کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو جینایەت و تاوانێک پاساوێکی ئایدۆلۆژیکی لەپشتە

09:40 - 16 گەلاوێژ 2723

دیمانە: ئاسۆ مینبەری

 

ئاماژە: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ڕێژەی دەسبەسەرکرانەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستاندا هەڵکشانی بەرچاوی بە خۆی بینیوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیان بە ڕەشبگیر لەنێو چالاکانی مەدەنی و ژینگەپاریزیدا کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەمەش ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان و بەتایبەت زیندانییانی سیاسی کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دوو حاڵەتی کوژران و گیانلەدەستدان لەژێر ئەشکەنجەدا لێ کەوتەوە، بابەتێکی هەستیاری پێوەندیدار بە دۆخی زیندان و بەندکراوان لە کوردستانە کە مەبەست کوشتنی مووسا ئیسماعیلی و پەیمان گەڵوانی لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی پووشپەڕ لە زیندانی ورمێ‌یە. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "لوقمان قادری" لە زیندانی ورمێ‌دا کەوتووەتە ژێر گوشار و جیا لەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەیان خستۆتە بەردەم گوللەبارانی درۆیین و بەو شێوەیە ئەشکەنجەیان کردووە، هەڕەشەی بڕینەوەی دەست و لاق و بێسەروشوێنکردنیشیان لێ کردووە. کوردکاناڵ لە وتووێژێکی تایبەتدا ئەم بابەتەی لەگەڵ "حوسێن ئەحمەدی‌نیاز"، مافناس و پارێزەر تاوتوێ کردووە کە "کوردستان" پوختەیەک لەم وتووێژە دەخاتە بەر دیدی خوێنەرانی.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ڕێژەی دەسبەسەرکرانەکان و ئەشکەنجەی زیندانیان لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، پێتان وایە هۆکار چییە؟

ئەوە بەشێکە لە سیستەمی هەمیشەیی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پەرەپێدانی سەرکوت و کەمکردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و هەروەها پەرەپێدانی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەدا، لە هەموو شێوازە نایاساییەکان کەڵک وەردەگرێ. ئەگەر بڕیار بێ یاسا سەروەر بێت لە ئێراندا و من وەکوو پارێزەرێک بمەوێ پشت بە یاسا ببەستم، سەرەتا پشت بە ماددەی ٣٨ی یاسایی بنەڕەتیی ئێران دەبەستم کە تێیدا هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک قەدەغە کراوە و هەر کردەوەیەک لە چوارچێوەی زۆرلێکردن و گوشارهێنان و ئەشکەنجەدا بێت، ڕێگەی لێ گیراوە و هەر جۆرە دانپێدانانیێکی زۆرەملێش هیچ کاریگەرییەکی نییە و پشتی پێ نابەسترێت. بەڵام بەداخەوە ئەم یاسایە لە ئێراندا حاکم نییە. سەرنج بدەن لە دادگا و دادسەراکاندا هەر لەم شێوازە کەڵک وەردەگرن کە قەدەغە کراوە و لە هەموو دۆسییە سیاسی و ئەمنییەتییەکانیشدا کە هەیە و بینیومانە، بەداخەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر چاوەدێری سیستەمی دادوەریدا، لەم شێوازە نامرۆڤانەیە کەڵک وەردەگرێت کە بتوانێ ترس و دڵەڕاوکێ بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکات، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک سەرکوت بکات و هەر جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێک لە ئێراندا، بە تەواوەتی سەرکوت بکات.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا دەسبەسەر کراون، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزین، ئێمە دەزانین کە ئەم کەسانە لە چوارچێوەی دیاریکراوی ڕێکخراو و NGOکانی خۆیاندا چالاکی دەکەن و تێکەڵ بە کاروباری سیاسییش نابن، هۆکار چییە کە کۆماری ئیسلامی دەست لەوانیش ناپارێزێت؟

لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی، بە ئەمنییەتیی پێناسە دەکرێ. چونکە ئەم ڕێژیمە هەموو شتێک لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە چاو لێ دەکات. ژن یا پیاوێک کە چالاک بێ، ئەنجومەنێکی خێرخوازی و بەگشتی هەرکەسێک لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بیەوێ هەنگاوێک هەڵ بگرێ، جا چ لە بواری مرۆیی بێت یان ژینگەیی، یان هەر بوارێکی دیکە، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە مەترسیدار و ئەمنیەتییە. تەنانەت خوێنەرێکی ڕۆژنامەش ئەتوانێ لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، وەک دوژمن چاوی لێ بکرێت، واتە بازنەی دوژمن‌ناسی لە کۆماری ئیسلامیدا بەپێی بیرکردنەوە و ئیدئۆلۆژیی حاکم بەسەر ئەم ڕێژیمە دیاری کراوە. هەر کەس لەو چوارچێوەیەدا بێت، بە دوژمن دادەنرێت، هەر بۆیە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە ئەمانە دەبێ مەحکووم بکرێن، زیندانی بکرێن، لەژێر چاوەدێریدا بن، جا چ چالاکی کرێکاری بێ، چ ڕۆژنامەنووس بێ، چالاکی مەدەنی و ژینگەپاریزی بێ، تەنانەت کەسێک کە جلی کوردیی لەبەر بێت، یان خوێندکار بێت، هەموو ئەمانە بەپێی ئیدئۆلۆژی و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی دوژمنن و مەترسیدارن. چونکە لە ڕاستیدا ئەوان دژایەتییان لەگەڵ ئاگایی و زانستە، زانستە کە ئەبێتە هۆی گەشەی کۆمەڵگە و ئەمە بۆ کۆماری ئیسلامی مەترسیدارە، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری و ئاگایی خەڵک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆماری ئیسلامییە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی دژ بە چالاکانی مەدەنی، خوێندکاران، کرێکاران، ژنان و تەنانەت منداڵان بووە.

وەکوو یاسای ٣٨ی یاسایی بنەڕەتی کە تێیدا بە ڕاشکاوی ئاماژە بە قەدەغەبوونی ئەشکەنجە کراوە، ئایا یاسایەکیش هەیە کە تێیدا باس لە پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنی کرابێت و کۆماری ئیسلامی پشتگوێی خستبێت؟

 لە کۆماری ئیسلامیدا یاسا شتێکە و سیاسەتی خودی دەسەڵات شتێکی دیکەیە، ئەگەر بەڕاستی لە ئێراندا یاسا سەروەر ببوایە، هەر نەبێ ئەو هەموو چارەڕەشی و ستەمە بەرانبەر بە خەڵک نەدەبوو. لە چێوارچێوەی ئەم دەسەڵاتەدا، ئەوەی کە لە یاسادا باسی لێ کراوە، هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت، چونکە هیچ گرینگییەک بەم یاسایانە نادرێت، ئەساسەن یاساکان بوونی فیزیکییان نییە و ئەمە تەنیا یاسایەکە کە نووسراوە و هیچ کەڵكێكی نییە. بۆ نموونە ماددەکای ٥، ٦ و ٧ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری دەڵێ هەرکەس دەسبەسەر دەکرێ، مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و بێدەنگبوونی هەیە، وای دابنێین کە کەسێک دەسبەسەر دەکرێت و دەبردرێتە کەڵانتەری یان ئیدارەی ئیتڵاعات و بڵێ من بەپێی ماددەی ٦ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەریی ئێران مافی بێدەنگبوونم هەیە و تا پارێزەرەکم نەیەت قسە ناکەم، پێتان وایە لەو ناوەندە چۆن لەگەڵ ئەو کەسە هەڵسوکەوت دەکرێ؟ بە ڕادەیەک ئەشکەنجەی دەکەن کە بەگشتی مافی بێدەنگبوون و هەبوونی پارێزەریشی لەبیر دەچێتەوە. کەوابوو ئەو شتانەی لە یاسادا باس کراون تەنیا لە چوارچێوەی کتێبەکاندان و لە ڕاستیدا لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا جێبەجێ نابن و ئیمکانی نییە یاسا بتوانێ سەروەر بێت.

لەو ڕۆژانەدا زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی لوقمان قادری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ‌وە بە گوللەبارانکردنی درۆ و ساختە ئەشکەنجە درا. ئەم جۆرە لە ئەشکەنجە چۆنە و ئایا ئەم جۆرە ئەشکەنجەیە باوە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا؟

لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا، لە زیندانەکاندا و بەتایبەتیش ئەو زیندانانەی لەژێر چاوەدێریی ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندان، دادیار، دادوەر و لێپرس خۆیان چاوەدێری بەسەر سیستەمی ئەشکەنجەدا دەکەن. ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن زووتر دانپێدانان لە زیندانییەک وەربگرن، لە شێوازی جیاواز کەڵک وەردەگرن. وەک لەسێدارەدرانی ساختە، بۆ نموونە بە زیندانییەکە ڕادەگەینن کە ئەوە حوکمی تۆیە و ئێستا دەتبەین لەسێدارەت بدەین، کەسەکان دەبەنە پای داری سێدارە و زۆر جار تەنافەکەش لە ملیان دەئاڵێنن، ئەمانە هەموویان شێوازگەلێک لە ئەشکەنجەکردنن کە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان و سەرکوت بەکار دەهێنرێن. ئامانج لەم کارەش ئەوەیە لە ئەگەری ئازادبووندا، ئەم کەسانە هەرگیز بیر لە ناڕەزایەتیدەربڕین نەکەنەوە. مەسەلە ڕوونە. لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو شێوازێکی نامرۆڤانە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. بەداخەوە بینیومانە زۆربەی ئەو کەسانەی بە شێوەی ڕاستەقینەش تیرباران کراون، پێش لەوە چەندین جار تیربارانی ساختە کراون، بەداخەوە ئەو کەسانەش کە تۆمەتباری ئەمنییەتیین کەس ئاگای لێیان نییە و دووربینەکانی ئەوێ چالاک نین تاکوو ئاگادار بین لە ڕووداوەکان، لە ڕاستیدا هەزاران جینایەت لەوێ ڕوو دەدەن، لەبەر ئەوەی ئەم شێوازە لە ئەشکەنجە بەرپرسایەتییەک ناخاتە سەریان، چونکە لە ڕاستیدا لەلایەن یاساوە و بەپێی "مصونیت قضایی، سیاسی یا تعقیب"، پارێزراون. کەوابوو بۆ هەموو جینایەتێک بەپێی ئیدئۆلۆژیی خۆیان، پاساو دەهێننەوە.

بەنیسبەت کەیسی لوقمان قادری، سەرەڕای بردنی بۆ شوێنی نادیار و بەستنەوەی بە دارەوە، هەڕەشەی بڕینەوەی دەست و لاقیشیان لێ کردووە، ئایا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەتوانێ کاریگەیی لەسەر دۆخی ئەم جۆرە زیندانییانە هەبێت؟ یان ناوەندە مافی مرۆییەکان دەتوانێ بێنێتە دەنگ؟

جاوید ڕەحمان نوێنەری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە ڕاستیدا بەرپرسە لەوەی کە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو پێشێلکارییانەی ماافی مرۆڤ بە دەستی بگات تاکوو کاریان لەسەر بکرێ. کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانیش لە سویس ئەرکەکەی پێڕاگەیشتن بەم جۆرە دۆسییانەیە، خودی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەرکی ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوانە بکات. ئەمە لانیکەم کارێکە کە لەم بوارەدا دەبێ جێبەجێ بکرێت. لە ڕاستیدا ئەم بە میدیاییکردن و ئاگایی بەخشینە دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا زیاتر بکەونە بەر چاو و هەوڵ بدرێت کاریان بۆ بکرێ. ئەگەرچی وڵاتانی ئورووپایی خۆیان باش دەزانن کە لە ئێراندا ئەشکەنجە هەیە بەڵام دەبێ ئاگادار بن کە لە کوردستاندا ئەم ئەشکەنجەیە زۆرتر و نامرۆڤانەترە و بزانن ڕۆڵەکانی کوردستان ڕۆژانە چ ستەمێکیان لێ دەکرێت.

بەرەبەرە لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی نزیک دەبینەوە، پێتان وایە ئەمە تا کاریگەریی لەسەر زۆربوونەوی ڕێژەی دەسبەسەرکرانەکان هەبووە؟

هەموو ترسی کۆماری ئیسلامی لەوەیە کە لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا، خەڵک بڕژێنەوە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شێوازێکی تردا دەست پێ بکەنەوە، حکوومەت لەم شتە زۆر دەترسێ، هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی لە هەموو شێوازێکی نامرۆڤانە کەڵک وەربگرێ تاکوو خەڵکی پێ سەرکوت بکات. ڕێژیم بۆ پێشگرتن لەم ڕووداوە، سەرکوت و ترساندن زۆرتر ئەکاتەوە، کوشتار زۆرتر دەکاتەوە، لە هەموو کتێبەکاندا هەیە کە دیکتاتۆرەکان زۆر دەترسن لەوەی کە خەڵک بێنە سەر شەقام و خۆپیشاندانەکان بەربڵاوتر بکەنەوە. بەڵام خەڵک چیدیکە ناترسن و حکوومەتیان باش ناسیوە، حکوومەت هیچ ڕەواییەکی نەماوە و تەنانەت لە چوارچێوەی دەسەڵاتیشدا بڕوایان بە یەکتر نەماوە، بەم هۆیەوە سەرکوت و گوشارەکانیش بۆ سەر خەڵک زیاتر دەکاتەوە.

سپاس بۆ بەشداریتان لەو وتووێژەدا

ئێوەش ماندوو نەبن