کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، سەبارەت بە تێرۆری دوو ئەندامی حیزب لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:20 - 16 پووشپەڕ 2723

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!

بەداخێکی گرانەوە ڕادەگەیەنین، کاتژمێر ١٢ و ٤٠ خولەکی نیوەشەوی ١٥ لەسەر ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، چەند کەس لە ئەندامانی حیزب کە بە سەردان چووبوونە دەوروبەری "ھەڵشۆ"ی سەر بە شاری  قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، لەلایەن بەکرێگێراوێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو تەقەیان لێ دەکرێت و بەداخەوە دوو کەسیان بە ناوەکانی عادڵ موھاجیر ناسراو بە "سەرباز" و لوقمان ئاجی، شەھید دەبن.

وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران، ڕادەگەیەنین کە ماشینی تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژبە تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاراتر لە جاران لە پیلانگێڕی و دەستوەشاندندایە و داوامان لە لایەنە پێوەندیدارەکانی دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەرانبەر بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێست بنوێنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تێرۆرەدا وێڕای ڕیسوایی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەر دوو شەهید، عادڵ موهاجیر و لوقمان ئاجی دەکات.

نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢