کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لەسەر پرسی کورد (ڕێككه‌وتننامه‌كان: سایکس-پیکۆ، سێڤەر)

23:43 - 20 جۆزەردان 2723

مستەفا مەولوودی

پەیماننامەی سایکس-پیکۆ

  لە ١٨ی مارسی ١٩١٥ی زایینی لە ئەستەنبول ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان وڵاتە هاوپەیمانەکان واژۆ کرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە قوستەنتەنییە و لەنگەرگەکان (بەندەرەکان) دراون بە ڕووسیە، لە بەرانبەردا بریتانیا قەرەبوو کراوەتەوە بە ناوچە بێلایەنەکان کە بەشێک لە باشووری کوردستانی دەگرتەوە. لە پاڵ ئەو دەستەڵاتەی کە لەنێو ئێراندا هەیبوو.

هەر بەدوای ئەوەدا لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٥ بریتانیا و فەڕانسە چەند گەڕ دانوستانیان لەسەر دابەشکردنی بەشی ئاسیای تورکیە هەبوو. لەو دانوستانەدا حیزبی ئەرمەنیی "تاشناق" (داشناک) پێشنیارێکی کرد بۆ دامەرزاندنەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی و بەخشینی دەسەڵاتی کارگێڕیی خۆجێیی بە هەموو ئەو هەرێمانەی تورک نین بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ڕووسیە پشتگیریی ئەو پێشنیارەی کرد، بەڵام بریتانیا و فەڕانسە زۆر بەتوندی ئەم پێشنیارەیان ڕەت کردەوە، لەبەر ئەوەی بریتانیا و فەڕانسە بەتەمابوون دەست بەسەر ئیمپراتووری عوسمانی و هەموو خاکی بەشی ئاسیای تورکیەدا بگرن بە کوردستانیشەوە. لە کۆتاییدا ڕووسیەش لە ئەیلوولی ١٩١٦ی زایینیدا ئەو دابەشکردنەوی قبووڵ کرد.

بەو جۆرە ئەم پەیماننامەیە بە ڕێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ ناو نرا، چونکە بە ناوی نوێنەری بریتانیا "مارک سایکس" و نوێنەری فەڕانسە "جۆرج پیکۆ" واژۆ کرا. ئەو پەیماننامەیە چارەنووسی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانی خستە پاڵ ناوچە عەرەبەکانی سەر بە ئیمپراتووریی عوسمانی و دابەشبوون لە نێوان بریتانیا و فەڕانسەدا.

فەڕانسە لە کوردستان، بەشێکی گرینگی لە ڕۆژئاوای کوردستانی ئێستا و ڕۆژاوای کوردستان بە گشتی و بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی لە کوردستانی تورکیە بەرکەوت. پشکی بریتانیا کوردستانی عێراقی لەخۆ دەگرت تا باشووری کەرکووک و بەشی باشووری ڕۆژئاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پشکی ڕووسیەش بریتی بوو لەو بەشەی لە باکووری کوردستان و ئەرمێنیای ڕۆژئاوا کە ژمارەیەکی بەرچاو کوردی لێ دەژیا.

لە کۆتاییدا ڕێککەوتننامەی سایکس - پیکۆ بەو جۆرە جێبەجێ نەکرا کە ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، بەڵکوو پرۆسەی دابەشکردنی کوردستان بەپێی سیناریۆیەکی تر ئەنجام درا، واتە بە شێوەیەک کە لەگەڵ تەرازووی هێزی نوێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگونجێ.

لە ڕاستیدا لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆدا وڵاتە هاوپەیمانەکان نەخشە و پیلانێکی قێزەون و خراپیان داڕشتووە بۆ دابەشکردنێکی داگیرکەرانەی کوردستان. پەیماننامەی سایکس - پیکۆ بۆ خەڵکی کوردستان کە چەند سەدە بوو بۆ یەکگرتنی خاکی کوردان و دروستکردنی کیانێکی کوردی تێ‌دەکۆشا، بووە هۆی کولانەوەی برینەکانی و پارچەپارچەکردنی کوردستان بۆ جارێکی دیکە. یانی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی خاڵێکی نوێ و قەرەبوونەکراوی خستۆتە سەر لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان، ئەویش ئەو مەترسییە زۆرانەن کە لە دواییدا داوێنی کورد و کوردستانیان گرتۆتەوە.

بەپێی یادداشتی لێک‌تێگەیشتینی سایکس -پیکۆ لە ١٩١٦ بڕیار وابوو سەرزەوییەکی گەورەی نیشتمانی بۆ عەرەب دابمەزرێنن. بۆ کوردیش هەر شتێکی لەو بابەتە هاتە بەرباس، بەڵام بەهۆی سیاسەتی چەوتی بریتانیا جێبەجێ نەکرا. هەر بۆیە ڕۆژنامەی گاردیەن لە ٢٦ی نۆڤامبری ١٩١٧دا لەو بارەوە نووسی: "بریتانیاییەکان شەرمەزار بوون، عەرەبەکان نائومێد بوون و تورکەکان خۆشحاڵ". منیش دەڵێم کوردەکانیش بێبەش و زەرەرمەندی ئەسڵی بوون.

پاش شۆڕشی بلشویکی لە ڕووسیە، ئەو وڵاتە لە پەیماننامەی سایکس-پیکۆ کشایەوە و بەڵگەنامەکانی سایکس - پیکۆ و هەموو بەڵگەنامەکانی هاوپێچی بڵاو کردەوە. هەموو بەڵگەنامەکان لە ٢٣ی نۆڤامبری ١٩١٧ لە ڕۆژنامەی "یزوستیا و پراودا" دا چاپ و بڵاو کرانەوە و پاشان ڕۆژنامەی "گاردیەن" لە ٢٦ی نۆڤامبری ١٩١٧ پەیماننامەکەی چاپ و بڵاو کردەوە.

 ئەو بابەتە بووە هۆی شەرمەزاریی هاوپەیمانان (متفقین) و بێ باوەڕیی عەڕەبەکان. ئیسرائیلییەکان پێشتر لە ڕێگای بریتانیاوە هەر لە مانگی ئاوریلی ئەو ساڵە لە نێوەرۆکی پەیماننامەکە ئاگادار کرابوونەوە. سەرکۆماری ئەمریکا "وودرو ویلسۆن" هەموو ڕێککەوتنێکی نهێنیی لەنێو هاوپەیمانان ڕەت کردەوە و بیرۆکەی دیپلۆماسیی کراوە و مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی هێنایە بەرباس. لە ٢٢ی نۆڤامبری ١٩١٧ "لئون تروتسکی" نامەیەکی بۆ باڵوێزەکانی دەرەوە لە "پتروگارد" نارد و لەسەر ئەساسی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان، داوای ئاشتیی کرد.

دوای سەد ساڵ لە پەیماننامەی سایکس پیکۆ توێژینەوە ئاکادیمییەکان، وای لێک دەدەنەوە کە ئەو ڕێکكەوتنە بەزۆری هۆکارێکە بۆ دروستکردنی سنووری دەستکرد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوان باس لەوە دەکەن کە هیچ گرینگییەک بە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیی، قەومی و پێکهاتەی جیاواز نەدراوە و هەر ئەوە بۆتە هۆی شەڕ و گرژی و تێکهەڵچوونی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

"ئانگی" مامۆستای ماف لە سەمپۆزیۆمی سایکس -پیکۆ لە ساڵی ٢٠١٦دا دەڵێ: بەشێکی گەورەی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ بە ئامانجی بازرگانی و ئابووری و دەستڕاگەیشتن بە لەنگەرگاکان (بندر) و دروستکردنی ڕێگەی ئاسن تەنزیم کراوە." لەو پێوەندییەدا یەکێک لە نووسەرانی بریتانیا پاش جێبەجێکردنی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ و کاریگەرییەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەسەر ناوچە و بە تایبەت کوردستان و خەڵکی کورستان دەڵێ: "ڕیشەی هەموو ئاڵۆزییەکانی ناوچە لەو ڕێککەوتنەدایە کە خواستی گەلانی ناوچەی وەک پێویست و بە دروستی لەبەرچاو نەگرتووە. هەر بۆیە تا ئێستاش ئەو ناوچەیە ئارامیی بەخۆیەوە نەدیتوە."

لە ئێستادا زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕیشەی زۆربەی کێشە و ناکۆکییەکانی ئەوڕۆ لە ناوچە هۆکارەکەی بۆ پەیماننامەی سایکس- پیکۆی دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە کاتی خۆی یەکێک لە داواکارییەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) ئەوە بوو کە پەیماننامەی سایکس- پیکۆ هەڵوەشێتەوە. لە ڤیدیۆیەکدا یەکێک لە جیهادییەکانی داعش هەڕەشە دەکات و دەڵێ: "بۆ کۆتایی‌هێنان بە پەیماننامەی سایکس- پیکۆ ئەوە ئەوەڵین سنوور نییە کە تێکی دەدەین، بەڵکوو سنووری دیکەش لەنێو دەبەین". هەروەها ئەبووبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش لە کاتی قسەکردن لە ژوئیەی ٢٠١٤ لە مزگەوتی گەورەی  "النور"  لە موسڵ سوێندی خوارد کە "لەو سەرکەوتنە موبارەک و پیرۆزانە ڕاناوەستین هەتا ئاخرین بزمار لە تابووتی پیلانی (توطئە) سایکس- پیکۆ نەدەین."

 لە پەیماننامەی "سان‌ڕیمۆ" کە دەبێتە بناغەی پەیماننامەی سێڤەر جیا لەوەی کە کۆمەڵێک ئیمتیاز دەدرێ بە ئیتالیا و یونان، چارەنووسی چەند نەتەوەیەکیش دێنە بەرباس و بڕیاریان لەسەر دەرێ کە بریتین لە: کورد، جوولەکە، عەڕەب و ئەرمەنی.

په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر و ده‌ركه‌وته‌كانی له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی ناوچه‌

١- ئەرمەنستان

ئەو بەند و ماددانەی لە پەیماننامەی سێڤەردا پێوەندییان بە ئەرمنستانەوە هەبوو، مادەی ٨٨ هەتا ٩٢ بوون. نێوەرۆکی مادەی ٨٨ و ٨٩ ئاماژەیەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی ئەرمنستان، لەسەر بناغەی پەیماننامەی "سان ڕیمۆ" (دوایین ڕاگەیەندراوی پەیماننامەی ئاشتی) لەگەڵ عوسمانی لە ١٠ی ئووتی ١٩٢٠ی زایینی و هاوپەیمانان لە شاری سێڤەر ئیمزا کراوە. هەموو ڕووبەری وڵاتی ئەرمەنستان ٣٧٠،١٦١ کیلۆمیتری چوارگۆشەیە، ئەوە لە حاڵێک‌دایە ڕووبەری کوردستان بە گشتی پێنجسەد هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەیە واتە هەر ئەو بەشەی کە لەژێر فەرمانڕەوایی خەلافەتی عوسمانی دابووە لانیکەم ٣٢٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە بووە. لە ٢٥ و ٢٦ی ئاوریلی ١٩٢٠ شوڕای بەرزی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان کە نوێنەرانی وڵاتانی بریتانیای مەزن، فەرانسە، ئیتالیا و ژاپۆن تێیدا بەشدار دەبن، داوا لە سەرکۆماری ئەمریکا دەکەن بە لەبەرچاو گرتنی ڕاگەیاندراوە چواردە خاڵییەکەی ویلسۆن پشتیوانیی ئەرمەنستان بە ئەمریکا بسپێردرێ. ئەمریکا لە ٢٧ی ئاوریلی ١٩٢٠  سەربەخۆیی ئەرمەنستانی بەڕەسمی ناسی و پشتیوانیی لێ کرد. تەنانەت دەوڵەتی عوسمانی بەپێی مادەکانی ٢٣٠،٢٢٨،٢٢٦ هەموو مافێکی حقوقی و سیاسیی ئەرمەنستانی بە ڕەسمی ناسی و بەڵێنی دا کە هەموو بەرپرسایەتییەکی حقوقی و کەیفەریی گرتە ئەستۆی خۆی و هاوکاریی دادگاکانی کرد بۆ دادگایی‌کردنی تاوانبارانی شەڕی دژ بە ئەرمەنییەکان. ئەوە لە حاڵێک‌دا بوو کە دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩١٥ی زایینیدا دەستی بە نەسڵ‌کوژی و ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان کردبوو.

٢- گەلی عەڕەب

لە ١٨ی فێبریوەری ١٩١٦ی زایینیدا حوسێن بن عەلی لەسەر پێشنیاری ئینگلیزییەکان گوتی: "ئەو ئامادەیە ١٠ هەزار چەکدار بۆ دەستپێکردنی شۆڕشی عەرەبەکان بەدژی ئیمپراتۆریی عوسمانی ئامادە بکا، بە مەرجێک کە بریتانیا بایی ٥٠ هەزار پۆند زێڕ لەگەڵ چەک و تەقەمەنی و کەلوپەل و پێداویستییەکانی شەڕیان بۆ دابین بکات". "مک ماهون" نێردراوی بریتانیا لە ١٠ی مارسی  ١٩١٦  ڕەزامەندی لەگەڵ داوای حوسێن بن عەلی دەردەبڕێ، هەر چەندە لە ئاخری ئاوریلی ١٩١٦ "مک ماهون" ئاگادار کرا کە بە هیچ شێوەیەک نابێ عەرەبەکان لە نێوەرۆکی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ ئاگادار بن. چارەنووسی خاکی داگیرکراو (ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست) لە کۆنفرانسی "سان ڕیمۆ" لە ١٩ هەتا ٢٦ی ئاوریلی ١٩٢٠ بەو جۆرە یەکلا کرایەوە: بریتانیا (تا ساڵی ١٩٤٨) قەییوومییەت فەلەستینی دەبێت و هەروەها سەرپەرەستیی عێراق و قەییومییەتی هەتا ساڵی ١٩٦٦ بە بریتانیا دەبێ. هاوکات سەرپەرستی و قەییومییەتی سووریە، عێراق و لوبنان هەتا ساڵی ١٩٦٦ بە فەڕانسە سپێردرا.

مادەی ١٦ی پەیماننامەی لۆزان دەڵێ: تورکیە لە حەق و حقووقی خۆی لە تەواوی ئەو سەرزەوی و دوڕگانە (جزایر) لە سنووری دیاریکراوی پەیماننامە و لە دەرەوەی پەیماننامەکە چاوپۆشی دەکات، بێجگە لەو ناوچانەی بەپێی پەیماننامەکە ئۆتۆنۆمییان دەبێت. هەروەک باس کراوە، لە پەیماننامەی سایکس- پیکۆ تا ٨ی مارسی ١٩٢٠ بە چڕی و بە شێوەی جۆراوجۆر باسی ناوچەکانی عەرەبی ژێر فەرمانڕەوای ئیمپراتۆریی عوسمانی کراوە کە لە کۆتاییدا، ٨ی مارسی ١٩٢٠ دەوڵەتی سووریە پێک هاتبووە. لە سووریەی ئێستا، فەلەستین و باشوور (بین النهرین) بوونی خۆی ڕاگەیاند و هەر لە مانگی ئاوریلی ئەو ساڵە (١٩٢٠) لە کۆنفرانسی "سەن ڕیمۆ" وڵاتی ئێستای عێراق وەک وڵاتێکی تازە دامەزراو لە ژێر سەرپەرەستی (قەیومییەت) بریتانیا دامەزراوە و ساڵی ١٩٢١ "مەلیک فەیسەڵیان" کردە حاکمی عێراقی تازە.

٣- جوولەکە و ئیسڕائیل

"دیوید لوید جورج"، سەرۆک‌وەزیرانی بریتانیا کاتی خۆی لە ساڵی ١٩١٦ بڕیار دەدات کە ئیمپراتۆریی عوسمانی لەبەریەک هەڵوەشێنێ، هەربۆیە دوو ڕۆژ دوای دەسبەکاربوونی وەک سەرۆک‌وەزیران بە "روبرتسون"ی گوتووە کە بۆ سەرکەوتنی گەورە دەمهەوێ وردە وردە "ئورشەلیم" داگیر بکەم.  هەر بەپێی ئەو سیاسەتە بووە کە لە ٢ی نۆڤامبری ١٩١٧ڕاگەیاندراوێکی خێرا دەردەکرێ. "ئارتور جیمز بالفور" وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی بریتانیا، لە نامەیەکدا بۆ سیاسەتمەداری یەهوودی (والتر ڕوتشلید) کە ئەندامی "مجلس عوام"ی بریتانیایە دەنووسێ" هەڵوێستی پۆزەتیڤی دەوڵەتی بریتانیا دروستکردنی ماڵێکی نیشتمانییە بۆ جوولەکەکان لەسەر خاکی فەلەستین. بەیاننامەی بالفوور لەو کاتەدا لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەبێتە سەرەتای تێکۆشان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و بریتانیا لە ٩ی دێسامبری ١٩١٧ دەچێتە نێو ئورشەلیم. ئەوەش لە کۆتاییدا بۆ جوولەکەکان دەبێت بە بەستێنی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل.

٤- کورد

کورد مێژوویەکی کۆن و کارەساتباری لە نێو ئیپراتۆری عوسمانیدا بووە، جیا لەوەش لە کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس لە ساڵی ١٩١٩دا شەریف پاشا نوێنەری کورد داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان کردووە. دوای کۆنفرانسی سان ڕیمۆ تا ساڵێک مەسەلەی ڕێفڕاندۆم بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکانی کوردستان لەنێو باسەکاندا بووە. بەڵام دوای شەڕی نێوخۆیی تورکیە و کۆنگرەی لۆزان مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان فەرامۆش کراوە و لە پەیماننامەی سان ڕیمۆ و سێڤەردا چارەنووسی هەموو گەلانی ناوچەکە بێجگە لە گەلی کورد یەکلا بۆتەوە. چارەنووسی کوردستان لە تورکیە لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٩-١٩٢٣ بە دروستکردنی دەوڵەتی تورکیە و بێبەش‌کردنی کورد کۆتایی هاتووە و یەکلا بۆتەوە.

لە ئاگۆستی ١٩٢٠دا، بەگوێرەی پەیماننامەی سێڤەر، کورد وەک یەکەیەکی ئەتنیکی-سیاسی لە ڕوانگەی ویلسۆنەوە دانی پێدا نراوە بەڵام شکستی پێ هێندراوە. ئەوە لە حاڵیکدا بووە کە بەپێچەوانەی دیاریکردنی سنوورەکانی دەوڵەتان لە ئورووپا کە زۆربەیان بە لەبەر چاوگرتنی هێڵە نەتەوەییەکان جێبەجێ کراون، ئەوە ده‌سەلمێنێ کە بەدەوڵەتبوونی هێندێک نەتەوە لە ئەوانی دیکە کەمتر ڕەوایی پێدراوە، بۆ نموونە وەک دەوڵەتی کوردستان.

لێرەدا لە داڕشتنەوەی یاسای نێوده‌وڵه‌تی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس وەک یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٩٤٥وە چەسپاندوونی، وەک مافێکی یاسایی لە ١٩٦٦دا جێبەجێکرانی بۆ کورد لەبەر چاو نەگیراوە.

دیاریکردنی چارەنووسی گەلان بۆتە هۆی ئاڵوگۆڕی هەرێمی جیاواز و دابەشکردنی جیهان. بیری ژیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی دووهەم و سێهەمی سەدەی بیستەم. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە گەلان بە ئەتنیکی جیاواز، زمان، کولتوور و ئایینی هاوبەشەوە بەستێنیان بۆ ڕەخسا بڕیار لەسەر سەربەخۆیی سیاسیی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ کورد بەستێن خۆش نەکرا، بەڵکوو کۆسپی گەورەش خرایە سەر ڕێگەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی.

تیۆریسیه‌نه‌ دێموکراتەکانی ئەمریکا و خۆرئاوای ئورووپا دەڵێن چەمکی مافی ویلسۆن ١٩١٨ و دادپەروەریی بۆ سەرجەم گەل و نەتەوەکان وەک دەسپێک و پرۆسەی دێموکراتیک پەسند کراوه‌ و پێویسته‌ خولیای نەتەوەیەک ڕێزی لێ بگیردرێت. ویلسۆن مافی چارەی خۆنووسینی لە ئورووپا و بەشە ناتورکەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی جێبەجێ و پەسند کرد.

لە سەد ساڵەی پەیماننامەی سێڤەردا، به‌ ئاشكرابوونی بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی بریتانیا و بەڵگەنامە تورکیەکان، فاکتەرە سیاسی-قانوونیەکان کە بوونەتە هۆی دابەشکرانی کوردستان، ئاشکرا دەکەن. به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ مافی چارەنووسی کوردستان لە ڕێگەی یاسای ماف لەمەڕ هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردان لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی تا ئەمڕۆ باس دەکات. مێژوونووسان و زانایانی یاسای نێودەوڵەتی باسی ئەوەیان کردووە کە هۆیەکانی نسکۆی چارەی خۆنووسینی کوردان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەرکداریی پێویست لە لایەن هاوپەیمانان بەرانبەر بە کوردان؛ پەرتەوازەیی خودی کوردان و ناڕوونیی سنوورەکانی کوردستان بە هۆی گۆڕانه‌ دێموگرافیکەکانەوە. لێرەدا ئەوە ڕاستە کە هاوپەیمانان سەبارەت بە مافی کورد و کوردستان خۆیان ئەرکدار نەکردووە، بەو جۆرە غەدرێکی مێژوویی و قەرەبوونەکراویان لە کورد داوە، بەڵام کورد بەو ڕادەیەش پەرتەوازە نەبوون، کورد مێژووی هەبووە، خەبات و تێکۆشانی کردووە، میر و ئەماراتی هەبووە و لانیکەم لە عەرەب یەکگرتووتر بوون. لەبەر یەکنه‌گرتوویی عەرەب ئەوکات دروستکردنی دوو دەوڵەت بۆ عەرەب لەبەر چاو گیراوە کە لە دواییدا ٤ دەوڵەتی بۆ دروست کراوە و تا ئێستاش کێشەکەیان بە تەواوی چارەسەر نەکراوە بەڵام هاوپەیمانان کە مەبەستیان بوو، بە نامەیەکی "بالفۆر" بۆ سەناتۆری بریتانیایی بەڕەگەز جوولەکە بەڵێن دەدەن لە داهاتوودا ماڵێکی ئەمن بۆ جوولەکە دروست بکەن و بەو جۆرە داهاتووی جوولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل دیاری دەکرێ. بەڵام لەپێوەندیی لەگەڵ جوگرافیای کوردستان ڕاستییه‌كی ئه‌وه‌یه‌، سنووری جوگرافیای کوردستان ڕوون و دیارە و بە ئاسانی یەکلایی دەکرێتەوە.