کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا؛ بەڕێوەچوونی وێبینارێکی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ بۆ تەیموور مستەفایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات

11:55 - 25 گەلاوێژ 2723

کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کانادا، بەبۆنەی ٧٨ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، وێبینارێکیان بو کاک تەیموور مستەفایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "زووم" پێک هینا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کانادا، وێبینارێکیان بو باسکردن لەسەر ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بۆ کاک تەیموور مستەفایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "زووم" پێک هینا.

سەرەتای وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بو ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

پاشان بەڕێز مستەفایی لە دەسپێکی وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو بنەمایانەی کە حیزبی دێموکراتیان لەسەر دامەزراوە و وتی: "ئەم حیزبە لە سەرەتاوە لەسەر سێ بنەمای پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دامەزراوە و تا ئێستایش ئەو سێ بنەمایە بە نەگۆڕی ماونەتەوە. حیزب لە دامەزرانییەوە تا ئێستا زۆر قۆناغی جۆراوجۆر و هەوراز و نشێوی بڕیوە، گرینگ ئەوەیە لە لووتکەی سەرکەوتن و دەسکەوتەکانیدا هەرگیز لەخۆی بایی نەبووە، هەر وەک چۆن لەوپەڕی نەهامەتی و ڕۆژە تاڵەکانیشدا ورەی بەر نەداوە و مەیدانی چۆڵ نەکردووە، حیزبی دێموکرات یەکەم ئەزموونی کوردە کە بزووتنەوە و ڕاپەڕینی کوردی لە حاڵەتی عەشیرەتی و خێڵایەتییەوە بەرەو خەباتێکی مۆدێڕن و دامەزراوەیی بردووە."

لە هەنگاوە هەرە گرینگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان، پێکهێنانی سوپای میللی بە ناوی پێشمەرگە، داڕشتن و پەسندکردنی ئاڵا و پەسندکردنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب بوو.

کاک تەیموور پاش ئاماژەیەکی کورت بە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دوکتور قاسملوو لە سەرپێ‌خستنەوەی حیزبی دێموکرات و باس لەسەر بڕینی قۆناغە سەخت و دژوارەکانی خەبات، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات ڕووداوێکی زۆر گرینگ بوو. ئەم سەریەککەوتنەوەیە ئێمەی کردووەتە چەند بەرابەر." 

ناوبراو دواتر باسێکی لەسەر شۆڕشی ژینا و کاریگەریی ئەحزابی سیاسیی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو شۆڕشە کرد و پاشان لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە کەمایەسییەکانی ساڵی ڕابردوو لە پرسی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا ئاماژەی کرد کە ئێستا ئێمە ئەرکی قورسترمان لەسەر شانە. ئەو ئەرکانە ئەرکدارمان دەکەن کەمتەرخەم نەبین، ڕەخنە لە ڕابردوومان بگرین و هەموو ساتێک لە خزمەتی میللەتەکەماندا بین.