کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە شار و گوندەکانی کوردستان

09:52 - 20 جۆزەردان 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سنە و مەهاباد، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دانانی وێنەی دوکتور قاسملوو چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە و بەندەنی گۆزەڵێی بەرانبەر ئەسحابی مەنگوڕایەتی و هەروەها بەرزاییەکانی شاری مەهاباد، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامان و ئەویندارانی حیزب لە گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو، نەخشاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و نووسینی دروشمگەلی "بژی حدکا و بژی دێموکرات و قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، کۆڵانەکانی تەنگیسەریان ڕازاندەوە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزب لە بەندەنی گۆزەڵێی بەرانبەر ئەسحابی مەنگوڕایەتی، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزب لە بەرزاییەکانی مەهاباد و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سپاس و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای لەشساغی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نیشتمانییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.