کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت: دەبێت گەرووی هۆرمۆز بە کراوەیی بمێنێتەوە و حیزبوڵڵاش چەک بکرێت

11:30 - 27 جۆزەردان 2726

ڕێبەرانی گرووپی حەوت (G7) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختیان کردەوە کە مافی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە ڕێڕەوە دەریاییەکان، بەتایبەت گەرووی هۆرمۆز، دەبێت بەبێ سنووردارکردن و وەرگرتنی باج بمێنێتەوە.

ڕێبەرانی گرووپی حەوت پشتگیریی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئێران دەربڕی و بە دەرفەتێکیان زانی بۆ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە مووشەکییەکانی. هەروەها داکۆکییان لە دەستپێشخەریی بەرگریی فەرانسە و بریتانیا کرد بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، گرووپی حەوت داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان لە لوبنان کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ هەوڵەکانی دەوڵەتی لوبنان بەمەبەستی چەککردنی حیزبوڵڵا و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاند.

لە کۆتاییدا، داوای خێراکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززە، کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکانی کەنارەی باختەری و زیادکردنی سەرچاوە و ڕێگاکانی گواستنەوەی وزەی جیهانیان کرد.