرێم دابمەزرێ؛ واتە حکوومەتێک کە خاوەنی هێزی نیزامی بێت. بۆیەش هەر ڕێ‌چارەیەک کە لە ئێستادا دان بە دامەزرانی حکوومەتێکی کوردستانی لە رۆژهەڵاتدا نەنێ، تەنیا چارەنووسی کوردی تووشی قەیران کردووە و دەرگای فاشیزمی فارس بە کراوەیی هێشتۆتەوە.

وەکوو دەبینین ئەو ٥٪ دەنگی سینان ئۆغان و ١٠٪ دەنگی مەهەپە وای کردووە که کورد لە باکووری کوردستان لە چوارچێوەی دێمۆکراسییدا سەرکوت بکرێت! هیچ دوور نییە، هەمان ئەزموون لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامییش سەر هەڵبدات و دوو نەتەوەی فارس و تورک که پێکەوە زۆرینەی ئێران پێک دێنن، بۆ دژایەتی کورد بە شێوەی دێمۆکراتیک هاوپەیمانی ببەستن؛ ئەزمونی ئەوەشمان هەیە کە لە ساڵی ٥٧دا، پان‌تورکیسم و خومینیسم پێکەوە هاوپەیمانەتییان بۆ سەرکوتی کوردستان بەست.

 لە کۆتاییدا: ساڵانی ٩٣ و ٩٦دا دووجار دەستەی وەزیرانی ئێران لایحەیەکی پێشکەشی مەجلیس  رێژیم کرد که دوو شاری بانە و مەریوان بکرێتە ناوچەی ئازادی ئابووری. لە هەر دوو جارەکەدا نزیک به ١٠٠٪ نوێنەرانی تورک زمانی مەجلیسی ئێران دەنگی نایان دا بەو لایحەیە‌دا و بەو شێوەیە لایحەکەیان ڕەت کردەوە. کە وایە ڕێگای دڵنیایی بۆ دەستبەرکردن و سەقامگیربوونی مافی نەتەوەی کورد، تەنیا دێمۆکراسی لە ئاستی ئێراندا نییە، بەڵکوو دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردستانیی هاوشێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە! واته دەوڵەتێک کە هێزی چەکداری هەبێت.

 

https://bit.ly/3M96pWT