کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مودێلە سیاسی یان جۆری ڕێژیمەکان

15:16 - 1 گەلاوێژ 2723

د. بابان ئەلیاسی

پێشەکی

  ئەم نووسراوەیە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی مۆدێلە سیاسیەکان (جۆری ڕێژیمەکان)و، ئەو فاکتەرانەی کە چارەنووسی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان، دوای دەرچوون لە دەسەڵات دیاری دەکەن. لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا، سیاسەت زیاتر ململانێ و توندوتیژییە نەک سەروەری یاسا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکان، کە بریتیە لە ڕێژیمە پاشایەتییەکان، کەسایەتییەکان، تەک‌حیزبی و سەربازییەکان(١)، لە زۆر ڕووەوە جیاوازن. جۆرەکانی دەسەڵات تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی ئاڵوگۆڕی فەرمانڕەواکان و دەسەڵات دیاری دەکەن. هەر جۆرە ڕێژیمێک، کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی داینامیکی نێوخۆیی، نێو نوخبە و، پلەیەکی جیاوازی دامەزراوەیی‌بوونی هەیە، کە تا ڕادەیەکی زۆر شێوازی گۆڕینی سەرکردەیەک دیاری دەکات. ئابل ئیسکریبا فۆلک دیکتاتوورەکانی بە سەر چوار گرووپ دابەش کردووە. دیکتاتۆرە تەکڕەوە کەسایەتی، سەربازی، حیزبی و، پاشاکان. ئابل پێی‌وایە کە جۆرەکانی دەسەڵات تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی فەرمانڕەواکان دیاری دەکەن. لە ماوەی ساڵانی 1946 – 2004، 47%ی دیکتاتۆرەکان پاش لەدەستدانی دەسەڵات زیندانی کراون، یان کوژراون، یان ناچاربوون بچنە دەرەوە.  دوو پێوەری بنەڕەتی یاریدەرن لەسەر گوستنەوە لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا: یەکەمیان مودێلی سیاسیی جۆری ڕێژیمە و، ئەوەی دیکەش، ئەدا و دەسکەوتی کارکردنی ڕێژیمەکە.

جۆری ڕێژیمەکان

هەرچەند جۆری ڕێژیمەکان جیاوازن، وەک کەسایەتی، سەربازی... بەڵام ڕێژیمەکان پۆلێن دەکرێن بە دامەزراوەیی و نادامەزراوەییدا. ڕێژیمە دامەزراوەییەکان پێکهاتوون لە پاشایەتییەکان، کە پشت بە جێنشینی بۆماوەیی (ارثی) دەبەستن و، دێموکراسییەکان، کە پشت بە هەڵبژاردنی دەورەیی و کێبڕکێ دەبەستن. دێموکراسی و پاشایەتییەکان لەبەر ئەوەی ڕێسای فەرمییان هەیە، دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات بە ڕێکوپێکی و جێنشینی لە دەسەڵاتدا مسۆگەر دەکەن. لە بەرانبەردا، ئەو ڕێژیمانەی نادامەزراوەییین، ئەم جۆرە یاسایانەیان نییە: ئەوان سیستەمێکی تا ڕادەیەک بێسەروبەر و ئەنارشین کە تێیدا ململانەکان سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات بە شێوەیەکی تایبەت بە هێز چارەسەر دەکرێن. سەرەتا سەبارەت بە ڕێژیمە تۆتالیتاریزمەکان، هێندێ لە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان، هەڵسووکەوتیان لە هەمان ڕەفتاری ڕێژیمە تووتالیتارەکان دەچێ. نموونەیەکی هاوچەرخ دەکرێ ئاماژە بکرێ بە ڕێژیمی کۆرەی باکوور، یان هەندێک ڕێژیمی بناژۆخوازی ئایینی وەک کۆماری ئیسلامی لە ئێران. سەبارەت بە ڕوانینی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان لەسەر دێموکراسی، جۆزێف ئیستالین قسەیەکی لە پەیوەندی لەگەڵ دیموکراسی و هەڵبژاردن هەیە کە دەتوانێ بۆچوونی بەشێک لە فەرمانڕەوا تەکڕەوە کەسایەتیەکانمان بۆ ئاشکرا بکات، کە دەڵێت، (بەسە خەڵک بزانێت کە هەڵبژاردن هەیە. ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن هیچ بڕیارێک نادەن. ئەو کەسانەی دەنگەکان دەژمێرن، هەموو شتێک یەکلایی دەکەنەوە). یەکێک لەو نووسەرانەش کە بەکارهێنانی چەمکی تۆتالیاتاریزمی بەناوبانگ کرد هانا ئارێنت (1906- 1975) بوو. بە تایبەتی لە کتێبەکەیدا لە ساڵی 1951، بە مەبەستی وێناکردنی هاوبەشییەکانی نێوان نازیزم و ستالینیزم. سەبارەت بە ڕێژیمە تۆتالیتارەکان، زۆربەی زانایانی سیاسی پێیان ئەو ڕێژیمانە پێش سەدەی بیستەم دەگمەن بوون، چونکە نە ئامرازی تێکنۆلۆژی و نە پاساوی ئایدیۆلۆژی بۆ کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بوونی نەبووە. بەڵام لەم سەردەمەدا، تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و میدیای جەماوەریی دیکە، تا ڕادەیەک ئاسانکاری بۆ ڕێژیمە تۆتالیتاریزمەکان دەکەن. زۆرجار لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی پڕوپاگەندە، فەرهەنگ و کاریزمای کەسایەتی دروست دەکرێ. یەکیەتیی سۆڤیەتی جۆزێف ستالین و ئاڵمانی ئەدۆلف هیتلەر بە شێوەیەکی بەرفراوان بە دوو باشترین نموونەی ڕێژیمە تۆتالیتاریزمەکان دادەنرێت.

ڕێژیمە کەسایەتییەکان لە بنەڕەتدا لە فەرمانڕەوایەک پێک دێن کە هەموو دەسەڵات لە دەستی خۆیدا چڕ دەکاتەوە و لە ڕێگەی تۆڕەکانی مشتەریگەری، وەفاسەندن و ڕانتخۆری، پشتیوانیی هاوپەیمانییەکی بچووک‌کراوە، دەسەڵات دەکڕێت. سەرکردە کۆنترۆڵی ئاشکرای دامەزراندن و دامەزراندنی سیاسی باڵا دەکات. نموونەی دیکتاتۆرە کەسایەتییەکان، دەکرێ ئاماژە بە قەزافی، شای ئێران، خومەینی، خامنەیی ... بکەین. حاکمە کەسایەتییەکان تا دەتوانن بەرەنگاری گۆڕانی ڕێژیم ببنەوە. لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم، گۆڕانکاریی سیاسی بەزۆری دەبێت بسەپێندرێت، زۆرجار بە توندوتیژی. ڕێژیمە کەسایەتییەکان کەمترین ئەگەری گواستنەوەیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە هەیە.

لە کۆی هەموو گۆڕانکارییەکانی ڕێژیم لە دەسەڵاتی کەسایەتییەوە لە ساڵی ١٩٤٦ەوە، تەنیا ٥%یان ناتوندوتیژی بوون. لە بەرانبەردا 58% و67.5%ی گواستنەوەکان لە ڕێژیمی حیزبی و سەربازییەوە بەئاشتیانە بوون. لە ڕێژیمە تاکەکەسیەکان لە دەرئەنجامی تێکەڵبوونی دوو خەسڵەتی بنەڕەتیی، یەکەم: دروستکردنی پەیوەندی وەفاداری لەسەر بنەمای مشتەریگەری و گەندەڵی، دوورخستنەوە (ئیکسکلوژن)، گەشەی ئابووری تێک دەدات و ناڕەزایی دروست دەکات. ئەمەش ئەگەری کودەتا یان ڕاپەڕینی جەماوەری زیاتر دەکات. دووەم: ئاستێکی نزم لە بەدامەزراوەیی‌کردنی ڕێژیم و نەبوونی شێوازی ڕێکوپێک بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتداران، ڕکەبەرەکان بۆ ڕزگاربوون لە حاکمانی سەردەسەڵات، ناچار دەبن پەنا بۆ تێرۆرکردن ببەن. سەبارەت بە چارەنووسی دیکتاتۆرەکان دوای دەرکرانیان یان دەرچوون لە دەسەڵات، زانیارییەکانیش دەری دەخەن کە لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیاندا، زیاتر دەسەڵاتدارە کەسایەتی و سەربازییەکان تووشی زیندانیبوون دەبن. بەپێچەوانەوە، بە دابینکردنی ڕێکاری ڕێکخراو بۆ گۆڕینی حوکمڕان، پاشاکان و سەرکردەکانی ڕێژیمە حیزبیەکان، ئەگەری زیاتریان هەیە لە دوای جێهێشتنی دەسەڵات ڕووبەڕووی هیچ سزای زیاتر نەبنەوە.

لەمەڕ گۆڕینی دەسەڵات، فۆڵک پێی‌وایە کە جۆرەکانی دەسەڵات یان مودێلی سیاسی، تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی فەرمانڕەواکان دیاری دەکەن. ئاڵوگۆڕەکە پەیوەندیی هەیە بەوەی چۆن ڕێژیمەکان داینامیکی نێوخۆیی دادەڕێژن و، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاریگەرییان لەسەر شێوازی گۆڕینی دەسەڵاتداران هەیە. بۆ هێندێک لە سەرکردە سیاسییەکان، لەدەستدانی دەسەڵات نەک تەنها گۆڕینی دەسەڵات، ڕەنگە سزای زیاتری بەدوای خۆیدا بهێنێت. وەک چۆن لە حاڵەتی چاوشسکۆ، سەدام و قەزافی... بینیمان، نەک خۆیان و ڕێژیمەکانیان، بەڵکوو بنەماڵەکانیشان تێدا دەچن. بەگشتی، بەشێک لە دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی لەدەستدانی دەسەڵاتدا، زیندانی کراون، کوژراون، یان ناچاربوون بچنە دەرەوەی وڵات. لەنێو جۆری ڕێژیمەکاندا، سەرکردە سەربازی و کەسایەتییەکان، زیاتر لە پاشاکان یان فەرمانڕەواکانی ڕێژیمە تاک حزبییەکان زیندانی دەکرێن. لە ڕوانگەی مێژووییەوە و، لە سەردەمی هاوچەرخیشدا، کودەتا یەکێک بووە لە ئامرازەکانی بەدەستهێنانی دەسەڵات کە زۆرترین جار بەکارهێنراوە. لە دەیەی ١٩٨٠ زیاتر لە نیوەی حکومەتەکانی جیهان لە ئەنجامی کودەتایەکەوە هاتوونە سەر کار. بەگوێرەی فۆلک، زۆربەی فەرمانڕەوا پاوانخوازەکان، بە ڕێکوپێکی یان نا، بە دیکتاتۆرێکی دیکە دەگۆڕدرێن و دیکتاتۆرییەکی دیکە جێگەیان دەگرێتەوە. واتە 71.7%ی فەرمانڕەوا کەسایەتییەکان، 87.7%ی سەرکردەکانی حیزب-ڕێژیم و67.6%ی فەرمانڕەوا سەربازییەکان.

 لێکۆڵینەوەیەکی میلان و. سڤۆلیک، کە لە سەر تەواوی ئەو ٣١٦ سەرکردە تاکڕەوە کردوویەتی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ٢٠٠٨ لانیکەم بۆ ماوەی یەک ڕۆژ پۆستیان گرتۆتە دەست و بە ڕێگەی نادەستووری دەسەڵاتیان لەدەست داوە. ئەم دەرچوونانە، هەموو دەرچوونەکان دەگرێتەوە -کە بەهۆی مردنی سرووشتی، لە ڕێگای هەڵبژاردن، دەنگدان لەلایەن دەستەیەکی دەسەڵاتدار، یان جێنشینی بۆماوەی (ارثی) نەبووە-. لەنێو ئەو ٣٠٣ سەرکردەی کە دەتوانرا بەدڵنیایەوە چۆنیەتیی لەدەستدانی دەسەڵاتیان بۆ دیاری بکرێت، تەنیا سی‌ودوو سەرکردەیان بەهۆی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوە دوورخرانەوە و، سی کەسی دیکەش لەژێر فشاری گشتیدا بۆ دێموکراتیزەکردن دەستیان لەکار کێشایەوە. ئەمەش نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دەرچوون لە دەسەڵات، بە شێوەی نادەستووری پێک‌دەهێنێت. بیست سەرکردەی تر تیرۆر کران و شانزە سەرکردە بە دەستێوەردانی دەرەکی دوورخرانەوە. بەگشتی تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە داینامیکی سەرکردایەتی تاکڕەوەوە هەیە، زۆرینەی ڕەهای دیکتاتۆرەکان، دەسەڵات لەدەست دەدەن بۆ ئەوانەی کە لەنێو بازنەی کۆشکی دەسەڵاتدان، نەک بە جەماوەر. وەک لە حاڵەتی قەزافی، یان شای ئێران بینیمان، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتە دەسەڵاتە تاکەکەسیەکان بە حاکمەوە گرێ دراوە، بەزۆری بە مردنی حاکم، دەسەڵاتیش لەگەڵ دیکتاتۆر دەمرێت. هەربۆیە ئەو کەسانەی نێوخۆی سیستم کە سوودمەندن لە ڕێژیم، پێ دەچێت، وەک نوخبەش ڕووخانی ڕێژیمەکە ئەو ئیمتیازاتانە لەدەست بدەن.

 لەنێو هەموو جۆرەکانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکاندا، لە ئەگەری ئەوەی کە لە کاتی دەرچوونی لە پۆستەکەیدا بێ سزا بمێنێتەوە، پاشاکان و سەرکردەکانی ڕێژیمە حزبییەکان زۆرترین شانسیان هەیە کە لە چارەنووسێکی سڵامەت بەهرەمەند بن: 75% بۆ پاشاکان و 66% بۆ فەرمانڕەواکانی ڕێژیمە حزبیەکان. داتاکان دەری دەخەن کە تەنها 35.9%ی ئەو ڕێژیمە کەسایەتییانەی کە دەکەون، ڕێگە بە بەدێموکراسیبوون دەدەن. بەپێچەوانەوە لە کۆی هەموو ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان، ٦٢.٣% بە دێموکراتیزەکردن لە ڕێژیمە سەربازییەکان کۆتایی هات و ٤٠.٣% لە ڕێژیمە حیزبییەکاندا. بەپێچەوانە، مانەوە لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدا، لەو ڕێژیمە دامەزراوەییانە کە ڕێکارەکانی گۆڕینی ڕێکوپێکیان هەیە، گۆڕینی سەرکردە لە ئەنجامدا نابێتە هۆی کەوتن یان کۆتاییهاتنی تەواوی ڕێژیمەکە. لەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆرین و دەسەڵات بە تاکەکەسەوە گرێ دروان و کولتوور و کوڵتی کەسایەتی بەهێزە، وەک نموونەی لیببی، یەمەن، ئێرانی زەمانی شا، بە گۆڕینی حاکم، دەسەڵاتیش لەگەڵ دیکتاتۆرەکە کۆتایی پێ دێت. بەڵام ئەم نموونە لە میسر کە ڕێژیمە حیزبیەکە بەهێز بوو سەرەڕای گۆڕینی حاکم، مۆدێلە سیاسیەکە لە شوێن خۆی مایەوە. بە پێچەوانەی مۆدێلە دێموکراسیەکان، دیکتاتۆریە سەربازی، پاشایەتی، تاک‌حیزبی و کەسایەتییەکان، ئەگەر دەسەڵات لەدەست بدەن، ئەگەری زۆرە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی ناخوازراو ببنەوە. بە هۆی نەبوونی ڕێکارەکانی جێگۆڕینی ڕێکخراو، لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، چڕبوونەوەی دەسەڵات و دڵسۆزی لەسەر بنەمای مشتەریگەری و وەفاسەندن، سەرکردە کەسایەتییەکان لە کاتی دەرچوونیاندا زیاتر لە سەرکردەکانی دیکە دەکوژرێن و هەڵدێن. دەرئەنجام چڕبوونەوەی دەسەڵات و بوونی دامەزراوە لاوازەکان دەبێتە هۆی نەبوونی ڕێکارە دامەزراوەییەکان بۆ جێنشین‌کردنی سەرکردایەتی و، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکی و ئالنگارییەکان لەنێو گرووپی نوخبە و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە.

نەبوونی لێهاتوویی، کاریگەری لەسەر چارەنووسی دیکتاتورەکاندا هەیە. ئەو سەرکردانەی لە کاتی دابەزینی ئابووریدا پۆستەکانیان لەدەست دا و ئەوانەی لە ململانێیەکی نێودەوڵەتیدا شکستیان هێنا، دەرکەوتووە، ئەگەری کۆتایی‌هێنانیان بە زیندان، زیاتر بووە. لێرەوە ئەدا و دەسکەوتی دیکتاتۆرەکان، لە هەردوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، نەک هەر کاریگەری لەسەر ئاسۆی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا هەیە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر ئەوەش هەیە کە ئایا دوای دەرچوونیان تووشی سزای زیاتر دەبن یان نا. لە حاڵەتی مەترسی لەسەر گۆڕینی ڕێژیمدا، دەتوانێت بڕیاردانی فەرمانڕەواکان خێراتر بکات لەوەی بۆ مانەوەی خۆیان شەڕێک هەڵگیرسێنن، یان ناچار دەبن ئارەزوو و تەماحە سیاسییەکانیان سنووردار بکەن. وەک چۆن لە حاڵەتی قەزافی بینیمان، بە گشتی ئەگەری ئەوە زۆرە کە دیکتاتۆرە کەسایەتییەکان، زیاتر لە جۆرەکانی تری حاکمان، بەهۆی ڕاپەڕینێکی چەکدارییەوە لە کارەکانیان دوور بخرێنەوە و تووشی شەڕی نێوخۆیی ببن.

ئۆدۆنێل و شمیتەر جەخت لەوە دەکەنەوە لەو شوێنانەی کە لەشکر ناتوانن ڕێگری لە گواستنەوەی دەسەڵات بکەن، هەوڵ دەدەن گەرەنتیی بەهێز بەدەست بهێنن کە لە هیچ بارودۆخێکدا تۆڵەی ڕابردوویان لێ نەکرێتەوە. ئەگەر ئەو زەمانەتە بەدەست نەهێنن، وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر دێموکراسییە تازەپێگەیشتووەکە دەمێننەوە. بە بۆچوونی پرێڤۆرسکیدا، مانەوەی لەشکری بەهێز و یەکگرتوو لە کاتی گواستنەوەدا، لە ئەنجامدا دێموکراسییەک بە هەندێک گەرەنتی دێتە کایەوە. هەنتینگتۆن پێی‌وایە کە بۆ ئەوەی دێموکراتیزەکردن دابین بکرێ، دەسەڵاتە دێموکراسییە نوێیەکان، نابێت بەرپرسانی پێشوو بە تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دادگایی بکەن. واتە ئەو کاتە کە گواستنەوەکان لە ڕێگەی گۆڕانکاری لەلایەن نوخبەی ڕێژیمەوە سەرکردایەتی دەکرێن، یان ئەوەی گواستنەوەکە لە ئاکامی ڕێکەوتنێکە لە نێوان نوخبەی ئوپۆزیسیون و نوخبەی ڕێژیمەکە.

لە بەرانبەر ئەم تێڕوانینە، زانایانی دیکە بۆیان دەرکەوتووە کە لێپێچینەوە لە ژێرپێکەرانی مافی مرۆڤ، دوای قۆناغی گواستنەوە، سەرکوتکردنی داهاتوو لە وڵاتانی ئینتقالی و هەروەها لە وڵاتانی دراوسێدا ڕادەگرێ. ئەدەبیاتی شەڕی بەلاڕێدابردنیش (انحرافی) باس لەوە دەکات کە ئەگەری دەستپێکردنی ململانێ بەهێزتر دەبێت، کاتێک پێگەی سەرکردەکان لە دەسەڵاتدا نائەمنیتر دەبێت. ئەگەری شەڕی نێوان دەوڵەتەکان بەکاردێت بۆ جووڵاندنی هەستی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی پشتیوانی جەماوەری بۆ حکومەت. ئارگومێنتێکی دیکە، رەدی دەکەنەوە کە سەرکردە کە ئەگەر مەترسی لە دەستدانی دەسەلاتیان هەبێت، شەڕ دەست پێ بکەن یان شەڕ درێژە پێ بدەن. ئەگەر ململانێ و شەڕەکان دەرئەنجامی سەرکەوتووی لێ بکەوێتەوە، ئەوا تێڕوانینەکانی گشتی سەبارەت بە لێهاتوویی سەرکردە ڕەنگە بە شێوەیەکی ئەرێنی بگۆڕدرێن. بەڵام بەڵگە مەیدانییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ڕاستیدا، ئەوە نائەمنی لە پۆست‌دایە کە دەبێتە هۆی ڕەفتاری ئاشتیانە و مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕی نێودەوڵەتی وا دەکات فەرمانڕەواکان زیاتر بێهێز بن.

سەبارەت بە دەرچوونیان لە دەسەڵات، بۆ هەموو جۆرە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان، دوای دەرکرانی لە دەسەڵات، کامیان کەمتر تووشی سزا دەبێت، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکەی فۆڵک، پاشاکان و سەرکردەکانی ڕێژیمە حزبییەکان، کەمتر مەترسییان هەیە تووشی سزا بن: 75% بۆ پاشاکان و 66% بۆ فەرمانڕەواکانی ڕێژیمی حزبی، بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوەی کە ڕێبەرەی کەسایەتی چارەنووسی دەرچوونی سەلامەتی هەبێت تەنها ٣٩%یە. وەک حاڵەتی سوریە و لیبی، زیادبوونی پلەی نیگەرانی لە پێشێلکارییەکانی ڕابردوو ودەستتێوەردانی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕەنگە مەرجەکانی دەست لەکارکێشانەوەی ئاشتیانە خراپتر بکات. پرسی سزادان پاش دەرچوون لە دەسەڵات، دەتوانێ ڕێگری بکات لە ڕوودانی گواستنەوەی ئاشتیانە. لەوانەیە دۆخێ درووست بکات کە ڕاپەڕینێکی پڕ تێچووی زۆر پێویست بێت بۆ هێنانەدیی دێموکراسی. وەک ئەوەی لیبی و سووریە. سزادان، نەک تەنها ڕێگری لە دێموکراسیکردن بەڵکوو گۆڕانکارییەکی ئاشتییانەش دەکا. بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە کەم بکرێتەوە، دوو بژاردە هەن. یەکەم: ڕەنگە فەرمانڕەوای پێشوو وڵات بەجێ بهێڵێ و لە وڵاتێکی بیانی (وەک بن عەلی تونس) مافی پەنابەریی پێ بدرێت. دووەم: دەتوانرێت مەترسیی سزادان کەم بکرێتەوە ئەگەر نوخبە دەرچووەکان، توانای دەستوەردان لە سیاسەتدا بپارێزن ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن لە پابەندبوونەکەی بە لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەدات. ئەم توانایە بە شێوەیەکی گشتی لای ڕێژیمە سەربازییەکان بە هێزە.

لەو ڕێژیمانەی کە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جەماوەری و ڕێکخراو و ئەگەری توندوتیژی دەبنەوە، لەشکر تاکەهێزێکە کە توانای شکست‌پێ‌هێنانی ئەو جۆرە هەڕەشانەی هەیە. بۆ دیکتاتۆرەکان لەم هەلومەرجەدا، ڕەنگە وابەستەیی سیاسی بە سەربازەکان تێپەڕنەکراو بێت و تەنها ڕێگە پەنابردنە بۆ سپا و هێزە ئەمنیەتیەکان. بۆ جەماوەریش، ڕاپەڕین تاکە ڕێگای دەربازبوونە لە ڕاوەدوونان، گەندەڵی و تەنگەنای سیاسی و ئابووریە. لە دۆخی سیستەمی تاک حزبی ئوروپای کۆمۆنیستدا، پاش گواستنە بۆ دێموکراسی، هێندێک پێیان‌وانیە کە سزادان و دادپەروەری دوور خرایەوە، چونکە ئەندامانی دیار و بەرچاوی ئۆپۆزسیۆن وەک زانیاریدەر بۆ پۆلیسی سیاسی کاریان کردبوو. لێرەوە سەرکردەی حزبە نوێیەکانی دەسەڵات لە بەڵێنی لێبوردنیان بە نوخبەی پێشوو پاشگەز نەبوونەوە بۆ ئەوەی زانیاری لە سەر خۆیشیان بڵاو نەکرێتەوە.

 زیادبوونی پلەی نیگەرانی لە پێشێلکارییەکانی ڕابردوو و بەشداریکردنی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕەنگە مەرجەکانی دەستلەکارکێشانەوەی ئاشتیانە خراپتر بکات. ڕێژیمە حیزبەکان، دوای دەرچوون لە دەسەڵات، توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نوخبەی پێشوویان هەیە. لەم حاڵەتەدا، توانای دامەزراوە حیزبییەکان، بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی و ڕاگرتنی پشکی گرنگی دەسەڵات لە ڕێژیمە دێموکراسییەکانی دواتردا، دەوری دەبێت لە پاراستنی نوخبەی پێشوو و دوورکەوتنەوە لە سزا. لە هەمان کاتدا کە پارتە باڵادەستەکانی پێشووی ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکاندا لە دێموکراسییەکانی دوای گواستنەوەدا زۆر باش دەردەکەون. بەم پێیە ڕێژیمە حزبییەکان دەتوانن بژاردەیەکی باشی دەرچوون بۆ نوخبەکانی پێشووی ڕێژیم مسۆگەر بکەن و بەم شێوەیە تێچووی دەرچوون کەم بکەنەوە.

کۆبەند

سەرکردە سەربازی و کەسایەتییەکان زیاتر لە پاشاکان یان فەرمانڕەواکانی ڕێژیمە تاک حزبییەکان زیندانی دەکرێن. ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی تا ڕادەیەک نیشانیان دا، بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی عەرەبی کە سیستەمی، پاشایان هەیە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی فەرانڕەوایی کەساییەتیان هەبوو، یەمەن، تونیس، میسر... تووشی شۆڕشی جەماوەری بوون. دیارە. ئەو وڵاتانەی پاشایەتی بوون، کەمتر بزووتنەوەکەی بەهاری عەرەبی گرتنیەوە. حاڵەتی وڵاتی بەحرەین جودا بوو، کە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر دەستی تێدا هەبوو. ڕەنگە فەرمانڕەوا تاکڕەوەکان ئەگەر هەست بەوە بکەن کە لە پاش لەدەستدانی دەسەڵات ئەگەری سزادانی بەهێزە، ئەم مەترسییە وابکات کە بەئاسانی لە دەسەڵات واز نەهێنی و هەوڵی پاراستنی دەسەڵات بدات. تەنانەت ئەگەر پەنابردنە بەر توندوتیژی بەرفراوان دژی دانیشتووان بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە حاڵەتی قەزافی لە لیبیا و ئەسەد لە سوریا بینیمان کە دوای زیادبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مەحکوومکرانی نێودەوڵەتی، وازیان لە دەسەڵات نەهێنا. بەڵام لە حاڵەتی توونیس، بن عەلی زوو وڵاتی بەجێ هێشت. ڕەنگە تۆمەتبارکردنی قەزافی لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە ٢٠١١دا قورسایی زیاتری بۆ پرۆسەی گواستنەوە زیاد کردبێت، چونکە تا ڕادەیەک ڕێگری لە بژاردەی دەرچوون کرد.

 

سەرچاوەکان:

دەکرێ بۆ وێنە، ئاماژە بە ڕێژیمەکەی قەزافی وەک ڕێژیمی کەسایەتی، حوسنی مەبارەک وەک ڕێژیمی حیزبی (تەک حیزبی)، و بۆ دیکتاتۆریی سەربازییش، دەکرێ ئاماژە بە ڕێژیمی سەربازی لە مالی، چاد، سودان و بێرمە... بکرێت. پاشایەتیی ڕەهایش، دەکرێ ئاماژە بە پاشایەتیی سعوودیە بکرێت. پاشایەتی، بریتییە لە دەسەڵاتێک کە پاشا، بەبێ سنووردارکردنی یاسایی، حوکمڕانی دەکات. دیارە ئەمەش وا دەکات جیاواز بێت لە پاشایەتیی دەستوری.

 

سەرچاوە ئینگلییزییەکان:

- Geddes, “Democratization after Twenty Years”; Ezrow and Frantz, Dictators and Dictatorships.

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004 Department of Political and Social Sciences, Universitat Pompeu Fabra, Barcelona, Spain

- Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism (1958)

- Geddes, “Democratization after Twenty Years.”

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Javier Fernández López, Militares contra el Estado : España siglos XIX y XX, Madrid, Taurus, 2003, 1re éd., 303 p. (ISBN 84-306-0495-2)

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Milan W. Svolik، Introduction: The Anatomy of Dictatorship Published online by Cambridge University Press:  05 November 2012

- De Milan W. Svolik - The Politics of Authoritarian Rule. First published 2012

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Geddes, “Democratization after Twenty Years.”

- Geddes, “Democratization after Twenty Years.”

- O’Donnell and Schmitter, Transitions from Authoritarian Rule, 29.

- Przeworski, Democracy and the Market.

- Huntington, The Third Wave, 231.

-  Kim and Sikkink, “Explaining the Deterrence Effect.”

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Downs and Rocke, “Gambling for Resurrection.”

- Chiozza and Goemans, “Peace through Insecurity.”

- Abel Escribà-Folch Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- Abel Escribà-Folcha cite Huntington in:  Accountable for what? Regime types, performance, and the fate of outgoing dictators, 1946–2004

- De Milan W. Svolik - The Politics of Authoritarian Rule. First published 2012

- Goodwin, No Other Way Out.

- Nalepa, Skeletons in the Closet.

- See Snyder and Vinjamuri, “Trials and Errors.”

- Wright and Escriba`-Folch, “Authoritarian Institutions.”

- Wright and Escriba`-Folch, “Authoritarian Institutions.”