کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: سەرەڕای ستراتیژیی جیاوازی لایەنەکان پێویستە ناوەندی هاوکاری بەرین بێتەوە، یان دەنا ناوەندێکی گەورەتر پێک بێنین

21:26 - 17 بانەمەڕ 2723

ئاماژە: لە هەشت مانگەی شۆڕشی ژینادا پرسی پێگە و چەندوچۆنیی شۆڕشەکە، هەنگاوی بەکردەوە و جووڵە سیاسییەکانی حیزب و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دواجار نەخشەڕێیەکی سیاسی کە زۆرینەی لایەنەکان لەسەری ڕێک کەوتبێتن لە بابەتە ڕۆژەڤەکانی کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان و ئێرانە. "کوردستان" بە کۆمەڵێک پرس و پرسیارەوە دیمانەیەکی لەگەڵ مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری و بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات پێک‌هێناوە:

کاک مستەفا ٧ مانگ لەوەپێش و لەسۆنگەی ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی ژینا ئەمینی ڕاپەڕینێکی بەرین لە ئێران وەڕێ کەوت. ئەم ڕاپەڕینە ڕاستە سەرکوت کرا، بەڵام پێتان وایە ڕێژیم توانیبێتی بەسەر دۆخەکەدا زاڵ ببێت؟

من باوەڕم وا نییە کە ڕێژیم توانیبێتی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران سەرکوت بکات. ئەگەر بەهۆی فشارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک چوار مانگی پێش ئێستا خەڵک بە ڕۆژانە لەسەر شەقام نین و وەک پێشوو ڕۆژانە لە مەیدانەکاندا دیار نین، ئەوە بە مانای ئەوە نییە خەڵک تەسلیم بوون و ڕاپەڕین سەرکوت کراوە. ئەوە نییە ڕۆژانە بە شێوەی جۆراوجۆر شاهیدی ناڕەزایەتی و لە مەیداندابوون و مانگرتنی چین و توێژەکانی خەڵکی وڵاتین. بۆیە ڕێژیم سەرەڕای ئیدیعاکانی نەک نەیتوانیوە بە سەر دۆخەکەدا زاڵ ببێت، بەک نەیتوانیوە ئیرادە لە خەڵک بستێنێ و خەڵک لە ویست و خواستەکانی پەژیوان بکاتەوە؛ بگرە هەر ئەو ڕاپەڕینە و بەردەوامییەکەی و مافخوازیی خەڵک گەورەترین کێشەی بۆ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی دروست کردووە.

ئەو ڕاپەڕینە کە زۆرتر بە بزاڤی ژنان و گەنجان پێناسە کراوە؛ لە بەردەوامیی خۆیدا ئێستاش دەبینین بەربەرەکانێی ئازایانەی لاوان ژنان لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشاندا، ڕێژیمیان دەستەوەستان کردووە. ئەمەش وای کردووە کە ڕێژیم هەموو توانا مەزهەبی، قانوونی و ئەمنییەتییەکانی بخاتە گەڕ بۆوەی ئەم جووڵانەوەیە بوەستێنێ. دەبینین کە بە جەریمەکردن و پێشگرتن لە کار و سنووردارکردنی ژنان لە زۆر باری ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتیدا بەربەستی قورسی بۆ دروست کردوون و ڕاستەوخۆش ڕۆژانە لە ئیدارەکان، لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بەربینگیان پێ دەگرن، هەستیان خەوشدار و بریندار دەکەن؛ بەڵام ژنان و گەنجان کۆڵ نادەن. ڕێژیم تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاوە کە ژیان و کاری تاک بخەنە ژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێری، بەڵکوو لە تاکتیکی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک کەڵک وەردەگرێ و ڕۆژانە بە دەیان ڕێستوران و پاساژ و دوکان پلۆمپ دەکرێن و دادەخرێن،  بەڵام خەڵک پێملی ئیرادە و گوشارەکانی ڕێژیم نەبووە و نافەرمانیی مەدەنی بە شێوەیەکی بەردەوام درێژەی هەیە. بۆیە ئەگەر کورتی بکەمەوە ئەمن لام وایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نە توانیویەتی ڕاپەڕینی خەڵک سەرکوت بکات و نە دەشتوانێ بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێت و لە نیهایەتیدا ئەوە خەڵک و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکە چارەنووسی ڕێژیم یەکلا دەکاتەوە.

هەر لەو ڕۆژانەدا و بەبۆنەی ١ی مانگی مەی (ڕۆژی جیهانیی کرێکاران) دەبینین کە مانگرتن لە زۆربەی شارەکان لەنێو چین و توێژی جۆراوجۆریی کرێکاران و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئارادایە و خەڵک و چینی جۆراوجۆریش پشتگیرییان دەکەن. بۆیە بەدڵنیاییەوە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی ساڵی بەردەوامی و پێشکەوتنی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنیی کۆمەڵانی خەڵک دەبێت.

پرسی هاوپەیمانی یان ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی کە دەکەوێتە ئەستۆی ئۆپۆیسیۆنی ڕێژیم چەندە لە دامرکاندنی کاتیی شۆڕشەکەدا کاریگەری هەبوو. وەک ئەوەی نەیانتوانی هیوا و هۆمێد بۆ بەردەوامیی خەڵک لەسەر شەقام بێڵێتەوە؟

من باوەڕم وایە خەڵکی ئێران حیسابی خۆیان لەگەڵ ڕێژیم یەکلا کردۆتەوە و لێی تێ‌پەڕیون و هەوڵ دەدەن بۆوەی بیڕوخێنن؛ بۆیە لە مەیدانی خەباتەکەشدا زۆر چاوەڕوانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەیان نەکردووە. تەنانەت خواستەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات لە زۆر بوار و ڕەهەنددا لە پێش بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن لە تاراوگەیە و، ئەوە بە تەواوی بە دروشم و ویست و جۆری چالاکییەکانیانەوە دیارە. بەڵام سروشتییە ڕاپەڕین و بزووتنەوەیەکی بەربەرینی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بیهەوێ لە ڕێژیم تێپەڕێ و نیزامێکی دێموکراتیک و بەرپرس بێنێتە ئاراوە، پێویستی بە ئاڵترناتیڤی دیار و جێگای متمانەی خەڵک هەیە کە ببێت بە ئادرەس و جێگەی ئەو ڕێژیمە بگرێتەوە. بۆیە:

یەکەم؛ بۆ خەڵکی ئێران و جۆراوجۆرییەکانی وڵات گرینگە بزانن چ کەسایەتی و لایەنێک ڕێبەڕایەتیی سیاسیی جووڵانەوەکە دەکات.

دووهەم؛ بۆ دنیای دەرەوەش گرینگە کە نیزامی سیاسیی ئێران بە چ شێوەیەک دەگۆڕدرێ و، ئەو گۆڕانکارییە چەندە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و ئارامی ناوچەکە دەبێت. چونکە وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران بەو پێگە گرینگە و هەڵکەوتەی جوغرافیایی و سیاسییە هەستیارەی دەتوانێ کاریگەریی زۆری لەسەر جێگیری و ناجێگیریی سیاسی و ئەمنییەتی لە ناوچەکەدا. هەبێت و لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا ئەوە فاکتەرێکی گرینگە.

سێهەم؛ وڵاتانی ناوچەکەش بەو ئەزموونەی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەستێوەردەرانە و قەیرانخوڵقێنییەکانی هەیانە، بۆیان گرینگە بزانن ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران چەندە ڕێز لە پێوەندییە سیاسییە باشەکان دەگرێ.

چوارەم؛ بۆ دانیشتووان و پێكهاتەکانی ئێرانیش گرینگە بەپێی ئەزموونێک کە لە ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی هەیانە، بیر لە دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنێک بکەنەوە کە داهاتووی سیاسیی وڵات بەپێی ویستی ئەوان دەستەبەر بکات و جارێکی دیکە ناچار نەبنەوە شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ دیسان گۆڕینەکەی وەڕێ بخەن.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو دۆخە دەبینین بەداخەوە کە ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە تا ئێستا ئاڵترناتیڤێکی بەو تایبەتمەندییە پێک بێنێ و خۆی بناسێنێ. ئەوەش دەتوانێ کاریگەریی نێگەتیڤی هەبێ لەسەر چاوەڕوانی و بیرکردنەوەی خەڵک، بەڵام بەو حاڵەش ئاڵترناتیڤی دێموکراتیک لە خەیاڵگەی خەڵکی ئێراندا غایب نییە و خەڵک بیری لێ دەکاتەوە. من باوەڕم وایە لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران لە نێوخۆی وڵات و بە ئەزموونێك کە لە مێژوودا هەیانە ئۆپۆزیسیۆنی دژی ڕێژیم و ڕێبەری بۆ داهاتووی ئێران دروست دەکەن و ئەوە نابێ جێگەی نیگەرانی بێت.

کوردستان ئادرەسی یەکەمی ڕاپەڕینەکە بوو. ناوەندی هاوکارییش وەک ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان پێناسە دەکرا، کورد زۆرترین قوربانیی لەو شۆڕشەدا دا. بەڵام هەتا ئێستا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەیانتوانیوە لەسەر پلاتفۆرمێکی هاوبەش ڕێک بکەون. بۆ؟

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەواوی قۆناغەکانی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا لە خەبات بەدژی پاوانخوازی و هێرش و سەرکوت بەردەوام پێشەنگ بوون و ڕێژیم نەیتوانیوە قەت بۆ ساتێکیش لە کوردستان ئارخەیان بێت. سروشتییە خەبات و بەربەرەکانێی کورد تێچووی زۆری هەبووە، بەڵام ئەو نەتەوەیە کۆڵی نەداوە، هەر ئەو کۆڵنەدان و خەباتگێڕییەش بۆتە پێناسە و شوناس بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بێگومان وایە شۆڕشی "ژینا" ڕەنگە ئەگەر لە کوردستان جەغماغەکەی لێ نەدرابا لەوانە بوو زوو دابمرکێ و ئەو کاریگەری و شوێندانەرییەی ئێستای نەبوا. ئەوە خەڵکی کوردستان بوون لەگەڵ بەخاکسپاردنی تەرمی ژینادا دەنگیان هەڵبڕی و ڕاپەڕینەکەیان وەڕێ خست و لە بەردەوامیی کوردستاندا ڕاپەڕینەکە بۆ ناوچەکانی دیکەش پەلی هاویشت. بۆیە کورد ئەمجارەش لە خەبات و شۆڕشدا پێشەنگ بوو، و مخابن لە تێچووشی شۆڕش و قوربانیدانەشەکدا پشکی شێری بەرکەوت. بەو پێشەکییەوە دێمە سەر وەڵامی پرسیارەکە.

هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" و بە تایبەتیتر حیزبی دێموکرات لەو ڕاپەڕینەدا دەوری بەرچاویان هەبوو. خەڵکی کوردستانیش هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە ئازایانە لە مەیداندا بوون، بەڵام ڕێنوێنی و هەڵوێستی حیزبەکانیشیان ڕەچاو کردووە. ئەوەش پێوەندییەکی باشی لەنێوان هێزە سیاسییەکان و بزوتنەوەی سیاسی- مەدەنی خەڵکی کوردستان و هەر وەها خەڵکی ئێرانیشدا دروست کردووە و دەکرێ بە بەشێک لە دەسکەوتە باشەکانی شۆڕشی ژینا دابندرێت. بەڵام سەرەڕای ئەو هاوخەباتی و شوێندانەرییە بەداخەوە حیزبە کوردییەکان تا ئێستا لە داڕشتنی پلاتفۆرمێكی هاوبەشدا بە ئەنجامی کۆتایی نەگەیشتوون کە لە ڕوانگەی منەوە دوو هۆکاری هەیە:

یەکەم؛ حیزبەکان لەگەڵ ئەوەدا کە پێوەندیی باشیان لەگەڵ یەکتر هەیە، بەڵام خوێندنەوەیان بۆ ڕووداوەکان و بەو پێیەش هەڵوێستە سیاسییەکانیان زۆر لێک جیاوازە. ئەوەش کارەکەی کەمێک قوڕس کردوە و زۆر هاسان نییە کە هەموو ئەو بۆچوون و هەڵوێستانە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی گشتگیردا کۆ بکرێنەوە.

دووهەم؛ چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵکی کوردستان زۆر گرێدراوی چارەنووسی خەڵکی ئێرانە. هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە داڕشتنی سیاسەتدا ناتوانن هەر بیر لە کوردستان بکەنەوە، بەڵکوو پێویستە بیرێکی جیددی لە هەموو بابەتەکانی سەرانسەری ئێران لەگەڵ ئێرانییەکان لە تاران و هەموو گەلانی ئەو وڵاتە بکەنەوە. ئەوەش کێشەکەی دوو هێندە قورستر کردووە، بۆیە زۆر هاسان نییە هەموو حیزبەکان لە ماوەیەکی زەمەنیی ژورتدا بتوانن لە چوارچێوەیەکدا خۆیان ببیننەوە. بەڵام سەرباری ئەو دۆخە ڕوونە کە کورد پێویستە هەم لە نێوخۆیدا کۆدەنگ بێ و هەم لەگەڵ ئێرانییەکان بۆ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێكی دێموکراتیک لەسەر خەت بێ. لە داڕشتنی پلاتفۆرم و نەخشەڕێی سیاسیدا کورد دەبێ بەپێی سەنگ و قورساییەکەی نەخشی هەبێ و بە بارتەقای خەبات و تێکۆشانەکەی مافەکانی لە داهاتووی ئێراندا جێگیر بکرێت.

بەڕاشكاوی و لە چوارچێوەی پرسیارەکەی پێشوودا بۆچی حەوت مانگ پاش دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا، حیزبی دێموکڕات لە هیچ هاوپەیمانییەکی کوردستان و ئێرانیدا دەرنەکەوتووە؟

حیزبی دێموکرات، حیزبێکی بەئەزموون و وردبینە و بەتەواوی هەست بە هەستیاریی دۆخەکە و ئەرکی سەرشانی خۆی دەکات. بۆ حیزبی دێموکرات هەر کات بیهەوێ زۆر قورس نییە وەک خۆی پێش زۆر هێزی سیاسیی دیکە پلاتفۆرمی تایبەت بە خۆی بڵاو بکاتەوە. لەو پلاتفۆرمەشدا بەزۆری خواست و داوای خەڵکی کوردستان تێیدا ڕەنگ بداتەوە و بەڕوونی بڵێ کە پێویستە چ جۆرە نیزامێک لەسەر کار بێ و چۆن وڵامی پێویستیی سیاسیی پێکهاتەکان و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران بە گشتی بداتەوە. هەروەک لە وڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێ دا، کوردستان لە ئێستادا حیزب و گرووپی جۆراوجۆری تێ‌دایە و جیاوازیی دیاریش لە تاکتیک و ستراتیژی حیزبەکاندا هەیە. بۆ نیزیک کردنەوەی هەموو یان زۆربەی حیزبەکان لە دەوری پلاتفۆرمێکی هاوبەشی تەواو و گشتگیر، کات و دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی باشی گەرەکە. دیارە دەشزانین کە کات درەنگە، بەڵام بەڕاستی دیالۆگ و قسەکردنەکان بەباشی و تەواوی نەکراوە بۆیە تا ئێستا لێک‌تێگەیشتنی تەواویش دروست نەبووە.

هەروەها بابەتی کوردستان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تەواوەتیی ئێران و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتەوە هەیە. پێویستە پلاتفۆڕمێک لەلایەن کورد -بە تایبەت ئەوەی حیزب تێیدا بەشدار بێت- ەوە بدرێتە دەرێ کە بەڕوونی و بەتەواوی وەڵامی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هەستیارەکانی ئێرانی داهاتووی تێدا بەدی بکرێ. دەبێ بزانین لەگەڵ کێ دەکەوینە دیالۆگ، داوای چ جۆرە نیزامێک بۆ داهاتووی ئێران دەکەین، لەسەر چ شتێک ڕێک‌دەکەوین بۆوەی چارەنووسی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینەش بە دەردی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی نەچێ و ئەوەش کارێكی هیند هاسان نییە. پێش هەموو شتێک یەکڕیز و یەک‌گوتاریی هێزە سیاسییە کوردییەکانی گەرەکە کە تا ئێستا ئەوە نەهاتۆتە دی. لەڕاستیدا خەباتێکی سەختە و دەبێ لەگەڵ ئێرانییەکان لە مەیدانی قسە و دیالۆگدا بیبەینەوە و سەنگ و قورسایی خۆمانمان هەبێت. جیا لەوەش دەکرێ ئەو وەدرەنگ‌کەوتنەش هەمووی بە زیان نەقەبڵێندرێ، بەڵکوو بە دەرفەتێک بۆ شەن‌وکەوکردنی هەموو بابەت و کەلێن و قوژبنەکان دابندرێ. بۆ ئەوەی لە پلاتفۆرم و هاوپەیمانییەکدا خۆمان ببینەوە کە جێگای پەسندی خەڵکی کوردستان بێت و زۆرینەی نیزیک بە تەواوی خواستەکانی خەڵکەکەمانی تێدا دەستەبەر بووبێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم چوار مەنشوور وەک نەخشەڕێ بۆ ئێرانی داهاتوو بڵاو بوونەتەوە. کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو مەنشوورانە لەسەر ڕەوتی شۆڕشی خەڵک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

یەکێک لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا ئەوە بووە حیزب و کەسایەتیی جۆراوجۆری سیاسی لە هەموو ئاستەکاندا بیر لە جۆری نیزامی داهاتوو لە ئێراندا بکەنەوە و هەر حیزب و لایەنێک لە ڕوانگەی خۆیەوە نەخشەڕێگای داهاتوو دەستنیشان دەکات. ئەوە لەجێدا شتێکی باشە. هەر لەو ڕوانگەوە هەر بەشێک بە ڕادەی تێگەیشتن و دنیابینیی خۆی مەنشوور و نەخشەڕێی خۆی دێنێتە گۆڕێ و لەو ڕێگایەشەوە دەکرێ زۆرتر زانیاری و ناسین لەسەر دنیابینی و هەڵوێستی حیزب و کەسەکان وەدەست بێنی و ئەوە یارمەتی دەکات لە جێگای ئەوەی هەموو حیزب و ڕەوتە سیاسییەکان بەجیا و یەک بە یەک بکەونە دیالۆگ و قسەکردن، بلۆکی سیاسی دروست ببێت و؛ بلۆکە سیاسییەکان دەکرێ لەگەڵ یەکتر دیالۆگ بکەن. هەر ئەوەش زۆر و کەم چاوەڕوانی لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا درووست کردوە. تەنانەت دنیای دەرەوەش زۆرتر سەرنجیان کەوتە سەر بیرکردنەوە لە داهاتووی ئێران. ئەوانە هەموویان دەکرێ بە خاڵی باشی جووڵانەوەکە دابندرێن. بەڵام ئەگەر بپرسین کە ئەو مەنشوورانە بەگشتی چەندە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکانی ئێران داڕێژراون؟ ئاخۆ کۆمەڵگەی ئێرانیان بەو جۆرەی کە هەیە ناسیوە؟ یان لە داڕشتنی مەنشوورەکاندا چەندە پڕژاونەتە سەر هەموو بابەتەکان و وڵامی چاوەڕوانییەکانیان داوەتەوە؟ ئەمن بە ڕاشکاوی دەڵێم نا. چوونکە یەکەم؛ مەنشوورەکان گشتگیر نەبوون. دووهەم؛ لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیان وەک هەیە تێ نەگەیشتوون. سێهەم؛ لەگەڵ ئەوەدا باس لە جیاوازییەکان دەکرێ بەڵام بەڕوونی باس لەو جیاوازی و جۆراوجۆرییانە ناکەن کە لەکۆمەڵگەی ئێراندا هەن و دەبێ دانیان پێدا بنرێت. هەر بۆیە ڕێگای گونجاویان بۆ چارەسەری کێشەکان دەستنیشان نەکردووە. لە نیهایەتدا ئەو مەنشوورانە وەک پێویست لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا وەرنەگیراون و نەبوونەتە هۆی یەکیەتیی نێو هێزەکان و بگرە تەنانەت بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و بەریەک‌کەوتنیش. لەئێستادا دەبینن لەباتی ئەوەی ببین بە ئادرەس و سەرچاوەی کۆکردنەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ کەموکوڕییەکان زیاتر دەردەکەون و تووشی لێکدابڕان و لێک‌ترازان دەبن. هیوادارین ئەو ئەزموونانە ببن بە دەرسێک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کۆی حیزبەکان کە ئەگەر بیر لە مەنشوور و نەخشەڕێ دەکەنەوە، با پلاتفۆرمەکە هەڵقوڵاوی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێ و پێویستیی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو پێکهاتەکانی ئێران تێدا بگونجێندرێ.

سەنگی کورد لە دیالۆگەکانی ئێستای نێوان ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی چەندە بووە؟ بە سەرنجدان بە ئەزموونەکانی هەشت مانگی ڕابردوو لە بنەڕەت ڕا پێتان وایە ئەو دیالۆگانە دەسکەوتیان بووبێ؟

سەنگی کورد بە زۆر پێوانە دەبێ بەهێز بێ و بەهێزیشە.

یەکەم؛ کورد هەموو کاتێک لە سەنگەری پێشەوەی خەباتدا بووە لەدژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و لەو پێناوەدا هەزینەی زۆری داوە، بەڵام کۆڵی نەداوە.

دووهەم؛ کورد پێش هەموو هێزە سیاسییەکانی ئێران ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی ناسی و دەنگی پێ نەدا و خەباتی بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە کرد و بەبەردەوامی تێکۆشاوە بۆ هێنانەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموکراتیک.

سێهەم؛ کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان باوەڕیان بە دێموکراسی و ئازدای و مافی سیاسی و  پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی مرۆڤەکان هەیە و بۆ وەدیهێنانی ئەو دروشمانە تێ‌کۆشاون. ئەو فاکتەرانە وای کردوە کوردستان ببێتە چەقی ڕووداوەکان و ئەوەش تایبەتمەندییەکی گرینگی داوە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەرەڕای هەموو سەختی و دژوارییەکان و تێچوویەک، کوردستان و پرسی کورد لە بزووتنەوەی سیاسیی ئێراندا زۆر دیارە و ناکرێ بە هیچ شێوەیەک پشت گوێ بخرێ. هەربۆیە لەئێستادا بە هەر شێوەیەک باس لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە ئێراندا بکرێت، کوردستان یەکێک لە فاکتۆر و دادە بەهێزەکانە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ. زۆر هێز و دەستە و حیزب و کەسایەتی سیاسییش کە باس لە دیالۆگ دەکەن ناتوانن کوردستان وەک فاکتۆرێکی بەهێز لەبەرچاو نەگرن. لەنێو هەموو ئەو مەنشوورانەی تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە یان قسە لە داهاتووی ئێران دەکرێ، باسی کوردستان و حیزبەکانی کوردستان و مافی خەڵکی کوردستان کەم و زۆر بوونیان هەیە. هەر ئەوەی کە ئەو بەستێنە دروست بوو و ئێرانییەکان بە خوێندنەوەی جیاواز ئامادەن دیالۆگ بکەن و بەیەکەوە بابەتەکان بێننە بەرباس بۆ خۆی دەسکەوتە. هەروەها بیرکردنەوە لەوەی بە دیالۆگ پێویستە بابەتەکان یەکلا بکەینەوە و هیچ لایەک لانیکەم بوێری ئەوەی نییە دیالۆگ بە ڕێگەیەکی ناموناسب بزانێ ئەوەش خۆی لە خۆیدا باشە، بەڵام ئەنجامی چی بووە جارێ ناکرێ لەسەر ئەو بابەتە یەک‌لایەنە قەزاوەت بکەین و حوکمی کۆتایی بدەین. هەشت مانگ زەمانێکی کەم نییە بۆ دەرکەوتنی ئەنجامی دیالۆگ. بەڵام بەو هەمووە جیاوازییانە کە لەنێو هێزەکان و کەسایەتییە ئێرانییەکاندا هەیە، پێویستە کاتی زۆرتر بە دیالۆگ بدرێ و چاوەڕوان بین.

کۆمەڵە وەک یەکێک لە حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری چووە نێو بەرەیەکەوە کە ئێوە بەڕاشکاوی ڕەتتان کردەوە. ئەمە چەندە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و چارەنووسی ناوەندی هاوکاری داناوە؟

پێوەندیی سیاسی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە پێوەندییەکی سیاسیی تەندروستە. ئەوەی ئەو ماوەیەش بەیەکەوە لە ناوەندی هاوکاری کاریان کردووە، ئەزموونێکی باش بووە. بەڵام هەروەک لە ناوی ناوەندی هاوکاری ڕا دیارە ئەو دوو حیزبە لە پێوەندی لەگەڵ بابەتە سیاسییەکاندا بەیەکەوە هاوکاری دەکەن و هیچ قەدەغە و قۆرغێک بەڕوونی دیاری نەکراوە کە ئەو دوو لایەنە بەتەنیا نەکرێ لەسەر بابەتێکی سیاسی بەتەنیا خۆیان بەشدار بن. هەروەک تا ئێستا ئەگەر لایەنێک چۆتە نێو هاوپەیمانی یان هاوکاری لەگەڵ لایەنی دیکە هیچ کاردانەوەیەکی نگەتیڤ لەلایەنی بەرانبەر نەبیندراوە، ئەوەش زۆر سروشتییە ئەو دوو حیزبە هاوکاری لەگەڵ یەکتر دەکەن. خۆ لە کار و تێکۆشاندا خەت و نیشان و دارولەلە بۆ یەکتر دانانێن. بۆ نموونە هەر وەک لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێ کراوە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ مەنشووری "جۆرج تاون"ی ئیمزا کرد و حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەدا ڕایگەیاند ئەو مەنشوورەی قبووڵ نییە، بەڵام ئەو بابەتەی بەئاسایی وەرگرت و لەگەڵ کۆمەڵەش لە هاوکارییەکانیدا بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێت. هیوادارم هاوڕێیانی کۆمەڵەش هەر بەو خوێندنەوەیە بۆ هاوکاری و پێوەندیی سیاسییەکانیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات بڕواننە بابەتی لەو چەشنە.

بە ڕای ئێوە کاتی ئەوە نەهاتووە ناوەندێکی گەورەتر بە بەشداریی هەموو حیزبەکان دابمەزرێ؟

پێویستی ئەوەی ناوەندێک یان شتێکی گەورەتر لە ناوەندی هاوکاری لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کەسایەتییە سیاسییەکان بێتە ئاراوە دەمێکە هەستی پێ دەکرێ و لەو پێوەندییەدا حیزبێکی بە ئەزموون و خاوەن کاریگەریی وەک حیزبی دێموکرات چاوەڕوانی زۆرتریشی لێ دەکرێ کە خەم لەو بابەتە بخوات. ئەوە نەک لە خوێندنەوەی سیاسیی حیزبی دێموکراتدا غایب نییە، بگرە زۆر جاران لەنێو تەشکیلات و ڕێبەرایەتیی حیزب ئەو بابەتە باس کراوە. تەنانەت لە ناوەندی هاوکاری و لە دانیشتن لەگەڵ حیزبەکانی دیکەشدا باس لەو چاوەڕوانی و زەروورەتە کراوە. لە یەک قسەدا بە گشتی بۆ دروستکردنی ناوەندێکی گەورەتر هاوڕا و موافقین بەڵام کەی و چۆن و بە چ پێکهاتە و سیاسەت و فۆرمولێک بێت، ئەوە دیالۆگ و قسەکردنی زۆرتری پێویستە.

من هەر لەو تووێژەدا باسم کردوە بە خۆشییەوە پێوەندیی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان، پێوەندییەکی باش و سالمە، بەڵام لە تاکتیک و ستراتیژیدا جیاوازیی زۆر لە نێوان جەریانەکاندا هەیە هەم لە پێوەندی لەگەڵ مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان هەمیش سەبارەت بە تێڕوانینمان بۆ داهاتووی ئێران و چۆنیەتی بەشداری کورد لە کایە سیاسییەکان و بەشداری سیاسی و ئیدارەدانی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی. بەڵام سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپەکان ئەوە یەکێک لە پێویستییە سیاسییەکانی کوردستانە کە هەموو حیزبەکان دەبێ کاتی بۆ تەرخان بکەن و وەک بابەتێکی هەنووکەیی سەیری بکەن. حیزبی دێموکراتیش پێش هەموویان ئەو چاوەڕوانییەی لێ دەکرێ لەو پێناوەدا هەنگاو هەڵێنێت.

دوای هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزب و سەرەڕای زیان و خەسارە گیانی و ماددییەکانی، مێدیاکان بە بەردەوامی باس لەو گوشارانە دەکەن کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەغدا و هەولێرەوە لەسەر حیزبی دروست کردووە. دۆخەکە ئێستا بە  شێوەیەکە؟

گوشارەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بابەتێکی تازە نییە. دەمێکە ئەوە لە ئارادایە و هەرجارە بە جۆرێک دەورووژێندرێ. ڕۆژانەش لە دەزگای جۆراوجۆری ڕاگەیاندندا لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبیسین و دەزانین ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و حکومەتی عێراقدا کراوە. زۆر و کەم لە نێوەرۆکی ڕێککەوتنەکەش ئاگادارین. بەڵام ئەوە کە ئەو ڕێککەوتنە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی سیاسی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە ئەوە جەوهەری باسەکەیە.

سروشتییە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئیرادەی خۆیان دەستیان بە تێکۆشان کردووە و جۆر و شێوەی خەباتیش هەر بۆخۆیان دیاریی دەکەن و هیچ دەوڵەت و لایەنێک ناتوانێ ئەو ئیرادەیە لە خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بستێنێ. بۆیە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بە شێوەی جۆراوجۆر تا سەرکەوتنی کۆتایی درێژەی دەبێت و بەتایبەت هەر ئەوەش لە حیزبی دێموکڕات چاوەڕوان دەکرێت.

ئەمن پێموایە ئەوەی حکوومەتی ئێران دەخوازێ ناڕەوایە و لەگەڵ بەها و پڕەنسیپەکانی پێوەندیی باشی دراوسێیەتیی باش ناتەبایە، بۆیە ناکرێ ئەوانە جێبەجێ ببن، بۆ؟

یەکەم؛ خەباتی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان تەواو خەباتێکی سیاسی و ڕەوا و ڕێگەپێدراوە.

دووەم؛ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکڕات بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی، وا نەجووڵاونەوە و ناجووڵێنەوە کە زیان بە بەرژەوەندیی سیاسیی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق بگەیەنن.

سێیەم؛ ئەوەندەی ئێمە گوێمان لێ بووە، لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق بەرپرسانە بووە. ئەوان پێویستە زیاتریش هەست بە بەرپرسایەتیی سیاسیی خۆیان لە ئاست ئەو پرسەدا بکەن.

چوارەم؛ ئەو حیزبانە و بەتایبەت حیزبی دێموکڕات ئەزموونی سیاسیی باشیان هەیە و بە سەختییەکان ڕاهاتوون. بەرگەی هەموو قۆناغێکی دژواری خەبات دەگرن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک واز لە خەبات و تێکۆشان بەو شێوەی کە خۆیان بە دروستی دەزانن و هەلومەرج بوار دەدا ناهێنن.

پێنجەم؛ لە کۆتاییدا سەردەمی ئەوە نەماوە ڕێژیمێک بیهەوێ لە وڵاتێکی دیکە ئیرادەی چۆنی پێ باشە ئاوا خۆی بەسەر گەل و دەوڵەتی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێ و بە ئاسانی بۆی بچەسپێ، ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە.

کاک مستەفا زۆر سپاس بۆ ئەو کاتەی بۆ چاوپێکەوتنەکە تەرخانتان کرد.

ئێوەش ماندوو نەبن